ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "توانای زانستی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەشڵێت، تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە".
ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە میدیاى سویسراى ڕاگەیاندووە، گەرچی زیانی زۆر بەر وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کەوتووە، بەڵام توانای زانستی و تەکنیکی و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران لەناو نەچووە و دەکرێت سەنتەرفیوجەکان جارێکی دیکە کەڵکیان لێوەربگیرێتەوە و دروستبکرێنەوە.
23ـی حوزەیرانی 2025، لە یازدەیەمین ڕۆژی جەنگدا، ئیسرائیل شارەکانی تاران، کەرەج و قومی بۆردوومانکرد، دواتر هەریەکە لە وێستگە ئەتۆمییەکان و زانکۆى شەهید بەهەشتى و دەروازەکانى زیندانى ئێوین بە ئامانجگیران، دۆناڵد ترەمپیش ڕایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەشڵێت، "تاران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە کە دەکاتە سەروو 60% و ئەگەر بەردەوامبێت لە پیتاندن، توانای دروستکردنی نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمیی دەبێت".
گرۆسی باسى لەوەشکردووە، "هیچ بەڵگەیەکیان نییە ئێران پلانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەبێت و دوای جەنگی 12 ڕۆژەش، تاران دەیتوانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بپچڕێنێت، بەڵام نەیکرد، گوتیشی، لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن.
23ـی ئەیلولی ئەمساڵ، زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری ئێران داوایانکردووە وڵاتەکەیان چەکی ئەتۆمی دروستبکات و گۆڕانکاری لە فەتواکەی خامنەیدا بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکرێت کە لە ساڵی 2010 بە فەتوای عەلی خامنەیی، دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن وڵاتەکەیەوە قەدەغەکراوە.
دوێنێ چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، داواکارییە زیادەڕۆکانی ئەمریکا دانوستانەکانی پەکخست. گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی بەو داواکارییانەی ئەمریکا نەیات، تاران ناگەڕێتەوە بۆسەر مێزی دانوستانەکان".
ئەمریکا و فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕیارنامەیەکیان دژی تاران ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد، دواتر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە نۆ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بەڵێ و دوو بێلایەن، بڕیاردرا سزاکانى سناپباک بگەڕێتەوە سەر تاران، 28ـی ئەیلولیش بە فەرمی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە "سناپباک" ناسراوە گەڕایەوە سەر تاران.
