هێڵێکی دیکەی ئاسمانیی تورکی گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکات
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای بڕیاری کۆمپانیای "تورکش ئێرڵاین" بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی، کۆمپانیایەکی دیکەی تورکی بە ناوی "ئەی جێت" (AJet) ڕایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەکات.
کۆمپانیای "ئەی جێت" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە، یەکەم گەشتی نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی ئەنجام دەدات.
بەپێی خشتەی گەشتەکانی کۆمپانیاکە، هەفتانە چوار گەشتی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن لە ئیستانبوڵەوە بۆ سلێمانی ئەنجام دەدرێت، کە دەکەونە ڕۆژانی (شەممە، یەکشەممە، سێشەممە، چوارشەممە).
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، حکومەتی تورکیا کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا کردەوە. لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش، کۆمپانیای "تورکش ئێرڵاین" ڕایگەیاندبوو کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە.
