بۆ جاری سێیەم شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی ئایندەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی دەم پارتی کۆببنەوە، تێیدا باس لە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
گولستان کلیچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی پارتەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانى تورکیا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرالی بەم نزیکانە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە کۆدەبێتەوە.
ئەمە سێیەمین دیداری شاندی ئیمرالی دەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان. شاندەکە پێکهاتوون لە جێگری پارتی وان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پەروین بوڵدان و جێگری شانلیورفا میتات سانجار.
یەکەم دیدارى ئەردۆغان و دەم پارتى وەک یەکەم پەیوەندی لە ماوەی ١٣ ساڵدا ڕۆژی 10ی نیسان، بووە، کۆبوونەوەی دووەم لە ٧ی تەمموز بەڕێوەچوو، شاندەکە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میتات سانجار، جێگری شانلیورفای پارتەکەبووە، هەروەها ئەفکان عەلا جێگری سەرۆکی ئاکەپە و ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانی (مێت) ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند.
1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا، دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا، پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، هەشت جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
