لایەنە سوننەکان ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانییان پێکهێنا
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکردە دیارەکانی سوننە لە بەغداد کۆبوونەوە و لەسەر پێکهێنانى ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانی ڕێککەوتن.
کۆبوونەوەکە لە ماڵى خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیی سیادە بوو، کە دیارترین سەرکردە سیاسییەکانی سوننە بەشداربوون و دواى کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتوو، لە ڕوانگەى بەرپرسیارێتى نیشتمانی و هەستکردن بە قەبارەى ئەو ئاستەنگییانەى ڕووبەڕووى وڵات بوونەتەوە، سەرکردەى هاوپەیمانێتى و حیزبە سوننییە سەرکەوتووەکان لە هەڵبژاردن ( حیزبى تەقەدووم، حیزبى عەزم، هاوپەیمانیی سیادە، هاوپەیمانیی حەسم، حیزبى جەماهیر) بە دەستپێشخەرى خەمیس خەنجەر لە بەغداد کۆبوونەوە و تاوتوێى دواپەرەسەندنە سیاسییەکانى وڵات و ئاڵنگارییەکانى بەردەم وڵات بەتایبەت پارێزگا سوننییەکانیان کرد.
جەختیانکردەوە، لە گرنگيى یەکخستنى هەوڵەکان و کارکردن بە دیدى هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیریی سیاسى و کۆمەڵایەتى و گرەنتى مافە دەستوورییەکان و بەهێزکردنى نوێنەرایەتیی لە دامەزراوەکانى دەوڵەت.
بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، حیزب و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکانى کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانى ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانی، وەک چەترى کۆکەرەوەى هەمووان و یەکخستنى دیدگا و بڕیارەکان لە ئاست سەرجەم دۆسییە نیشتمانییە جیاوازەکان و بەهێزکردنى کارى هاوبەش لە نێوان سەرکردەکان و کوتلە سیاسییەکان، کە ببێتە مایەى خزمەتکردنى بەرژەوەندییەکانى جەماوەر و بەرزکردنەوەى ڕۆڵى سیاسى.
هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە بەشێوەى خولى و رێکخراو بە درێژایی خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەران.
سەرکردەکانى کۆبوونەوەکە جەختیانکردووەتەوە، ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانى، کراوە دەبێت بەڕووى سەرجەم هاوبەشە نیشتمانییەکان و پەیوەستبوون بە بنەما کۆکەرەوەکان بۆ پاراستنى یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیرییەکەى و پاراستنى مافى سەرجەم پێکهاتەکان بەبێ جیاوازى.
