ئەنجومەنی وەزیرانى ئیسرائل، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) کاتژمێر 5:00ی پاشنیوەڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هێڵکارییە ڕێککەوتوون لەسەرى، بەڵام هەریەکە لە وەزیری ئاسایشیی نیشتیمانی ئیسرائیل و وەزیری دارایی ئیسرائیل بەئاشکرا دژى ئەو ڕێککەوتنە وەستاونەتەوەو ئامادەنین دەنگ بدەن بەڕێککەوتنەکە. بەرەبەیانى ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناخی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی.  بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی "بارمتەکان" دەبێت بزووتنەوەی حەماس لەناوببرێت و ڕایگەیاند، ناتوانێت دەنگ بە ڕێککەوتنەکە بدات. سمۆتریچ لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو ترسێکی گەورەی لە کاردانەوەکانی بەتاڵکردنەوەی زیندانەکان و ئازادکردنی نەوەی داهاتووی سەرکردە تیرۆریستییەکان" دەربڕی. هەروەها ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکی ئێمەیە دڵنیابین لەوەی کە نەگەڕێینەوە بۆ پڕۆسەی ئۆسلۆ و ئاسایشی خۆمان تەسلیمی بیانییەکان نەکەین"، جەختیشیکردەوە "بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ڕێککەوتنە ئازادکردنی سەربازە ڕفێنراوەکان لە بەرامبەر وەستاندنی شەڕەکەدا نەگرێتەوە". هاوشێوەی سمۆتریچ و هاوشێوەی گرێبەستەکانی پێشوو، چاوەڕوان دەکرێت  ئیتمار بن گیڤیر وەزیری ئاسایشیی نیشتیمانی ئیسرائیل دژایەتی ڕێککەوتنەکە بکات.  رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای 734 رۆژە لە جەنگ. ترەمپ باسی لەوە کردووە، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیان گرتووە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە".   بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، "کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت". حەماس جەختی لەوەش کردەوە لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن.   لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە دانوستانەکانی میسر رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کراوە. دووپاتیشی کردەوە رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و زیندانییانی فەلەستینی.

بەدران چیا كورد، جێگری هاوسەرۆكی ئیدارەی خۆسەر لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت: گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی کاتیی سوریا، پابەند نەبوون بەو ئاگربەستەی لە نێوان ئێمە و دیمەشق پێیگەیشتووين لە گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە. چیا كورد، لە نوسینێكدا لە سەكۆی "ئێكس" نوسەیەتی: پەرەسەندن و کۆکردنەوە و گەمارۆدانی بەردەوامی ئەو دوو گەڕەکە جارێکی ئەوە دووپات دەكەنەوە، ئەو گروپە چەکدارانەی ئەنكەرە پاڵپشتییان دەکات پابەند نین بە بڕیارەکانی دەسەڵاتی کاتیی، بەڵکو ئەجێندا دەرەکییەکان جێبەجێ دەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سوریادا ناکۆکە. لەو سۆنگەیەوە، زۆر بە پێویستی دەزانین کە ناوبژیوانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان دەستوەردان بکەن بۆ فشارخستنە سەر ئەنكەرە بۆ وەستاندنی دەستوەردانەکانی لە کاروباری سوریا، ناوبژیوانانیش رۆڵێکی کارا بگێڕن لە هێوكردنەوەی دۆخەکە، لەپێناو رێگە خۆشکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام لە نێوان ئێمە و دیمەشق، دوور لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی خۆسەر راشیگەیاندووە: بەرژەوەندی نیشتمانی لە دیالۆگ و دانوستانی راستەخۆی خودی سورییەكاندایە، دوور لە گوێڕاڵەیی و ململانێی هەرێمایەتی. شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.   دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.   هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی حکومەتی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەکی قورس، ئاگربەستیان راگەیاند.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆمارى توركيا كۆده‌بێته‌وه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، تاوتوێ ده‌كه‌ن. بەگوێرەی بەرنامەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. دوایین دیداری نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان رۆژی 11ـی نیسانی 2025 بوو لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا.  ئەوکاتە نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئەنتاڵیا سەردانی تورکیای کرد. ئێواره‌ی هەمان رۆژ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. هەروەها له‌ په‌راوێزی کۆڕبه‌نده‌که‌دا، لەگەڵ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی باڵای وڵاتان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی سازدان.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لە دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایە، هاوکات لەو کاتەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستی پێ کردووە نزیکەی دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە، هاوکات دەشڵێت لە 10 ڕۆژی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی سپی دەست پێ دەکات چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تاوەکوو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە، بە شێوەیەک لە 11 ڕۆژی ڕابردوو، ڕۆژانە تێکڕایی نزیکەی 190 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ لە بەندەری جەیهان کراوە، کە هەرێمی کوردستان توانای هەیە ڕۆژانە تاوەکوو 800 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت. دەشڵێت: "ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی هەیە هەرێمی کوردستان 50 هەزاری بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەکاری دەهێنێت. لەبارەی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە، وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوە کرد، ئەو بڕە نەوتە لە هەرێمی کوردستان وەک نەوتی ڕەش بۆ کێڵگەکانی کارەبا، بەنزین، بەرهەم هێنانی ڕێژەیەکی کەمی نەوتی سپی، بەکار دەهێنرێت، ئەگەر ئەو ڕێژەیە وەنەگیرابا، کاریگەری لە هەموو سێکتەرەکان دەبوو، کە بە تەواوی بەشی پێداویستییەکان ناکات، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی عێراق بەڵێنی داوە، ئەگەر ئەو ڕێژەی نەوتە بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم نەکرد، ئەوا 15 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە دەداتە هەرێم. لەبارەی ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی هەناردەکردنی نەوت ڕاگیرابوو گوتی: دوای ئەوە کۆمپانیای سۆمۆ لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئێمەی ئاگادار کردەوە کە، هەندێک لە کۆگاکانی بەندەری جەیهان پڕ بووبوون، هەناردەکردنی نەوت بۆ ماوەیەک 10 کاتژمێر ڕاگیرا، هەروەها لە 6ـی تشرینی یەکەم داوای کرد ڕێژەی هەناردەکردن کەم بکەن چونکە، دووبارە کۆگاکان پڕ بووبوون. وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئەوەشی خستەڕوو، پڕبوونی کۆگاکان حاڵەتێکی ئاساییە، هاوکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەنگاویان ناوە و داوایان لە وەزارەتی نەوت کردووە خشتەیەک باشتر لەگەڵ تانکەرەکان ڕێکبخەن. کەمال محەممەد لەبارەی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت ئاماژەشی دا، کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەڕێوەبردن، داتا و ڕێژە، گواستنەوە تاوەکوو بەندەری جەیهان هەر وەکوو پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەربدرێت، هاوکات ئەرکی کۆمپانیای سۆمۆ تەنیا بەبازاڕکردنی نەوتەی هەرێمە. گوتیشی: "بە ڕێژەی 65% ئەو مووچەی حکوومەتی عێراق دەداتە هەرێمی کوردستان، لە داهاتی نەوتی هەرێم پێکهاتووە." دەشڵێت: بەشێک لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ حکوومەتی عێراق دەچێت، کە پێشتر بۆ ئێمە بوو؛ هاوکات داهاتی بەشی کۆمپانیاکانی دیکە دەچێتە هەژمارێکی تایبەت و لە کۆتایی مانگ بە ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بوارەی نەوت پشکی خۆیان دەبەن. هەروەها لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەشی دا، حکوومەتی عێراق سێ بیانوویان هەبووە ئەوانیش، تەوتین، کە بە پرۆژەی هەژماری من توانرا ئەوان ڕازی بکەن، هەروەها داهاتی نانەوتی، کە تێگەیشتنێکی باش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە، هاوکات کێشەی سەرەکی هەناردەکردنی نەوت بوو، کە ئەوەش چارەسەر کرا. لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی محەممەد کەمال گوتی: لە 10ڕۆژی داهاتوو، دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ دەکات. وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاند، "30 مانگ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی سکاڵای حکوومەتی عێراق ڕاگیرا، کە زیانێکی گەورەی ماددی بەر هەر سێ لایەنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق کۆمپانیاکانی بواری نەوت گەیشتبوو، هەروەها ئێستا بەو ڕێککەوتنەی کراوە کە ئەمەریکا ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبوو، لە سوودی هەر سێ لایەن دایە."

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. ئەمەش دوای دوو ساڵ لە جەنگ.    دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناخی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی.    بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئەمڕۆ رۆژێکی مەزنە بۆ ئیسرائیل و لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا داوا کابینەی حکومەت دەکات بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە و گێڕانەوەی سەرجەم بارمتەکانمان بۆ ماڵەوە. ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەكدا، سوپاسی سەربازانی ئیسرائیل و هەموو هێزە ئەمنییەکان كردووە، کە بەوتەی خۆی، بەهۆی ئازایەتی و قوربانیدانی ئەوانەوە گەیشتوینەتە ئەم رۆژە. وتیشی: لە قوڵایی دڵەوە سوپاسی سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان. ئاماژەی بەوەشكردووە: پشتیوان بەخوا خوا پێکەوە بەردەوام دەبین لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانمان و فراوانکردنی ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانمان. ناتانیاهۆ لە بەشێكی تری بە یاننامەكەدا رایگەیاندووە: بە پەسەندکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکە، هەموو بارمتەکانمان دەگەڕێندرێنەوە ماڵەوە، ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و سەرکەوتنێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. جەختیشكردووە:بەهۆی ئیرادەی چەسپاو و کردەوە سەربازییە بەهێز و هەوڵە گەورەکانی دۆست و هاوپەیمانی گەورەمان، سەرۆک ترەمپ، گەیشتوینەتە ئەم خاڵە وەرچەرخانە یەكلاكەرەوەیە. ناتانیاهۆ سوپاسی ترەمپیشی کردووە بۆ سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشییەکەی و پابەندبونی چەسپاوی بە سەلامەتی ئیسرائیل و ئازادی بارمتەکانيان. هاوكات نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە: ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییان ئاڵوگۆڕ کردووە بەبۆنەی واژۆکردنی سەرکەوتوانەی رێککەوتننامەی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان. بەگوێرەی بەیاننامەکە، ناتانیاهۆ بانگهێشتی ترەمپی کردووە بۆ سەردانیكردنی ئیسرائیل و پێشكەشەكردنی وتارێك لە كنێستنی ئیسرائیل. وردەکارییەکانی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە دوای چەندین رۆژ دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسڕ، تورکیا و قەتەر، هەردوولا لەسەر قۆناغی یەکەم رێککەوتوون کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان: لە بەرانبەر ئازادکردنی 20 بارمتەی زیندوی ئیسرائیلی، ئیسرائیل زیاتر لە هەزار زیندانیی فەڵەستینی ئازاد دەکات، کە 250 کەسیان سزای زیندانیی هەتاهەتاییان هەیە و هەزار و 700 کەسی دیکەشیان دوای 7ـى تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکراون. کشانەوەی ئیسرائیل: هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ ئەو هێڵەی کە لەسەری رێککەوتوون. ئاگریەست و هاوکاری: شەڕ و پێکدادانەکان رادەگیرێن و رێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدرێت. واژۆکردن: سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میسڕ بەڕێوەدەچێت. پلانی ترەمپ بۆ داهاتووی غەززە رێککەوتنەکە بەشێکە لە پلانێکی گەورەتری ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: ئازادکردنی هەموو بارمتەکان. داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس. کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن لیژنەیەکی فەڵەستینیی تەکنۆکرات و شارەزایانی نێودەوڵەتی. دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ و ئەندامێتیی تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئیدارەی نوێ. دوورخستنەوەی حەماس لە هەر رۆڵێک لە بەڕێوەبردنی غەززەدا. کاردانەوەکان رێککەوتنەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا: بنیامین نەتانیاهوو: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان. خەڵکی غەززە: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، هاوڵاتییان لە ناوچەی مەواسی لە باشووری کەرتی غەززە دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد. هاوڵاتییەک وتی: "کاتێک هەواڵەکەم بیست، نەمتوانی کۆنتڕۆڵی خۆم بکەم و فرمێسک بە چاوەکانمدا هاتە خوارەوە". نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیی لە رێککەوتنەکە کرد و داوایکرد بگەنە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و وتی، "دەبێت ئازارەکان کۆتاییان پێبێت".  

ۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا و نێردەی وڵاتەکە بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، وەکو نێردە بۆ "چاودێریکردنی پێشڤەچوونەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و و حکومەتی سووریا" سەردانی حەسەکەی کردووە. نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سووریا گرنگ نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە ستراتیژییە تورکیا و ئەمریکاش گرنگە." تۆم باراک دەڵێت، "بەشداریکردنم لە حەسەکە بە شەفافییەتێکی تەواو و بە رۆحیەتی پەرەپێدانی سەقامگیری ناوچەیی، هاوئاهەنگی دژەتیرۆر، و دەستڕاگەیشتنی مرۆیی ئەنجامدرا، کە هەموویان راستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئابوورییەکانی تورکیا دەکەن." نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، "هەر پێشنیارێک کە سەردانەکە چالاکی تێکدانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان یان یەکپارچەیی خاکی تورکیای لەخۆگرتبێت، بە تەواوی بێ بنەمایە و هەر تۆمەتێک کە بوونی نەخشەیەک کە من هەرگیز نەمبینیبوو لە ژوورێکی کۆبوونەوەدا کە هەرگیز تێیدا نەبووم، بە جۆرێک بەرژەوەندییەکانی تورکیای تێکدابێت، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە." تۆم باراک دەشڵێت، ئەرکی ئەو وابووە و هەر واش دەمێنێتەوە  کە "جەختی لەسەر پێشخستنی میکانیزمە هاوکارییەکانە کە هەڕەشەکانی سەر سنوور کەمدەکەنەوە و پشتگیری لە ئامانجی گەورەتری ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکەن." رۆژی سێشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  "جێگەی شانازی بوو پێشوازیمان لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا باڵیۆز تۆم باراک و ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کرد". فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە کە "ئامانجیان پشتگیریکردن بوو لە یەکپارچەیی سیاسی لە سووریا، پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکە، و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا." تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی رایگەیاند، "ئەمە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ دیدگای سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سووریا، لەرێگەی رێگەدان بە سوورییەکان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ هەموو سوورییەکانی دیکە لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هاوبەش."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "داوامان لە برایانمان کردووە بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا هەبێت." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە "گرنگترین هەڵبژاردنە لەدوای 2005". دووپاتیکردەوە "قووڵایی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان بەغدایە". رەخنەی لە جێبەجێنەکردنی دەستووریش گرت و گوتی "لە ناوەڕۆکدا عێراق هەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم قسانەی لە دیداری مێری کرد. باسی لەوەش کرد، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا، هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستوورە. ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مەرکەزیەتێکی بەهێزە". باسی پێکهێنانی حکومەتیشی کرد، بەڵام گوتی، "باوەڕناکەم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی تازەی حکومەت پێکبێت، یەکێتى نیشتیمانى کوردستان هاوبەشى ڕاستەقینەى حکومەتى هەرێمەو چاودێرنییە، یەکێتى ناوتوانێت لەبەرپرساریەتى ڕابکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی مووچەوە گوتی، دەبێ لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە دەستوور جێبەجێ بکرێت و هیچ هۆکارێک نامێنێ پێشێلی دەستوور بکرێ. باسی پێکهێنانی حکومەتیشی کرد، بەڵام گوتی، "باوەڕناکەم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی تازەی حکومەت پێکبێت". سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە پەیودەندییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و گوتی، "دەمانەوێت فاکتەری سەقامگیری بین لە ناوچەکەدا." نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، " ئێران دراوسێیەکی باشە و دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان هەبێت." گوتیشی، "هیچ کات نامانەوێت پەیوەندییمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت."  سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە دوایین سەردانی بۆ ئێران کرد و رایگەیاند، "پێم وایە دوای سەردانەکەم بۆ ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران بۆ باشتر گۆڕاون." لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەرێمی کوردستان کە فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانیان دەکردنە ئامانج، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هێزی چەکدار هەیە درۆن دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت و مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرێت." نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا ئاماژەی بەوە دا، " پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ تورکیا هەیە." پرۆسەی چارەسەری تورکیا تەوەرێکی دیکەی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی بوو و گوتی، "تورکیا لە سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری جیدییە." سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەک کرد لە پرۆسەی چارەسەری و ئاماژەی بەوە دا، "دەبێت پەکەکە هەندێ هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بگاتە ئەنجام." حکومەتی نوێی سووریا و مامەڵەی لەگەڵ پێکهاتە و کەمینەکانی وڵاتەکە، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە دەرفەتە بۆ ژیانێكی باشتر بۆ خەڵکەکەی." لەبارەی شێوازی حوکمرانی وڵاتەکە و شێوازی بەڕێوەبردنی، سەرۆکی هەرێم گوتی، "پێمان وا نییە سووریا بەشێوەکی مەرکەزی بەڕێوەببردرێت." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، "داوامان لە برایانمان کردووە بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا هەبێت."   نێچیرڤان بارزانی رۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەی لە شەڕی دژی داعش بەرز نرخاند و باسی لەوە کرد، "هەسەدە لە شەڕی دژی داعشدا شەهیدی زۆری داوە." 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر، لەگەڵ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.  قسەکانی مەسرور بارزانی بە کورتی: 1.  بانگەشەی هەڵبژاردن بە شارستانی و لە چوارچێوەی یاسادا بێت.  2.  کاندیدەکان پێویستە نموونەی ڕەوشتبەرزی کادیرانی پارتی بن.  3.  بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە.  4.  بەهێزیی پارتی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزێت.  5.  پارتی نەک تەنها داکۆکی لە مافی کورد، بەڵکو لە مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەکات.  6.  ئەگەر پارتی نەبووایە، شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە نەدەما.  7.  زۆر لایەن داوای سازشکردنیان لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکرد.  8.  پارتی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی بەرگری لە مافە ڕەواکانی کوردستان کرد.  9.  پارتی لە ژێر هیچ فشارێکدا ئامادە نەبوو سازش لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکات.  10. پارتی هەرگیز پاشکۆیەتی قبوڵ نەکردووە و قبوڵیشی ناکات.  11. عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، نەک مەرکەزی.  12. هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە.  13. پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.  14. بەداخەوە لە عێراق دەستوور پێشێل کراوە.  15. بە شێوەیەکی سیستەماتیک ڕۆڵی کورد کەمکراوەتەوە.  16. هەرگیز ڕازی نابین مافەکانمان پێشێل بکرێن.  17. پێویستە لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت.  18. کاندیدانی پارتی خاوەنی بەڵێن و دەستکەوت و پڕۆژە گەورەکانی کوردستانن.  19. ئامادەین ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ بەغدا هاوبەش بکەین.  20. ئامادەین هاوکاربین لە باشکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. 21. پارتی خاوەنی دەستکەوت و پڕۆژە گەورەکانی پێشکەوتنی هەمەلایەنە و ئاوەدانیی کوردستانە.

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی جەختى کردەوە کە ئێستاش گومانم هەیە هەڵبژادنى پەرلەمانى عێراق بكرێت؛ رەنگە هەندێك رووداو بەڕێوەبن و پەكبخرێت. لەدووەم ڕۆژى دیدارى مێری لەشارى هەولێر،  عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی لە پانێڵێکدا قسەى لەسەر چەند پرسێکى جیاوازکرد. لەبەشێکى قسەکانیدا وتى: لێرە لەم هەرێمى کوردستانە حزب لەحکومەت گەورەترە، حزب دامەزراوەکان هەڵدەلوشێ و ناکارایان دەکات حکومەتداریەکەمان ستاندار نییە، چەند مانگە هەڵبژاردن کراوە کەمن هەر لەسەرەتاوە وتم چونکە  ئەم پەرلەمانە دیزاینى بۆ کراوە بەسەر ناکەوێ و پێ ناگرێت،  دواى یەک دانیشتن هەرکەس لەماڵى خۆیەتى.   ناوبراو وتیشى: هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن دروستکراون، وەکو کۆلارەن و کەی ویستیان دەیاننیشێننەوە عەلى باپیر لەقسەکانیدا هێماى بۆ ئەوەکرد کە لەنێو خۆماندا بڕیاری تریش هەبوو بۆ ئەوەی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش بكەین، بەڵام كە خستمانە دەنگدانەوە زۆرینە ئەوەیان پەسەندكرد كە بەشدار بین. سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى دەڵێت: من ئێستاش زۆرێك لە گومان و دوودڵیم هەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت، پێموایە رەنگە هەندێك رووداو بەڕێوەبن پەكبخرێت. وتیشى: ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 11/11دا بكرێت قەیدێكی تێدایە. كاتێك بەشدار دەبین كە بزانین وەكو پێشوو دیزاینكراو نابێت (مەبەستی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە كۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانەكە كشاوەتەوەو دەڵێ ئەنجامەكەی دیزاینكراوە)، ئەگەر بزانین دیزاینكراو دەبێت پێشوەختەو هەر كەسێك شتی بۆ دیاری دەكرێت و سەوداو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن، رەنگە لە ئاخیر لەحزەشدا بێت ئیعلانی بكەین كە تێیدا بەشدار نابین.

لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێن بەفەرمی لەڕێگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەوە چەندین جار داوای کردوە لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی ئارام قادر بکات بۆ ئاگادار بوون لەڕەوشی تەندروستی، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن. ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانیی  زیاتر لە سێ مانگە لەسلێمانی دەستگیرکراوە، ناوبراو کەسایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی باڵای هەبووە و دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشاوەتەوە. دەقى ڕونکردنەوەکە.. ڕونکردنەوەیەک لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕێگە پێنەدانی تیمی دەستە لە لایەن هێزی ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ سەردانی کردنی ئارام قادر دوای ئەوەی کوڕێکی ئارام قادر  سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە باری تەندروستی باوکی ناجێگیرەو داواشی کرد ڕێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات بۆ وەرگرتنی پەنجە مۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی. بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەنوسراوی فەرمی ژمارە ١٠٣٧ لەڕێکەوتی ٢٠٢٥/٩/٩ ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەفەرمی لەڕێگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەوە چەندین جار داوای کرد لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لەڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن. ئێمە  بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٠ مافی بەدوا داچونی هەیە بۆ سەردانی کردنی چاکسازیەکان و بەندیخانەکان وبەدوا داچونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لەهەرێمی کوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستە بەئەرکی خۆی دەزانێت وبەپێویستی دەزانێت سەردانی ناوبراو بکات و ئاگاداری دۆسیەی ناوبراو و ڕەوشی ژیانی ناوبرا بێت لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ. بەڵام ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانی کردنی شاندی دەستە بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی. داواش دەکەین هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کاتێک دیاری بکەن  بۆ سەردانی کردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وە پارێزەر بۆلای ناوبراو. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە دیداری مێری، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە زمانێکی راشکاو و سادە، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار، لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە تا دەگات بە قەیرانی مووچە و نەبوونی یاسای نەوت و گاز، کە بە "کارەسات" ناویبرد. تاڵەبانی بە روونی ئاماژەی بەوەدا کە کلیلی چارەسەری کێشەکان لە بەغدادە و پێویستە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی تەندروست دابڕێژرێنەوە. ئەو جەختی کردەوە کە "کرۆکی سەرەکی کێشەکان لەگەڵ بەغداد جێبەجێ نەکردنی یاسایە" و بۆیەش "پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور بێت." زیاتر روونیکردەوە کە "بەغداد شوێنی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستانە" و "قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە." بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، داوای کرد کە "پێویستە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و دوور لە میزاجمان لەگەڵ بەغداد هەبێت" و "پێویستە دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت." یەکێک لە تەوەرەکانی قسەکانی تاڵەبانی، پرسی نەوت و گاز بوو. ئەو بە توندی رەخنەی لە نەبوونی یاسایەک بۆ ئەم کەرتە گرت و وتی: "کارەساتە وڵاتێکی نەوتی یاسای نەوت و گازی نەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "عێراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە و یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی." بە بڕوای ئەو، چارەسەر روونە و "پێویستمان بە یاسای نەوت و گازە بۆ یەکلایکردنەوەی یەکجاری کێشەی نەوت و گاز،" چونکە ئەم یاسایە "دەتوانێت ببێتە دەستوورێکی ئابووری بۆ عێراق." تاڵەبانی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەریی کێشە داراییەکان لەسەر ژیانی خەڵک و رایگەیاند: "گرفتی مووچە و کێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانی ماندووکردووە." ئەو بە راشکاوی وتی کە "وڵات بە هات و نەهاتی مووچە ناچێت بەڕێوە" و پێویستە چیتر هاووڵاتی لەم دۆخەدا نەبێت، بۆیە "دەبێت دڵەڕاوکێی هاتنی مووچە کۆتایی بێت." جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە ئابووریی تەک سەرچاوە کردەوە و وتی: "پێویستە عێراق گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدات" و "دەبێت سەرچاوەی داهات فرەچەشن بکەین و تەنیا پشتنەبەستین بە نەوت." ئەو هەروەها دیدێکی نیشتمانی فراوانتری خستەڕوو و گوتی: "نابێت ئێمە بەس خەمی خۆمان بێت، پێویستە بیر لە عێراقیش بکەینەوە." سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ پارێزگاری نوێ دووپاتکردەوە و وتی "باوەڕمان بە تێڕوانینی مام جەلال هەیە بۆ کەرکووک." دڵنیایی دا کە "رێبوار تەها بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک کار دەکات" و "راوێژ لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات" چونکە "پارێزگاری کەرکووک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات." لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەپارێزگابوون گرفتی هەندێک لە ناوچەکان چارەسەر ناکات."

سەرۆک کۆمارى تورکیا، ڕایدەگەیەنێت ئێمە هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە لەسەر بارودۆخى سوریاو هەرگیز ڕێگە نادەین ئەو وڵاتە پشێوى و ناسەقامگیری تێداهەبێت، تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی سوریا دەکات دوای سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان، لە فڕۆکەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستای دایەوە. لەبەشێکى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد،  لە سەردانەکەماندا بۆ ئەمریکا و هەم لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیماندا بۆ بەڕێز ترەمپمان ڕوونکردەوە کە چۆن دەتوانرێت چارەسەرێک لە فەلەستین بەدەستبهێنرێت. بە تایبەتی داوای کرد کە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کۆببینەوە و ڕازییان بکەین لەسەر ئەم بابەتە. بە خێرایی پەیوەندیمان بە هاوتاکانمانەوە کرد لەسەر ئەم بابەتە. پێم گوت ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتیی بەڕێز ترەمپ دەکەین. هەروەها ئەمەمان بە ئاشکرا ڕاگەیاند. حەماس، لە وەڵامەکەیدا، پێی ڕاگەیاندین کە ئەوە وایە". ئامادەیە بۆ ئاشتی و دانوستان”. سەبارەت بە بارودۆخى سوریاو گرژى و ئاڵۆزیەکانى چەند ڕۆژى ڕابروو هێزەکانى هەسەدە، ئەردۆغان وتى: تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی سوریا دەکات، هەرگیز نابێت هەڵوێستی سەبر و عەقڵانیمان وەک نیشانەی ناتەواوی هەست پێبکرێت، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت پابەندی بەڵێنەکانیان بن. دەبێت یەکگرتنی خۆیان لەگەڵ سوریا تەواو بکەن. هەروەها سەرۆکى تورکیا ئەوەشى باسکرد ، تورکیا بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە لەگەڵ گەلی سوریاو ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و ئیدارەکەی بۆچوونەکانیان لەگەڵ ئێمەوەک یەکەو هاوبەشین. ئەردۆغان وتیشى: باوەڕم وایە کێشەی هەسەدەو حکومەتى سوریا بەزوویی چارەسەر دەبێت، پێشتریش ئەوەم وتوە ئەوانەی سەرنج و ئاراستەیان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون، هاوپەیمانی تورکیا و کورد و عەرەب کلیلی ئاشتی و ئارامی هەمیشەیی ناوچەکەیە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا قوتابخانەیەکی لە شاری هەولێر کردەوە. ئەم قوتابخانەیە یەکێک بوو لە 29 باڵەخانەی نوێی پەروەردەیی حکوومی کە لە 4 باخچەی منداڵان و 45 قوتابخانە پێکهاتبوون. لەوتارێکدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەندێک قوتابخانەی نوێ دروست بکرێن و هەندێک قوتابخانەی دیکەش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.  هەروەها دووپاتی کردەوە، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و جەختی کردەوە "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی وەزارەت لە پێشخستنی کەرتی خوێندن و پەروەردە."  تایبەتمەندییەکانی قوتابخانە نوێیەکەی سەرۆک وەزیران کردییەوە: خوێندن لەم ناوەندە پەروەردە نوێیە بە سیستەمی ئینگلیزییە و لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەبێت. قوتابخانەکە جێگەی 533 قوتابی دەبێتەوە و بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە ژینگەیەکی لەبار و هاندەر بۆ فێربوون و داهێنانی قوتابیان بڕەخسێنێت. پێکهاتە و بەشەکانی قوتابخانەکە: - 17 هۆڵی خوێندن: هۆڵەکان بەشێوەیەکی فراوان و مۆدێرن دروستکراون و بە تەواوی پێداویستییەکانی خوێندنی سەردەم ئامادەکراون. - تاقیگە زانستی و کۆمپیوتەرییەکان: قوتابخانەکە چوار تاقیگەی پێشکەوتووی تێدایە، کە دووانیان تاقیگەی زانستین، یەکێکیان تاقیگەی کۆمپیوتەرە و بە نوێترین ئامێری تەکنەلۆژییەوە پۆشراوە. - تاقیگەی داهێنان: بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، "تاقیگەی داهێنان" لەم قوتابخانەیەدا کراوەتەوە. ئامانج لەم تاقیگەیە دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانی قوتابیانە لە بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنەلۆژیادا و چاوەڕوان دەکرێت سوودێکی زۆری بۆ قوتابیان هەبێت. - چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان: بۆ گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی و دەروونی قوتابیان، قوتابخانەکە گۆڕەپانێکی تۆپی پێ، مەلەوانگەیەکی داخراو، ژووری تایبەت بە یاری شەترەنج، هەروەها بەشی میوزیک و شێوەکاری لەخۆدەگرێت. - ژینگەیەکی فەراهەم بۆ خوێندنەوە: کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی زانستی و ئەدەبی جۆراوجۆر یەکێکی ترە لە بەشە گرنگەکانی ئەم قوتابخانەیە. - شوێنی حەوانەوە و کات بەسەربردن: قوتابخانەکە کافتریایەکی مۆدێرن و باخچە و ڕووبەرێکی بەرفراوانی سەوزایی لەخۆدەگرێت کە ژینگەیەکی ئارام و تەندروست بۆ قوتابیان دابین دەکات.

عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین، ڕایدەگەیەنێت چەند سەرۆک بارزانی بەهێزبێت و چەند پارتی بەهێزبێت، کوردو کوردستانیش ئەوەندە لە عێراق بەهێز دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە لە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لەسلێمانى بەشێوەیەکى فەرمى بانگەشەی هەڵبژرادن دەستپێکردو لەوتارێکدا عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان وتى: ئێمە ئەوەندەباسى خۆمان ناکەین هەموو خەڵک پارتى و بارزانى باش دەناسن. هەروەها وتیشى: لەڕوى دیبلۆماسى و نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى سەیربکەن پێگەى جەنابى سەرۆک بارزانى و پێگەى کاک نێچیرڤان سەرۆکى هەرێم و کاک مەسرور وەک سەرۆکى حکومەت  وە پێگەى پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى بەراوردى بکەن لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەى عێراق چۆنە. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا دەشڵێت: پێداگریەکانى پارتى لەسەر ماف و داخوازیەکانى کورد و ئەوشەڕە  یاسایی و دەستوریەى کە لەبەغدا کراوە، بێگومان و بەتەئکید جەنابى سەرۆک بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان کردویەتى و دەیکات. 

ئیدارەی خۆسەر چوار ئەنجامی بەرایی ئەو كۆبونەوەیە ئاشکرا دەكات کە شاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سوریا لە دیمەشق ئەنجامیاندا، لە کۆبونەوانەكاندا باسیان لە پرسە سیاسی و ئەمنی و مرۆییەکان کراوە کە ئامانجیان سەقامگیری و بونیادنانی ئاشتی بووە لە وڵات. بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادە بووە. راگەیێندراوەکە دەڵێت، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر "هەنگاوی کرداری بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار." یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان راگەیاندنی ئاگربەستێکی "دەستبەجێ و سەرتاسەری"یە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب، بە ئامانجی ئەوەی "هەموو سووریاییەکان لە وڵاتێکی ئارامدا بژین. هەروەها گفتوگۆ لەسەر بنەمای "یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" کراوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم رێککەوتنە زارەکییە دەتوانێ ببێتەهۆی دروستبوونی "سوپایەکی رێکخراو و کارا کە خزمەت بە پاراستنی هەموو سوورییەکان بکات." خاڵێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکان ئەوە بووە کە "دەستووری سووریا هەموار دەکرێتەوە." راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەستووری وڵات دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانەکەی بکات و هەموو تاکێک بپارێزێت." گفتوگۆکان هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان لەخۆگرتووە، کە وەک "پرسێکی سەرەکی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام لە سووریا" وەسف کراون. لە کۆتاییدا، راگەیێندراوەکە سوپاسی فەرەنسا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی کردووە بۆ "پشتیوانییە بنەڕەتییەکەیان لەم دیالۆگەدا." شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست. دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە سەر شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیان دا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەک، ئاگربەستیان راگەیاند. دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە رایگەیاند، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە. بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق. مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا گوتی، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە. وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.