هەسەدە: وەک نیازپاکى ژمارەیەک دەستگیرکراوی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقمان ڕادەستکردەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی سوریا لە شاری تەبقە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاکردووە، ڕایانگەیاند ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی هێزەکانی حکومەتیان ڕادەستکردوەتەوەو ئەمەش "وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی". 

لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی (هەسەدە) ڕایگەیاند، لیژنەیەکی سەربازی هێزەکانیان  پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی سوریا کردوە لە شاری تەبقە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریادایە. 

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "ئەو گرژییانەی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب ڕوودەدەن، و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەیان بە شێوەیەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتووان بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی مەیدانی بکات"، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە. 

هەسەدە ئاماژەی بەوەدا کە "ژمارەیەک دەستگیرکراوی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان ڕادەستکردووە، کە لەم ماوەیەی دواییدا لە شوێنی جیاواز دەستگیرکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی".

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی هەسەدە  "پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بە پەسەندکردنی چارەسەری ئاشتیانە و پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا" دووپاتکردەوە. 

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، شاندەکەی سوریا سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و بریتین لە محەمەد عەبدولغەنی فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سەراقە عاموری بەرپرسی ئاسایشی گشتی ناوچەی عەفرین.

ڕۆژێک پێشتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئەسەییش) لە حەلەب، "بەردەوامی هێرش و ئیستفزازی هێزەکانی حکومەتی کاتی و چەکدارەکانیان" ئیدانەی کرد، بە ئاماژەدان بە هێزەکانی حکومەت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار