ترەمپ بەرزترین ڕێزلێنانی مەدەنی لەئیسرائیل و میسر وەردەگرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن هەردوو دەوڵەتى ئیسرائیل و میسرەوە بەرزترین خەڵات و ڕێزلێنانى مەدەنى پێشکەش دەکرێت، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕۆڵی لە دەستەبەرکردنی ئاگربەستی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و گوتارێک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشكێش دەکات و دواتر لەوێوە دەچێتە میسر و سەرکردایەتیی لووتکەیەکی ئاشتی دەکات.
فڕۆکەکەی ترەمپ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ نیشتەوە و لەوێ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران؛ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەوە پێشوازی لێکرا.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەک تەنیا هاوکار بوو بۆ هێنانەوەی ئازیزانمان بۆ ماڵەوە، بەڵکو بناغەیەکی بۆ سەردەمێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا کە لەسەر ئاسایش و هاوکاری و هیوای ڕاستەقینە بۆ داهاتوویەکی ئارام بوونیادنراوە، ئەوە شەرەفێکی گەورە دەبێت بۆ من کە مەدالیای ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی ئیسرائیلی پێی ببەخشم".
لەلایەکى دیکەوە بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی میسر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر فەرمانی نیل بە ترەمپ دەبەخشێت، کە دواتر ڕۆژی دووشەممە سەردانی میسر دەکات، "بە پێزانینێک بۆ ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و هێورکردنەوەی ململانێکان و ڕۆڵی پێشەنگی لە وەستاندنی شەڕی غەززە".
بزووتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە لیستی ناوی 20 بارمتەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ئازاد دەکرێن. بارمتەکان سەرەتا رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دواتر رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێن کە دەیانباتە بنکەی سەربازیی "ریعیم" بۆ ئەوەی لەوێوە بگوازرێنەوە سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل.
سەرۆکانی ئەمریکا و میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکەن کە بە "لووتکەی ئاشتی" ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە، دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست؛ هەروەها سەرکردەکانی تورکیا، ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە.
