ئێران: هیچ پلانێکمان نییە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە و ئاماژە بەو هۆکارانەش دەکات رێگرن لە دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە لە لایەن تارانەوە.
رۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "تاران بە سێ هۆکاری کولتووری، ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقی هیچ پلانێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە."
فاتمە موهاجرانی گوتی: "بەپێی فەتوای رێبەری کۆماری ئیسلامی، دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی قەدەخەیە و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئێران رەتیدەکاتەوە بەرەو پرۆگرامێکی لەو شێوەیە هەنگاو بنێت."
وتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی پەیڕەو و بە چاودێریی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت و لەو بارەوە لێکتێگەیشتنی تەواو لەنێوان حکومەت و پەرلەمان هەیە."
موهاجرانی ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و رایگەیاند:" گرۆسی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەرگیز بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی نەبووە."
رۆژی 2-11-2025 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "زانست لە مێشکی زاناکانماندایە و بە وێرانکردنی باڵەخانە و کارگەکان هیچ کێشەیەک دروست نابێت؛ دووبارە و بە هێزێکی زیاترەوە دەست پێدەکەینەوە."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمی دا ناگەڕێ و فراوانکردنی پیشەسازیی ئەتۆمی هاوتەریبە لەگەڵ باشترکردنی تەندروستی خەڵک و خزمەتکردنی کۆمەڵگا."
لەکاتی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا، ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.
پێش جەنگەکە، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەبوو. رافایل گرۆسی لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو: "لە رووی تیۆرییەوە، بەو بڕە یۆرانیۆمەی هەیانە دەتوانن بە نزیکەی 10 چەکی ئەتۆمی دروست بکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێران هەیبێت و بۆ دڵنیابوونەوە لەمە دەبێت سەردانی لێکۆڵەران دەستپێبکاتەوە."
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران تەنیا وڵاتە کە پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رێژەی 60٪ هەیە، جگە لەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمیان هەیە.
تاکو ئێستا کاربەدەستانی ئێران چەندین جار جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ئاشتیخوازانەیە.
