وەرن با بۆتان بگێڕمەوە...

3 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
دەگێڕنەوە لە زنجیرە چەند ساڵیە دڕاماکەی تورک کە نازانم تا ئێستاش بەردەوامە یان نا ، عەلەمداری پاڵەوان ئەگەر کار و چالاکیەکی لێ عاسێ دەبوو ، خێرا خۆی دەگەیاندە پیاوێکی پیری بە ساڵا چوو وەکو ڕابەر ڕێنمایی دەکرد بە ناوی ( بابە زازا ) .
لە ڕاستیدا ئەو بابە زازایە وەکو سەرۆکی دەوڵەتی قوڵی تورکیا حیسابی بۆ دەکرا و ڕێنمایی و پلانی بۆ عەلەمدار دادەنا .
دوای ئەوەی ئەردۆگان لە گەڵ دۆناڵد تڕەمپ کۆبۆوە و زۆر بە ژیرانە ئەردۆگانی ڕەزیل کرد و پێش ئەوەی تڕەمپ ڕازی ببێ بە فرۆشتنی کۆمەڵێ فڕۆکەی مەدەنی و سەربازی ، کە بای دەیان ملیار دۆلار دەبوو بە قەرزی درێژ خایەن ، هەندێ داواکاری قورسیان فەرز کرد بە سەریدا کە باوکی ئەردۆگانیش لەو کاتەدا ناتوانێ جێبەجێیان بکات .
ئەردۆگان هەر لە ئەمەریکاوە بڕیایدا کە کۆمەڵێ تانک و زرێپۆش لە دەروازەی بابوهەواوە بگەیەنێتەوە ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب و سەر لەنوێ شەڕ بە هێزەکانی هەسەدە بفرۆشنەوە .
دوای ئەوەی هەسەدە شکستیان بە پەلامارەکانی چەتەکانی سەر بە تورکیا هێنا و هەڕەشەی ناردنی هێزێکی گەورەی پڕ چەکیان کرد بۆ هەر سێ شارەکانی سەر دەریای سپی عەلەوی نشین و هێزەکە گەیشتنە نزیک ۱٠٠ کیلۆمەتری خوار شاری حەما ، خێرا تۆم بەڕاک گەیشتە حەسەکە و بە ئامادە بوونی بەرپرسانی سەربازی سوپای ئەمەریکا کۆبونەوەیەکی سەرکەوتویان ئەنجامدا و بەڕاک و عەبدی ڕایانگەیاند کە زۆر هاوبیر و هاوڕا بووین ، لە بەرامبەردا ئەنقەرە شێت و هار بوو و هاکان فیدان نەیتوانی سەرکەوتوو بێ بۆ ئەوەی بزانێ باسی چیان کردوە و لە سەر چی ڕێککەوتون ، خێرا دوای چەند کاتژمێرێک لەو کۆبونەوەیەی حەسەکە پەلاماری هەر دوو گەڕەکە کورد نشینەکەی شاری حەلەبیان دا و بە دەیان تانک و زرێپۆش کەوتنە پەلاماردان و گەمارۆ دان .
دوای چەند کاژمێرێک لە گرژی و ئاڵۆزی و هەڕەشەکانی مەزڵوم عەبدی و بە هەوڵی ئەمەریکا پەلامارەکە ڕاگیرا و چەندین کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە و چەتەکانی ئەردۆگانیش بە ملی شکاوەوە بێدەنگیان هەڵبژارد و کشانەوە .
ئەمڕۆ بەیانیش تۆم باڕاک و مەزڵوم عەبدی و دوو ژنە جەسورەکەی ڕۆژئاڤا گەیشتنە کۆشکی کۆماری لە دیمەشق و لە گەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا .
بە پێی هەواڵەکانی ناو کۆشک بێ پێش چاوپێکەوتنەکەی جۆلانی وەزیری بەرگریەکەی ناچار کراوە بە بەیاننامەیەک ڕایبگەیەنێ کە شەڕ لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە لە تەواوی بەرەکانی شەڕ ڕاگیراوە و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات لە هەر دوولا ، دەستبەجێ لێپرسینەوەی لە گەڵ بکرێ .
( بروسکەکەی مەرهەف ئەبوو قەسرەی وەزیری بەرگری دیمەشق و کاتی چاوپێکەوتنەکەی جۆلانی ئەوە دوو پاتدەکاتەوە کە دوو کاتژمێر جیاوازی هەبووە .)
لەو کەین و بەینەدا هاکان فیدان بە پەلە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریای بانگێشتی ئەنقەرە کرد .
بەڵێ کۆبونەوەکە ئەنجامدرا و هەندێ هەواڵ دزەیان کرد کە گوایە شەڕع و عەبدی بە ئامادە بوونی هەر یەکە لە تۆم باراک و ئەدمیڕاڵ بڕاد کووپەر ی بەرپرسی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکە ڕێککەوتون کە حوکمەزاتیەکی هاوشێوەی هەرێم بەو مەرجەی ناوی فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی تێدا نەبێت ، لە ژێر سایەی دەستوری حکومەتە کاتیەکەی ئەلشەڕع جێی بۆ بکرێتەوە و هێزەکانی هەسەدەش وەکو فەیلەقێکی سەربەخۆ لە ناو سوپای سوریادا بە ناوی پاسەوانانی سنور جێی بۆ بکرێتەوە و لە بەرامبەردا ڕێژەیەک لە نەوت و غاز و داهاتی سنورەکان و نانەوتیەکان بۆ دیمەشق مسۆگەر بکرێ .
هەر دوا بە دوای ئەو کۆبونەوە و ڕێککەوتنە خێرا ئەسعەد شەیبانی هاوشێوە عەلەمدارەکە خێرا گەیشتە لای بابە فیدانەکەی و تەواوی ڕێککەوتنەکەیان ڕادەستی ئەنقەرە کرد .
ئێستا لە وانەیە زۆرێک لەوانەی کە ئەو بابەتە دەخوێننەوە ڕێک بیریان بۆ کۆتایی هێنان و ڕێککەوتنەکانی تاڵەبانی و بارزانی لە پاریس و دوایش کە لە بەردەم مارلین ئۆلبڕایتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجام درا و چۆن چۆنی خێرا تورکیا و دەزگا جاسوسیەکەی و بابە زازاکەی تەواوی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیان لە سەر سینیەکی زێر لە بەردەم داندرا .
ئازیزانم ئێستا زانیتان عەلەمدار و بابە زازا کێیە .؟
هیوارم سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا هەتا پێیان دەکرێ توند ڕەفتار لە گەڵ دیمەشق بکەن و هەردەم زاڵبن بەسەریاندا ، بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان .
