مەسرور بارزانی: پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە
7 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، ئەم شارە شاری پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی تێدایە، شانازی دەکەین کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە، ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان جێی شانازییە، هەقە ئێوەش شانازی بەو ڕەوشتەی خۆتان بکەن.
باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتیان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی، کە بتوانن ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی.
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە ،پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات.
هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتی، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت، بۆیە با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.
