لە 72 کاتژمێردا ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، لەماوەى 72 کاتژمێردا ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر دەردەکەوێت.

سەباح نوعمان وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، لیژنەى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پێکهێنراوە دەستى بەکارەکانى کردووە لە کێڵگەکە.

وتیشى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکە لەماوەى 72 کاتژمێردا دەردەکەوێت لەگەڵ دیاریکردنى ئەنجامدەرانى هێرشەکە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەزگای هەواڵگیریی عێراق، لەگەڵ نوێنەری لایەنە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی كۆرمۆر کۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەى هێرشەکەى سەر کێڵگەکە دەدەن.

 ئێوارەی دوێنێ شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەرپرسانی دانەغاز، سەردانی کێڵگەی کۆرمۆریان کردووە و لەوێ کۆبوونەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی کۆمپانیای دانەغاز ڕایانگەیاندووە، ئامادەن لە ماوەی یەک کاتژمێردا دەست بە بەرهەمهێنانەوەی گازی سرووشتی بکەن و لە ڕێگەی تانکەر و کۆگای جێگرەوە، گازەکە هەڵبگرن و بیگوازنەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام بەو مەرجەی گرەنتی ئەوەیان پێبدرێت، دووبارە هێرش ناکرێتەوە سەریان.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە دوو هێرش ئەنجام دراون، بەڵام تەنیا یەک هێرشیان ئاشکرایە و ئەوەی دیکە نازانرێت بەر کوێ کەوتووە، هەروەها هێشتا نازانرێت هێرشەکە درۆنیی بووە یان بە کاتیۆشا بووە.

هاوکات کەناڵ8 ئەوەشى زانیوە، شەوى ڕابردوو شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی عێراق سەردانی کێڵگەی کۆرمۆرى کردووە و لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە دەستپێکردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیی تایبەت بە هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.

بەگوتەى وەزیرى کارەباى هەرێمى کوردستانیش، لە 24 بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوودا کێشەى هەناردەى گازى کێڵگەى کۆرمۆر و بڕانى کارەبا چارەسەر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار