حکومەتى سوریا: گروپە چەکدارەکانی سوەیدا هاوکارییەکان دەدزن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، ڕایدەگەیەنێت گرووپە تاوانکارییەکان لە سوەیدا ئاگربەستیان شکاندوە، هاوکات گروپە چەکدارەکانی سوەیداش بەوەتۆمەتبار دەکات خۆراک و هاوکارییەمرۆییەکان دەدزن بۆیە ناردنى ئەو کۆمەکانەیان ڕاگرتووە.
ئەمڕۆ جارێکى دیکە دۆخی باشووری سوریا ئاڵۆزبویەو شەڕو پێکدادان دروستبوویەوەو تائیستاش دووکەس کوژراون، حکومەت و گروپە چەکدارەکانیش یەکترى بەوە تۆمەتباردەکەن کە ئاگربەست و رێککەوتنەکەیان پێشێلکردوە، ئەمەش وایکردوە حکومەتى دیمشق ڕێڕەوی مرۆیی بەسەر سوەیدا داخستووەو ڕێگەنادات هاوکاریەکان بگەنە ئەو پارێزگایە.
لەبەیاننامەیەکیاندا وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەلێن گرووپە تاوانکارییەکان لە سوەیدا هێرشیان کردوەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژران و بریندار بوون.
وەزارەتى ناوبراو باس لەوەشدەکەن گرووپە چەکدارەکان بە پاڵنەری کەسیی سەرکردەکانیان دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە، دەشڵێن: گرووپە چەکدارەکانی سوەیدا کۆمەک و هاوکارییەکان دەدزن.
ئەم ئاڵۆزییەش هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامی لەشکرکێشیەکانی ئیسرائیل، کە هەڵکوتانە سەر گوندە سنوورییەکانی سوریا، هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی لە باشووری سوریا.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمڕۆ لەدوو ناوچەى جیاوازى لادێکانى پارێزگاى سوەیداى سوریا، گڕژى و پێکدادانی توندوتیژى نێوان گروپە چەکدارییەکان و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆى حکومەت دروستبووەو بەپێى ئامارێکى سەرەتایش دوو کەس کوژراوە و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕەکەی سوەیدا هاووڵاتیی درووزە و ئەوەی دیکە لە هێزە ئەمنییەکانە، چەکدارانی درووز ناوچەی تەل حەدیدیان لە رۆژئاوای سوەیدا کۆنترۆڵکردووە.
تەل حەدید شوێنێکی بەرزە لە لادێکانی ڕۆژئاوای سوەیدا، ڕووی لە ناوچە بەرفراوانەکانە، لەوانە شارۆچکەی ثعلە و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها ڕووی لە ڕێگا گرنگەکانە ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی کۆنترۆڵکردن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.
