عێراق پۆلێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەتوو دەکڕێت
5 كاتژمێر لەمەوپێش
عێراق لەگەڵ باشووری ئەفریقا گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی Milkor 380 واژوو دەکات و لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە لەگەڵ پاکستان بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهبار 2 .
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە گرێبەستێکیان لەگەڵ وڵاتی باشووری ئەفریقا واژوو کردووە بۆ کڕینی پۆلێک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Milkor 380، کە یەکێکە لە نوێترین فڕۆکە بێفڕۆکەوانە رۆڵەکان کە خاوەنی توانای هەواڵگری و شەڕکەری پێشکەوتووە، چونکە دەتوانێت تا بەرزیی 30 هەزار پێ بفڕێت بۆ ماوەی زیاتر لە 30 کاتژمێری بەردەوام و مەودای کارپێکردنی زیاتر لە 4000 کیلۆمەترە.
هەروەک دڕۆنەکە دەتوانێت 220 کگم لە مووشەکی ڕێنماییکراو و بۆمبی زیرەک و ئامێری هەستەوەری پێشکەوتوو هەڵبگرێت، ئەمەش وادەکات گونجاو بێت بۆ ئەرکەکانی چاودێری، پاراستنی سنوورەکانی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە چەکدارەکان.
هاوکات، عەباسی ئاشکرای کردووە کە لە گفتوگۆی پێشکەوتوودان لەگەڵ پاکستان بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری شاهبار 2 ، کە خاوەنی توانای هێرشبەری و هەواڵگری بەرزە.
فڕۆکەکە مەوداکەی دەگاتە نزیکەی 1050 کیلۆمەتر و بە خێراییەکی زۆر نزیکەی 222 کم/س کار دەکات، لەگەڵ توانای پەیوەندیکردن بە مانگە دەستکردەکانەوە و دووبارە دەستپێکردنەوەی بزوێنەر لە کاتی فڕیندا، کە ڕێگە بە بەکارهێنانی دەدات لە بارودۆخە جیاوازەکاندا.
شاهبار2 یەکێکە لە فڕۆکە نوێیەکان کە لە ساڵی 2021ەوە خراوەتە خزمەت لە هێزە چەکدارەکانی پاکستان و بۆ ئەرکەکانی چاودێری و هێرشی وردی ئاراستەکراو بەکاردەهێنرێت.
ئەم هەوڵەی عێراق بۆ کڕینی ئەم فڕۆکانە دەکەوێتە ناو ستراتیژییەتێک بۆ نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانیی و بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی، بەجۆرێک کە لەگەڵ گەشەسەندنی شەڕی نوێدا بگونجێت، کە زیاتر پشتی بە سیستەمە ئاسمانییە بێفڕۆکەوانەکان دەبەستێت بۆ هەواڵگریی و پشتیوانیی شەڕکردن.
