هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆبانێ رایگەیاند، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی کۆبانێ هەیە و مزگەوت و قوتابخانەکان پڕن لە خەڵکی ئاوارە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرحان حاجی عیسا، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ بە کوردستان24ـی راگەیاند: کۆبانێ گەمارۆدراوە و هێزەکانی سەربە دیمەشق لە باشووری کۆبانێ ئاگربەستیان شکاندووە، بەڵام با هەموو لایەک باش بزانن و دڵنیایی دەدەینە هەموو کوردێک تاوەکوو قەترەیەک خوێن لە گیانی ئێمە دا بمێنێت ئێمە لێرە دەمینێین و بەرگریی دەکەین، بەشێک لە هاوکارییەکان گەیشتووەنەتە نێو کۆبانێ، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی کۆبانێ هەیە. فەرحان حاجی عیسا: مزگەوت و قوتابخانەکانی کۆبانێ پڕن لە خەڵکی ئاوارە، قسە و کرداری دیمەشق یەکناگرتەوە. کۆبانێ و دەوروبەری ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو حکوومەتەوە گەمارۆ دراون، ئەمەش دوای پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند ناوچەیەک و تێکچوونی دانوستانەکان هات. گەمارۆکە بووەتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا، هۆشداریی داوە لە "کارەساتێکی مرۆیی گەورە" و رایگەیاندووە، دانیشتووانی شارەکە رووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک، دەرمان و شیری منداڵان بوونەتەوە. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارینێکی "بێوێنە" ناوچەکەی گرتووەتەوە، دیارە لە 50 ساڵی رابردوودا بەفری وا نەباریوە. کۆبوونەوەی ئاوارەیەکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەرەوە لەنێو شاری کۆبانێ، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بەردەوامن، بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و مەترسییەکان لە ئارادان. رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکردووە و چاوەڕێی رەخساندنی دەرفەتن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی کۆبانێ.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئامارە بەراییەکانی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 ڕاگەیاند، کە تێیدا داهاتەکەی 6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتەکە، کە پشت بە ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەبەستێت، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو (بە کۆندێنسێتیشەوە) لەو مانگەدا بڕی 107 ملیۆن و 651 هەزار و 61 بەرمیل بوە. داهاتی بەدەستهاتوو لەو بڕەش گەیشتووەتە 6 ملیار و 388 ملیۆن و 429 هەزار دۆلار. دەربارەی سەرچاوەی هەناردەکردنەکە، وەزارەتەکە وردەکارییەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕو: کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور: 100 ملیۆن و 420 هەزار و 48 بەرمیل. هەرێمی کوردستان (لە ڕێگەی بەندەری جەیهان): 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل. هەروەها ئەو بڕەی هەناردە کراوە بۆ ئوردن بڕی 309 هەزارو 712 بەرمیل بوە وە بڕی هەناردەکراو لە کێڵگەی قەیارە: 923 هەزار و 774 بەرمیل بوە.
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕۆژى سێشەممەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دیاریکرد و سبەیش پرسە ئابوورییەکان و بابەتى مووچە تاوتوێ دەکرێن. دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە کاتژمێر 11:00ـى پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات و 18 بەربژێریش ڕکابەرى لەسەر پۆستەکە دەکەن، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە نزار ئامێدى و پارتى دیموکراتى کوردستان بە فوئاد حسێن دەچنە ناو پرۆسەکەوە. کارنامەى دانیشتنى سبەى دووشەممەش لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش تاوتوێکردنى پرسە ئابوورییەکان و مووچەیە. دانیشتنەکە پاش ئەوە دێت لە کۆتاییەکانى ساڵى 2025، حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى هەوڵەکانى بۆ چاکسازى دارایى دەستپێکرد، بە ئامانجى کەمکردنەوەى خەرجییەکان و زیادکردنى داهات. هەر ئەمڕۆش ئەنجوومەنى نوێنەران ئاڵنگاری و پێشهاتەکانى سووریا و ڕەوشى سنوورەکانى تاوتوێکرد، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات، هەنگاوى خێرا بنێن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەیان کە چەکداری داعشبوون و ئێستا لە گرتووخانەکانی عێراق و سووریادابوون.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشوازی لە شاندێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد و پێکەوە تاوتوێی دۆخی ئێستای ناوچەکەیان کرد. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پرسی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست بە وردی تاوتوێ کرا. هەروەها هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ڕۆژئاوا و خەڵکی سڤیل کردەوە لە هەر شەڕ یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی کە ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوون، هاوکات دووپاتیان کردەوە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی کاتی لە ڕێگەی دیالۆگی بونیادنەرەوە چارەسەر بکرێن.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ئەنجامی تۆپبارانە بەردەوامەکانی لایەنەکانی دیمەشق بۆ سەر گوندی ئەلقاسمیە لە ڕۆژئاوای کۆبانی، منداڵێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی درێژکردنەوەی ئاگربەستە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر گوندی قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، منداڵێک شەهید بووە و سێ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەستدا تێپەڕ بووە، بەڵام گروپەکانی دیمەشق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە. هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئەو گروپانە هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر گوندەکانی زرک و قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، هاوکات گوندی جەلەبییەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەشیان کردووەتە ئامانج. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان وەسف کراوە، چونکە هێرشەکان ڕێک دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەستیان پێکردووەتەوە. دۆخی شاری کۆبانێ و دەوروبەری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانەکانەوە زۆر هەستیار بووە، درێژکردنەوەی ئاگربەست کە بڕیار بوو بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بێت، وەک دەرفەتێک بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەبینرا، بەڵام بەردەوامبوونی تۆپبارانەکان و بە ئامانجگرتنی گوندە ئاوەدانەکان نیشانەی ئەوەیە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق پابەندی بەڵێنەکان نین، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ناوچە کوردنشینەکان دروست دەکات و پڕۆسەی سەقامگیری لە باکووری سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەکاتەوە. زانیارى زیاترhttps://t.me/hawlatinews/32005
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو شەڕڤانانەی کە شەهید بوون و ئەوانەی کەوتوونەتە دەستیان و بە دیل گیراون [لای هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا]، زۆریان بە مەیدانیی لەسێدارە دراون، واتە هەر کەسێک کە دەستگیر کرابێت، دەستبەجێ گولـلەباران کراوە. ئیلهام ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر رووداوی لەو شێوە هەبووە کە هەر لە شوێنی دەستگیرکردن، شەڕڤانەکانیان گولـلەباران کردووە، لە تەبقە، رەققە و دێرەزوور هەبووە، زۆرترین دیمەنەکان لە رەققە و تەبقە دەرکەوتوون، هەندێکیش لە شێخ مەقسوود." بە گوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەوانەی گولـلەباران کراون بە سەدان شەڕڤان دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە هەموویان شەڕڤان نەبن، بەڵکو کەسانی سڤیلیشیان تێدایە، بۆ نموونە ئەوانەی شێخ مەقسوود." تاوەکو ئێستا دیارنییە چەند شەڕڤان بە دیل گیراون. ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: "هێشتا ژمارەیان دیار نییە، چونکە ئێمە نازانین کێ بە دیلی کەوتووەتە دەستیان و کێش شەهید بووە، هێشتا ئەو ژمارەیەمان پێ نەگەیشتووە."
بارەگاى بارزانى لەراگەیەندراوێکیدا دەڵێت: ڕۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان و دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد.
ساڵح موسلیم دەڵێت تۆم باراک داوای لە کورد کردوە شەڕی حەشدی شەعبی بکات و ڕەتمان کردەوە و وتمان ئێمە بەکرێگیراوی کەس نین و شەڕی گەلی خۆمان دەکەین، لەدوای ئەوەشەوە هێرشەکان دەستیان پێکرد و پلانگێڕییەکە جیهانیی بوو دژی کورد. ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ڕایگەیاند بە ئاشکرا داواکراوە کورد شەڕی حەشدی شەعبی بکات و تۆم باراک وتویەتی ڕاگرتی شەڕەکان یەکسانە بە هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لەلایەن کوردەوە. ساڵح موسلیم بە کورد تۆم باراک پێی وتون شەڕی حەشد بکەن و کورد بپارێزن لە شەڕی دیکە، ئێمەش لە کۆبوونەوەکەی دیمەشق بە تۆم باراک-مان وت ئێمە شەڕ و خەبات بە گەلی خۆمان و ئازادیی دەکەین، ئێمەی کورد بەکرێگیراوی کەس نین و شەڕی هیچ هێزێک ناکەین، هێرش نەکاتە سەرمان و ئەگەر هێرشەکان رانەگیرێن بەرگریی لە خۆمان دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشی سەر کورد بە وردی پلانی بۆ دانرابوو، دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی پاریس هێرشی سەر گەڕەکە کوردییەکانی سەر شاری حەلەب دەستیپێکرد. ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی لە کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەی پاریس ئامادەبوون دەستیان لە پلانی هێرش بۆ سەر کورد هەبوو، ئیسرائیل، تورکیا، فەڕەنسا، ئینگلتەرا و ئەمریکا ئەمەش ئەوە دەردەخات پلانەکە نێودەوڵەتی بوو. سەرکردە کوردەکە لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند: تورکیا پشتیوانی راستەوخۆی دیمەشقی کرد بۆ هێرشەکان و وڵاتانی کەنداویش لەڕێگەی میدیاوە پشتگیریان لەو پیلانگێڕییە کرد، ئەو گرووپانەی دژی کورد شەڕ دەکەن، بەنزیکەی هەموو پێداویستییەکانیان لە لایەن ئەنقەرەوە دابین دەکرێن. باسی لەوەشکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا هەم هێرش دەکات، هەم زانیاریش بۆ گرووپەکان کۆدەکاتەوە، چەندین چەک و زرێپۆش لەلایەن شەڕڤانان دەستیان بەسەرداگیراوە هی تورکیان، دەشڵێت، "پلانەکە تەنها رۆژاڤا نەبوو، بەڵکو باشووری کوردستانیش بوو، ئامانجەکە نەهێشتنی کورد بوو، هەروەها کشانەوە لە ناوچە عەرەبییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆمان بووە و ڕێگریمان کردوە لە شەڕی کورد و عەرەب، هیج زیانێکی گەورەش بەر هێزەکانمان نەکەوتوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتن، دووسبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەبچێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە نێوان سەرجەم سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان گفتوگۆ کراوە و بەشێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتوون، رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە (27ـی کانوونی دووەم) کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت. بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەگەر ئەو کاتە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکرێت، ئەوا دەکەوێتە رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئەم مانگە. گوتیشی "کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان، دەبێت لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر بدرێت." پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە. رۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە 19 کەس پێکهاتبوو، بەڵام نەوزاد هادی، یەکێک لە دوو کاندیدەکەی پارتی، کشانەوەی خۆی راگەیاند؛ بەمەش 18 کاندید لە کێبرکێیەکەدا مانەوە. ئەمانە 18 کاندیدەکەی دیکەن: 1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی 2- فوئاد محەممەد حوسێن بەکی 3. نزار محەممەد سەعید محەممەد 4- شوان حەوێز فەریق نامیق 5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد 6- حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری 7- نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا 8- ئاسۆ فەرەیدوون عەلی 9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی 10- سەباح ساڵح سەعید 11- ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی 12- سەردار عەبدوڵڵا مەحموود 13- موسەننا ئەمین نادر 14- خالید سدیق عەزیز محەمەد 15- ئازاد مەجید حەسەن 16- رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا 17- سالم حەواس عەلی ساعدی 18- لەتیف محەممەد جەمال ڕەشید پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو. هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق 1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن. 2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە. 3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت. 4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان دابینکراوە و یەکەم کاروانی هاوکارییەکانیش دەگاتە کۆبانێ. ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، لە شاری قامشلۆ، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی کار و چالاکییەکانیانیان لە رۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو. ناوبراو ئاشکرای کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، پرۆسەی گەیاندنی کۆمەکەکان بەردەوامە و تا ئەمڕۆ 114 بارهەڵگر گەیشتوونەتە ناوچەکە؛ هەر بارهەڵگرێکیش 12 تۆن پێداویستیی تێدایە. سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ شاری کۆبانێ، موسا ئەحمەد گوتی: "خۆشبەختانە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاوکارییەکانمان دەگاتە کۆبانێ، ئەمەش بەرهەمی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانییە لە ڕێگەی بارەگای بارزانی و پەیوەندییەکانەوە بۆ گەیاندنی دەستی یارمەتی بەو شارە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە دابینکردنی وزە کرد بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ڕایگەیاند: "بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سووتەمەنی (گازوایل) بۆ 81 قوتابخانە دابینکراوە. هاوکات 30 قوتابخانەی دیکە پاکێجی تەندروستی و خۆراکییان پێدراوە و هەر پاکێجێک 22 جۆر پێداویستی لەخۆ دەگرێت." دەربارەی ژمارەی سوودمەندان، سەرۆکی دەزگاکە ڕوونی کردەوە، تەنیا دوێنێ 5827 خێزان، واتە 34227 هاووڵاتی، لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون. لە کەرتی تەندروستیشدا تیمەکانیان چارەسەرییان بۆ 1367 نەخۆش کردووە و ڕۆژانە 3500 ژەمی خۆراکی گەرم دابەش دەکرێت. هاوکات لەپاڵ 150 کارمەندی دەزگاکە و مانگی سووری کوردی، توانراوە 200 هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە دەستەبەر (تەئمین) بکرێت. لە کۆتاییدا موسا ئەحمەد باسی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان سەرسامی خۆیان بە چۆنییەتی و جۆراوجۆریی هاوکارییەکان دەربڕیوە و بەڵێنی هەماهەنگیی تەواویان داوە بۆ گەیاندنی کۆمەکەکان بە هەموو ناوچەکان." دووپاتیشی کردەوە، ئامادەن بۆ خزمەتکردنی زیاتری کوردانی رۆژئاوا لەگەڵ هەر لایەنێک هەماهەنگی بکەن. بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی سووریا و قەیرانی دارایی و ئابڵووقەی سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، دۆخی مرۆیی لەو ناوچانە ڕووی لە خراپی کردووە. دەروازەی سنووریی "پێشخابوور – سێمالکا" وەک تاکە دەرچەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەکار دەهێنرێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای بوومەلەرزەکەی شوباتی 2023، ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیوە لە گەیاندنی کاروانی گەورەی هاوکاریی مرۆیی، خۆراک، دەرمان و کەلوپەل بۆ لێقەوماوان لە شارەکانی عەفرین، جندرێس، قامشلۆ و ئێستاش بۆ کۆبانێ، ئەمەش وەک بەشێک لە ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان هەژمار دەکرێت.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01- 2026 کەش /ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێ پەڵە هەور . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 15 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری رۆژهەڵات . مەوداى بینین / لە نێوان ( 8 – 10 ) کم/ک دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە ( 1 -3 ) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دۆێنێ . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ: هەولێر 15 پلەی سیلیزی پیرمام 10 پلەی سیلیزی سۆران 8 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 3 پلەی سیلیزی سلێمانی 9 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 12 پلەی سیلیزی دهۆک 12 پلەی سیلیزی زاخۆ 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 11 پلەی سیلیزی گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی سبەى دوو شەممە 26-01- 2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێـت بەگشتی . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 10 ). ئاراستەی با / باشووری رۆژئاو . مەوداى بینین / لەنێوان ( 8– 9 ) کم/ک. پلەکانی گەرما / بەرزترین و نزمترین کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 16 پلەی سیلیزی پیرمام: 9 پلەی سیلیزی سۆران: 10 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 4 پلەی سیلیزی سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 14 پلەی سیلیزی دهۆک: 13 پلەی سیلیزی زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی گەرمیان : 17 پلەی سیلیزی
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاماری نوێی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 28 رۆژدا کوژرانی 5459 کەس پشتڕاست کراوەتەوە؛ ئەمەش نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس زیاترە لەو ئامارەی حکومەت بە فەرمی رایگەیاندووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، ئاژانسی هرانا لە راپۆرتێکدا وردەکاریی زیانی گیانیی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە، کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەستیانپێکرد. بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو دوێنێ شەممە، کوژرانی 5459 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، کە 60ـیان منداڵن و 208 کەسیشیان لە هێزە ئەمنییەکانن. هەرانا ئاماژەی بەوەش کردووە، جیا لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 17 هەزار و 31 کەسی دیکە دەکرێت، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە. لەبارەی دۆخی بریندار و دەستگیرکراوەکان، ئاژانسەکە رایگەیاندووە برینی حەوت هەزار و 403 کەس لە خۆپێشاندەران سەختە. هەروەها ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا 40 هەزار و 887 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون. ئاماری حکومەت چییە؟ ئامارەکەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی قوربانییانی بە 3117 کەس راگەیاند. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لەو ژمارەیە "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون." خۆپێشاندانەکان کە سەرەتا لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی زۆری لێکەوتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە (حەوزەی عیلمییە)، 2221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەستبەردان لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان "کارەساتێکی گەورە" دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەنجوومەنی پیران بۆ پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگەیێنێت. پۆمپەیۆ کە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، رایگەیاند، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هاوپەیمانە دێرینەکانی لە شەڕی دژی داعش، دەبێتە "کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی". پۆمپەیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پۆستێکی لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی بڵاوکردەوە، کە ئاماژەی بە "خواستی بەهێز و گەشەسەندووی هەردوو پارت"ی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران کردبوو بۆ پاراستنی کورد و ئەو گرووپانەی یارمەتی ئەمریکایان دا لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش. پۆمپەیۆ لەسەر پۆستەکەی نووسیوە: "پشتکردنە هاوپەیمانە کوردەکانمان کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیجی دەبێت". مەترسیی لەسەر کۆبانێ و کۆتاییهاتنی ئاگربەست ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاگربەستی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) درەنگی شەوی شەممە کۆتایی دێت و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکە هەیە. گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە حکومەتی راگوزەری سووریا لە 13ـی کانوونی دووەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. هێزەکانی حکومەت لە حەلەب، دێرەزوور و رەققە پێشڕەوییان کرد و شاری کۆبانێیان گەمارۆ داوە. رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە دۆخێکی سەخت لە کۆبانێ دروستبووە. بەپێی ئامارەکان 150 بۆ 500 هەزار کەس لە شارەکەدا گەمارۆدراون و رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. مانگی سووری کورد گیانلەدەستدانی منداڵانی بەهۆی سەرما و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە تۆمارکردووە. سەرچاوەکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاندووە کە "ئاگربەستەکە تەواو بووە" و دیمەشق خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانە. لیندزی گراهام هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد بەردەوام بن، سزاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تووندتر، لەوانەش یاسای قەیسەر، دەگەڕێننەوە. مێژوویەکی ئاڵۆز لە سەردەمی پۆمپەیۆ وەک وەزیری دەرەوە (2018-2021)، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردانی سووریا جێگیر نەبوو. لە ئۆکتۆبەری 2019، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچە سنوورییەکان دەرکرد، ئەوەش رێگەی بۆ لەشکرکێشیی تورکیا خۆشکرد. لەو کاتەدا، پۆمپەیۆ نیگەرانییەکانی ئەنقەرەی بە "رەوا" ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بەشێوەی سەربازی بەرگری لە کورد ناکات؛ بڕیارێک کە لەلایەن سەرکردەکانی کوردەوە بە "ناپاکی" وەسفکرا و لە کۆنگرێسیش رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە. تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و دەستەڕاستی ترەمپ بۆ زۆر لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاندووە کە چیدیکە ئەمریکا وەک هاوبەشی ژمارە یەک، پشتیوانی بە هەسەدە نابەستێت، لەبەر ئەوەی ئێستا حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەسەدە لە دوو گەڕەک و گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، پارێزگەی دێرەزوور، پارێزگەی رەققە و چەند ناوچەیەکی پارێزگەی حەسەکە کشاوەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد: لەسەر بنەمای نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ 15 ڕۆژی دیکە. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش. هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندیی تەواوی خۆی بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دووپات کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، هەمیشە پەرۆشی ڕێزگرتنن لە ئاگربەست، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییە سەربازییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ناوچەکەدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم درێژکردنەوەیە، ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و پێویستە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و سەرخستنی هەوڵە سیاسییەکان. ئەم بڕیارەی هەسەدە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر گوشارێکی توندی سەربازی و مرۆییدان، نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی درێژکردنەوەی ماوەی بێدەنگکردنی چەکەکانەوە، دەرفەتی زیاتر بدەنە لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی کۆنکرێتی، ئەم 15 ڕۆژە وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینرێت بۆ تاقیکردنەوەی نیازپاکی لایەنەکان و هەروەها سووککردنی ئەو بارگرانییە مرۆییەی کە بەهۆی شەڕ و گەمارۆوە ڕووبەڕووی خەڵکی ناوچەکە بووەتەوە.
