بەهۆى هەژارییەوە خێزانێک لەکرماشان منداڵێکی سێ مانگە دەفرۆشن

3 كاتژمێر لەمەوپێش



منداڵێکی سێ مانگە لە لایەن دایک و باوکییەوە بە هۆی هەژاری زۆر و نەتواین لە دابین کردنی خەرجەکانی ژیان، لە شاری کرماشان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بە بنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتراوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکى ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم هەفتەیەدا منداڵێکی سێ مانگە لە شاری کرماشان کە ناسنامەکەی لە لای ئەوان (هەنگاو) پارێزراوە، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن فرۆشراوە. ئەم مامەڵە پاش بڵاو کردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لە ماڵپەڕی ئینتێرنتی کڕین و فرۆشتن «دیوار» جێبەجێ کراوە.

بنەماڵەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەورووبەری شاباد بوونە و لە ئێستادا لە کرماشان نیشتەجێن، بە هۆی کێشەی زۆری ئابووری و کەم داهاتی لە سەرپەرشیاری، ناچار بوون منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن. بنەماڵەی کڕیاریش دانیشتووی کرماشانن و بە هۆی منداڵ نەبوون لە ساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵیان بۆ کڕینی ئەم منداڵە داوە.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئەم مامەڵە بە بێ چاودێری فەرمی ناوەندە دەوڵەتییەکان و پشتگیرییەکان جێبەجێ کراوە و هەتا ئێستا هیچ جۆرە پەیگیریی یا کاردانەوەیەکی خێرا لە لایەن بەرپرسان ڕووی نەداوە.

دیاردەی فرۆشتنی منداڵ لە ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، لە پێناو هەژاریی بەریندا، تۆماری ئابووریی و نەبوونی سیستەمی پشتگیری کاریگەر بۆ بنەماڵە لاوازەکان، بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕوو لە زیاد بوونە. ڕاپۆرتەکان لە شارە جیاوازەکان وەک مەشهەد، تاران و ئەهواز دەری دەخەن کە ئەم دیاردە ئیتر پەیوەندیی بە ناوچەیەکی تایبەتەوە نییە و بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی.

سەرەڕای هەبوونی ئاگادار کردنەوەیەکی زۆری شارەزایان و تەنانەت دانپێدانانی فەرمی ڕێکخراوی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای فرۆشتنی منداڵ نموونەیەکی ئاشکرای قاچاخی مرۆڤە، دەزگای دادوەریی و ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا کاردانەوەیەکی کاریگەر و مرۆڤییان نیشان نەداوە، بەڵکوو بە سەرکوتی ناوەندە مەدەنییەکان و دەستبەسەر کردنی چالاکانی بواری پشتگیری لە منداڵان، ڕێگایان بۆ خراپتر کردنی ئەم قەیرانە ئاسان کردووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار