بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی؛ نرخی بەنزین بەرزكرایەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ نرخی بەنزینی پاڵپشتیكراو بۆ سەرجەم بەكاربەران بەرزكراوەتەوە.
ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی تاراندایە وەكو ئەندامێكی رێكخراوی (ئۆپێك) بۆ كۆنترۆڵكردنی زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی، بەبێ ئەوەی توڕەیی شەقام بوروژێنرێت.
حكومەتی ئێران بەهۆی ترسی لە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2019، تائێستا چەندجارێك بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزینی دواخستووە.
فاتمە موهاجەرانی وتەبێژی حكومەت وتی: زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان- جگە لە ئەمبوڵانسەكان- لەمەودوا بەنزین بە نرخی 50 هەزار ریال بۆ هەر لیترێك دەكڕن.
ئەم نرخە نوێیە بەگوێرەی نرخی بازاڕی ئازاد، هاوتایە لەگەڵ نزیكەی 4 سەنتی ئەمریكی.
نرخە نوێیەكەی بەنزین لەسەر ئەو بەكاربەرانە پەیڕەو دەكرێت؛ كە مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 160 لیتر سوتەمەنی هەیە.
هێشتاش بەكاربەرانی تر دەتوانن بڕی 60 لیتر بەنزین بە نرخی 15 هەزار ریال بۆ هەر لیترێك و، 100 لیتر بە نرخی 30 هەزار ریال بۆ لیترێك بكڕن.
ئامانج لە زیادكردنی نرخی بەنزین كۆنترۆڵكردنی بەكابردنی سوتەمەنی و روبەڕووبوونەوەی بەقاچاخبردنیەتی.
حكومەت جەخت لەسەر ئەوە دەكات پشكی تاكسییەكان وەكو خۆی ماوەتەوەو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
