ئەمریکا: ناوی ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتاب لەلیستی تیرۆر دەرهێنرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ناوی سەرۆکی کاتی سوریا و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی لە لیستی سزادراوانی تیرۆری جیهانی دەرکرد، بڕیارەکە چەند رۆژێک پێش کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ و شەرع دەرچوو.

دوێنێ هەینی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ناوی هەریەک لە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەدی جۆلانی) سەرۆکی پێشووی بەرەی نوسرە و دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی کاتی سوریا، ئەنەس خەتاب سەرکردەی پێشووی بەرەی نوسرە و تەحریر شام و وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتی سوریای لە لیستی سزای تیرۆریستانی جیهانیی دەرکرد.

سڕینەوەی ناوی ئەو دوو بەرپرسەی سوریا لە لیستی سزاکان، پێش کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی هەفتەی داهاتووی نێوان ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ دێت، کە بڕیارە لە واشنتن چاویان بە یەکتری بکەوێت.

دوای ئەمەریکا، بەریتانیاش ناوی ئەحمەد شەرعی لە لیستی سزاکانی تیرۆر دەرکرد، وەک کاردانەوەیەکی بەرامبەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر شەرع و سڕینەوەی ناوی لە لیستی تیرۆری جیهانی.

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا درا بۆ سڕینەوەی ناوی هەریەک لە سەرۆکی کاتی و وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزاکان، لە کۆبونەوەکەدا 14 ئەندام دەنگیان لە بەرژەوەندی بڕیارەکەدا و تەنها چین وەک یەک وڵات لە کۆی 15 ئەندامەکە بە بڕیارەکە رازی نەبوو.

لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە، بەپێی بەندی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی هەریەک لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزای تیرۆریستان دەسڕدرینەوە، کە پێش گرتنە دەستی دەسەڵات و بەهۆی چالاکییان بەسەریاندا سەپێنرابوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو رێکارانە لە چوارچێوەیە زنجیرە بڕیارێکدایە بەرامبەر بەرپرسانی سوریا، ئەوەش دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا و دوای زیاتر لە نیو سەدە لە سەرکوتکاریی رژێمی ئەسەد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار