هاوسەرۆکانی دەم پارتی: ئێستا کاتی هەنگاوی سیاسی و یاساییە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان دوای بڕیاری تەڤگەری ئازادی بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بانگەوازییان لە دەوڵەت کرد، دەستبەجێ هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت.

 سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی تەڤگەری ئازادی کورد لە تورکیا و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان لە هۆتێل هیڵتۆنی ئەنقەرە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

باقرخان لە بەشێکى ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەدا،  ڕایگەیاند لە سەردەمێکدان کە دەتوانێ مێژووی تورکیا بگۆڕێت و گوتی: "ئەم ساتەوەختە بە ڕەنجی هەموو ئەوانەی دیموکراسییان دەوێت و ژیان دەپارێزن بەدیهات. دوای ڕێپێوانێکی دوورودرێژ بە هیوایەکی زۆرەوە گەیشتوینەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە. دوێنێ پێشهاتێکی مێژوویی ڕوویدا، بێگومان لەناکاو نەگەیشتینە ئەم قۆناغە. لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەڕێز باخچەلی لەژێر چەتری پەرلەماندا سڵاویکرد. ئەوی تر لە ٢٧ـی شوبات بوو. دەنگ لە ئیمراڵییەوە بەرزبووەوە، ڕێڕەوی ئەو شەڕوپێکدادانانەی گۆڕی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. بانگەوازکەی بەڕێز ئۆجالان لە پەکەکە، تەنها بانگەوازێک نەبوو؛ بوو بە ساتێکی یەکلاکەرەوە و بەشداری مێژوو بوو.

هەروەها دوێنێ ساتەوەختێکی مێژوویی بوو، هاووڵاتیانمان بوون بە گەواهیدەری هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە و مانادار. پەکەکە پێشتر بڕیاری دا بوو کۆتایی بەوکارانە دەهێنێت کە بە ناویەوە دەکرێن، دوێنێش ڕایگەیاند لە گۆڕەپانی تورکیا دەکشێتەوە. بەمشێوەیەش بە هەموو جیهانی گوت، پێداگرن لە چارەسەری و ئاشتی.

ئەم هەنگاوە لە هەمانکاتدا بردنەوەی سەدەی پێشمانە. سەدەی بیستەم لەم خاکە سەدەی شەڕ، ئازار، لەدەستدان و فرمێسک بوو. سەدەی بیست و یەک پێویستی بە سەدەی ئاشتی، خوشک-برایەتی، یەکسانی، ئاییندەی هاوبەش و کۆمارێکی دیموکراتیک هەیە. مێژوو ئەم دەرفەتەمان پێدەبەخشێت؛ نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین."

لە بەردەوامی قسەکانییدا باقرخان گوتی: "ئەگەر بتوانین ئەم پرۆسەیە بە ڕاستی بەڕێوەببەین؛ تورکیا نموونەیەک بە جیهان دەدات کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێن، ئەمەش هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت و داهاتوو ڕۆشن دەکاتەوە. هەروەها دەربازی قۆناغێکی دیکەی یەکلاکەرەوە و گرنگ دەبین. واتە کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی یاسایی، سیاسی و گواستنەوە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بنرێت. ئەم قۆناغە سەختە بەڵام ماناداریشە.

دەبێت پرۆسەکە بە ماف، بە ئازادی بەرەو پێش بچێت. پێویستە زمانی سیاسەت و دیموکراسی بەهێز بکرێت. دەبێت یاسا بنەمای ئاشتی و دادپەروەری داهاتوو بێت. هەم بڕیارەکەی دوێنێ کە ڕاگەیەندرا هەم لە هەنگاوەکانی دیکەدا، ڕۆڵی ئیرادەی بەڕێز ئۆجالان زۆر مەزنە و دیدگای ئاشتییەکەی ڕێگەی بۆ ئەمە کردۆتەوە. تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا هەڵوێستی وی هەمیشە لەگەڵ چارەسەری سیاسی بووە. تەنانەت لەم قۆناغەی پێی گەیشتووین، هەوڵدان، دووربینی، پێداگری و ڕۆڵی بەڕێز ئۆجالان لە بنیاتنانی ئاشتییدا یەکلاکەرەوەیە.

بۆ ئەم پڕۆسەیە نەک تەنها لایەنێک بەڵکو دەوڵەت، دەسەڵاتدار، بیرۆکراسی ئەمنی، سیستەمی دادوەری و بەرپرسیارن. دەبێت هەموو لایەک دەستیان بخەنە ژێر بەردەکەوە. پێویستە هەمووان بەپێی ئیرادەی ئاشتی مامەڵە بکەن. کاردانەوە و گوتاری نەرێنی ڕابردوو پێویستە وەلا بنرێت، هۆشیاری و زمانی داهاتووی دیموکراسی بە بنەما وەربگیرێت. نەک هەستکردن بە دوژمنایەتی بەڵکو هەستکردن بە هاوڵاتیبوون، نەک پێناسەی هەڕەشە بەڵکو پێناسەی ماف دەبێت بکرێت."

تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا گەواهیدەری ساتەوەختێکی مێژوویی بووە و گوتی: "ئەم ساتە شتێکی ئاسان نییە، بەڵکو بەرهەمی ئیرادەیەکی بەهێزە کە دەیان ساڵە بەردەوامە و بەرهەمی ئەو ڕەنجەیە. ئێستا دەربازی قۆناغێکی نوێ دەبین. ئەرکی ئێستامان ئەوەیە کە بە وردی و قووڵی لەم زەمینەیە بکۆڵینەوە و پێکەوە تورکیایەکی دیموکراتیک بنیات بنێین.

بێگومان دامەزراندنی کۆمار شتێکی زۆر گرنگ و بەنرخە، بەڵام کۆمارێکی دیموکراتیک نەبوو. هەربۆیە پرسی دیموکراتیزەکردنی تورکیای چارەسەر نەکرد. سەد ساڵە پرسی مەزن ئەزموون دەکەین. ئیدی ئەم وڵاتە ئارامی نەماوە سەد ساڵی دیکە ئازار بچێژێت و لە نادادیدا بژی. بۆ ئەوەی دادپەروەری و یاسا لە سەدەی دووەمی کۆماردا پەرەی پێبدرێت، بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و تاجداراکردنی کۆمار بە دیموکراسی، ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. ئەگەر بە درووستی بخوێنینەوە، ئەو هەنگاوە مێژووییانەی لە یەک ساڵدا گیراونەتەبەر، دەرفەتی مەزنی بۆ کۆمار دەڕەخسێنن کە لە سەدەی دووەمدا دیموکراتیک ببێت.

بنیاتنانی ئاشتی بە تێگەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کلیلی کردنەوەی دەرگای کۆمارێکی دیموکراتیکە. ئەم پرۆسەیە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گۆڕانی کەلتووری و کۆمەڵایەتییە. پێویستە لەگەڵ گۆڕینی هۆشیاری و کۆمەڵگە پێکەوە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن بنیات بنێین. بانگەوازمان بۆ ڕۆشنبیران، ئەکادیمییەکان و نووسەرانی تورکیا هەیە؛ وەک ئەگەرێکی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر کۆمەڵگەکانی تورکیا؛ سەرەڕای نیگەرانی و گومانەکان، خاوەندارێتی کردن لە ئاشتی زۆر بەنرخە. بانگەوازمان بۆ ژنان و دایکان؛ ترسناکترین برینی شەڕتان لە دڵتاندا ئەزموون کردووە و پێویستە وەک ژنان بنیاتنەری سەرەکی ئاشتی بین. بانگەوازمان بۆ گەنجان؛ زۆرترین باجتان داوە و لەو باوەڕداین ئەوەی لە تواناتان هەیە خاوەندارێتی لە ئاشتی دەکەن. بنیاتنانی ئاشتی زۆرترین ئەرکی لەسەر ئێوەیە.

بانگەوازمان بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتداری؛ لەگەڵ قۆناغی نوێی پرۆسەکەدا زۆر گرنگە بە خێرایی هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنرێت بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە. جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە؛ کۆمەڵگە چاوەڕوانی لە ئیدارەی وڵات و پەرلەمان هەیە. دەبێت ئیدی دەنگی کۆمەڵگە ببیسترێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار