پیتەر مەکلارین: ئاشتی لەگەڵ ئۆجالاندا زیندانی کراوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



پرۆفیسۆر پیتەر مەکلارین ڕایگەیاند، لەم سەردەمەدا داواکاریی ئاشتی سەرهەڵدانێکە و گوتی، "دەوڵەتی تورک بیرۆکەکانی ئۆجالانی دەوێت، بەڵام ئیرادەکەی نا، قسەکانی دەوێت، بەڵام بوونی نا. ئاشتییش لەگەڵ ئەودا زیندانی کراوە."

پشتیوانی لە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەردەوامە. یەکێک لە پشتیوانانی ئەم پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات پەروەردەکار، نووسەر و ئەکادیمیسیەنی کەنەدی پ. پیتەر مەکلارێنە، کە یەکێکە لە تیۆریسیەنە ناسراوەکان لە بواری پێداگۆژیی ڕەخنەگرانەدا.

پ. مەکلارین چەند ڕۆژێک لەمەوپێش پەیامێکی بۆ دەم پارتی نارد و پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەکە دەربڕی. پ. مەکلارین سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا سەبارەت بە پرسیاری "لە پەیامەکەتاندا ئاماژەتان بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتتان، 'سڵاو لەو بوێرییە دەکەم کە قسەی لە شوێنی چەک هەڵبژاردووە'. بە بۆچوونی ئێوە لەم سەردەمەدا بەکارهێنانی زمانی ئاشتی زۆر زەحمەتە؟" وەڵامێکی لەم شێوەیەی دایەوە:

"سەرەڕای هەموو شتێک لەم سەردەمەدا زمانی ئاشتی هەیە. وەکو ئۆجالان کردی. زمانی ئاشتی لە هەناسەی نێوان وشەکاندایە، لە هەناسەی بەر لە وەڵامدانەوەدایە، لە جێی ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوە، لە جێی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە، لەناو بوێریی گوێگرتندایە. ئەو زمانی ئاشتییە لەو شوێنەی کە سۆز مردن ڕەتدەکاتەوە، گۆرانی دەڵێت. لە نامەیەکی سەدان وشەییدایە، لە ناڵەی دایکێکدایە، لە پەرجووی بچووک و لێخۆشبووندایە.

لەم کاتەدا قسەکردن لەسەر ئاشتی ئارامبوونەوە نییە؛ سەرهەڵدانە، یاخود ڕاپەڕینێکە. لەناو ئەم گەنگەشەیەدا باوەڕبوون بە هیوای مرۆڤایەتی بە دەنگێکی باشترە. وەکو مۆمێک کە لەبەر با دەلەرزێت، بەڵام هێشتا ڕووناکییەکەی دەدرەوشێتەوە."

'کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە'

پ. مەکلارین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ وەکو شێوازێکی سیاسەتی زۆر شکۆمەندانە دەبینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، "عەبدوڵا ئۆجالان لە تەنیایی زیندانەوە پەیامێکی نارد کە لە چیا، دۆڵ، باخچەکانی هەنار و لوتکە سەرکەشەکانی چیاکانی کوردستان دەنگی دایەوە. بانگی هاوڕێیانی خۆی کرد کە چەک دابنێن و ئاگری بەرخۆدان بکەنە کڵپەی ژیان. من ئەمە زۆر ڕێزدار دەبینم. لەژێر ئەو ئاسمانەی ماوەیەکی زۆربوو دەنگی فڕۆکەکانی جەنگی لێ بەرزدەبوویەوە، هاوڕێکانی ئۆجالان چەکیان سووتاند. ئەم چالاکییە نە بچووکبوونەوە بوو، نە شکستهێنان، ڕێوڕەسمێکی سەرلەنوێ خاوەندارێتیکردن بوو. دەتوانم بڵێم کە ئەمە گەواهیدەریی بوو شکۆمەندیی ژیان. ئەو تفەنگانەی کە سەردەمانێک سیمبولی ڕاپەڕین بوون، بوونە یادگارییەک و ئەو دەنگانەی لەمێژبوو بیری یەکتریان کردبوو، دەستیان بە ئاخاوتن کرد. ئەمە جووڵەیەکی گێڕانەوەیە کە بە باری کەشتییە ناسکە گریمانەییەکان، دەتوانێت سەرلەنوێ بکەوێتە گەڕ. بێگومان ئەمە بە مانای گەرەنتی نایەت.

'ئاشتی گۆڕانی تێکۆشانە، نەک ملکەچی'

لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و دایالۆگ پ. مەکلارین گوتی، "من کەسێکم لەنێوان دوو نەتەوەدام. هەم هاووڵاتییەکی کەنەدیم هەم هاووڵاتییەکی ئەمریکیم. لە ئێستادا لە دووەم سەردەمی دەسەڵاتداریی دۆناڵد ترەمپدا کە هەوڵدەدات دوایین پایە دیموکراتیکەکانی ئەمریکا پارچە پارچە بکات. هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەبینن، کە چۆن دەیەوێت هێرش بکاتە سەر کەنەدا، ئابوورییەکەی پەکبخات، بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بیکاتە ٥١ـەمین ویلایەت.

لە وڵاتێک دەبمێنمەوە کە خەون بە شەڕەوە دەبینێت. لە وڵاتێک کە نەوت وەکو چارەنووس، نەتەوەکانی تریش وەکو نێچیرێک دەبینێت. لە وڵاتێک کە هەوڵدەدات لە ڤەنزوێلا لە ڕێی شەڕەوە ڕژێم بگۆڕێت، پاڵپشتیی دارایی ڕووخانی غەززە دەکات، لەناوبردن بە 'خۆپاراستن' پێناسەدەکات، ئامێرەکانی مردن بە زمانی ئازادی پێناسەدەکات. شایەتحاڵبوونی پڕ ئێش و ئازارم فێریکردم کە پێویستە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ جیۆپۆلیتیک بکەم. لەسەر ئەوە دامەزراوە کە چۆن هێز هەمیشە وەک پێوەرێک و شەڕیش وەک شکۆیەک دەفرۆشرێت.

سەرەڕای ئەوەش لەناو ئەو قەرەباڵغیی فشار و سەروەرییەدا لە کونجی زیندانێک لە دوورگەی ئیمراڵی ناو دەریای مەرمەڕا دەنگێک بەرزبووەوە: دەنگی عەبدوڵا ئۆجالان. ئەو دەنگە لە ویژدانەوە بەرزبووەوە، نەک لە داگیرکاری؛ باسی ئاخاوتن دەکات، نەک مەرج. لە کاتێکدا جیهان دەست بۆ خەنجەر دەبات، ئەو باسی گفتوگۆ دەکات. ئەوانەی تر بانگەوازی شەڕ دەکەن، بەڵام ئەو بانگەوازی هۆشیاربوونەوە دەکات. لە کاتێکدا کە جیهان بە سەربازیبوون دەسووتێت، قسەکانی ئەو وەکو ئەوەی قسەی مرۆڤی ئەم جیهانە نەبن لە گوێکاندا دەنگدەدەنەوە. وەکو دەنگێک کە لە ئاستێکی ئەخلاقیی جیاوازەوە دێت، ئەوەی مرۆڤایەتی لەبیریکردووە، بەبیردەهێنیتەوە.

ئاشتی کۆتاییهاتن نییە بە شەڕ؛ ئاشتی ڕەنجە بۆ ئافراندن. ئاشتی لەو شوێنەی کە مردنی لێ سەروەرە ئافراندنی ژیانە. ئاشتی لە شوێنی داگیرکاریی، ئەو دەستەیە کە سۆز هەڵدەبژێرێت؛ لەو شوێنەی کە هەڕەشە دەبینێت، ئەو چاوەیە کە شکۆ دەبینێت، ئەو دڵەیە کە باوەڕ بە ڕێکەوتن دەهێنێت.

بە بۆچوونی من ڕوانینی ئۆجالان لە ڕووی جیهانییەوە پەیوەندی هەیە بە 'سەرکەوتن'ـەوە. ئەو باسی مێتامۆرفۆزان دەکات، واتا باسی گۆڕینی ڕوحی مرۆڤ دەکات. ئازادی ئازادی بەدەستهێنانی هێز نییە، هەڵستانە بە بەرپرسیارێتی: بەرپرسیارێتییە بەرامبەر مرۆڤەکانی تر، بەرامبەر ژیان و ئەو مردووانەی پێش بەربانگ فیداکارییان کردووە. ئاشتی کۆتاییهاتن نییە بە شەڕ؛ ئاشتی دۆخی ئافراندنی تێکۆشانە، بوێریی ئەوەیە کە ئاگر دەکاتە ڕووناکی، ڕق‌وکینە دەکاتە بەرپرسیارێتی، ئازار دەکاتە زانین.

لە گوندەکان، شارەکان، ئەو دۆڵانەی کە بایان لێ دەدات تا دەگاتە چەم و ڕووبارەکان، چیتر هیوایەکی ناسک هاتووەتە بوون. هیوایەکە کە نیشاندەدات؛ ئەوانەی ماوەیەک دوژمنی یەک بوون، بێ ترس دەتوانن بەیەکەوە بە هەمان ڕێدا بڕۆن، ئەو خوێنەی کە ماوەیەک لەمەوبەر دەڕژا، لەجێی ئازار دەتوانێت خاوەندارێتی لە تێڕوانین بکات.

با بە ئاشکرا قسەبکەین. ئاشتی دیارییەک نییە. ڕێکەوتنێکە. ڕەنجێکی پیرۆزە، ئاوازی ژیانێکە. هیوایەک هەیە کە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پەیمانە ئاشتی دەتوانێت ببێتە ئەندازیاری ڕوحی و ئەخلاقیی ئەم خاکە. هیوایەکی بەهێز، کە ناهەژێت و هەتاهەتاییە.

ئاشتی ملکەچبوون یاخود کۆتاییهێنان نییە بە تێکۆشان؛ گۆڕانە لەمەدا. ئەو بوێرییەیە کە دەبێتە ڕووناکی، فیداکاری دەکاتە شکۆ. ئازادیش ئاسۆیەکە کە هەمووان دەتوانن بەیەکەوە ڕێبکەن، نەک بە چەکەوە."

'بۆ هاتنەدیی ئاشتی، پێویستە دەوڵەتیش خۆی بێچەک بکات'

پ. مەکلارین پەیوەست بە بەرپرسیارێتی و مامەڵەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پرۆسەکە ڕایگەیاند: "لێرەدا دوو ئاستەنگیی جددی هەن. یەکەم وەکو بێدەنگی دەردەکەوێت. دەنگی ئۆجالان لە پشت دیوارێکی بێدەنگییەوە دەگاتە ئێمە، کە دەوڵەت دەیسەپێنێت. لە دوورگەی ئیمراڵی جیاکراوەتەوە. مافی سەردانکردنی نییە، مافی قسەکردنی نییە، هەروەها مافی هەناسەدانی نییە لە جیهانێکدا کە دەیەوێت بیگۆڕێت. ئەم بێدەنگییە بە ڕێکەوت نییە، ئەمە سیاسەتێکە. دەوڵەت فکری ئەوی دەوێت، بەڵام ئیرادەکەی ناوێت، قسەکانی دەوێت، بەڵام بوونی ناوێت. ئاشتییش لەگەڵیدا زیندانیکراوە.

ئاستەنگیی دووەمیش ترسی دانپێدانانە. دەوڵەتی تورک سەد ساڵە پرسی کورد وەکو گەلێک نابینێت کە پێویستە لەئامێز بگیرێت، بەڵکو وەکو پرسێک دەبینێت، کە پێویستە بەڕێوەببرێت. ئەمڕۆش کاتێک پەکەکە بێچەکبوونی ڕاگەیاند، کاتێک ئۆجالان دەستی ئاشتی درێژکرد، حکومەت ئەمەی وەکو دەستپێکی ڕێکەوتن نا، بەڵکو وەکو 'سەرکەوتن دژی تیرۆریزم' پێناسەکرد. کاردانەوەکانی پێشوو هێشتا بەردەوامن: نکۆڵی بکە، کۆنترۆڵ بکە، سەرلەنوێ پێناسەبکە و سەرکوتبکە.

بێگومان گۆڕەپانێکی سیاسی هەیە کە ئەمەی لێ نیشاندەدرێت. سەرۆککۆمار ئەردۆغان وەک چالاکییەکی گۆڕانکاریی ئەخلاقی نا، بەڵکو وەکو ئامڕازێکی مانەوە لەناو ژیانی سیاسیدا لە پرۆسەی ئاشتی دەڕوانێت. ئەرکەکەی، ئەرکی دەستووری بنەڕەتی لەگەڵ کۆتاییهاتندا ڕووبەڕوویە؛ دەزانێت کە بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی پشتگیریی کورد گرنگە. بەڵام بە هاوپەیمانبوونی لەگەڵ مەهەپەش خۆی بەستووەتەوە، کە نەتەوەپەرستی توندڕەوە و دەیەوێت کورد ڕەتبکاتەوە. هەربۆیە لەنێوان دوو بەرداشە: ڕۆیشتن بەرەو ئاشتی ئەو سەرکێشییەی هەیە کە لە بنەمای خۆی دووردەکەوێتەوە، دڵخۆشکردنی بنەماکەشی دەتوانێت ئاشتی پەکبخات.

ئەگەر ئەو بە زمانی ئاشتییش قسەبکات، درۆنەکانی تورک لە باکووری سووریا بە زمانێکی تر قسەدەکەن. ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە دەرەوەی سنوور بەرامبەر گرووپە کوردییەکان دەیکەن. ئەمە شتێکی دوولایەنەیە: لە ناوخۆ دیپلۆماسییە، لە دەرەوە ڕووخان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار