ئەردۆغان: چەند ڕۆژى داهاتوو بەرهەمی دیدارەکەمان لەگەڵ دەم پارتی دەبینن

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەردۆغان، دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی بە بەرهەمدار، بونیاتنەر و پڕ هیوا ناوبرد و رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا بەرهەمەکەی دەبینن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025 لە کاتی کردنەوەی باخچەی گەل لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێشکرد و پێداگریی نیشاندا لەوەی لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی ئارامن لە وڵاتەکە و دەوروبەریشدا. 

لە گوتارێکیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگیی باش بەرێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری کرد و بەبیریهێنایەوە کە رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا زانیارییان پێشکێشی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە کردووە.

ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی و شاندی دەم پارتی گوتی: "لە کۆشک پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد. دیدارێکی زۆر بونیاتنەر، بەرهەمدار و پڕ هیوا بۆ داهاتوومان لەگەڵدا سازکردن. پەنا بەخوا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور پێمانوایە لەو کارانەی خێریان بۆ وڵات و خەڵک تێدایە، دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت"

رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها کرد. 

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت.

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد."

شاندەکەی دەم پارتی پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار