بۆچی تائێستا رابەی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵنەبژێردراوە؟
6 كاتژمێر لەمەوپێش
کێشەی هەڵبژاردنی رابەری باڵای کۆمای ئیسلامیی ئێران ماڵی ئێرانی پەرتەوازە کردووە، سوپای پاسداران فشار دەکات دەستبەجێ موجتەبا خامنەیی وەک رابەری باڵا، هەڵبژێردرێت بەڵام بەشێک لە ئەندامەکانیش دژی سەرکردایەتیی بۆماوەیین.
کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو مەجلیسی شارەزایانی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران فشارەکانی بۆسەر ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران چڕکردووەتەوە و داوایان لی دەکات دەستبەجێ بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی بدەن و وەک جێنشنی خامنەیی باوک دانی پێدا بنێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێران ئینتەرناشناڵ، موجتەبا خامنەیی لەنێو ئەنجومەنی شارەزایان کۆدەنگی لەسەر نییە و لانیکەم هەشت ئەندامی ئەنجومەنەکە دژی ئەوەن موجتەبا خامنەیی ببێتە رابەری باڵا و دژی سەرکردایەتیی بۆماوەیین.
سەرچاوەکان بە کەناڵەکەیان وتووە، عەلی خامنەیی پێش کوژرانی بە بیرۆکەی هەڵبژاردنی کوڕەکەی وەک جێنشینی ئەو دڵخۆش نەبووە و هەرگیزیش رێگەی نەداوە ئەم بابەتە بوروژێنرێت.
پێدەچێت ئەم رۆژانە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر سەختتر ببن. هێرشە بەردەوامەکان ئەمریکا و ئیسرائیل و ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی رابەری نوێی ئێران، رەنگە قەیرانەکانی وڵاتەکە قووڵتر بکاتەوە و ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتەکەکدا بخاتە بەردەم تەحەدای جدییەوە.
