دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی ڕاگیراوانی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجانیان کرد لە بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری کوردستان. دوای تۆمار کردنی سکاڵا لەلایەن کەس و کاری ڕاگیراوان لەکەیسی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجان کە داوایان کردبوو دەستە بەدوا داچون بکات بۆ کەیسەکانیان. ڕۆژی ١٢/١٠ شاندێکی باڵای دەستە بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە و تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆریان کرد لە شاری هەولێر بۆ بەدوا داچون و ئاگادار بون لەڕەوشی ڕاگیراوان لەنزیکەوە چاویان بە ڕاگیراوان (ن.ع.م) و (ک.س.ع) و (غ.ص.د)  کەوت و گفتوگۆیان لەگەڵ کردن لەبارەی شوێنی مانەوەو مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵیان لەو بارەوە ڕاگیراوان ئاماژەیان بەوە داوەکە مامەڵەیان باشە و تۆشی هیچ لێدان و ئەشکەنجەیەک نەبوونەتەوە،وڕەوشی تەندروستیان باشە.   وە سەبارەت دانپێدانی (ن.ع.م) تیمی دەستە پرسیاری لێکرد ئایا لەژێر ئەشکەنجە دانپێدانت کردووە، وتی نەخێر ئێمە ڕووبەڕووی هیچ ئەشکەنجەو فشارێک نەبوینەتەوەو بەئازادانە ووتەمان لێ وەرگیراوە. دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێ لە بەدوا داچون و چاودێری کردنی کەیسەکە چاوەڕێی تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەین. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

وڵاتەکە بەپێی چەند مەرجێک رێ بە فرۆشتنی ماددە کحولییەکان دەدات ئامادەکردنی هاوڵاتی. دوای 73 ساڵ سعودیە رێکارەکانی فرۆشتنی مادە کحولییەکان ئاسانتر دەکات، لە چوارچێوەی دیدگای سعودیە بۆ ساڵی 2030. سعودیە کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و زۆربەی یاساکانی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە، زیاتر لە 73 ساڵە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ماددە کحولییەکانەوە تێیدا قەدەغەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، یاسای نوێ دەردەکرێت کە خۆی بە کرانەوەی وڵاتەکەی بە رووی جیهاندا وەسفی دەکات. پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، سعودیە دەیەوێت فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بۆ کەسانی ناموسڵمان ئاسانتر بکات بەڵام بە مەرج. یەکەم، کەسەکە دەبێت موسڵمان نەبێ.  دووەم، داهاتی مانگانەی زیاتر بێت لە 50 هەزار ریاڵی سعودی کە دەکاتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار. ئەمە چۆن بوو؟ لە ساڵی 1952 پاشا عەبدولعەزیز بن سعود بە فەرمی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لە سعودیە قەدەغەکرد و ئەگەر کڕین یان فرۆشتن یان ئاسانکاری بۆ بکرایە بە زیندانی کردنی چەند مانگ یان چەند ساڵێک کەسەکە سزا دەدرا، جگە لە سزای مادی و هەندێک جار 500 قامچیشی لێدەدرا.  ئەم بڕیارەی پاشا عەبدولعەزیز دوای ئەوە هات کە مشاری کوڕی پاشا عەبدولعەزیز بە سەرخۆشی تەقەی لە ماڵی جێگری کونسوڵی ئەوکاتی بەریتانیا کرد و لە رووداوەکەدا جێگری کونسوڵ کوژرا. سزاکەی پاشا عەبدولعەزیز بۆ کەسانی بیانی جیاواز بوو، چونکە تەنها لە وڵاتەکە دەردەکران. بەڵام دوای فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی محەمەد بن سەلمان و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان و دروستکردنی پڕۆژە گەورەکان، حکومەتی سعودیە لە 24ـی مانگی یەکی 2024 رایگەیاند، رێگە بە کردنەوەی یەک فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەدەن ئەویش لە ریازی پایتەخت لە ناوچەی باڵویزخانەکان و تەنها بۆ دیپلۆماتکار و بالیۆزەکانە دەبێت. ئێستا ئەوەی جارێکی دیکەی میدیای عەرەبی و جیهانی سەرقاڵ کردووە هەواڵەکەی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکییە کە باس لەوە دەکات دەبێت ئەو کەسانەی دانیشتووی سعودیەن و ناموسڵمانن، بە فەرمی بیسەلمێنن داهاتی مانگانەیان لە 50 هەزار ریاڵی سعودی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە فرۆشگاکەوە و خواردنەوە کحولییەکان بکڕن. حکومەتی سعودیە ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسە بیانی و ناموسڵمانانە دەردەکات کە مەرجەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵە بە خواردنەوە کحولییەکانەوە بکەن. ئێستا تەنها یەک فرۆشتگای مادە کحولییەکان لە سعودیە هەیە کە دەکەوێتە ریازی پایتەختەوە، بەڵام هەوڵی کردنەوەی دوو فرۆشگای دیکە دەدرێت لە شارەکانی جیدە و زەهران. لە کافێیەکی ریازیش دیاردەیەکی نوێ دروستبووە و پیاوانی موسڵمان و ژنانی عەبابەسەر و نیقاب سەردانی دەکەن بۆ خواردنەوەی بیرەی بێ کحول کە بە بیرەی حەڵال ناسراوە.  کافێکە کەشێکی تەواوی وەک باڕ و یانەکانی هەیە، خاوەنی کافێکەش دەڵێت، دەمانەوێت ئەزموونێکی وا بدەین بە سەردانیکەرانمان کە بتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە بڵاوی بکەنەوە.

هەڵمەتى کۆکردنەوەى هەزاران کتێب بۆ کتێبخانەى چەمچەماڵ دەستیپێکردوە،  کاوە شێخ عەبدوڵا ڕۆژنامەنوس دەلێت، ئامادەم پەنجا کتێب لە کتێبخانە بچکۆلەکەی خۆم ببەخشم بە کتێبخانە خووساوەکەی چەمچەماڵ،  . ئەگەر تواناشم هەبوو زیاتر لەو ژمارەیە ببەخشم. وتیشى:   پێمخۆشە وەکو هەڵمەتێکیش دەستبکەین بە کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ. لاى خۆشیەوە محەمەد نوری رۆژنامەنوس و نووسەر: هەر بەبۆنەی پێشنیازەكەی كاوەی شێخ عەبدوڵاوە، منیش پێنج سەد كتێب دەبەخشمە كتێبخانەی چەمچەماڵ. هەڵمەتەکە لەڕێی 'هاوڵاتی'ـیەوە فراوانتر بوو؛ شۆڕش گەرمیانی، نووسەر و چاودێری سیاسی،  ماڵی وەفایی و زمناکۆ ئیسماعیل  پشتگیریی دەکەن. ماڵی وەفایی سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەکەین زمناکۆ ئیسماعیل دەلێ منیش 300 کتێب دەبەخشم  لەلایەکى دیکەوە، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە. وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە. حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.

وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردەوە، پەروەردەی سلێمانی راسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی 2026. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتیی مامۆستایان و قوتابیان و خانەوادەکانیان ، وەزارەتمان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕاسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦.  سامان سیوەیلی  وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ١٠ ی ١٢ ی ٢٠٢٥

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کەلار منداڵێک کەوتووەتە نێو ئاوی لافاو  وخنکاوە.  چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی بارانبارین، لافاو لە قەزای کەلار دروست بووە؛ بەوهۆیەوە منداڵێک کەوتە نێو ئاو و گیانی لەدەستدا." منداڵەکە لەسەر پردێک بووە و قاچی خلیسکاوە و کەوتوەتە نێو ئاوی لافاوەوە.   

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت،   سزای لەسێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، هەڵوەشایەوە. سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەسەردەبا، هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دوبارە بۆ هەمان لقی دەرکەری سزا نێردرایەوە. بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی دەرکەری سزا، واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێکرایەوە. مستەفا نیلی، پارێزەری وەریشە مرادی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئەکاونتی (ئێکس)ی خۆی نووسیویەتی: "دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو وەریشە مرادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان (نەبوونی تێگەیاندنی تۆمەت بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا)، سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ هەمان لق بەڕێکرایەوە". ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر ی ساڵی ڕابردوو(١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ “ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارەدان” لە ناڕەزایەتی بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت. وەریشە مرادی، خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبوولقاسم سەلەواتی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو. دوایین دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی وەریشە مرادی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و پارێزەرەکانی ناوبراو لە درێژەی یەکەمین دانیشتنی دادگا (٢٧ی جۆزەردان) و دووەمین دانیشتنیشدا، مافی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێنەدرا. هەروەها، وەریشە مرادی لە مافی بەرگریکردن لە خۆی لە درێژەی دادگاکەدا بێبەش کرا. ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگەی مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرابوو. هەروەها لە کاتی ڕفاندندا بە توندی لێی درا و بەبێ چارەسەری پزیشکی بۆ گرتووخانە گوازرایەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە 48 کاژێری رابردوودا، ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا زیادیان کردووە." ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025 رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 57 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 150 سانتیمەر بەرزبوونەتەوە، هەموو بەنداوە بچووک و پۆندەکانیش پڕ بوون یانیش سەرڕێژ بوون، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی زۆرترین بڕی بارانبارین لە 24 کاژێری رابردوودا لە وێستگە و ناوچە جیاوازەکان بڵاوکردەوە. بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخانیش دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەنداوی دهۆک بەراورد بە دوو بەنداوەکەی دیکە بچووکە، بەڵام سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە، زۆرترین بڕی بارانبارینی لە ناوچە جیاوازەکان راگەیاندووە: چوارتا (سلێمانی) 201 ملـلیمەتر،  یاخسەمەر (سلێمانی) 154.2 ملـلیمەتر،  بەرزنجە (سلێمانی) 206.5 ملـلیمەتر قەرەداخ (سلێمانی) 103.6 ملـلیمەتر،  قڕگە (سلێمانی) 107.6 ملـلیمەتر،  تەکیە (سلێمانی) 173.5 ملـلیمەتر سلێمانی 122.7 ملـلیمەتر،  چەمچەماڵ (سلێمانی) 127.1 ملـلیمەتر، ماوەت (سلێمانی) 112.1 ملـلیمەتر دەربەندیخان (سلێمانی) 143.6 ملـلیمەتر،   ئاخجەلەر (سلێمانی) 126 ملـلیمەتر.

دوای ئەوەی بە مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قوباد تاڵيبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی تۆمەتبەخشینەوە نییە و رۆژی ئەوەیە هەموومان چەمچەماڵی بین، جەختیکردەوە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ژیانی خەڵکی چەمچەماڵە و دواتر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتوە. ئەمرۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسکی رۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانن و بەڵێن بەخەڵکی چەمچەماڵ دەدەن لەگەڵیاندان و ناهێڵن لەوە زیاتر توشی نارەحەتیی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەیەکی فریاگوزاری خێرایان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی چەمچەماڵ. قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، یەکیان بۆ فریاگوزاری خێرا و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روداوەکە و دوپاتیکردەوە هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە کاتیش شوێنی گونجاو بۆ مانەوەی ئەو کەسانە دابین دەکەن، کە زیان بە ماڵەکانیان گەیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پرسی خوێندنیش، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن تا زیانەکان کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دروست نەکات، جەختیشیکردەوە. جەختیشیکردەوە سندوقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دروست دەکەن، چونکە روبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە پێویستی بەکاری هەرەوەزییە.  لە کۆتاییشدا قاوباد تاڵەبانی وپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزاریەکانی کردو رایگەیاند هەر ئەو کارانە لەوان چاوەروان دەکرێت و سواپای هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە دەستی هاوکارییان بۆ چەمچەماڵ درێژ کردوە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین ئاماری زیانەکانی شەپۆلی باران و لافاوەکەی شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.   شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفر لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا شارەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکووکیشەوە گرتەوە، کە کاریگەرییەکەی لە ڕۆژانی (08 و 09 / 12 / 2025) گەیشتە لووتکە، بەپێی دواین ئامارەکان، لافاو لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. سلێمانی و چەمچەماڵ؛ زۆرترین زیان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ڕایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، بارانێکی بەلێزمە باری و بڕەکەی گەیشتە 122.7 ملم، لافاو دروست بوو. قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە زۆرترین بڕی بارانیان لێ باریوە کە لە تەکیە گەیشتە 173.5 ملم، ئەمەش بووە کارەساتی نایەوە. بەپێی ئامارەکان، لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، 12 کەسیش برینداربوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە، زیانە ماددییەکانیش بریتین لە، زیانگەیشتن بە 500  ماڵ، ژێرئاوکەوتنی زیاتر لە100  دوکان و کۆگا، و ڕاماڵینی دەیان ئۆتۆمبێل. هەروەها ڕێگە سەرەکییەکانی کەرکووک-چەمچەماڵ و سلێمانی-چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە داخران. کەرکووک و داڕمانی پردی ستراتیژی لە پارێزگای کەرکووک، کە بڕی 39.4 ملم بارانی لێ باریوە، منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ لە گوندی فرقانی ناحیەی لەیلان گیانی لەدەستدا. زیانێکی گەورەی دیکە بریتی بووە لە داڕمانی پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق، کە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و بەغدا. ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە گەرمیان ئیدارەی گەرمیان یەکێک بوو لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەوە، دوای ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا 76.6 ملم باران باری. لافاوەکە بووە هۆی پچڕانی ڕێگەی نێوان کەلار-ڕزگاری و داڕمانی پردی نێوان کفری-ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا. زیانەکان لە گەرمیان بەرفراوان بوون؛ بەشێکی پڕۆژەی ئاودێریی سەلام (شادەماری ژیانی گەرمیان) بەتەواوی لەناوچوو، بازاڕی قەزای ڕزگاری و تۆڕەکانی کارەبا و پەیوەندی زیانی گەورەیان بەرکەوت و دەیان پڕۆژەی کشتوکاڵی و حەوزی ماسی تێکچوون. هەولێر و سۆران؛ برینداربوونی پێشمەرگە و بارینی بەفر لە پارێزگای هەولێر، دۆخەکە تا ڕادەیەک جێگیر بوو، بەڵام لە گوندی قەریەتاغ شەش ماڵ ئاویان تێچوو،  لە ڕووداوێکی دیکەدا لە سنووری بالیسان، شەش پێشمەرگە بەهۆی هەورەبروسکەوە بریندار بوون. لە ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریوە، لە دەروازەکانی زێت و حاجی ئۆمەران ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بوو. لە چەند گوندێکی وەک قەسرێ و خانەقا و سیدەکان، بەهۆی باران و داڕمانی زەوییەوە چەند خانووێک ڕووخان. هەڵەبجە و دهۆک و ڕاپەڕین لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی 92.5 ملم باران باری و پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا، ئاستی ئاوی سیروان بەرزبووەوە. لە دهۆک و زاخۆ دۆخەکە ئاساییتر بوو و زیانی گەورە تۆمار نەکراوە، تەنیا ئاستی ئاوی خابوور لە زاخۆ بۆ 205 سم بەرزبووەوە. لە ئیدارەی ڕاپەڕینیش بەهۆی بەفرەوە دەروازەی کێلی بەڕووی بازرگانیدا داخرا. لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، بەشێک لە پڕۆژەکانی ئاو 24  بۆ 48  کاتژمێر ڕادەگیرێن و داوا لە هاووڵاتیان دەکەن دەست بە ئاوەوە بگرن.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی: کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ چوار شەممە 10-12-2025 کەش / کەشی ئەمڕۆی ناوچەکەمان بە گشتی ئاسمان هەور و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت ,کاریگەری ئەو شەپۆلی باران بارینەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردبوو بەرەو کۆتای دەچێت , بەڵام ناجێگیری کەش هەندێ جار چالاک دەبێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و بەشێک لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەگەری کەمێک باران لەسەنتەری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک لەکاتی جیا جیا هەبێت . کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە کۆتای دێت ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەری نمە بارانە لە سەر ناوچەی جیا جیا. خێراى با / مام ناوەند دەبێت ( 15 – 20 ) کم/ک.  ئاراستەی با / باکووری ڕۆژ هەڵات. پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 9 ) کم دەبێت  سبەى پێنج شەممە 11-12-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری نمە باران لە هەندێ کاتدا هەیە , وە بەگشتی کەشەکە تا ڕادەیەک جێگیرە جگە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەندێ کات نمە بارانی دەبێت . خێراى با / مام ناوەند دەبێت ( 10– 20 ) کم/ک ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات . پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / ( 8 – 9 ) کم دەبێت. لەکات  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 14 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 14 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی سۆران: 10پلەی سیلیزی ئاکرێ : 15 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی ئامێدی: 10پلەی سیلیزی گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بەهۆی ئەو باران و لافاوەی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، بڕیاریدا هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست بۆ هەرێم دابین بکەن. دەقى ڕاگەیەندراو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکانی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی، هەروەها وەزارەتی دارایی پارەی فریاگوزاری تەرخان بکات بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی فریاگوزاری پێویست بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمەش دوابەدوای ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا کە بووە هۆی شەپۆلێکی لافاوی بەهێز. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران 10ی کانوونی یەکەمی 2025

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق دڵنیایی لە واژۆکردنی گرێبەستی نوێ بۆ بۆریی عێراق – تورکیا دەدات و دەشڵێت، زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی جەیهانەوە هەناردە کراوە. لەبارەی گازی هاوەڵیشەوە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو کۆتایی 2029 سووتاندنی گاز دەگەیێننە سفر. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکان کراوە، کە تێکڕای هەناردەی رۆژانە 200 بۆ 208 هەزار بەرمیل نەوتە. یەکەمین باری نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەیشتووەتە بازاڕەکانی ئەمریکا؛ بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، "کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکایە." رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاوی عێراق – تورکیا کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت. رۆژی 18ی مانگی رابردوو یەکەمین کۆبوونەوە لە ئەنقەرە لەنێوان هەردوو شاندی عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو. وەزیری نەوتی عێراق لەوبارەیەوە گوتی، "گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و بەم نزیکانە کۆبوونەوەی دووەم لە بەغدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بگەینە داڕشتنەوەی کۆتایی رەشنووسی رێککەوتنەکە." سەبارەت بە وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ، حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە کرد، "رێژەی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ لە 35٪ـەوە بۆ 73٪ بەرزبووەتەوە و پلانی وەزارەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی 2029، تەواوی ئەو گازەی کە ئێستا دەسووتێندرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و سووتاندنی گاز بگەیێننە سفر." وەزیری نەوت گوتیشی، "لە مادەکانی نەوتی سپی و گازوایلدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمهێنانی بەنزین گەیشتوونەتە 80٪، ئامانجیش ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو لە بەنزینیشدا بگەینە خۆبژێوی تەواو،" کە بە گوتەی ئەو، "ئەم هەنگاوانە ساڵانە 5 بۆ 6 تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێننەوە کە پێشتر بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی خەرج دەکرا." وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەش کرد، "توانای پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەکانی کەربەلا، بێجی و بەسرە گەیشتووەتە 460 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ یەکەمجاریش پاڵاوگەی بێجی دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی بەنزین بە ئۆکتانی سەرووی 95."

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڕی بارانبارینی 12 کاتژمێری رابردووی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە و لە دەربەندیخان زۆرترین باران باریوە.  کەشناسیی کوردستان هۆشداری ئەوە دەدات لە 24 کاتژمێری داهاتوودا لە گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە. بەگوێرەی کەشناسیی کوردستان بڕی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەمشێوەیە: هەولێر 14 ملم پیرمام 13.9 ملم شەمامک 10.6 ملم خەبات 7.2 ملم سۆران 9.4 ملم  بارزان 9.0 ملم  حاجی ئۆمەران 15.8 ملم  سلێمانی 53.5 ملم  چەمچەمال 80 ملم  دەربەندیخان 80.2 ملم  هەڵشۆ 30 ملم  کەلار 12 ملم دهۆک 1.8 ملم

بارەگای بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و کەرکووک دەکات و داوا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات بە زووترین کات بە هانای لێقەوماوانەوە بچن. ئەمڕۆ سێشەممە (9-12-2025) بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەداخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە کەرکووک سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون." ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەداخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە كەركووك سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون، پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان دەكەین و لە خودای گەورە داواكارین گیانی خوالێخۆشبوان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە كەسوكاریان ببەخشێت و هەروەها هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین. داواش لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە بە زووترین كات بە هانای لێقەوماوان و زیانلێكەوتوانی ئەو ڕووداوە بچن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ یارمەتیدانیان ئەنجام بدەن. بارەگای بارزانی 9ی كانوونی یەكەمی 2025

لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە؛  بەداخەوەن کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان کەوتوە بە تایبەت لە سنوری چەمچەماڵ و کەرکوک کە گیان لەدەستدانی لێ کەوتەوە ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وێرای ئاراستەکردنی پەژارە وماتەمیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، دەستخۆشیش لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بەردەوامن لە کارەکانیان. داواش دەکەن هەماهەنگی هەبێت لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکان و حکومەتی فیدڕالیش لە دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی  پێویست  بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە داهاتوودا. دەقی راگەیەندراوەکە راگەیەندراوێک  لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەداخەوە کە ئەمرۆ لەم شەپۆڵی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتوەتەوە  زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی  کەوتووە ، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنوری لەیلان لە کەرکوک  گەیشتە  گیان لە دەستدان و خنکان.  وێڕای  ئاڕاستەکردنی  ماتەم و پەژارەی  خۆمان  بۆ کەسوکاری کۆستکەوتوان ، دەستخۆشی لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هیممەت بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەن، بە پەرۆشەوە داواکارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەزگا ڕەسمییەکانی  حکومەتی  فیدڕاڵی لە دابیکردنی ئامێر و کەرەستەکانی پێویستن بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی کۆنترۆڵی  زیانەکان  بکرێن. بەتایبەتی کە ئەم شەپۆڵە ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.