سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، گەنجانی هەرێمی کوردستان "جێی ئومێدی ئێمەن." لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، دووپاتی دەکاتەوە، هاووڵاتییان دەزانن "کام لایەن دەتوانێت زیاتر خزمەتیان بکات". ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ھەشتەمین ئیڤێنتی "تیدێکس نیشتمان" لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، گەنجانی هەرێمی کوردستان "جێی ئومێدی ئێمەن" و "هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن." سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەچوونی ئیڤێنتی "تیدێکس نیشتمان"ـی بە "کارێکی پیرۆز" ناو برد و هیوای خواست ساڵانە بەردەاوم بێت. جەختیشی کردەوە "ئێمەش وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خۆم بەتایبەت، پشتیوانییان دەبم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن لەم کارە باشانەی دەیکەن." لەبارەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو، بەڕێوەبچێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست هەموو حزبە سیاسییەکان "بە شێوەیەکی زۆر شارستانییانە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن" و دەنگدەرانیش "دەنگ بدەن بەو کەسانەی کە زیاتر ئەتوانن خزمەتی ئەم وڵاتە بکەن. خەمخۆری ئەم خەڵکەن، خەمخۆری ئاییندەیەکی گەشی ئەم وڵاتەن و گشتیی ئەم وڵاتەن." مەسرور بارزانی گوتی "وابزانم خەڵکی ئێمە باش تێگەیشتووە کە کێ دەتوانێت زیاتر خزمەتیان بکات. هیوادارم هەموو لایەک بەشدارییەکی کارا بکەن بۆ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن."
لەگەڵ گەیشتنی بە کتێبخانەی نیشتمانی لە دیمەشق بۆ پێداچوونەوە بە دواین قۆناغەکانى پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی نوێ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا بە سەرکەوتوویی چووەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێ. وتیشى: سوریایەکانی ئەمڕۆ شانازی بە گواستنەوە لە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەوە بۆ هەڵبژاردن دەکەن". ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 لە چەند ناوچەیەکی سووریا هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) بەڕێوەچوو، 1578 بەربژێر کە 14%یان ژنن، کێبڕكی دەکەن. لەپەیامێکیدا سەبارەت بە پرۆسەکە ئەحمەد شەرع وتى: تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا سوریا توانی بچێتە ناو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەم ساتەوەختە مێژووییە لە نێو سوورییەکان لە ئێستادا زۆر گرنگە و پێویستە هەموو سوورییەکان وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. هەروەها باسى لەوەکرد کە سوورییەکان بە درێژایی مێژوو لە دەستکەوتەکانیاندا سەرکەوتوو بوون. ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا جەختى کردەوە کە چەندین یاسای هەڵپەسێردراو هەن کە پێویستە دەنگیان لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بیناسازی و خۆشگوزەرانیدا بەرەو پێشەوە بچن. وتیشى: سورییەکان شانازی دەکەن کە تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا لە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەوە بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی بەشدارانە گواستراونەتەوە. هەڵبژاردنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سوەیدا بەڕێوەناچن، وەکو حکومەتی سووریا دەڵێت، ئەو ناوچانە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە گونجاو نین بۆ هەڵبژاردن. محەممەد وەلی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانیش بە رووداوی گوت، کورسی ئەو ناوچانە بەپێی ئاماری ساڵی 2011 بە بەتاڵی دەمێننەوە. لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا كۆمەڵێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڵگەنامەیەكدا ڕەخنەیان لە سیستمی هەڵبژاردنی كاتیی گرت و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند، سیستمی هەڵبژاردن كێشەی بنەڕەتی تێدایە و زۆر دوورە لە لانیكەمی پرەنسیپە دیموكراسییەكان بۆ هەڵبژاردنێكی ستاندارد كە هاوڵاتیان بتوانن بەشدارییەكی راستەوخۆی سیاسی تێدا بكەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، لەلایەن فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 60 موڵکی ناو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا، بە بڕی 90 ملیار دینار فرۆشران. ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبەرواری ( ٢٠٢٥/١٠/٥ ) کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی ( کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت ) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتمان کە بڕەکەی ( ٩١،٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەد و یەک ملیار و حەوتسەد و شەست ملیۆن و شەشسەد و شەست هەزار و سێسەد و پەنجا دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن. بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتمان بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی زیادکردنەکە، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠٢٥/٩/٢٨ تێبینی؛ لیستی سەرجەم موڵکەکان هاوپێچە کە تیایدا بەخشتەیەک کە ناوی سەرجەم موڵکەکان و ڕوبەروو ژمارەی تۆمارەکانیان ڕوون کراوەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای چاڤی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕێکی زۆر قەرزاری حکوومەتە. ئامانج لە فرۆشتنی ئەم موڵکانە، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون و بە نزیکەی 90 ملیار دینار مەزەندە دەکران. بەشێک لەم قەرزە لە بنەڕەتدا وەک پێشینەی وەبەرهێنان لە حکوومەت وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەدانی قەرزی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو و باج، بڕەکەی زیاد بووە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین گوتی، ئەمڕۆ دەستپێكی بانگەشە لە شاری سلێمانی و لە مەراسیمێكی شایستەدا هەڵمەتی بانگەشە بۆ بازنەی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ڕاپەڕین، بۆ پشتیوانی لیستی ٢٧٥ی پارتی بەڕێوە دەبەین كە ئامانجمان خزمەتكردنی زیاتری سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كوردستان بە گشتییە. عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەست بە دەستپێكی بانگەشە لە بازنەی سلێمانی دوا و گوتی، ئەمڕۆ سلێمانی بە دەنگێكی بڵند پشتیوانی لیستی ٢٧٥ی دەكات و دەستپێكی بانگەشەش لە بازنەی سلێمانی لە مەراسیمێكی شایستەدا دەبێت، بۆ پشتیوانی لیستی ٢٧٥ی پارتی و لەو هەنگاوەشدا ئامانجمان خزمەتكردنی زیاتری سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كوردستان بە گشتییە. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین گوتیشی، "پارتی ئامانجیەتی بانگەشەیەكی هێمنانە و دوور لە تەشهیر و ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت و داوامان لە كاندیدانی خۆمان ئەوەیە كە بەشێوەیەكی دیموكراسی و هێمنانە بانگەشە بكەن و ژینگەی شار و شاروچكە و گوندەكان پاك ڕابگرن و بیپارێزن. پەیوەست بە زیاد بوونی دەنگەكانی پارتی لە بازنەی سلێمانی عەلی حوسێن گوتی، "پارتی دەنگەكانی زیاد دەكات، چونكە ئامانجمان زیاتر خزمەتكردنی ئەو دەڤەرە و هەموو كوردستانە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین هێمای بۆ ئەوەكرد، كە لە عێراق شەرەكات و هاوبەشی نەماوە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، بۆیە پارتی ئەو درووشمانەی بەرزكردۆتەوە و دەیەوێت بەهێزەوە كاری بۆ بكات، لە دوابەشی قسەكانی باسی لە وەكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و میللەتی كورد قوربانی داوە و وازی لەمافی خۆیی هێناوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ دیفاكتۆیەك قبوڵ ناکات کە بتوانێت هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات یان ببێتە هۆی دابەشبوونی سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ناوخۆی سوریادا ڕوودەدات ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " TRT News" هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتى: ئەوەی لە ناوخۆی سوریادا دەگوزەرێت راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە هەیە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، هەنگاوێکی گرنگە لە بەدامەزراوەییکردنی رژێمی نوێ لە سوریا. هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کاری بەردەوام لە ناوخۆی سوریادا هەیە لە بوارەکانی ئابوری، وزە، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری، ئەم هەوڵانەش دەچنە چوارچێوەی دیدگایەکی فراوانتر، بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئیداری و ئابووری سەقامگیر. بەشێکى دیکە لەقسەکانى هاکان فیدان.. ـ ئیسرائیل رۆڵێکی وێرانکەر دەگێڕێت، هەوڵدەدات گرژییەکان لەناو سوریا بوروژێنێت. ـ تورکیا هیچ دەستپێشخەرییەک یان رێکخستنێک قبوڵ ناکات، یەکگرتوویی دەوڵەتی سوریا تێکبدات. ـ داوا دەكەین ئەوانە لەناوببرێن کە مەترسی لەسەر یەکگرتوویی سوریا دروست دەکەن، بەتایبەتی مەترسی دابەشبون. ـ سەرکردایەتی ئێستای سوریا بەهێزەو خاوەنی شەرعیەتێکی فراوانی نێودەوڵەتییە. ـ پێویستە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە روونی هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن و لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتن. ـ جەخت لە گرنگی چارەسەرکردنی مەسەلەی دروز لە باشور دەكەینەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی، کە یەكێتی وڵات بپارێزێت. ـ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی تورکیا دەکات و بەردەوامی کۆبونەوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی سەقامگیری و پتەوکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی.
شاندێکی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ یەکشەممە دەگەنە قاهیرە بۆ کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ، سەرچاوەیەک بەشەرق ئەلئەوسەتى ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکانی قاهیره شاهیدی ئاڵوگۆڕی په یام لەڕێگەی ناوبژیوانان لەگەڵ شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ده بێت. رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە یەکێک بوو لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد. دواتر کۆشکی سپی نێوەڕۆکی پلانە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست لە غەززە بڵاوکردەوە، بە گوێرەی پلانەکە پێویستە حکومەتی تەل ئەڤیڤ و حەماس بە ئاگربەست رازیبن و لە زووترین کاتدا بارمتە و زیندانییەکان ئازادبکرێن و دەستەیەکیش بۆ بەڕێوەبردنی غەززە پێکبهێنرێت بەوتەى سەرچاوەکە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندێکى خەماس بەسەرۆکایەتى خەلیل حەییا ڕابەرى بزوتنەوەکە، دەگاته قاهیرەى پایتەختى میسر، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنى کۆبوونەوه ناڕاستەوخۆکان سه بارەت به قۆناغى یەکەمى پلانى دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەشەری غەززه، که ئاڵوگۆڕێکى دیل و دەستگیرکراوەکانى تێدایه . سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی قاهیرە شاهیدی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان دەبن لەڕێگەی نێوەندگیری میسری و قەتەرییەوە، کە لە هەمان بینای شاندی ئیسرائیل و نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر جێگیرن. پێشتریش ڕۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو قاهیرە میوانداری شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس دەکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سەر زەوی و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئیسرائیل و فەلەستینی و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئەمەش بەپێی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا هیوای خواست کە کۆبوونەوەکان ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ئازارەکانی گەلی فەلەستین کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕاوێژکاریانە بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی ئەو زەبری ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە لە دوای پێشنیاری ترەمپ بۆ وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە بەدەست هاتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەوڵە بەردەوامەکانی میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ نێوەندگیرییەکان، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە".
ئاژانسى بلومبێرگ لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکى درێژخایەن بەردەوام بێت، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووری عێراق. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن هەوڵێکی زۆری داوه لەڕێگەی په یوەندی چڕوپڕ لەگەڵ سێ لایەنی پەیوه ندیدارەوه - به غدا، هه ولێر و کۆمپانیا نەوتییەکان - بۆ گەیشتن به ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوه ی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم له ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق-تورکیا (جهان)ه وه . بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە داوای کرد ناوى ئاشکرانەکرێت، ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام بێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا سەرنجی لەسەر دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەناردەکردن و ڕێزگرتن لە مەرجە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان. بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی ئێستا تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ کارا دەبێت و بڕیارە لایەنەکان گفتوگۆ بکەن سەبارەت بەو سەدان ملیۆن دۆلارەی کە قەرزاری کۆمپانیاکانن. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کارێکی کردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکدا کە سەدان پەیوەندی و کۆبوونەوەی لەخۆگرتبوو بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێککەوتنە. ڕۆڵی ئەمریکا لە ئاسانکاری بۆ ڕێککەوتنی دووبارە ناردنەوەی نەوتەکە لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا ڕۆڵی هەیە لە بەرزکردنەوەی بەردەوامیی درێژخایەنی ڕێککەوتنەکە. ڕێککەوتنی ئێستا تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، لایەنەکان دانوستان لەسەر سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزاری کۆمپانیاکان دیاری دەکەن، هاوکات تورکیا هەوڵدەدات مەرجی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو دابنێت. مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندبوو، ڕێککەوتنەکە "سودێکی بەرجەستە بۆ هەردوو ئەمریکی و عێراقی دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا سەروەری عێراق دووپاتدەکاتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، فشارەکانی ئەمەریکا هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی هەناردەکردنەکە، هەروەها واشنتۆن ئێستا دەیەوێت ڕێککەوتنەکە بکاتە ڕێکخستنێکی درێژخایەن کە بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بپارێزێت، بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی و کورد. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی ئەلپارسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، لە ٢٧ی ئەیلولەوە ناردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا دەستیپێکردەوە. جۆن ڕۆبەرتس، هاوکارێکی باڵای ئەنجومەنی ئەتڵەسی لە واشنتۆن لە ٢٨ی ئەیلولدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند: "کردنەوەی بۆرییەکە سوودبەخشە، بۆرییەکە دەتوانێت ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل بگوازێتەوە، واتە نزیکەی ١%ی بەرهەمی جیهانی، و زیادکردنێکی بەرچاوە بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی". فرانسیسکۆ ساسی، زانای سیاسی لە زانکۆی ئۆسلۆ، هەروەها ڕایگەیاندووە، عێراق پێویستی بە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گەرووی هورمز هەیە، کە هەڕەشەکان کە ڕەنگە هەناردەکردن پەک بخەن لە نێوان گرژییەکانی ناوچەکەدا ڕوو لە زیادبوون دەکەن.
بڕیارە کاتژمێر 12ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 5-10-2025، سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی کە ژمارەیان 60 موڵکە و خاوەندارێتیی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێن. شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، دەڵێت: ئەو موڵکانەی شاسوار عەبدولواحید لە چاڤیلاندن، پێشووتر بەناوی کۆمپانیای نالیا قەرزی وەرگرتووە، چەندین ساڵە دۆسیەی قەرزی هەیە و گەیشتووەتە قۆناغی فرۆشتنی ئاشکرا، ئەمەش لە بری قەرزەکانی وەزارەتی داراییە. بەگوتەی شیلان عارف، دۆسیەیەکی دیکەش هەیە تایبەت بە قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا، بەڵام ئەو دۆسیەیە وەستێنراوە تا دۆسیەی قەرزەکانی وەزارەتی دارایی یەکلایی دەبێتەوە. هەفتەى ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بەرواری 5ـی 10ـی 2025، کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی (کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت) لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت. ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبەرواری ( ٢٠٢٥/١٠/٥ ) کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی ( کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت ) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتمان کە بڕەکەی ( ٩١،٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەد و یەک ملیار و حەوتسەد و شەست ملیۆن و شەشسەد و شەست هەزار و سێسەد و پەنجا دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن. بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتمان بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی زیادکردنەکە، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠٢٥/٩/٢٨ تێبینی؛ لیستی سەرجەم موڵکەکان هاوپێچە کە تیایدا بەخشتەیەک کە ناوی سەرجەم موڵکەکان و ڕوبەروو ژمارەی تۆمارەکانیان ڕوون کراوەتەوە.
ئەمڕۆ، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستپێدەکات، بەڵام پرۆسەکە چەند ناوچەیەک ناگرێتەوە. هەڵبژاردنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پارێزگای سوەیدای دروزنشین بە پاساوی ئەمنی بەڕێوەناچێت. لیژنەی باڵای هەڵبژاردن رایگەیاندووە، ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00ی بەیانی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێنەوە و کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ پرۆسەکە کۆتایی دێت. ئەگەر پێویست بکات، پرۆسەکە تا کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ درێژ دەکرێتەوە. لە کۆی 210 ئەندامی ئەنجوومەنی گەل، 140 ئەندامیان لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن و 70 ئەندامەکەی دیکەش لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر، دەستنیشان دەکرێن. دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی گەلی سوریا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی 2024 بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا سەرۆکی لابراوی ڕژێم لە پۆستەکەیدا بوو. لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا، سەرکردایەتی نوێی سوریا ئەو مەجلیسەیەی هەڵوەشاندەوە. لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای ئەس-سوەیدە و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، نزیکەی ٦ هەزار ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن لە ٥٠ قەزای سەرتاسەری وڵات دەنگ بە ١٢٠ کورسی دەدەن. ئەمە گۆڕانکارییەکە لەو ١٤٠ کورسییەی کە سەرەتا بڕیار بوو نزیکەی ٧ هەزار ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن لە ٦٠ قەزادا هەبێت، کە ١٥٧٨ کاندید کێبڕکێ دەکەن، کە لەسەدا ١٤یان ژنن.
بەمەبەستی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کورد، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. بەپێی زانیارییەکان لە رۆژانی داهاتوودا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' سەردانی هەولێر دەکات چاوەڕوان دەکرێ لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە. هێشتا ئەجێندای سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان دیار نییە. ئەگەر ئەم سەردانە ئەنجامبدرێت دەبێتە سێیەم سەردانى مەزڵوم عەبدى بۆ شارى هەولێر، پێشتر و لە ناوەڕاستى مانگى یەکى ئەمساڵ مەزڵوم عەبدى لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە دواى سێ رۆژ لە سەردانى نوێنەرى بارزانى بۆ رۆژائاواى کوردستا هات. جارى دووهەم لە ٢٤- ٤ ى ئەمساڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا، لە هەولێر کۆبوونەوە و بارودۆخی نوێی سوریا و رۆڵی فەڕەنسایان لەو وڵاتە تاوتوێ کرد.
دۆناڵد ترەمپ پەیامێک بۆ حەماس دەنێرێت و دەڵێت، بەخێرایی هەنگاوەکان بنێن حەماس پێویستی بە جوڵەی خێرا هەیە، چونکە ئەگەرنا هەموو شتێک کراوەیە. من تەحەمول بەو دواکەوتنانە ناکەم کە زۆر کەس پێیان وایە دەکرێت ڕووبدات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال دەڵێت، "پێزانینم هەیە کە ئیسرائیل بۆمبارانکردنی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە ئازادکردنی بارمتەکان و تەواوکردنی رێککەوتنی ئاشتی. پێویستە حەماس پەلە بکات، ئەگەرنا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە." سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "هیچ دواخستنێکم قبووڵ نییە، کە زۆر کەس پێیانوایە روودەدات، هەروەها بەرگەی هیچ ئەنجامێکیش ناگرم کە تێیدا غەززە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە. با ئەم کارە بە خێرایی بکەین. مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموواندا دەکرێت." ئەم هۆشداریەى ترەمپ لەکاتێکدایە، کەناڵی ١٢ ئیسرائیل بڵاویکردەوە دانوستانەکان سبەی لە میسر دەست پێدەکات، ویتکۆڤیش بەشداری دەکات، هاوکات تیمەکانی دانوستانکار ڕێنمایی دراون کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ (شەممە) شاندێک بەڕێبکەون بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەکرێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بەرەو پێشەوە بچێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی حەماسی وەرگرت بۆ پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان. شەوی رابردوو، دوای ئەوەی حەماس رازیبوونی بە بەشێک لە خاڵەکانی پلانەکە راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە رابگرێت، ئەمەش رێگەی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە خۆشکرد. قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ چی لەخۆدەگرێت؟ پلانەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەم ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: • دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست. • ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا. • راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل. • کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل. • ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختى کردەوە پێشوازی لە وەڵامەکەى حەماس دەکەن بۆ پلانەکەی ترەمپ سەبارەت بە کۆتایی هێنان بەشەڕى عەززەو ئازادکردنى بارمتەکانى هەردوولا. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانی 20 خاڵی ئاشتی بۆ غەززە خستەڕوو، هەر دوای ڕاگەیاندنی پلانەکە ئیسرائیل ئامادەیی خۆی دەربڕی و دوێنیش حەماس وەڵامی پلانەکەی بە ئەرێنی دایەوە و بەمەش ڕاستەوخۆ قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ دەستپێدەکات. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا بەوردی لەگەڵ ترەمپ تاتوێی ئاشتییان بۆ غەززە کردووە و هەروەها وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی قەتەر و سعودیە و ئیمارات کردووە و راشیگەیاند، دەرفەتێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکە دروستبووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "حەماس هاوشێوەی ئەوەی پێشتریش چەندین جار ئەنجامیداوە، ئامادەیی بۆ ئاشتی نیشاندا. بەمەش، دەرفەتێک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەمان هاتووەتە ئاراوە". هاوکات ناوبراو ئەوەشى وت کە ئێمە پێشوازی لە وەڵامی حەماس دەکەین بۆ پلانی ترەمپ کە ئامادەیی بزووتنەوەکە بۆ ئاشتی نیشان دەدات. ئەردۆغان وتبشى: ئیسرائیل دەبێت هێرشەکانی لە کەرتی غەززە ڕابگرێت، ئێمە هەوڵی زۆر دەدەین بۆ ڕاگرتنی جینۆسایدەکە، تواناکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە. لەلایەکى دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "بە پشتبەستن بەو راگەیێنراوەی کە تازە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکرایەوە، پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمبارانکردنی غەززە بوەستێنێت، بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەکان بە سەلامەتی و بە خێرایی دەربهێنین! ئێستا زۆر مەترسیدارە کە ئەوە بکەین." ترەمپ هەروەها دەڵێت، "ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین بۆ یەکلاکردنەوەی وردەکارییەکان. ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە غەززەوە نییە، ئەمە پەیوەندیی بە ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە کە کە لەمێژە هەوڵی بۆ دەدرێت." ئەو خاڵانەی کە حەماس پێیان رازی بووە: یەکەم: ئازادکردنی بارمتەکان حەماس پابەندبوونی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان راگەیاندووە، چ ئەوانەی لە ژیاندان و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک بەشێک لە گۆڕینەوەی بارمتەکان بە بەندکراوانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلن. ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو نەهێشتنی جەنگ و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان سەیردەکرێ. راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژە بەوە دەکات کە مەرجی گەڕاندنەوەی بارمتەکان ئەوەیە ئیسرائیل پابەندی کشانەوەی تەواوەتی بێت لە کەرتی غەززە. دووەم: رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کەرتی غەززە رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکراتی سەربەخۆی فەلەستینی بکات. ئامانج لەم هەنگاوە رێگەخۆشکردنە بۆ حکومەتێکی راگوزەر کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی بکرێت. ئەو خاڵانەی کە حەماس رەتیان دەکاتەوە یان لەسەریان بێدەنگە یەکەم: داوای چەکدانان داواکارییەکی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکا، چەکدانانی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەی نێو غەززەیە. لە راگەیێندراوەکەی حەماسدا ئاماژە بە بابەتی چەکدانان نەکراوە، بەڵام بەرپرسێکی بزووتنەوەکە بە میدیای فەلەستینی راگەیاندووە، تاوەکو ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە نەکشێتەوە، چەکەکانیان دانانێن. دووەم: سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی پلانەکەی ترەمپ پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەر لەخۆدەگرێ بە سەرپەرشتیی دەستەیەکی نێودەوڵەتی کە حەماس ئەوەی قبووڵ نییە. بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردن، دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەلەستینی بێت. ئەو بوارانەی کە حەماس دەڵێت، پێویستیان بە گفتوگۆیە حەماس ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە. بەگوێرەی حەماس، ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بریتین لە: • کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل: مەرج و خشتەی کاتیی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە. • میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان: وردەکارییەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان. • گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان: دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی کەرتی غەززە.
ئەم هەفتەیە شاندێکی دانوستانکاری هەرێم بۆ پرسی یەکلایی کردنەوەی داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی هەشت و نۆ سەردانی بەغدا دەکەن. داواکردنى مووچەى مانگى هەشت لەکاتێکدایە بەپێى خشتەى لیستى مووچەى وەزارەتى دارایی هەرێم، سبەینێ یەکشمە کۆتایی دەهێنرێت بەدابەشکردنى مووچەى مانگى حەوتى فەرمانبەران و موچەخۆرانى سەرجەم دامودەزگاکانى کوردستان. سەرچاوەیەکى ئاگادار ئاشکرایکرد بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێکی دانوستانکاری هەرێم بۆ پرسی یەکلایی کردنەوەی داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی هەشت و نۆ سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ لیژنە داراییەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە لە شەش وەزیر پێکهاتووە کۆببنەوە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، هەرێم بۆ مووچەی مانگی هەشت رۆژی یەکشەممە نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات. لە نوسراوەکەدا بڕی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات کە بڕەکەی 281 ملیار دینارە و لەگەڵ چەند وردەکارییەکی دیکەی پەیوەست بە دەست کەوتنی ئەو پارە. بەوتەى سەرچاوەکە خاڵێکی دیکەی نوسراوەکە داواکردنی بودجەی تەشغیلییە لە بەغدا و روونکردنەوە لەسەر پارەی پێویست بۆ ناوخۆی هەرێم. ڕۆژى چوارشەممە 1-10-2025 راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا". لەلایەکى دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و رێكکەوتنێکی هاوبەش لەبارەیەوە بکرێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو حکومەت پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و دەڵێت، بە تێکڕايی رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە کانیاوى نیلوفەر و تاڵاوی هەشێڵان لە پارێزگای کرماشان بە تەواوی وشک بوون. تاڵاوی هەشێڵان و کانیاوى سەراو نیلوفەر، دوو دیاردەی سرووشتیی گرنگ و بەناوبانگی پارێزگای کرماشانن، تاڵاوی هەشێڵان 450 هێکتارە و 110 دوورگەی گەورە و بچووکی تێدایە و سەراو نیلوفەریش سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو و شوێنێکی گەشتیارییە. محەممەد حوسێن فەلاحەتی، بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی کرماشان ڕایگەیاندووە کە تا ئەم دواییانە کانیاوی نیلوفەر "هەندێک ئاوی هەبووە"، بەڵام ئێستا "بەتەواوی وشک بووەتەوە". کانیاوى نیلوفار سروشتییە لە باکووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان کە بە ڕووەکی سوسنی ئاوی بەناوبانگە. هەروەها ئەم دەریاچەیە ژیانی ئاژەڵی هەمەچەشنی هەیە و جۆرەها باڵندە لە دەوروبەری ژیاون. ئەم کانیاوى لە لیستی سامانە سروشتییەکان و میراتی نەتەوەیی ئێراندا تۆمار کراوە. کانیاوی نیلوفار پێشتر دوو جار وشک بووبووەوە. هەموو ساڵێک لە دەورووبەری سەراونیلوفەردا کشتوکاڵێکی زۆر دەکرێ، ئەمساڵ بەهۆى کەمى باران و وشکەساڵى و هەڵکەندنی بیری ئاو لەسەر سەراو نیلوفەر بوونە هۆى وشک بوونى، هەندێ لەو بیرانە تاوەکو 120 مەتر قوڵن و ئەمەش وادەکات بەشی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی سەراو نیلوفەر هەڵمژن. ئەمە تاکە وشکەساڵی شایستەی هەواڵ نییە لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە و سەرچاوەکانی ئاو لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە وشک دەبنەوە. گۆلی ورمێ گەورەترین نموونەیە. هاوینی ڕابردوو شارەکان ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە. جووتیارانیش ڕووبەڕووی کەمی ئاو بوونەتەوە، ژێرئاوکەوتنی زەوی بۆتە کێشە لە ناوچە جیاجیاکان لەوانە ئیسفەهان. لەگەڵ ڕوودانی حاڵەتەکانی ژێرئاوکەوتنی قووڵ لە ئیسفەهان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، پێدەچێت تەحەدای ژێرئاوکەوتنی شارەکە گەیشتبێتە ئاستێکی مەترسیدارتر. بەرپرسێکی ناوچەکە هەواڵی زیانگەیاندن بە شوێنەوارە کۆنەکان و چۆڵکردنی تەواوەتی شارۆچکەیەکی نیشتەجێبوون و ٤٠ قوتابخانەی ڕاگەیاند.
پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی بۆ سەرخستنی لیستی 275 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند. سەرۆكی بازنەی هەولێری لیستی پارتیش دڵنیایی دەدات كە بەپشتیوانی خوا و ئیرادەی بەهێزی كوردستانییان، لەو هەڵبژاردنەش سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەن. ڕێبوار هادی، سەرۆكی لیستی 275ـی پارتی لە سنووری بازنەی هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكیی پارتی بەدرێژایی مێژوو؛ پاراستنی ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بووە، لەسەر ئەو بنەمایەش چەمكەكانی (هاوبەشی، هاوسەنگ و سازان)ـی كردووەتە دروشمی ئەم هەڵبژاردنە. سەرۆكی بازنەی هەولێری لیستی 275ـی پارتی ڕوونیكردەوە، "هەوڵ بۆ چەسپاندنی هاوبەشی ڕاستەقینەی كورد دەدەن لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری و حكومڕانیی عێراق، كە هاوبەشیمان چەسپاند، دەتوانین لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ هاوسەنگیش بەدەستبهێنین، كە هاوبەشی و هاوسەنگیمان چەسپاند، دەتوانین لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بسازێین و بەیەكەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بە تێكڕای خەڵكی بكەین." دووپاتیشی كردەوە، پارتی هەمیشە لەگەڵ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بووە و هەمیشەش لەگەڵ چارەسەریی دەبێت، ئەوەش لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و مرۆیی بۆ پێكەوەژیان و یەكڕیزی، بە مەرجی ڕێزگرتن لە ئیڕادەمان. ڕاشیگەیاند، شانازی بەوە دەكەین ڕێبازی پارتی لە ڕابردوو و ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕێبازی خزمەتكردن و ئارامی و ئاوەدانی و شكۆمەندییە. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێت، لە ڕۆژی 3ـی ئەم مانگەوە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە و تاوەكو 8ـی 11ـی 2025 بەردەوام دەبێت، حیزب و لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنەكە دەستیان كردووە بە ڕێكلامكردن بۆ كارنامە و بەڵێنەكانیان لە پێناو سەرخستنی لیستەكانیان. بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێنج پارێزگای عێراق کاندیدی هەیە. ئەمە جگە لەوەی لە پارێزگای دیالە و بەغدا لەپاڵ هاوپەیمانیی دیکە کاندیدی دیاریکردووە. زۆرترین ژمارەی کاندیدانی پارتی لە پارێزگای نەینەوایە، بۆ 31 کورسی دیاریکراوی ئەو پارێزگایە پارتی 62 کاندیدی هەیە. لە دوای ئەوە زۆرترین کاندیدی پارتی لە پارێزگای سلێمانییە بۆ 18 کورسی ئەو پارێزگایە 36 کاندیدی دیاریکردووە. لە پارێزگای هەولێر کە 15 کورسی دیاریکراوە پارتی 30 کاندیدی هەیە. لە پارێزگای کەرکووک پارتی 22 کاندیدی هەیە، و کێبڕکێی 11 کورسی ئەو پارێزگایە دەکات. لە پارێزگای دهۆک پارتی 22 کاندیدی دیاریکردووە و ژمارەی کورسییە دیاریکراوەکانی ئەو پارێزگایە 11 کورسییە. پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 31 كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا؛ لە هەولێر 9 كورسی، لە دهۆك 8 كورسی، لە سلێمانی 3 كورسی، كەركووك 2 كورسی، نەینەوا 9 كورسی.