عەممار حەکیم: چەکداماڵینی میلیشیاکان داواکارییەکی نیشتمانییە
7 كاتژمێر لەمەوپێش
چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنی بێدەنگی هەڵبژاردن، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، مەرجەکانی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقی ئاشکرا کرد و داوای چەکداماڵینی میلیشیاکان و کۆکردنەوەی چەکی تەنیا لە دەستی دەوڵەت کرد.
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەسایەتییەکی باوەڕپێکراو بێت و وێنەی عێراقێکی کراوە بە ڕووی چواردەوری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بگەیەنێت، هەروەها دەبێت بڕیاری دانانی وەک سەرۆکوەزیران بە تەواوی عێراقی بێت و متمانەی هەموو لایەنەکان بەدەست بهێنێت.
لە کەشوهەوایەکی جیاواز لە هەموو خولەکانی پێشوو، لەلایەک بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە وەک یەکێک لە دیارترین هێزە سیاسییە کاریگەرەکان و لەلایەکی دیکەوە مشتومڕی دۆسیەی چەکی گرووپە چەکدارەکان و پێویستی کۆکردنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا ، بڕیارە 11-11-2025 عێراق شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای ساڵی 2003 ئەنجام بدات.
حەکیم جەختی لە چەکداماڵینی میلیشیاکان کردەوە و گوتی" کۆکردنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا داواکارییەکی نیشتمانییە پێش ئەوەی دەرەکی بێت."
