وردەکارى تێکەڵکردنى هەسەدە لەناو سوپای سوریا ئاشکرا دەکرێ

3 كاتژمێر لەمەوپێش
تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سێ فیرقەو چەند لیوایەکی سەربازیی سوپا دەستپێدەكات بۆ ناو سوپای سوریا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تێکەڵ بەوەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێت، هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوەو بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستنیش، هێزێک نامێنێت بە ناوی (هەسەدە)، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسەندکراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا وردەکاری ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئاشکرا کردووە کە لە نێوان حکومەتی سوریا و شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدراوە، لەمیانی کۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردوو كە لە دیمەشق بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە دیدارەکەی دیمەشقدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریاو، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئامادەی بوون.
دواتر دیدارێکی دیکە لە نێوان شاندی هەسەدەو، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و حسێن سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی بەڕێوەچوو.
ئەو سەرچاوەیە روونی کردووەتەوە: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بە نێوەندگیری ئەمەریکا بووەو رێككەوتون لەسەر ئەوەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەڕێی تێکەڵکردنی سێ فیرقە و چەند لیوایەکی سەربازیی سوپای هەسەدەوە بێت بۆ ناو سوپا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)یش تێکەڵ بە هێزەکانی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوە لە ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، هاوشانی دامەزراندنی بەرپرس لەلایەن حکومەتی سوریاوە بە سازان، بەمەرجێک لە دانیشتوی ناوچەکە بن.
بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستن، چیتر هێزێک نامێنێت بە ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان ئاسایش، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسەندکراون.
عەبدی و شەرع رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ماوەیەكی كورتدا.
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان سوریاو ئەمریکا بووەتە هۆی رەزامەندی حکومەتی سوریا بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
وتوشیەتی: سوپاو هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا دەکەن، دوای تەواوبونی یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
