زۆرینەى ئەندامانی لیژنە پەرلەمانیەکەى توركيا دژی سەردانیكردنی ئیمرالین

3 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی "جمهوریەت"ی توركی، دەڵێت: داواكەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا، لەبارەی سەردانی لیژنەكەی پەرلەمان بۆ ئیمرالی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسییەكانی ئەنكەرە بەدوای خۆیدا هێناوە.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوەدەكات: بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە، سەردانەکە لە کارنامەی لیژنەکەدا نییەو لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە پشتیوانی ناكرێت، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بە ئاشکرا دژی ئەوەن و دەڵێن ئەمە قبوڵ ناکرێت.
راشیگەیاندووە، لە نێو ئەندامانی لیژنەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەبارەی پێشنیازی سەردانی ئیمرالی نتمی (تحفط) یان هەيە، لە کاتێکدا هەندێکی تر لە پەرلەمانتاران بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، هەندێکی تریشیان دەڵێن، هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری لیژنەکەیە.
هەندێكی تریش لە ئەندامانی لیژنەكە بەتوندی دژایەتی بیرۆکەی سەردانی ئیمراڵی دەکەن و دەڵێن، ئەمە ناكرێت، نە ئەرکی لیژنەکەیە و نە هەنگاوێکی سیاسی دروستە، ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە، ئاماژە بەوەدەكەن، سەردانێکی لەو شێوەیە گومان لەبارەی شەرعیەتییەکەی دروست دەکات و رەنگدانەوەی لەسەر کاری لیژنەکە دەبێت.
بەگوێرەی رۆژنامە توركیەكە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی داو گەشەپێدان دەرگاکەی بە تەواوی دانەخستووەو رایگەیاندووە، هێشتا هیچ سەردانێک پلانی بۆ دانەنراوە، بابەتەکەشی بۆ هەڵسەنگاندنی لیژنەکە جێهێشتووە، ئەمەش ئەو بڕوایە بەهێزتر دەکات کە پرۆسەکە لە ئاستێکی تەکنیکیدا بەرەوپێش دەچێت نەک سیاسی.
دوابەدوای لێدوانەکەی باخچەلی، لە پشت پەردەوە پرسیارێکی دووبارەبووەوە دەكرێت: ئایا باخچەلی ئەم پێشنیازەی وەک بانگهێشتێکی راستگۆیانە پێشکەش کردووە، یان ئەم لێدوانەی بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و لیژنەکە داوە؟.

