ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور چەند بڕیارێک دەدات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکار گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووانى پارێزگاکە لەو مەترسیانەى دروستبوون.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ئەنجامدا و سەرجەم سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی لە پارێزگاکە ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتە ئەمنی و مەیدانییەکانی ناوچەکە بووە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، ئەیاد تورکی ئەلخەبیل / ئەبو عەلی فولاد بەڕێوەچووە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئامادەبووان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی پارێزگای دێرەزوور کرد، دیارترینیان دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی داعش بوو.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەپەرەسەندنی چالاکیی شانە نوستوەکانى داعشیانکردوە کە لە هەندێک ناوچە ئەو گروپانە سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییەکان وەرگرتووە کە لەناوچەکەدا هەیە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکاری پراکتیکی گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووان لە مەترسییە پەرەسەندووەکان.
بەشداربووان جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە کردەوە.
ئامادەبووان جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ماوەی داهاتوودا بۆ داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەناو پارێزگاکەدا کردەوە.
