ترەمپ وەبەرهێنەرێکى وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەعێراق دیاریکرد

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایای وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکردووە. دەشڵێت، ئەو تێگەیشتنێکی باشی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدادا هەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتى: "خۆشحاڵم مارک ساڤایا وەکو نێردەی تایبەتمان بۆ خزمەتکردن لە کۆماری عێراق ڕادەگەیەنم".
مارک ساڤایا وەبەرهێنەرێکی ئەمریکییە و ئەو هاودامەزرێنەر و بەرێوەبەری کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی حەشیشە لە ئەمریکا. ئەو هەروەها هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای " Future Grow Solutions"ـە کە دەرمانی پزیشکی لە حەشیش دروست دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ناوچەکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا"، هاوکات پیرۆزبایی ئەو پۆستە نوێیەی لە مارک کرد و جەختی لە ڕۆڵی سەرەکیی دەکاتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لە میشیگن و دەڵێت: "مارک یارمەتیدەر بووە بۆ دەستەبەرکردنی دەنگێکی پێوانەیی موسڵمانە ئەمریکییەکان لەو ویلایەتە"، کە ڕێژەیەکی زۆر موسڵمانی ئەمریکی تێدا دەژی.
مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا.
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تسورکۆڤ لە ئێکسەکەیدا نووسی، "زۆر سوپاسگوزاری ئادەم بۆیلە، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری بارمتەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ساڤایا و میک بیرگمان دەکەم بۆ ئەو هەوڵانەی دایان بۆ ئازادکردنم".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "مارک کارەکتەرێکی سەرەکیی کەمپەینەکەم بوو لە میشیگن، کە تێیدا ئەو و کەسانی دیکەش هاوکاربوون لە بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانان (لەو ویلایەتەدا). پیرۆزە مارک!"
