وتەبێژى کۆمیسیۆن: 400 بەربژێر و لایەنی سیاسی سزادراون

3 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، 400 بەربژێر بەهۆى سەرپێچى رێنماییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون.

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان، 400 بەربژێر سزادراون، لەو ژمارەیە 291 بەربژێرى پیاو و 49 بەربژێرى ژن بوون. گوتیشى "60 بەربژێرى دیکە بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون".

بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، حەوت هەزار و 768 بەربژێر پەسەندکراون، زیاتر لە 830 کەسیش لە بەربژێربوون دوورخراونەتەوە، کە بەگوتەى جومانە غەلاى زۆرینەیان بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و گەندەڵییەوە بووە.

لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، باسى لەوەشکرد، ڕاهێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بەردەوامە و تاوەکو کۆتایى ئەم مانگە بە سێ قۆناغ ڕاهێنان بەسەرجەم کارمەندەکان دەکەن کە ژمارەیان 230 هەزارە.

ئامادەکارییەکان لە کاتێکدایە، 13 ڕۆژە بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کاتژمێر حەوتى بەیانى ڕۆژى هەشتى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەردەوام بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار