دوران کالکان: تورکیا رۆژاڤا بە بەرپرسیاری هەمووشتێک دەزانێت چونکە کورد کاریگەری لەوێ هەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بە گرنگی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە کرد و گوتی: "پرۆسەیەکی یەکلاکەرەوەیە، مرۆڤ دەبێت زۆر ئاگاداربێت، چونکە پرۆسەیەکی کاتیی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی ژیانییە."
دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دوێنێ ئێوارە لە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی؛ قۆناغی ئێستای پرۆسەکە و گرنگی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵیی کۆمیسیۆن کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامدرا و پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و هەرێمەکە کرد.
'پێویستە بە گرنگ تەماشای کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی بکرێت'
دوران کاڵکان سەرنجی خستە سەر ئەو ڕەخنانەی پەیوەست بە کۆتایهاتنی کارەکانی کۆمیسیۆنەوە لە ئارادان و گوتی: "لە کۆتاییدا شاندێک ڕۆشتنە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە. بەشێک لە تێبینی و کۆنووسەکانی کۆبوونەوەکەدا بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. پوختەی کۆبوونەوەکە لە کۆمیسیۆنی پەرلەماندا ئاشکرا کرا و لە ڕێگەی میدیاکانەوە لە ناو ڕای گشتییدا بڵاوبووەوە. هەموو ئەمانە هەنگاوی گرنگن. بەشداری پەرلەمان لەم ئاستەدا بە کۆیی کارەکانییەوە، بە کۆبوونەوەیشی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەموو هەنگاوی گرنگ بوو، پێویستە مرۆڤ بە گرنگییەوە لەم کارانە بروانێت."
'پرۆسەیەکی ژیانییە، نەک کاتی'
کاڵکان لە بەردەوامییدا ئەمەی گوت: "ئەنجامی کۆبوونەوەکەی شاندەکەی کۆمیسیۆن و ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکەی لە کۆمیسیۆندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بێگومان ئاساییە مشتومڕ و بۆچوونی جیاواز هەبێت. ئەم گفتوگۆیانە دەرخەری دۆخێکی تەندرووستە. دەگوترێت، کارەکانی کۆمیسیۆن لەسەر ئەم بنەمایە گەیشتووە بە خاڵێکی گرنگ و کاریگەر. خودی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەم خاڵە دا و بە ڕای گشتی ڕاگەیاند. لە ئێستادا ڕاپۆرتی لایەنەکانی کۆمیسیۆن وەدەگیرێت. کۆمیسیۆن دەڵێت، لەسەر شێوەی چوارچێوەی سیاسی و یاسایی پرۆسەکە، ڕاپۆرتێکی بەرفروان پێشکەشی پەرلەمان دەکات. بەڕاستی ئەمە گرنگە. یانی ئەنجامی کارەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت و کۆمیسیۆن پێشنیارەکانی ڕادەستی پەرلەمان دەکات. خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە کە پەرلەمان سیاسەتی پرۆسەکە بەڕێوەدەبات، پێویستییەکانی پرۆسەکە جێبەجێ دەکات. چۆن دەبێت؟ چ ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت و پێشکەش دەکرێت؟ ناوەڕۆکەکەی چۆنە؟ بێگومان ڕاوەستە لەسەر ئەمانە دەکەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و دەیبینین. درووست نییە لە ئێستاوە هیچ شتێک لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت، باشترە لە کاتی خۆییدا بۆچوونمانی لەسەر دەربرین. بۆیە لە ئێستادا ئێمە و ڕای گشتیش سەیری دۆخەکە دەکەین. بێگومان کاتێک هەنگاوێ نوێمان بینی بۆچوومانی لەسەر دەڵێیین، هەموو کەسێک هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە، دەبێت مرۆڤ زۆر ئاگاداربێت. پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەمیشە جەختمان لەمە کردووەتەوە؛ ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی کاتیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمیشەیی و ژیانییە. ڕێبەر ئاپۆیش چەندین جار جەختی لەمە کردووەتەوە. پرۆسەکە بۆ تورکیا و داهاتووی کورد و هەموو ناوچەکە و مرۆڤایەتیش گرنترین پرۆسەیە. ئەوانەی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا ناکەن زۆر بە هەرزانی هەڵسەنگاندی بۆ دەکەن. بێگومان مرۆڤگەلێکی لەم شێوەیەش هەیە.
پلانسازی سەد ساڵی، هەزار ساڵی
بەڵام دەبێت مرۆڤ گوێ لەوانە نەگرێت. دەبێت مرۆڤ جددیەت و مانای پرۆسەکە ببینێت، بزانێت پرۆسەکە ڕێگری لە چ جۆرە کارەساتێک دەکات، چ جۆرە ئاییندەیەک درووست دەکات، چ ئاییندەیەکی دیموکراتیک درووست دەکات. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: 'پلانسازی سەد ساڵ، هەزار ساڵە دادەڕێژین. لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی و گەلانی تورک-کورد و گەلان، جیهانێکی نوێ بنیات دەنێین کە پشت بە خوشک-برایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتی دیموکراتیک دەبەستێت.' بە واتایەکی تر ئێمە دەڵێین سیستەمێکی جیهانی هەیە. خەریکە هەموو جیهان دەبێتە گوندێک. هەمووان ئیدی بە شێوەیەکی جیهانیی مامەڵە دەکەن. سیستەمی سەرمایەداری پێکهاتەیەکی هەژموونخوازی جیهانیی درووست کردووە. دەبینرێت سەد ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستۆتە چ حاڵێکەوە. ئەم دۆخە نەرێنییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە. فشار و داگیرکاری ئەزموونکردووە. ئەوەندە خراپەکاری، شەڕ، برسێتی، قەیران لە جیهاندا هەیە، لە ئێستادا کە کێشەی ئاو سەرهەڵدەدات و ڕێشەکەی لە سەختبوونی شەڕەکاندایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گەیاندووەتە دۆخێک، کە پرسی کورد بنکەکەیەتی. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، 'هەوڵ دەدەین هەموو ئەمانە چارەسەر بکەین'.
دەبێت مامەڵەیەکی درووست نیشان بدرێت
لەم دواییانەدا شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەی ئەنجام دا. لەسەر بۆچوونەکانی وی ڕاگەیاندراوێک بە میدایاکان درا. ڕاگەیاندراوەکان زۆر گرنگ بوون. ڕێبەر ئاپۆ جگە لەوەی جەختی لەسەر گرنگی پرۆسەکە بۆ ئاستی نێونەتەوەیی کردەوە، بانگەوازی لە ڕای گشتیی ناوخۆیی و کۆمەڵگەش کرد. بە واتایەکی دیکە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە دەبێت هەمووان بە درووستی لە پرۆسەکە نزیک ببنەوە. ڕاشیگەیاند، دەبێت کۆمەڵگە بە درووستی درکی پێ بکات. هەموو ئەمانە بانگەوازی یەکێتی و یەکگرتووین. پەیامی زۆر گرنگ بوون. بێگومان ئەگەر دەرفەتی بەهێزتری بۆ بڕەخسێت پەیامی گرنگتر بە ڕاگشتیی دەدات".
'دەزانین پڕۆسەکە سەختی و دژواری خۆی هەیە'
کاڵکان ئاماژەی بەوەشدا، هەمووان پەرلەمان وەک ناونیشانی چارەسەریی نیشان دەدەن و گوتی: "لەو کاتەدا دەبێت پەرلەمان ئەم ئیرادەیە نیشان بدات، توانای خۆی دەرخات. هەربۆیە دەبێت بتوانێت زیاتر خاوەنداری لە پرۆسەکە بکات. بە واتایەکی تر شەڕ هەیە ڕێگەی چارەسەری دادەڕێژرێتەوە. ئەو لایەنانەی شەڕیان کردووە کۆدەبنەوە. دەبێت ئەم کۆبوونەوەیە بە جدی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بەشداری تیدا بکرێت. ئەمە سەرەتاییترین شت بوو، هەندێک فشار هەیە. لە ڕاستیدا لە پرۆسەکەدا سەختی و دژواری هەیە، هەست بەمە دەکەین. بە واتایەکی تر بۆ هەموو کەسێک سەختی هەیە. سەختی و دژوارییەکان لایەنێکن، بەردەنگمان هەیە، بەڵام هەبوونی ئەم سەختییانە نابێت بکرێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی سیاسەت بێدەنگ بکرێت و بە لاوازی نزیک ببنەوە. سیاسەتی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی مێژوویی و جدی بووەتەوە. نەیتوانی ئەزموونێکی باش لە پرۆسەی ڕابردوودا نیشان بدات. ئێستا دەتوانێت ئەزموونێکی باش نیشان بدات و هەنگاوێک بنێت یا نا؟ گرنگترین لایەن ئەم پرسیارەیە. واتە دەبوو ئەزموونێکی درووست دەرکەوتایە بەڵام وانەبوو."
'جەهەپە بەم ئەزموونەوە خاڵێکی لەدەستدا'
کاڵکان سەبارەت بەو لایەنانەی نەچوونە ناو شاندەکە و ڕەخنەدانی خۆیانیان دایەوە وتی: "ئەو لایەنانەی نەچوونە ناو شاندەکە دواتر ڕەخنەدانی خۆیانیان نیشاندا، بەڵام بۆ هەندێک کەس دەتوانین بڵێین 'داوای لێبوردنیان لە کەموکورتیەکانیان گەورەتر بوو'. کردەوە و قسەکانی جەهەپە لە گەڵ یەک نەهاتنەوە. جەهەپە بۆ ئەمە وڵامێکی دەبێت. یانێ ئێستا مشتومڕ لە نێوانیان هەیە و دەڵێن لە نێوان هاوڕیانماندا دەستوەردان هەیە. باسی ئەوە دەکەن هەم لەناو فراکسیۆنی یەنی یۆل و هەم لە ناو جەهەپەدا دەستوەردان هەیە. ڕێبەر ئاپۆش هۆشداریی دابوو و وتبووی؛ 'دەتوانرێت میکانیزمی کودەتا لە هەر کاتێکدا بەکار بهێنرێت، لە ژێروە کار دەکرێت'. بۆیە دەبێت کاریگەری ئەوانەش هەبێت. بەڵام قسە و کردەوەیان یەکی نەگرت، یانێ بەو ئەزموونەوە خاڵێکیان لەدەستدا.
لەوانەیە هێشتا یەکگرتوو بن
بۆ نموونە، لایەنەکانی فراکسیۆنی یەنی یۆل زۆر قسەیان دەکرد. تەنانەت ئەگەر بۆچوونەکەشیان لە پەرلەمان پەسەند نەکرا، کاتێک شاند پێکهێنرا، دەبوو ئامادە بووان بۆ ڕۆیشتن بۆ ئیمراڵی. پاشان جەهەپە باسی لە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد دەکرد. ئەگەر بەڕاستی یەکگرتوو ببووان، بێگومان بەردەنگی چارەسەری پرسی کورد ڕێبەر ئاپۆیە. ئۆزگور ئۆزەل لە ئامەد بەڵێنێکی بە ڕای گشتی دا و وتی؛ 'گەلی کورد هەرچییەک بڵێت، لەلای ئێمەش پەسەندکراوە. گەل دەڵێن 'ئیرادەمان لە ئیمراڵییە' بەڵام ئێوە ئەو ئیرادەیە قبوڵ ناکەن، دەڵێن ئێمە ئیرادەی کورد دیاری دەکەین. ئەی لە کۆێیە دیموکراسی؟ ئەی کوا چارەسەری دیموکراسی؟ زۆر و گوشارەکانی جەهەپە هێشتا گەورەترن. گۆڕانکاری شەڕی دەسەڵاتداری دەکرێت. بەڵام ئەگەر بەهەمان شێوەش بەردەوام بێت دیسان ناتوانێت شتێکی جیاواز بخوڵقێنێت، بۆیە دەبێت وریاتر بێت. بە کورتی دەبێت یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت. هەروەها دەبوو ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی بەشێوەیەکی دروست و ڕەزامەندانە پێشکەشی کۆمسیۆنی پەرلەمان بکرێت. لەبەر ئەوە هیچ شتێکی شاراوە نییە. بۆچی لە بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ دەترسن؟ من لەمە تێناگەم."
'دەبێت پەرلەمان نەترسێت'
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی کە پێشکەشی کۆمیسیۆن کرا، لە قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر، قسەکانی شاندەکە بۆ خۆیان بوون و وتی: "بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕانەگەیەندراون. ئێوە چوون بۆ کۆبوونەوە، ئێوە پێویستتان بە کۆبوونەوە بینی، بۆیە دەبوو لەو کاتەدا کارێک بکرایە. ئیمە چۆن باسی بکەین؟ دەبوو باسی ئەو بۆچوونانە بکرایا. بەڵام لەوە دەترسن.
ئەمە ڕاستیەکەیە، ئایا دەکرێت بەمە بوترێت شۆڤێنیزم؟ دەتوانین بڵێین ئەمە نزیکبوونەوەیەکی نەتەوە پەرەستانەیە. جەهەپە لەبری ئەوەی بچێت بۆ ئیمراڵی، بەدوای بەردەنگێکی جیاوازدا دەگەڕا. ئەوانەی لەبری گواستنەوەی بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ، بۆچوونەکانی خۆیان پێشکەش کرد. وەک ئەوەی بڵێن ئەوەی ئێمە بڕیار دەدەین جێبەجێ بکرێت، بەردەنگێکی جیاواز نییە. نا بەو شێوەیە ڕوونادات. لەلایەک دەڵێین شەڕ هەیە، تیرۆر هەیە. دەوڵەت دەچێت کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەڵام سیاسەت لەوە دەترسێت ببێتە بەردەنگ. ئەی پەرلەمان بۆچی دەترسێت؟ نابێت ئەوەندە بترسێت. ئەم کۆبوونەوانە بەناوی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن. هەروەها مەهەپەش وتی؛ 'پڕۆژەیەکی دەوڵەتە'. سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش ڕایگەیاند، ئەوەی دەکرێت پڕۆژەیەکی دەوڵەتە. باشە جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەترسن؟ بۆ لە بەشداربوونیان لە پرۆژەی دەوڵەتدا ترسیان هەیە؟
ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن پێویستە خاوەن ناوەڕۆکی چارەسەری بێت
لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستە دروست و بەپێی پێویست نییە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'ئێمە لە سێدارەوە بەرەو مێزی گفتوگۆمان هێنا' کاتێک لەگەڵ شاندەکەی دەم پارتی دیداری کرد. ئێمە هەوڵدەدەین دیدار لەگەڵ دەوڵەتتدا بەرەو ئاستی دیدار لەگەڵ سیاسەتدا ببەین. ئەمانە هەنگاوی زۆر گرنگن، ئێمە دەمانەوێت چارەسەری لە ڕێی سیاسەتەوە ئەنجام بدرێت. هەمووان باس لەوە دەکەن کە سیاسەت بە گرنگ دەبینن. ئێمەش باوەڕمان بەوە هەیە، هەمیشە ویستوومانە باوەڕمان پێی هەبێت. بەڵام دامەزراوەی سیاسی هێشتا لاوازە. پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەم لاوازییە بنبڕ بکات.
ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، هەربۆیە ئەو کارەی کە پەرلەمان دەیکات، پێویستە خاوەن ناوەڕۆکی چارەسەریی ڕاستەقینە بێت. واتا پێویستە درێژە بە کێشەکە نەدات. لەم چوارچێوەیەدا یاسا پێویستە. باسی یاساکانی ئازادی، یاساکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، یاساکانی قۆناغی ڕاگوزەر دەکرێت. ئەگەر کێشەکە تەنها لە ئاستی 'تیرۆر' و 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'دا هەڵبسەنگێنرێت و ڕێوشوێنی کۆتاییهێنان بە سەرچاوەکانی 'تیرۆر'، هۆکارەکانی نەدۆزرێتەوە، یاسا و سیاسەت دەستوەردان نەکات، ئەوا چارەسەریش نایەتە دی. بێگومان لێرەدا مامەڵەیەکی دروست، چارەسەریی ڕاستەقینە دێنێتە دی. بەڕاستی پێویستە گوێ لە مشتومڕەکانی ئەم لایانانە نەگیرێت. مشتومڕی سەیرن، قسەی سەیر دەکرێت. هەرخۆی ئێمە بە هەندێک لایەنمان گوت کە ڕانتخۆرن، دوژمنانی سوێندخواردوون، هێرش دەکەن. ڕاگەیاندنیش وەک بڵێی بەقووڵی خزمەتییان دەکات. بەشێکی گرنگی ڕاگەیاندنە. پێویستە بەم شێوەیە نەبێت. بەرامبەر ئەوە پێویستە درێژە بە تێکۆشانێکی بەهێز بدرێت. ڕۆژنامەیەک دەڵێت، 'لە ئەڵمانیا ١٤ هەزار پەکەکەیی هەن. لە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ـەوە پەکەکە لە ئەڵمانیا قەدەغەیە. کاتێک پەکەکەییەک دێتە سنوورەکەیەوە دەستگیری دەکات. چەند لە هاوسۆزانی پەکەکە لە ئەڵمانیا دەستگیرکران؟ هێشتا زۆرێکیان دەستبەسەرن. هەرخۆی پەکەکەیی نین، لایەنگرن.لە ئێستادا ١٤ هەزار وڵاتپارێزی کورد، بە هەرحاڵێک بێت کۆمەڵەیان دامەزراندووە، چالاکیی کەلتووری ئەنجام دەدەن. مەگەر بەم شێوەیە دەبێت؟ کورد نەبێت، کوردی ڕێکخراو نەبێت. پێویستە ئەم زیهنییەتە کۆتایی پێبێت.
هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا
لە سووریا گیری خواردووە. بەهەموو هێزی خۆی تورکیا هەموو ڕۆژێک هەڕەشە دەکات. هەرچۆنێک بێت ئەو زانیاریانەی پێمان دەگات ئەوەیە کە دەگوترێت، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری بەجێهێنانی ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادارە. لایەنەدەرەکییەکانیش وا دەڵێن. واتا هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە کە شتێک ڕەتدەکاتەوە، ئەوان بۆچوونیان ئاشکرایە. لە ڕاستیدا دەسەڵاتی جۆلانی لەژێر فشاری زۆر هێزدایە، کاریگەریی هێزی دەرەکی و ناوچەییشی لەسەرە. هەوڵدەدات هەمووان بەڕێوەبەرێت. تورکیا خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەکو بەرپرسیاری هەموو شتێک دەبینێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی کورد لەناویدا کاریگەری هەیە. ئەگەر تۆ ئەوەندە دوژمنایەتی کورد بکەیت، ئایا دەتوانی پرسی کورد چارەسەر بکەیت؟ بە کوردی بێهێز، کوردی لەناوچوو، تورکبوون بەرەو کوێ دەچێت؟ تۆ لە لایەکەوە بڵێیت، 'تورک بێ کورد، کوردیش بێ تورک نابێت'، لە لایەکی ترەوە بتەوێت کورد لەناوبەریت. ئەو کاتە تۆ تورک لەناودەبەیت. ئایا ئەمە ئاشکرا نییە؟ مەگەر ئەوەی ١٠٠ ساڵە تورکیای لاوازکردووە، ئەو سیاسەتە نییە بەرامبەر کورد؟ مەگەر ئەو سیاسەت و زیهنییەتە نییە کە نکۆڵی لە کورد دەکات؟ ئاشکرایە کە ئەمە هۆکارە. هەمووان دەزانن.
جەهەپە بیوری لە قاچی خۆیدا
پێویستە درێژە بەم پارادایمە نەدرێت. پێویست بە گۆڕانی پارادایم هەیە. چۆن؟ پێویستە ئەو سیاسەت و زیهنییەتە بگۆڕێت کە نکۆڵی لە کورد دەکات. پێشتریش گوتم. ئەگەر سیاسەت و زیهنییەتێکی دروست سەبارەت بە پرسی کورد هەبێت، ئەوا چارەسەری ئاسانە. لە ڕاستیدا چارەسەری هێندە زەحمەت نییە. ئەگەر سیاسەت و زیهنییەتێکی دیموکراتیک بوونی نەبێت، ئەگەر تۆ بە سیاسەت و زیهنییەتێکەوە مامەڵە بکەیت کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات، ناتوانی چارەسەر بکەیت. ئەمە چەندە کورد لاواز دەکات، هێندەش تورک لاواز دەکات. جەهەپە نەچووە ئیمراڵی بۆ دیدارەکە، چی کرد؟ بیوری لە قاچی خۆیدا. سەرچاوەکانی هێزی خۆی وشککرد. مەگەر بەهێزتر بوو؟ لەوانەیە دڵی یەک، دوو دانە شۆڤێنی، نەتەوەپەرستی خۆش کردبێت. ئایا سوودیان لێ دەبینیت؟ بەم شێوەیە دەبیتە دیموکرات؟ نابیت. هەربۆیە هێشتا لاوازی لە گۆڕانی پارادایمدا هەیە. هەندێک لایەن هەوڵدەدەن ئەنجامی بدەن. لەناو مەهەپە، لەناو ئاکەپە هەندێک هەوڵدەدەن بەم پێیە مامەڵە بکەن، بەڵام هی دژبەریش هەن. پێویستە سیاسەت کراوەتر و بوێرانەتر بێت.
واتا پێویستە پێکهاتەی سیاسەت و زیهنییەتی دیموکراتیک بەهێزتر بکرێت. پێویستە بەهێزانە دەست بە دیموکراسییەوە بگرێت. بوونی خۆی، خزمەتکردنی بەخۆی، پێشبینیکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ تورکیا بەستراوەتەوە بەمەوە. بەهۆی ئەم لاوازییەوە، وەک بڵێی دەچنە شوێنێکی شاراوە، چوونە ئیمراڵی. دواتریش قسە دژبەرەکان هێندە زۆر و بەرز بوون. هیچ سیاسەتێکی دیموکراتیک نییە کە وەڵامدەرەوەی ئەوانە بێت. کەسیش خاوەندارێتی لێ ناکات. پێویستە ئەمە نەهێڵدرێت.
'پێویستە گۆشەگیری بەتەواوی لاببرێت'
بەڕاستی ئەمە پێویستە. بەم مەبەستەش پێویستە دەرگاکانی ئیمراڵی زیاتر بکرێنەوە. بەر لە هەر شتێک پێویستە دەرفەتەکانی ڕاگەیاندنی ڕێبەر ئاپۆ زیاد بکرێن. ئەگەر خۆیان نایکەن، هیچ نەبێت، با ڕێ بە خۆی بدەن. با ڕێبەر ئاپۆ ئەم شتانە بکات. خۆی دەڵێت، 'دەیکەم'. بەڵێ، وەکو وتمان، دیدار دەکرێن. بەڵام هێشتا بە تەواوی گۆشەگیری لانەبراوە، هەلومەرجەکانی کار و ڕاگەیاندنی ئازاد دەستەبەر نەکراون. ڕاگەیاندنێکی زۆر کەم هەیە. بە چوون و هاتنی شاندان نابێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە سەرناکەوێت. هەربۆیە پێویستە هەلومەرجەکانی ئازادیی جەستەیی، ژیانی ئازاد، مەرجەکانی کارکردنی ئازاد دەستەبەر بکرێن، کە بەردەنگی پرۆسەکە ئەوە، ئەو پێشەنگایەتی و ڕێبەرێتی پرۆسەکە دەکات. لە هەمان کاتدا مکوڕ و پێداگرە. دەڵێت، 'دەرفەت بدەن، من سەری دەخەم'. مادام ئێمە لایەنگری ئەمەین، ئەوا پێویستە دەرفەت بڕەخسێنین. با ئەم کارە بکات و سەری بخات. پێویستە ئەم شتانە بنبڕ بکرێن، کە ئاستەنگن لەبەردەم کارکردن. لەبەرئەوە هێشتا هەنگاوی زۆر کەم دەنرێن. لە ڕاستیدا ئەوانەی کراون، تەنانەت ناشێت ناوی هەنگاویشیان لێ بنرێت. ئێمە بە گرنگی دەبینین، بەڵام پێویستە ئەمە دوانەخرێت."
