محەممەد ئوچوم ڕاوێژکاریی ئەردۆغان: لێبوردنی گشتیی دەرناکرێت

13 كاتژمێر لەمەوپێش



گەورە ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان ڕەتیدەکاتەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، هیچ لێبوردنێکی گشتیی دەربکرێت و دەشڵێت، گۆڕانکاری لە هیچ ماددەیەکی دەستووری تورکیادا ناکرێت.

محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، دەکرێت یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە دەربکرێت، کە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە، نەک گۆڕانکاریی لە یاسا گشتییەکان.

ئوچوم، کە هاوکات بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکانە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەو یاسا تایبەتەی دەردەکرێت، کاتیی بێت و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت، واتە کاتێک دیاریدەکرێت و ئەو کەسانەی چەکیان داناوە و لەو ماوەیەدا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، لەو یاسایە سوودمەند دەبن، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەکەشدا، کەسی دیکە ناتوانێت سوود لە یاساکە ببینێت.

ئوچوم، لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لە لێبوردنی گشتیی دەکەن، جەختیلەوەکردەوە، لێبوردنی گشتی و گۆڕانکاری لە یاسای سزادانیشدا لە پرسی ڕۆژدا نییە، نە ئیرادەیەکی لەو جۆرە هەیە و نە ئامادەکارییەکی لەو جۆرەش لە ئارادایە.

لەبارەى چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکەش، ئوچوم گوتی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کادر و ئەندامانەی پەکەکە کە هیچ "تاوانێک"یان نەکردووە، جیاواز دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە "تاوان"ـی جۆراوجۆریان کردووە. واتە لەو یاسا تایبەتەی کە دەکرێت لەبارەى پەکەکە دەربکرێت، بەگوێرەی پلەبەندیی مامەڵە دەکرێت.

ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان دەرگای بەڕووی هەر گۆڕانکارییەک لەبارەى ئەو ماددانەی دەستوور داخست، کە کورد چاوی خستووەتە سەریان و گوتی، پێویستە هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەردەکرێت، گونجاو بێت لەگەڵ دەستووردا، بۆیە ناکرێت هیچ گفتوگۆیەک لەبارەى گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور، ماددەکانی 42 و 66 بکرێت.

چوار ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا باس لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت دەکات، لەوانەش؛ زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە. لە ماددەی 42ـی دەستووردا ئاماژەی بەوەدەکات؛ نابێت لە دەرەوەی زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکەی دایک لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بخوێندرێت.

ماددەی 66ـی دەستووریش دەڵێت؛ هەر کەسێک بە ڕەگەزنامەکەیەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی تورک، تورکە، منداڵی دایک یان باوکێکی تورکیش، تورکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار