ناتانیاهۆ: ئەمڕۆ بە ١٥٣ تۆن بۆمب غەززەمان بۆردومان کرد

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی 153 تۆن تەقەمەنیان لە ناوچە جیاوازەکانی غەززە بەکارهێناوە.
نەتانیاهوو لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی خوولی زستانەی پەرلەمانی ئیسرائیل "کنێست" ڕایگەیاند، پاش کوژرانی دوو سەربازمان لەلایەن حەماسەوە لە غەززە، یەکشەممە بە 153 تۆن تەقەمەنی، غەززەمان بۆردوومان کرد.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازیی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، پاش درووستبوونی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە ڕەفەح.
ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد و زنجیرەیەک هێرشی لە غەززە ئەنجامدا. لای خۆیەوە حەماس بێئاگایی خۆی لە پێکدادانەکەی ڕەفەح ڕاگەیاند و پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستەوە دووپاتکردەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، هێشتا جەنگ كۆتایی نەهاتووەو دوێنێ بینیمان چۆن حەماس رێككەوتنی ئاگربەستی پێشێل كرد.، وتیشى: هێرشمان كردە سەر دەیان ئامانج لە كەرتی غەززە بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە.
ئەو باسى لەوەکرد کە چەكمان بەدەستەوەیەو دەستێكی ترمان درێژە بۆ هەر كەسێك كە ئاشتی بوێت، سیاسەتی من ئەوەیە ئاشتی لەگەڵ بەهێزەكان دەكرێن نەك لاوازەكان.
