ئەمریکا داوای لەسودانى کردووە پەلەبکات لەچەکداماڵینی میلیشیاکان

7 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ سوودانی قسەی کردووە و داوای لێکردووە پەلە بکرێت لە "چەکداماڵینی میلیشیاکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات".

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆبیۆ هەروەها پیرۆزبایی هەناردەکردنەوەی نەوتی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە لە سوودانی کردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، روبیۆ و سوودانی تاوتوێی هەوڵەکانی تەواوکردنی گرێبەستە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیان کردووە.
 
مارکۆ روبیۆ، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا و رایگەیاندووە، "ئەم هەنگاوە سوودی بۆ عێراق، تورکیا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبێت".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ جەختی لە "پەلەکردن لە چەکداماڵینی ئەو میلیشیایانە کردەوە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گرووپانە "سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیار، هەڕەشە لە ژیان و کاری ئەمریکی و عێراقییەکان دەکەن و سامانی عێراق بۆ ئێران بەفیڕۆ دەدەن."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، روبیۆ پابەندبوونی ئەمریکای بۆ کارکردنی لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەوانە پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار