ترەمپ: حـ.ـە.ما.س چەکدانەنێت لەڕێگەى ئیسرائیلەوە چەکیان پێدادەنێین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ئەمریکا لەسەر چەکەکانی حەماس ڕایدەگەیەنێت بەڵێنیان دابوو چەک دابنێن، بەڵام ئەگەر ناچار بین لەڕێگەی خۆمانەوە یان بەپشتیوانی ئیسرائیل لەڕێگەى ئەوانەوە ئەو چەکانەیان پێدادەنێین.

ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی ئەمریکا دەتوانێت دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بکات بۆ چەکداماڵینی حەماس ئەگەر پابەند نەبێت بە بەڵێنەکەی بۆ داماڵینی چەک، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "سەربازەکانی لەسەر زەوی جێگیر ناکات" لە فەلەستین و کەرتى غەززە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کە ئەوان (ئیسرائیل) ڕۆیشتن، حەماس حەوت کەسی لەسێدارەداوە، دواتر 30 کەسی دیکەیان لەسێدارەداوە"، بڕوای خۆی دەربڕی کە بزووتنەوەکە "رێککەوتنەکە پێشێل دەکات، ئێستاش ئەو کارە دەکەن".

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ چەک دانانی حەماس نییە، بەڵام پێویستە بە زوترین کات ئەو کارە ئەنجام بدەن.

هاوکات لێپرسراوێکی سەربازی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، پێدەچێت تەلئەبیب بە لێدانی زیاتر بزووتنەوەکە بکاتە ئامانج، لە کاردانەوەی ئەوەی کە ئەمڕۆ حەماس پێشێلکاری لەرێککەوتنی ئاگربەست ئەنجامداوە. 

لەلایەکى دیکەوە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو حەماس تەرمی هەموو بارمتەکان رادەست نەکاتەوە، دەروازەی رەفەح ناکرێتەوە. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو فەرمانیکردووە دەروازەی رەفەح تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بە داخراوی بمێنێتەوە".

نووسینگەکە گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە لەسەر بنەمای ئەوە تاوتوێ دەکرێت، کە حەماس چۆن پابەندییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و تەرمی کۆچکردووان جێبەجێ دەکات و مەرجە رێککەوتن لەسەرکراوەکانی ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکات"

رێککەوتنەکە کە بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوە، ئامانجی کۆتاییهێنانی یەکجارەکییە بە جەنگی غەززە.

لەوەتەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە، کە سێیەمین ئاگربەستە لەوەتەی شەڕ لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە هەڵگیرساوە، سەتان هەزار فەلەستینی گەڕاونەتەوە باکووری کەرتەکە بۆ ماڵەکانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار