وەزارەتی بەرگریی سوریا بۆ هەسەدە: دەستبەجێ بکشێنەوە رۆژئاوای فورات ناوچەی سەربازییە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 وەزارەتی بەرگریی سوریا رۆژئاوای فورات (دێرحافر و چەند ناوچەیەکی دیکە)ـی بە ناوچەی سەربازیی ناساند و دەڵێت، دەبێت هەسەدە بکشێتەوە بۆ بەشی رۆژهەڵاتی رووباری فورات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبی سووریا لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکانەوە هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە دەوروبەری حەلەب (بە دیاریکراوی ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنە و دەوروبەریان) وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو دەستنیشان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سوپای سووریا بڕیاری داوە ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی سوور لەسەر نەخشەکە دیاریکراون بەڕووی هاتوچۆدا دابخات. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە بۆ پاراستنی گیانیان لە بارەگا و شوێنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) دووربکەونەوە.

هەر لەو هۆشدارییەدا، سوپای سووریا داوا لە تەواوی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەکات، دەستبەجێ پاشەکشە بکەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

سوپای عەرەبی سووریا جەختی کردووەتەوە سوپا هەموو هێز و توانایەکی بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی چەکداری و ڕێگری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەوە.

ئەم هەنگاوەی سوپای سووریا لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و سوپا ئامادەکاری دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر ناوچە ستراتیژییەکانی دەوروبەری حەلەب.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار