کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان نمەباران و لە رۆژئاوای عێراق خۆڵبارینە و لە ژمارەیەک پارێزگای عێراقیش پلەی گەرما دەگاتە 40 پلەی سیلیزی. رۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێن: ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک ئەگەری نمەباران و هەورە برووسکە هەیە. هاوکات دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، پلەی گەرما 3 - 4 پلە بەرز دەبێتەوە. پلەی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بەم شێوەیە: لە هەولێر بەرزترین 33 و نزمترین 19، سلێمانی بەرزترین 30 و نزمترین 14، دهۆک بەرزترین 31 و نزمترین 18 و کەرکووک بەرزترین 35 و نزمترین 23 پلەیە. هەروەها بەرزترین پلە لە بەغدا 39 پلە و نزمترین 23 پلە، نەینەوا 34، دیالە 38 و سەلاحەدین 37 پلە دەبێت. پلەی گەرمای لە پارێزگاکانی نەجەف، دیوانیە، میسان، زیقار، موسەننا و بەسرە دەگاتە 40 پلە. خێرایی با لەنێوان 10-20 کیلۆمەتر، لە رۆژئاوا و باکووری پارێزگای ئەنبار خۆڵبارین دروست دەبێت و مەودای بینین 2-4 کیلۆمەتر دەبێت.
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بە هاوبەشی داوایان لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی بێ بەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە. رۆژی 18ـی ئادار ئیسرائیل دەستی بە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی کردەوە، کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا. راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە 02-03-2025 دەستیپێکرد و دۆخی خراپی کەرتەکەی خراپتر کرد. ئەو وەزیرانە لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن: نابێت هەرگیز هاوکارییە مرۆییەکان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێت و خاکی فەلەستینیش کەمبکرێتەوە و نە بخرێتە ژێر هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافییەوە". هاوکات داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ ئاگربەست و داوایان لە حەماس کرد دەستبەجێ ئەو بارمتە ماونانە ئازاد بکات. کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی هاوکاری بۆ غەززە. کاتس گوتی: "سیاسەتی ئیسرائیل دیارە: هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناچێتە نێو غەززە، راگرتنی ئەو هاوکارییە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی گوشارکردن بۆ ئەوەی حەماس وەکو ئامرازێک بەکاری نەهێنێت."
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە کە سبەی 24ـی نیسان، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی هەواڵی میدیاکان، ئەو شاندەی کە سبەی لەگەڵ وەزیری داد کۆ دەبێتەوە، پێکهاتووە، لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، سێزای تەمەلی و ئۆزتورک تورکدۆغان. کۆبوونەوەکە کە لە باڵەخانەی وەزارەتی داد بەڕێوە دەچێت. بڕیار بوو شاندی دەم پارتی لە 18ـی نیسان لەگەڵ یڵماز تونچ کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی سرری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندەکە، کۆبوونەوەکە دواخرا. هەرچەند بڕیار بوو هەشت ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر، ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی لە 10ـی نیسان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆندەر لە 15ـی نیسان نۆرەی دڵ لێی دا کۆبوونەوەکە دواخرا. وێڕای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی گەورەی 12 کاتژمێری، هێشتا دۆخی سڕی سورەییا ئۆندەر جێگیر نییە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدایە. 20ـی نیسان دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیکردووەتەوە کەسێکی دیکەیان لە جێی سڕی سورەییا ئۆندەر دەستنیشان کردبێت وەک ئەندامی شاندی ئیمراڵی و ئاماژەی بەوە دا لەبری سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین کە لە نەخۆشخانە پێشوازی لە میوانان دەکات، هەریەک لە سەزای تەمەللی و گوڵستان کۆچ ییغیت لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی عەریفێکی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، کە لە هێرشێكی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە قورسی بریندار ببوو. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رۆژی سێشەممە 22ی نیسانی 2025 لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان، عەریف بەرات مەجید دای، لە هێرشێكی گەریلاکانی پەکەکە بە قورسی بریندار بووە و دەستبەجێ گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی مەیدانیی ئیشکڵی لە شارۆچکەی چەلێ سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان. لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسان ئەو عەریفە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. تائێستاش لەو ناوچانە ماوە ماوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا روودەدات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی وتووێژی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر دەرئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا. عراقچی وتیشی، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکییەکان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات. لەلایەكی ترەوە، مایک والتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەمڕۆ، سەبارەت بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوە زیاتر لە ئیدارەکانی پێشوودا بینیوتانە. واڵتز جەختیكرد، هیچ بڕگەیەکی هاوشێوەی بڕگەكانی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییە نابێت کە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، لەگەڵ ئێران ئەنجامی داوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی زۆر ڕوون بووە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، راشیگەیاند، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن سەبارەت بە ئێران، بەڵام ترەمپ پێی باشترە بگاتە رێککەوتن. راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، سەرۆک ترەمپ دەزانێت چۆن ئامرازەکانی فشار بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنێت. سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران وتی: ئاماژەی ئەرێنیمان به م ئاڕاسته پێدەگات.
ئەمڕۆ بە پێچەوانەى دوێنێ، نرخى زێڕ دابەزینێکى گەورەى تۆمارکرد، لە کردنەوەى بۆرسەى ئاسیا، نرخى یەک ئۆنسە زێڕ تا سێ هەزار و 314 دۆلار دابەزى، ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ نرخى زێڕ بەرزترین ئاستى لە مێژوودا تۆمارکرد کە سێ هەزار و 500 دۆلار بوو بەرامبەر هەر ئۆنسەیەک. بەگوێرەى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، دوو لێدوانى دۆناڵد ترەمپ نرخى زێڕى بەو خێراییە دابەزاند، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبوو کە گوتى، باجى سەر هاوردەى کاڵاى چینى بەڕێژەى لەسەدا 145 جێبەجێناکرێت و بڕیارەکەى دەگۆڕێت، بەڵام بەوشێوەیە نابێت کە نزیک بێت لە سفر. هەروەها لەبارەى دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا لە پۆستەکەى، ترەمپ گوتى، هیچ نیازێکى نییە بۆ دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ لە پۆستەکەى. ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەیەکە تیمى ترەمپ لە کۆشکى سپى سەرقاڵى دۆزینەوەى رێگەیەکن بۆ دوورخستنەوەى، لەبەرئەوەى بەگوێرەى یاسا، سەرۆکى ئەمریکا دەسەڵاتى لابردن و دەستخستنە ناو بڕیارەکانى سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى نییە، ئەمە وایکرد ئەو مەترسییەى لەسەر ئەو بابەتە هەبوو کە کاریگەریى لەسەر بازاڕ دروستکردبوو نەمێنێت. بەو دوو هۆکارە کە پێشتر نرخى زێڕ بەرزببوونەوە، ئەمجارەیان بەپێچەوانەوە نرخەکەى دابەزاند.
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە، دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە. دوای کۆبوونەوەی پارتەکەی لە بینای پەڕلەمان، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی (دەم پارتی) وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ قسەکانی وتەبێژی ئاکەپە عومەر چەلیک کرد کە گوتبووی، "لە نێو مانگێکدا پرۆسەکە پێشکەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت." باقرخان وتی: ئێمەیش بەشداری ئەو قسەیە دەبین، ئیدی با پێشكەوتنی نوێی کاریگەر بڕەخسێندرێت. کۆمەڵگەی تورکیاش لەم چاوەڕوانییەدایە. شاندەکەشمان لە بینینی بەڕێز ئۆجالاندا هەمان شت و خواستییان دەربڕییوە. هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە. دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە." باقرخان دەربارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دادی تورکیادا گوتی: "داواکاری پێشکەش کراوە. هێشتا کاتەی دیار نییە، بەڵام ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت." باقرخان پەیوەست بە پرسی چەکدانانەوە ئەمەی گوت: "هیچ لەو ڕووەوە نازانین، بڕیاری ڕێکخستنە. بەڵام شتێکی گرنگ هەبوو کە سەرۆک پەروین بوڵدان گوتبووی، 'لە هەموو جارەکان زیاتر هیواداری و پێداگری بەڕێز ئۆجالانم هەستپێکرد پەیوەست بە پرۆسەکەوە." ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگ و باشە. هیواخوازین ئەو مۆراڵ و هیوادارییە کاریگەری لەسەر سەرانسەری تورکیا دانێت." باقرخان پەیوەست بە دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی گوتی: " ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئەوەیە سەرۆک سری بە زووترین کات چاکبێتەوە و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کارەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ببێتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریكا بكات، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند لایەنێک دەیانەوێت لە ڕێگەی فشاری میدیایی و ئاراستەكردنی سیاسییەوە ڕێرەوی دیپلۆماسی بشێوێنن. ئاژانسی تەسنیم، لەڕاپۆرتێکدیدا ئاماژەى بە پۆستکێکى پێشووى عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردوە کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت: ئەوكاتەی ڕەزامەندیم لەسەر وتارەكەم لە كۆنگرەی كارنیگی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتە ئەتۆمییەكان دەربڕی، هێشتا ئەمەریكا و ئێران كاتی گفتوگۆی داهاتوویان دیاری نەكردبوو، كە بڕیارە چوارشەممە گفتوگۆی پسپۆڕان و شەممەش لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە". هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوەو ئاماژەى بەوتەیەکى پێشترى خۆیکردوە کە ئێران ناچێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریكا. عێراقچی ئەوەش دەڵێت: لە وتارە ئامادەكراوەكەیدا ئاماژەی بە هەوڵی چەند گروپێكی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت داوە بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گفتوگۆكان ئەویش لە ڕێگەی شێواندنی وێنای دانوستانكارە ئێرانییەكان، هەروەها هاندانی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ زیاتركردنی داواكارییە قورسەكانی، بە ئامانجی ئەوەی رێرەوی دیپلۆماسی لە رێرەوی خۆی لا بدەن". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "من راهاتووم روبەڕووی پرسیاری قورسی ڕۆژنامەنوسان ببمەوە، یاخود وەڵامی ترسی هاوڵاتیانی ئاسایی بدەمەوە، بەڵام گۆڕینی وتارەكە بۆ دانیشتنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەبێتە گفتوگۆی ئاشكرا، ئەوەش شتێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێتە هۆی بێزاربوونی بەشێك لە ئامادەبووان كە دەیانەوێت زانیاریی ورد لەبارەی رێرەوی گفتوگۆكان بزانن". رۆژی یەكشەممە 20 ی نیسان، گەڕی دووەمی دانوستانە نافەرمییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەپێی خشتەی كاتیی دیاریكراو كۆتایی هات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە سەرۆكی "ئێكس" نوسیویەتی: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا" رۆژی (٢٦)ی نیسان بەڕێوە دەچێت. یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سوریا. هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بكەوێتە سەرپێ و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازین. بەگوتەی سەرچاوەیەکى ئاگادار، گفتوگۆکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە تەواو بوون و ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نەماوە و لە کۆنفراسەکەشدا رێککەوتنی نێوانیان و رەشنووسی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رادەگەیەنن. کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 300 کەس دەبێت، پەیەدە 130 ئەندام و ئەنەکەسەش 130 ئەندام، هەردوولاش بە رێککەوتن 40 میوان لە توێژە جیاوازەکانی رۆژاڤا دیاری دەکەن. بە گوتەی سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسەکەدا نادرێت و کۆمیتەی تێدا پێکناهێنرێت، ئەوەی هەیە راگەیاندنی رێکەوتنی کوردی – کوردیی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە و رەشنووسی هاوبەشی کوردییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لەبارەی ماف و داواکارییەکانی کورد.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، حكومەتی ئێران درەنگانێكی شەوی رابردوو زیندانییەکی سیاسی کوردی لە زیندانی ورمێ لەسێدارەداوە، کەسوکارەکەشی ئاگادار کراوەتەوە نابێت پرسەی بۆ دابنێن. بەگوێرەی سەرچاوەكە، زیندانییەكە ناوی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلوو لە زیندانی ورمێ بە شێوەی نهێنی لەسێدارە دراوە، کەسوکاری لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ ئاگادار کراوەتەوە، کە نابێت پرسەی بۆ دابنرێت. لە (٢٧)ی ئازاری ئەمساڵ، حەمید حسێن نەژاد حەیدەرنلووی تەمەن (٣٩) ساڵ خەڵکی گوندی سگریکی سەر بە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێیە، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی یاخیبوون دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەنەکەی پەسەندکراوە. لە رۆژی (١٣)ی نیسانی (٢٠٢٣)حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلۆ بەبێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە، (١١) مانگ لە ژێر ئەشکەنجەو لێكۆڵینەوەدا بووە، لە مانگی تەموزی (٢٠٢٤) لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی یاخیبوون دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، دوای تێهەڵچونەوە، دادگای باڵا بڕیارەکەی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە یەک دۆلار بە کەمتر لە 82 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەم بەرزبوونەوەیەش لەکاتێکدایە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەیەو پاڵپشتی بۆ نرخی تمەن دروستکردووە. بەپێی ماڵپەری نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نیوخۆی ئێران، یەک دۆلار بە 81 هەزار و 900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. شرۆڤەکاران و بازرگانانی دراو لە ئێران دەڵێن، ئاماژە سیاسییەکان بۆ رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار کەم ببێتەوە خەڵک روو لە فرۆشتنی دۆلار بکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەو بازرگانانە پێیانوایە نرخی راستەقینەی دۆلار بەرامبەر تمەن هەر نزیکەی 80 هەزار تمەنە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێران بیانەوێت خستنەڕووی دۆلار لە ناو بازاڕدا زیاد بکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی تمەن زیاتر بەرزببێتەوە و بەوپێیەش نرخی یەک دۆلار دەتوانێت تاوەکو 70 هەزار تمەنیش دابەزێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
لە ڕێگای شاندی ئیمراڵییەوە ڕێبەر ئاپۆ پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە و تیایدا هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەمپارتی خواست. شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی دوای دیدارێکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ سرری سورەییا ئۆندەر خواستووە و جەختیکردووەتەوە کە هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیە. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رایگەیاند کە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە و دیدارێکی "زۆر بەرهەمدار"یان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە. بوڵدان سەبارەت بە وردەکاریی دیدارەکە گوتی: "یەکەمین تەوەری باسەکانمان تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر بوو و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست." دەشڵێت: سڕی سورەیا ئۆندەر، کلتورى دژایەتیی تورک و کوردى لە توركیا تێکشکاند. شەوی (15ـی نیسانی 2025) سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی توشی جەڵتەی دڵ بو، بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و لە ئەستەنبوڵ نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجام درا.
دوای دوو ڕۆژ لە کۆتایی هاتنی خولی دووەمی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا وتووێژێکی زۆر باشی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هەنگاوى دواتر چی ڕوودەدات، ترەمپ وەڵامی دەداتەوە، “هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە پێویستمان بە کەمێک کات هەیە”. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. هەروەها ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەشبینی خۆی دەربڕی بەرانبەر کۆبوونەوەکان، کەشوهەواکەی بە هاندەرانە و پڕ لە توانای پێشکەوتن زانی، سەرەڕای ترسی ڕاستەقینە پێش دەستپێکردنی خولەکە کە ڕەنگە دانوستانەکان سەرکەوتوونەبن یان شکستبهێنێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر ٢٠٠ ئامانج لە ناوچەی کەرتى غەززەى فەلەستین. سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە ئامانجەکان بریتین لە شوێنەکانی هەڵدانی چەک و قەناس بەدەست، کۆگای چەک و باڵەخانەکان کە ئەندامانی حەماس بەکاریان دەهێنن. هەروەها سوپای ئیسرائیل تیرۆرکردنی سەرکردەیەکى بزووتنەوەی بزووتنەوەی حەماس بە ناوی ئەحمەد مەنسوور ئاشکرا کرد و بە "ئەندامی یەکەی موشەک" وەسفی کرد کە بە وتەی خۆیان بەشداریی لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا کردووە کە بزووتنەوەکە دژی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل ئەنجامیاندا. هەروەها سوپا وێرانکردنی ژێرخانی حەماس لە ناوچەی شەبورە و تل سوڵتان لە ڕەفەح و دۆزینەوەی کۆگایەکی چەک کە نارنجۆکی دەستی و تەقەمەنی و کەرەستەی دیکەی سەربازیی تێدابوو ڕاگەیاند.
پێش بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوە بچێت، بڕیارە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چین بکات. ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەباس عێراقچى، ڕۆژی سێشەممە بەمەبەستی ڕاوێژ سەردانی پەکین دەکات. وەزیرى دەرەوەى ئێران، لە سەردانەى هەفتەی ڕابردوویدا بۆ مۆسکۆ، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام لە نزیکەوە لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین لەبارەی پرسی ئەتۆمی ڕاوێژ دەکات. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ ڕووسیا بگوازێتەوە. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئەوەشى ڕونکردەوە، وڵاتەکەى بەمدواییانە بەردەوام ڕاوێژى لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا کردوە سەبارەت بەوتووێژکانیان لەگەڵ ئەمریکا. ناوبراو جەختی کردوە کە داواکاری سەرەکی تاران لە هەر دانوستانێکدا هەڵگرتنی گەمارۆکانە، جەختی لە سەر پێویستی مسۆگەر کردنی ئەمە کردەوە، هەروەها هەموو ئەو سزایانەى بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنراون، به ناڕەوا و نایاسایی زانی. هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەدات.