هێرشەكانی داعش لە رۆژئاوای كوردستان زیادیان كردووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمیركی بڵاویکردەوە، داعش لە ساڵی 2025دا هێرشەکانی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردووەتەوە، بە سود وەرگرتن لە کەمبونەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکاو ئەو ئاژاوەیەی دوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە هاتە ئاراوە.

بەپێی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە رۆژنامەکە بینویەتی، تا کۆتایی مانگی ئابی رابردوو ئەو گروپە 117 هێرشی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا لە تەواوی ساڵی 2024 دا، تەنها 73 هێرشی ئەنجامداوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ زیادبونی چالاکییە سەربازییەکانی.

تەنها لە مانگی ئابدا، حەوت ئەندامی هێزەكانی سوریای دیموکرات کوژران، هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلول هەشت هێرشی نوێی بەخۆیەوە بینی، کە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە دوو سەرباز گیانیان لەدەستدا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆرێک لەو هێرشانە لە پارێزگای دەیرزور چڕبوونەتەوە کە زۆرینەی چەکدارانی داعشی تێدایە و بە نزیکەی سێ هەزار چەکداران مەزەندە دەکرێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری گۆران تەل تامر، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە رایگەیاندووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گوڕی دایە داعش، رونیشیکردووەتەوە، ئەندامانی گروپەکە دەستیانکردووە بە هێرشی زیاتر.

لە مانگی نیسانی رابردودا، ئەمریکا دەستیکرد بە کشانەوەی 500 سەرباز لە کۆی 2 هەزار سەربازەکەی لە سوریا کە زۆربەیان لە دەیرزوربوون، هاوکات ژمارەیەک لە بنکەکانی گواستووەتەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

سەرکردەکانی هەسەدە جەختیان كردووە، گروپەکە شێوازی شەڕی خۆی گۆڕیوە و ئێستا لە رێگەی شانە بچوکەکانەوە کاردەکات کە لە پێنج ئەندام زیاتر نییە، هەندێکجار لە یەک ناوچە کاردەکەن بەبێ ئەوەی هەر شانەیەک ئەوی دیکە بناسێت.

سیامەند عەلی، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاندووە: ئەو گروپە بچوکانە بە كەرەستەی سنوردارو بە تێچوی کەم ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدەن، هەر ئەندامێک تفەنگێکی کڵاشینکۆف و بۆمبێكی چاندنی پێیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارانی ئەو گروپە چیتر وەک جاران جلوبەرگی سەربازی لەبەر ناکەن و ئاڵای رەش هەڵناگرن، بەڵکو بە ئاسانی لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا تێکەڵ دەبن، چونکە زۆربەیان سوریین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار