قاسم ئەعرەجی: ئێران داوای لێكردوین سنورەكان توندو تۆڵ بکەین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت: پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی باقری، جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە پێگەیشتووەو تیایدا رایگەیاندووە، تاران دەوڵەتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا، باڵیۆزخانە، کێڵگە نەوتییەکان، یان هیچ شوێنێکی مەدەنی نەکردووەتە ئامانج و نایکاتە ئامانج و هێرشەکان تەنها لە بنکەکانی ئەمریکادا سنوردارە.
ئەعرەجی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیوتی: باقری داوای لە عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو سنوری نێوان هەردوو وڵات، پاڵپشت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران.
ئەعرەجی رایگەیاندووە: عێراق بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و راگرتنی پەرەسەندنەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
پابەندبوونی تەواوی عێراقیشی بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و رێگرتن لە دزەکردنی هەر گروپێک یان بەزاندنی سنوری ئێران یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە خاکی عێراقەوە دووپاتكردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزی زیاتری پێشمەرگەی رەوانەی پشتێنەی سنوری کردووە بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵكردنی کەرتی سنوری لەبەری هەولێرەوە.
