لە 20 ڕۆژدا 10 ژن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران

6 كاتژمێر لەمەوپێش
لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەدا، لانیکەم 10 ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هاوسەر یان کەسە نزیکەکانی خێزانەکانیانەوە کوژراون، دیاردەیەک کە ئامارەکان دەریدەخەن بە شێوەیەکی مەترسیدار لە زیادبووندایە.
ڕۆژنامەی "ئیعتیماد"ی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ژنە کوژراوەکان خەڵکی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، سیستان و بەلوچستان، تاران و هەمەدان بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆرینەی ئەو ژنانە بە بیانووی "شەرەف" یان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دەکوژرێن. ڕۆژنامەکە هۆشداری دەدات کە ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە وڵاتەکەدا پێنج هێندە زیادیانکردووە و زۆرینەی قوربانییەکانیش، قوربانیی توندوتیژیی خێزانی بوون.
"ئیعتیماد" دەنووسێت، لە ئێستادا "ڕۆژ نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی کوشتن و توندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بە ژنان لە ئێران بڵاونەکرێتەوە و نەبیسترێت."
پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕایگەیاندبوو، تەنها لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لانیکەم 14 ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون، کە زۆرینەیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بووە.
ئەم توندوتیژییانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، نایەکسانییەکی گەورەی ئابووری لە نێوان ژنان و پیاواندا هەیە:
ڕێژەی بێکاریی ژنان: دوو هێندەی پیاوانە.
ڕێژەی دامەزراندنی ژنان: پێنج هێندە کەمترە لە پیاوان.
