لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە دیداری مێری، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە زمانێکی راشکاو و سادە، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار، لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە تا دەگات بە قەیرانی مووچە و نەبوونی یاسای نەوت و گاز، کە بە "کارەسات" ناویبرد. تاڵەبانی بە روونی ئاماژەی بەوەدا کە کلیلی چارەسەری کێشەکان لە بەغدادە و پێویستە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی تەندروست دابڕێژرێنەوە. ئەو جەختی کردەوە کە "کرۆکی سەرەکی کێشەکان لەگەڵ بەغداد جێبەجێ نەکردنی یاسایە" و بۆیەش "پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور بێت." زیاتر روونیکردەوە کە "بەغداد شوێنی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستانە" و "قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە." بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، داوای کرد کە "پێویستە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و دوور لە میزاجمان لەگەڵ بەغداد هەبێت" و "پێویستە دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت." یەکێک لە تەوەرەکانی قسەکانی تاڵەبانی، پرسی نەوت و گاز بوو. ئەو بە توندی رەخنەی لە نەبوونی یاسایەک بۆ ئەم کەرتە گرت و وتی: "کارەساتە وڵاتێکی نەوتی یاسای نەوت و گازی نەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "عێراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە و یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی." بە بڕوای ئەو، چارەسەر روونە و "پێویستمان بە یاسای نەوت و گازە بۆ یەکلایکردنەوەی یەکجاری کێشەی نەوت و گاز،" چونکە ئەم یاسایە "دەتوانێت ببێتە دەستوورێکی ئابووری بۆ عێراق." تاڵەبانی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەریی کێشە داراییەکان لەسەر ژیانی خەڵک و رایگەیاند: "گرفتی مووچە و کێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانی ماندووکردووە." ئەو بە راشکاوی وتی کە "وڵات بە هات و نەهاتی مووچە ناچێت بەڕێوە" و پێویستە چیتر هاووڵاتی لەم دۆخەدا نەبێت، بۆیە "دەبێت دڵەڕاوکێی هاتنی مووچە کۆتایی بێت." جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە ئابووریی تەک سەرچاوە کردەوە و وتی: "پێویستە عێراق گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدات" و "دەبێت سەرچاوەی داهات فرەچەشن بکەین و تەنیا پشتنەبەستین بە نەوت." ئەو هەروەها دیدێکی نیشتمانی فراوانتری خستەڕوو و گوتی: "نابێت ئێمە بەس خەمی خۆمان بێت، پێویستە بیر لە عێراقیش بکەینەوە." سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ پارێزگاری نوێ دووپاتکردەوە و وتی "باوەڕمان بە تێڕوانینی مام جەلال هەیە بۆ کەرکووک." دڵنیایی دا کە "رێبوار تەها بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک کار دەکات" و "راوێژ لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات" چونکە "پارێزگاری کەرکووک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات." لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەپارێزگابوون گرفتی هەندێک لە ناوچەکان چارەسەر ناکات."
سەرۆک کۆمارى تورکیا، ڕایدەگەیەنێت ئێمە هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە لەسەر بارودۆخى سوریاو هەرگیز ڕێگە نادەین ئەو وڵاتە پشێوى و ناسەقامگیری تێداهەبێت، تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی سوریا دەکات دوای سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان، لە فڕۆکەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستای دایەوە. لەبەشێکى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، لە سەردانەکەماندا بۆ ئەمریکا و هەم لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیماندا بۆ بەڕێز ترەمپمان ڕوونکردەوە کە چۆن دەتوانرێت چارەسەرێک لە فەلەستین بەدەستبهێنرێت. بە تایبەتی داوای کرد کە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کۆببینەوە و ڕازییان بکەین لەسەر ئەم بابەتە. بە خێرایی پەیوەندیمان بە هاوتاکانمانەوە کرد لەسەر ئەم بابەتە. پێم گوت ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتیی بەڕێز ترەمپ دەکەین. هەروەها ئەمەمان بە ئاشکرا ڕاگەیاند. حەماس، لە وەڵامەکەیدا، پێی ڕاگەیاندین کە ئەوە وایە". ئامادەیە بۆ ئاشتی و دانوستان”. سەبارەت بە بارودۆخى سوریاو گرژى و ئاڵۆزیەکانى چەند ڕۆژى ڕابروو هێزەکانى هەسەدە، ئەردۆغان وتى: تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی سوریا دەکات، هەرگیز نابێت هەڵوێستی سەبر و عەقڵانیمان وەک نیشانەی ناتەواوی هەست پێبکرێت، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت پابەندی بەڵێنەکانیان بن. دەبێت یەکگرتنی خۆیان لەگەڵ سوریا تەواو بکەن. هەروەها سەرۆکى تورکیا ئەوەشى باسکرد ، تورکیا بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە لەگەڵ گەلی سوریاو ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و ئیدارەکەی بۆچوونەکانیان لەگەڵ ئێمەوەک یەکەو هاوبەشین. ئەردۆغان وتیشى: باوەڕم وایە کێشەی هەسەدەو حکومەتى سوریا بەزوویی چارەسەر دەبێت، پێشتریش ئەوەم وتوە ئەوانەی سەرنج و ئاراستەیان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون، هاوپەیمانی تورکیا و کورد و عەرەب کلیلی ئاشتی و ئارامی هەمیشەیی ناوچەکەیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا قوتابخانەیەکی لە شاری هەولێر کردەوە. ئەم قوتابخانەیە یەکێک بوو لە 29 باڵەخانەی نوێی پەروەردەیی حکوومی کە لە 4 باخچەی منداڵان و 45 قوتابخانە پێکهاتبوون. لەوتارێکدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەندێک قوتابخانەی نوێ دروست بکرێن و هەندێک قوتابخانەی دیکەش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. هەروەها دووپاتی کردەوە، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و جەختی کردەوە "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی وەزارەت لە پێشخستنی کەرتی خوێندن و پەروەردە." تایبەتمەندییەکانی قوتابخانە نوێیەکەی سەرۆک وەزیران کردییەوە: خوێندن لەم ناوەندە پەروەردە نوێیە بە سیستەمی ئینگلیزییە و لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەبێت. قوتابخانەکە جێگەی 533 قوتابی دەبێتەوە و بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە ژینگەیەکی لەبار و هاندەر بۆ فێربوون و داهێنانی قوتابیان بڕەخسێنێت. پێکهاتە و بەشەکانی قوتابخانەکە: - 17 هۆڵی خوێندن: هۆڵەکان بەشێوەیەکی فراوان و مۆدێرن دروستکراون و بە تەواوی پێداویستییەکانی خوێندنی سەردەم ئامادەکراون. - تاقیگە زانستی و کۆمپیوتەرییەکان: قوتابخانەکە چوار تاقیگەی پێشکەوتووی تێدایە، کە دووانیان تاقیگەی زانستین، یەکێکیان تاقیگەی کۆمپیوتەرە و بە نوێترین ئامێری تەکنەلۆژییەوە پۆشراوە. - تاقیگەی داهێنان: بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، "تاقیگەی داهێنان" لەم قوتابخانەیەدا کراوەتەوە. ئامانج لەم تاقیگەیە دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانی قوتابیانە لە بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنەلۆژیادا و چاوەڕوان دەکرێت سوودێکی زۆری بۆ قوتابیان هەبێت. - چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان: بۆ گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی و دەروونی قوتابیان، قوتابخانەکە گۆڕەپانێکی تۆپی پێ، مەلەوانگەیەکی داخراو، ژووری تایبەت بە یاری شەترەنج، هەروەها بەشی میوزیک و شێوەکاری لەخۆدەگرێت. - ژینگەیەکی فەراهەم بۆ خوێندنەوە: کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی زانستی و ئەدەبی جۆراوجۆر یەکێکی ترە لە بەشە گرنگەکانی ئەم قوتابخانەیە. - شوێنی حەوانەوە و کات بەسەربردن: قوتابخانەکە کافتریایەکی مۆدێرن و باخچە و ڕووبەرێکی بەرفراوانی سەوزایی لەخۆدەگرێت کە ژینگەیەکی ئارام و تەندروست بۆ قوتابیان دابین دەکات.
عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین، ڕایدەگەیەنێت چەند سەرۆک بارزانی بەهێزبێت و چەند پارتی بەهێزبێت، کوردو کوردستانیش ئەوەندە لە عێراق بەهێز دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە لە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لەسلێمانى بەشێوەیەکى فەرمى بانگەشەی هەڵبژرادن دەستپێکردو لەوتارێکدا عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان وتى: ئێمە ئەوەندەباسى خۆمان ناکەین هەموو خەڵک پارتى و بارزانى باش دەناسن. هەروەها وتیشى: لەڕوى دیبلۆماسى و نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى سەیربکەن پێگەى جەنابى سەرۆک بارزانى و پێگەى کاک نێچیرڤان سەرۆکى هەرێم و کاک مەسرور وەک سەرۆکى حکومەت وە پێگەى پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى بەراوردى بکەن لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەى عێراق چۆنە. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا دەشڵێت: پێداگریەکانى پارتى لەسەر ماف و داخوازیەکانى کورد و ئەوشەڕە یاسایی و دەستوریەى کە لەبەغدا کراوە، بێگومان و بەتەئکید جەنابى سەرۆک بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان کردویەتى و دەیکات.
ئیدارەی خۆسەر چوار ئەنجامی بەرایی ئەو كۆبونەوەیە ئاشکرا دەكات کە شاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سوریا لە دیمەشق ئەنجامیاندا، لە کۆبونەوانەكاندا باسیان لە پرسە سیاسی و ئەمنی و مرۆییەکان کراوە کە ئامانجیان سەقامگیری و بونیادنانی ئاشتی بووە لە وڵات. بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادە بووە. راگەیێندراوەکە دەڵێت، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر "هەنگاوی کرداری بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار." یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان راگەیاندنی ئاگربەستێکی "دەستبەجێ و سەرتاسەری"یە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب، بە ئامانجی ئەوەی "هەموو سووریاییەکان لە وڵاتێکی ئارامدا بژین. هەروەها گفتوگۆ لەسەر بنەمای "یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" کراوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم رێککەوتنە زارەکییە دەتوانێ ببێتەهۆی دروستبوونی "سوپایەکی رێکخراو و کارا کە خزمەت بە پاراستنی هەموو سوورییەکان بکات." خاڵێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکان ئەوە بووە کە "دەستووری سووریا هەموار دەکرێتەوە." راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەستووری وڵات دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانەکەی بکات و هەموو تاکێک بپارێزێت." گفتوگۆکان هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان لەخۆگرتووە، کە وەک "پرسێکی سەرەکی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام لە سووریا" وەسف کراون. لە کۆتاییدا، راگەیێندراوەکە سوپاسی فەرەنسا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی کردووە بۆ "پشتیوانییە بنەڕەتییەکەیان لەم دیالۆگەدا." شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست. دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە سەر شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیان دا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەک، ئاگربەستیان راگەیاند. دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە رایگەیاند، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە. بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق. مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا گوتی، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە. وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، بزووتنەوەی حەماس داوا دەکات تەرمی سەرکردە کوژراوەکانی وەک یەحیا و محەمەد سنوار لەنێو ئەو کەسانەدا بن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بڕیارى ئازادکردنیان دەدرێت لەچوارچێوەى ئاگربەستى چەند ڕۆژى داهاتوودا. یەحیا سینوار سەرۆکی پێشوی بزوتنەوەى حەماس بو و کە وەکو پلانداڕێژەری هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دادەنراو لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 لەئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئیسرائیل لەشاری ڕەفعەی باشوری غەززە کوژرا. ڕۆژنامە ئەمریکیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەرامبەر ئازادکردنى ئەو 48 بارمتە زیندوو مردوانەى کە لەلایەن لە حەماسەوە لەغەززە ئازاد دەکرێن، ئیسرائیلیش بڕیاریداوە سەدان زیندانى و سزادراوی فەلەستینى ئازاد دەکات دەکات لەچوارچێوەى ڕێککەوتنى ئاگربەستى نێوانیان. بەپێى ڕاپۆرتەکەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى حکومەتى ئیسرائیل پێشتر ئەو داواکارییەى حەماسى ڕەتکردوەتەوەو ئامادە نەبووە تەرمى ئەو دوو سەرکردەیەى حەماس ئازاد بکات. پلانی ئاشتی غەززە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە، حەماس ٤٨ بارمتەی دیکە ئازاد دەکات - کە پێدەچێت نزیکەی ٢٠ کەسیان لە ژیاندا بن - لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا، لە بەرامبەردا ٢٥٠ زیندانی فەلەستینی تەمەن درێژخایەن؛ لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە کە شەڕی غەززەی لێکەوتەوە، هەزار و ٧٠٠ غەززی دەستبەسەرکراون؛ و پاشماوەی 15 کوژراوی غەززی لە بەرامبەر هەر بارمتەیەکی کوژراودا. سەرەتاى مانگى یەکى ئەمساڵیش حەماس داواى ئازادکردنى تەرمى سنوارى کردبوو، بەڵام حکومەتى ئیسرائیل ئەوکات ئەوەى دووپاتکردەوە کە لەئێستادا هیچ نیازێکی نییە تەرمی سەرکردە کوژراوەکەی حەماس ڕادەستی ئەو گروپە بکاتەوە. رۆژی دووشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2025، میدیای فەرمیی میسر بڵاویکردەوە، شاندی دانوستاندکاری حەماس و ئیسرائیل دەستیان بە گفتوگۆکانیان لەبارەی وردەکارییەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست کرد. میدیای فەرمی میسر ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندەکان "گفتوگۆی مەرجە بنەڕەتییەکان بۆ ئازادکردنی بارمتە و زیندانیان دەکەن" کە یەکانگیربێت لەگەڵ پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگ لە غەززە. یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، محەممەد سینوار، فەرماندەی لیوای خان یونس، چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەورووپی لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس، کوژراوە.
سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە دەستپێکی شەڕ تاوەکوو ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە. ڤلادیمێر پوتن لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی سەربازی ڕووسیا ڕایگەیاند، کیێڤ هەوڵدەدات هێرشەکانی لە قوڵایی خاکی ڕووسیا ئەنجام بدات، بەڵام ئەمە هیچ یارمەتیەکی نادات بۆ گۆڕینی دۆخەکە. ئاماژەی بەوەشدا، لە شوباتی 2022ەوە تاوەکوو ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە. سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختی کردەوە، کە کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی ڕووسیا بە تەواوی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان دابین دەکات و بە خێرایی چەکی مۆدێرن پەرەپێدەدات. پوتن گوتیشی: "کارگەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی، پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان بۆ چەکی سووک، مووشەک، تەقەمەنی، چەک و ئامێری سەربازی دابین دەکەن، هاوکات پەرەپێدان و گەیاندنی چەکی مۆدێرن بۆ سەربازەکان بە خێرایییەکی زیاتر بەردەوامە." لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، ڤالێری جیراسیمۆڤ، ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییە چڕەکان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بەگوێرەی پلانی ئەرکانی گشتیی بەردەوامە، دەشڵێت: بە ئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانەی ئۆکرانیا کە سیستەمی مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەمدەهێنن لەپێشینەی کارەکانیانە. لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکوو ئێستاش شەڕ بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ملیۆنان کەس ئاوارەی دەرەوە و ناوەوەی وڵات بوون، دوو گەڕی دانوستانیشان لە ترکیا کردووە و زیاتر لە دوو هەزار دیلیان گۆڕیوەتەوە.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ئابووری دەڵێت، حکومەت دەتوانێت بە تەواوی گەرەنتی مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2026 بکات، ئەوانەشی پێچەوانەی ئەم قسەیە دەکەن دەیانەوێت "سەرلێشێوان" دروست بکەن. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ئابووری بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2026 دەستیپێکردووە و هەر کات تەواوبکرێت ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئومێدیش دەخوازن دوای هەڵبژاردن یاسای بودجە پەسەند بکرێت. 29ی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەی یاسا و خشتەی کاتی دیاریکراو خەرج دەکرێت، پارەی بەردەستیش بەشێوەیەک بەڕێوەدەبرێت کە گەرەنتی خەرجکردنی بەردەوامی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بکات. ئاماژەی بەوەشکرد، خەرجییەکانی حکومەت 50%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و 85%ی کۆی چالاکی ئابووری لە وڵاتدا پێکدەهێنێت، بۆیە دواخستنی پەسەندکردنی بودجە کاریگەری لەسەر دۆخی وەبەرهێنان و بازاڕیش دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ ساڵی 2026 بە تەواوی گەرەنتی کراوە، ئەوانەشی پێچەوانەی ئەم قسەیە دەکەن دەیانەوێت "سەرلێشێوان دروست بکەن".
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت پارتی حیزبێکی رێکخراوە، خاوەن سیستم، مەرکەزییەت و سەرکردایەتییەکی بەهێزە. هێزێکی مرۆیی زۆر باشی لەبەردەستە، بەتایبەتی لەڕووی رێکخستنەوە. بۆیە یەکەمی بێ رکابەرین وەک هەمیشە. زۆر بە باشی خۆمان ئامادەکردووە، ئەنجامەکانیش ئەمە دەردەخەن. لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئەو بەرپرسەی پارتی وتی، حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە و ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی و لە دیدارێکی راستەوخۆ و بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانمان" بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگەیێنن. چنار سەعد عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە چاویان لەوەیە وەک حیزبی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بمێینەوە و گوتی: "پارتی حیزبێکی رێکخراوە، خاوەن سیستم، مەرکەزییەت و سەرکردایەتییەکی بەهێزە. هێزێکی مرۆڤیی زۆر باشی لەبەردەستە، بەتایبەتی لەڕووی رێکخستنەوە. بۆیە یەکەمی بێ رکابەرین وەک هەمیشە". ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند، حیزبەکەی دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلی کورد بەدەستهێناوە و هێزی سەرەکیی پارێزەری ئەو دەستکەوتانەش بووە و گوتی، ئەگەر پارتی نەبووایە، "یەکەم شت ئەم هەرێمە بەشێک لە سەروەرییەکەی خۆی لەدەستدەدا؛ بەشێک لەو دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەی ئێستا هەیەتی، لەدەستی دەدا". ناوبراو لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] زۆر بە باشی کاری خۆی دەکات. بۆیە هیچ وەزارەتێک و هیچ فەرمانگەیەکیش پەکی نەکەوتووە. ئەمە یەکێکە لە دیوە باشەکانی بابەتەکە. راستە ئێمە کابینەی نوێمان پێکنەهاتووە، بەڵام حکومەت بەردەوامە و کاری خۆی دەکات. بەڵام ئەگەر پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی کارات هەبێت بە دیدگە و ستافێکی دی، بۆ ئەم قۆناخە زۆر گرنگە
ساڵح موسلیم ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا باسی شەڕی گەڕەکە کوردییەکان و هێزەکانی دیمەشق دەکات، جەختى کردەوە کە هەندێک لایەن لە تورکیا دەیانەوێت گرژى و ئاڵۆزی لەسوریا دروست ببێت. ناوبراو لەبەشێکى قسەکانیدا دەڵێت: پرسى حەلەب و ئاڵۆزیەکانى ئەشرەفیەو شێخ مەقسود نوێ نییەو ڕیشەیەکى کۆن و قوڵى هەیە، پاش ڕێککەوتنەکەى یەکى نیسان هەسەدە لەو دوو گەڕەکە چوەتە دەرەوەى شارەکە. هەروەها باس لەوەش دەکات مانگێک زیاترە فشارەکانى دیمەشق بۆ سەر شێخ مەقسودو ئەشرەفییە چڕبۆتەوە، هێزەکانى هەسەدە ٥٠ کیلۆمەتر لە حەلەب دوورترن پەیوەندى بە پرسى شێخ مەقسود و ئەشرەفییەوە نییەو ئاسایشى و هێزى ناوخۆ هەبووە لەو دوو گەڕەکە، بەگوێرەى ڕێککەوتنى یەکى نیسان ئاسایش گەرەکەکانى شێخ مەقسودو ئەشرەفییە دەپارێزن. ساڵح موسلیم ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو هێزانەى کە گرێدراون بەتورکیاوە باڵادەستن و نایانەوێت رێککەوتنى ١٠ى ئازار جێبەجێبکرێت، گروپە چەکدارەکان خوازیاربوون لەڕێگەى دروستکردنى گرژیی و ئاڵۆزییەوە هەوڵەکانى تۆم باراک تێکبدەن، تائێستاش ئەو هێزانە لەجێگەى خۆیان ماونەتەوەو نەکشاونەتەوە. ئەو جەختى کردەوە کە هیچ پرۆژەیەکمان نییە بۆ دروستکردنى هەرێمێکى جیا لەڕۆژئاواى کوردستان، ئەحمەد شەرع ناچارە سوریاى لامەرکەزى قبوڵ بکات سەبارەت بە ژمارەى شەهیدان و بریندارانى شەڕەکەى دوێنێ شەو دەڵێت: لەئاڵۆزییەکانى شەوى ڕابردووى ئەو دووگەرەکەى حەڵەب دوو کەس شەهید بوون و نزیکەى ٦٠ کەسیش بریندرابوون، ئەندامەکەی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی (پەیەدە) وتیشى: گفتوگۆى دیمەشق و شاندى ئیدارەى خۆسەرى بەباشى بەڕێوەچووە، ئەمریکاو هاوپەیمانان چاودێرى ڕێککەوتنەکە دەکەن، خۆسەر پابەندى رێککەوتنى ١٠ى ئازاربوە، بەڵام لایەنى بەرانبەر نایەوێت جێبەجێبکرێت.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە ئەو شاندەى ڕۆژئاواى کوردستان (ئیدارەى خۆسەرى) لەگەڵ ئەحمەد شەرع و حکومەتى سوریا کۆبنەوەتەوە هیچ ڕێککەوتنێکى نوسراویان واژۆ نەکردوەو تەنها بەزارەکى پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە شێوەی زارەکی پێشکەش کراوە. بەیانیی سێشەممە، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق، شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەریان کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبونەوە. ئەندامێکى شاندی دانوستانکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەمیدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستانى ڕاگەیاندووە، تاوتوێکردنی چوار بڕگەی سەرەکی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی کاتى کراوە. بەوتەى ئەو ئەندامە، هیچ کاغەزێکی فەرمی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا واژۆ نەکراوە، تەنها پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە شێوەی زارەکی پێشکەش کراوە. هەروەها ئەوەش باسدەکات ئامانجی یەکگرتنەوەکە بریتییە لە دامەزراندنی سوپایەکی ڕێکخراو و کاریگەر کە هەموو سوورییەکان بپارێزێت. ئەندامەکەى شاندی دانوستانکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەش دەڵێت کە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی تەواو و دەستبەجێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حەلەب کراوە، دەستور لە سوریا هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێت. لەلایەکى دیکەوەـ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە. وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژە بەوە دەدات، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە. شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست. دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
پۆڵاد شێخ جەنگی، برای لاهوور شێخ جەنگی، کە لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی دەستبەسەرە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بنەماڵەی لاهوور شێخ جەنگییەوە ئاشکرا کراون، تەندروستیی پۆڵاد شێخ جەنگی ناجێگیرە، تووشی هەوکردنێکی زۆر و تەنگەنەفەسی بووە و بە زەحمەت هەناسەی داوە. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ناوبراو گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندان. هاوکات، خانەوادەی ناوبراو ئاشکرایان کردووە کە لە سەردانێکیاندا بۆ زیندانی کانی گۆمە، بۆیان دەرکەوتووە کە ژوورەکەی لاهوور شێخ جەنگی گۆڕدراوە و بۆ ژوورێکی بچووکتر گواستراوەتەوە کە "وەک پێویست نییە". سەرەڕای ئەمەش، لە ژوورە نوێیەکەیدا کتێب و تەلەفزیۆنی بۆ دابینکراوە و هەواگۆڕکێی هەیە. بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، دەڵێت لەسەر داواکاریی خۆی، داوایان کردووە ڕێگە بە لاهوور شێخ جەنگی بدرێت ڕۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک بچێتە دەرەوە و بەر تیشکی خۆر بکەوێت، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستیی. بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییەیان نەدراوەتەوە. شەوی 22ی ئابی ئەمساڵ، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی خوێناویدا، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی برای و سەدان کەسی دیکەیان دەستگیرکرد.
کۆبوونەوەی وەزیرە کوردەکان لەگەڵ سوودانی کۆتاییهات و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت نیشانداوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداوە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن و بەنگین ڕێکانی و خالید شوانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات و سوودانی بڕیاریدا مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت. بەپێی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سودانی لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە: "راستە گرفت لە میکانیزمی داهاتی نانەوتیدا هەیە، بەڵام ئەم گرفتانە نابنە بەربەست لەبەردەم ناردنی موچە." هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە "لە زوترین کاتدا" بڕیاری خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان دەدرێت، و پێشبینی دەکرێت بڕیارەکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بێت. بەپێی زانیارییەکان محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هەوڵدەدەن مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرین، بەڵام لەوە دەچێت میکانیزمەکانی ناردنی مووچە بکەوێتە سبەی چوارشەممە و وەزارەتی دارایی ڕابسپێرن بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی دەگەنە ڕێککەوتن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی حکوومەتی فیدراڵی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو ڕاوێژکارییەی لە ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە چووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، پشتی پێ نەبەسترێت تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت. بڕیاربوو ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئەو پرسە لە کۆبوونەوەکە باس نەکرا، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، ئەو سێ وەزیرە کوردە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆران خەرج دەکەن تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت و مووچەکانی مانگەکانی دیکەش خەرج دەکرێن.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بەدەستگیرکردنى لاهور شێخ جەنگى وتى: ئەو خۆى وتى من ملیشیام هەیە، ئەو بەڵگانەى هەبوون لەسەرى وەک چەک و درۆن و هارد بەڵگەى زۆرن لەسەرى. بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەتدا لە دیداری مێری، تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆی حزبەکەی و رایگەیاند، یەکێتی یەکگرتووە و لە پێگەیەکی بەهێزدایە. سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی پێشووی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "بەڵگەی زۆر لەسەر کاک لاهور هەیە،" ئەمەش ئاماژەیەکی روون بوو بۆ ئەو رووداوانەی کە بوونە هۆی گۆڕانکاری لەناو سەرکردایەتیی یەکێتیدا. تاڵەبانی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و گوتی: "هەر کاتێک لەگەڵ پارتی پێکەوە کارمان کردبێت، سەرکەوتوو بووین. ئێمە لە حکومەت هاوبەشیمان دەوێت و پێویستە هاوبەشی راستەقینەی یەکدی بین." بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردەوە کە سلێمانی شارێکی ئارامە بۆ دەنگە جیاوازەکان و گوتی: "هەموو چالاکوانە سیاسییەکان لە سلێمانی هەست بە پارێزراوی دەکەن."
لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەماندا هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری قسەیکرد و وتی: کاتی پەڕینەوە بۆ قۆناغی یاسایی و سیاسی هاتووە. پێویستە یاسای دیموکراتیک دابڕژێرێتەوە و بە دڵنیاییەوە دەبێت کۆمیسیۆن گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت. هەروەها ڕایگەیاند پێشبینی دەکەن بڕیارەکە سەبارەت بە دەمیرتاش ئەمڕۆ یان سبەی جێبەجێ بکرێت. هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەماندا قسەیکرد، چالاکوانانی ژنی ڕێپێوانەکەی تەژەئا بەشداری کۆبوونەوەکەبوون و لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان گوتەوە. دوای کۆبوونەوەکە، حاتمئۆغولاری وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕیاری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاتیمۆغولار وتی، "ئەمڕۆ یان سبەی پێشبینی دەکەین بڕیارەکانی ECHR جێبەجێ بکرێن و ویژدانی خەڵک ئاسوودە بێت. هیوادارین لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هاوڕێکانمان ئازاد بکرێن". تولای حاتەم ئۆغوللاری پاش سڵاوکردن لە بەشداربووانی ژنی ڕێپێوانی "بە هیواوە بەرەو ئازادی ڕێپێوان دکەین"، سەرنجی خستەسەر ئێستایی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بە تایبەت ڕاوەستەی لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆن کرد. تولای حاتەم ئۆغۆلاری گوتی: "لە کۆی ١٣ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆندا هەموو کەسانەی قسەیانکرد جەختییان لەسەر بابەتی هاوڵاتیبوونی یەکسان و مافە دیموکراتیکییەکان کردەوە و داوای هەنگاونانی یاساییان کرد. داخۆ دەوڵەت و دەسەڵاتداری بۆ ئەو پرسە بەنیازە کەی هەنگاو بنێت؟ پەیوەست بەم پرۆسەیەوە چارەنووسسازترین هەنگاوە. نابێت ئەو هەنگاوانەی بەڕێز ئۆجالان و ڕێکخستنەکەیمان بیربچێت کە بۆ پەرەدان بە پرۆسەکە هەڵیانگرت. دوابەداوی دامەزراندنی کۆمیسیۆن ئیدی کاتی ئەوەیە بپەڕینەوە بۆ قۆناغی یاسایی و سیاسی. لە پێناو ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکییدا دەبێت یاسای دیموکراتیکی بنووسرێتەوە. دەبێت بەبێ درەنگ کەوتن کۆمیسیۆن گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت." تولای حاتەم ئۆغوللاری جەختی لەوەکردەوە کلیلی سەرەکی چارەسەری بە گوێگرتن لە ڕێبەر ئاپۆ دەبێت کە بەردەنگ و کارەکتەری سەرەکی پرۆسەیەکە، گوتی: "بۆیە بۆ دڵنیابوونەوەی کۆمەڵگە لە پرۆسەکە پێویستە دەسەڵاتداری ئەو هەنگاوە بنێت. بێگومان بە گوێگرتنی کۆمیسیۆن لە بەڕێز ئۆجالان، پرۆسەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە." هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی بەبیری هێنایەوە کە دوای دوو ڕۆژی دیکە ٢٧ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا تێپەڕ دەبێت و وتی: "بانگەوازی ٢٧ی شوبات بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم هەنگاوێکی بەهێزە. بەڕێز ئۆجالان ماوەی ٢٧ ساڵە بە بەردەوامی لە دژی ئەو کەسانەی گەلان لە دژی یەکتر بەکار دێنن بە پیداگرییەوە بەرگری لە ئاشتی دەکات. بۆیە مافی هیوا دەبێت بۆ بەڕێز ئۆجالان دانی پێدا بنرێت. مافی هیوا خاڵێکی یاساییە کەچی لەبەرنامەدا نییە. یەکێک لە پێوانە یاساییە جیهانییەکانە. لە ١٧ی ئەیلول کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا بڕیاری خۆی سەبارەت بە مافی هیوای ڕاگەیاند. سەبارەت بەم بابەتە چاوەڕوانییەکانی خۆی لە کۆمیسیۆن و پەرلەمان ڕاگەیاند. ئەمە بڕیارێکی زۆر گرنگە و دەبێت وڵامی جددی ئەم چاوەڕوانییە بدرێتەوە. ئێوە ناتوانن بۆ هەمیشە دەرگاکە دابخەن و کلیلەکە فڕێ بدەنە دەریاوە. پرۆسەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی تەنیا بە سەرلەنوێ بیرکردنەوە، ڕێکخستنەوە و خاوەنداری لەم ڕوانگەیە دەتوانرێت بەدی بێت. گەڕاندنەوەی مافی هیوا دەبێت وەک هەنگاوێکی بەپەلە بخرێتە ڕۆژەڤەوە." بابەتێکی دیکەی قسەکانی تولای حاتەم ئۆغوللاری بارودۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو. هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی: "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووەتە هیوایەکی جێگرەوە دژ بە دەسەڵاتداری، ناوەندگەرایی و پیاوسالاری لە ناوچەکەدا. بە ئازادیی ژنان، سیکۆلاری، پێکەوەژیانی فرە کولتوری و نەتەوەیی، نەک تەنها وەک مۆدێلێک بۆ سووریا، بەڵکو دەبێت وەک مۆدێلێکی هەمە لایەنە سەیر بکرێت و پشتگیری لێبکرێت کە دەتوانێت چارەنووسی خراپی تەواوی ناوچەکە بگۆڕێت. لە کاتێکدا ئێمە سەبارەت بەم بابەتانە قسە دەکەین، ڕووداوەکان لە حەلەب ڕوودەدەن، دڵنیام ئێوەش بەدواداچوونتان بۆ کردووە لە ئێستادا گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لەلایەن گروپەکانی ئیدارەی کاتی دیمەشقەوە گەمارۆدراون، و هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی. حاتەم ئۆغوللاری بەنگەوازی لە حکومەتی کاتی کرد دەستبەجێ کۆتایی بە گەمارۆکان بێنێت و ڕایگەیاند: "لەگەڵ کورد دانوستان مەرجە نەک شەڕ. ڕێککەوتن سوود بە سووریا دەگەیەنێت، شەڕ و خوێنڕشتن کۆتایی پێ دێنێت، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەڕەشە و هێرشەکان کۆتایی پێبێت." باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قەت نەبووەتە مەترسی بۆ سەر تورکیا و نابێت وەک هەڕەشە سەیر بکرێت، بەپێچەوانەوە پێویستە وەک خاکی خوشک-برایەتی و ئاشتی سەیر بکرێت. خەڵکی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕێز، دیالۆگ و دیموکراسی خوجێی. ئەمە مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی دیمۆکراتیکە کە گەلی تورکیاش بەهێزتر دەکات. بۆیە ئەگەر هێڵێکی دیالۆگ و ئاشتی لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن تورکیاوە جێبەجێ بکرێت، ئەوەش ئەمەیە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموو لایەک دەبێت و هەموو لایەک پێی سوودمەند دەبن."