ئەنقەرە بۆ هەسەدە: پابەندی ڕێککەوتنی دیمەشق بن

5 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات، پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سووریادا واژۆیان کردووە.

ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، بە وردی چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە دەکات و هۆشداری دەدات لە هەر هەنگاوێک کە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگەیەنێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە:

• تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای نوێی سووریاوە "گرنگییەکی زۆری هەیە".
• وەزارەتی بەرگریی تورکیا "بە وردی و هەستیارییەوە" چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکات.

• پێویستە هەسەدە پابەندی ڕێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی 10ـی ئازار بێت، کە لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریادا واژۆکرا.

سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە هەسەدە لەو "ڕەفتار و هەڵوێستانە دووربکەوێتەوە کە زیان لە یەکپارچەیی خاک و یەکبوونی سیاسیی سووریا دەدات." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا لەسەر بنەمای "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سووریا.

هاوکات، زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەسەر سنوورەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار