فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوپای سووریای دیموکرات رایگەیاند: هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرکردە و گەلەکەیەوە، جێگەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە لەلایەن گەلەکەمانەوە. ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی " لەم قۆناغەدا پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە، لە کاتێکدا بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە سیاسییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ نێوەندگیری ئەمریکی، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دانوستان و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کراون، لە نێویشیاندا پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی نێوانمان لەگەڵ حکوومەتی سووریا. هەروەها نووسیویەتی "هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرکردە و گەلەکەیەوە، جێگەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە لەلایەن گەلەکەمانەوە". هەوکات دوێنێ پێنجشەممە، دوای کۆبووەنەوەی لەگەڵ تۆم بەڕاک و فەرماندەی سێنتکۆم، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پەیامێکی ئێکسدا، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر ڕاگەیاند.  مەزڵووم عەبدی دەڵێت: ئەم دیدارە بە ئامانجی تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەستپێکردنی دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بەڕێوەچوو. لە میانی ئەم کۆبوونەوەیەدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ تۆم بەڕاک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گفتوگۆیان کرد. فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە، پشتگیرییەکانی واشنتن و سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرۆسەی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ بایەخێکی جیدییان هەیە و جێگەی دەستخۆشین. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مەزڵووم عەبدی پێشوازی لە هەوڵەکانی تۆم بەڕاک کردووە کە کار دەکات بۆ گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان ئەوان و حکوومەتی سووریادا. 

رۆژنامەنووس محەممەد رەوف باسی دۆخی قامیشلۆ دەکات و دەڵێت، هاوکاری نەنێردێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو کارەسات روودەدات.  

سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند: نابێت پشتیوانی لە توندوتیژی بکرێت و بە هیچ شێوەیەک غەدرکردن لە کورد قبووڵکراو نییە.  سەرۆک بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند: پەیامی من بۆ میدیاکان ئەوەیە بەرگری لە مافی کورد بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە توندوتیژی مەکەن، پشتیوانی لەوە مەکەن شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە دروست بێت لە سووریا. "من وەکو خۆم هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕدا نیم و باوەڕیشم پێی نییە،  بەڵام گەر بگاتە ئەوەی غەدر لە کورد بکرێت و بەرنامەیەک هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، ئەو کاتە ئێمە هەموومان یەکین".    ئەمڕۆ هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگریی زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش. سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە. هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە. سەرۆک بارزانی گوتی: پەیامی من بۆ میدیاکارانی کوردستان ئەوەیە، بەرگریی لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە توندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات کە عەرەبن، چونکە شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە و نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاکاران دەبێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بێت و پشتیوانی لە کورد بکرێت، پشتیوانی لە مافی کورد بکرێت، ناشبێت ببنە ڕێگە خۆشکەر بۆ شەڕی دوو نەتەوە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا ستایشی عێراق لە پرسی پاراستنی دەستگیرکراوانی داعش و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیە ئەمنییە هەستیارەدا دەکات. پیت هێگسێت لە پەیامێکیدا لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی(ئێکس) ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی عێراق دەکات لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەویش لە ڕێگەی پاسەوانیکردنی دەستگیرکراوانی داعش لە زیندانەکاندا. هێگسێت جەختی لەوە کردەوە، عێراق ئەرکی سەرشانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ دەکات،هاوکات ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بوونی تیرۆریستەکانی عێراقی نین لەناو خاکی عێراقدا، کاتی دەبێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانە وڵاتانی جیهان هاووڵاتییە تیرۆریستەکانی خۆیان لەو بنکانە وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبووی دادگایان بکەنەوە. ئەم لێدوانانەی پیت هێگسێت لە کاتێکدایە کە پرسی زیندانیانی بیانی لە ناوچەکەدا بووەتە ئالنگارییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014ـەوە بۆ تێکشکاندنی داعش پێکهێنراوە، عێراق بە هاوبەشێکی دەبینێت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی زیندانی ئەقتانی راگەیاند و دەڵێ: "پشکنینی ورد بۆ دۆخی زیندانییان دەکرێت." وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی و زیندانییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بەمدواییە زیندانی ئەقتانی وەرگرت کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوو." "راستەوخۆ دوای وەرگرتنی کۆنتڕۆڵی زیندانییەکە دەستکراوە بە پشکنینی ورد و فراوانی دۆخی زیندانیان و فایلەکانیان و تاوانیان، فایلی هەموو زیندانییەک بەدواداچوونی لەسەر دەکرێت و بەپێی رێکاری یاسایی مامەڵە لەگەڵ هەموو راگیراوان دەکرێ.'' وەزارەتەکە وا دەڵێت. لەبارەی پاسەوانی زیندانییەکە وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "تیمی تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لایەنی پەیوەندیدار ئەرکی پاسەوانی زیندانییەکە و کۆنتڕۆڵی دۆخی ئاسایشی نێوخۆی زیندانییەکە وەردەگرن.'' وەزارەتی ناوخۆی سووریا باس لەوە دەکات: "پابەندین بە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا، بەدواداچوون بۆ دۆخی هەموو گرتووخانەکان دەکرێت، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایش و سەقامگیری بێ." زیندانی ئەقتان لە رەققە، لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە دا بوو، شەش رۆژ بوو لەژێر گەمارۆدابوو، نزیکەی 2 هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعشی تێدایە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی ئەقتاندان، "مەترسیدارترینی" نێو داعشن، لە باغۆز دەستگیرکراون کە دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش بوو و هەسەدە ناوچەکەی لەژێردەستی رێکخراوەکە دەرهێنا. شارۆچکەی باغۆز رۆژی 23ـی ئاداری 2019 لەلایەن هەسەدەوە لەدەستی داعش دەرهێنرا، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری داعش لەگەڵ 300 چەکداری راهێنراو خۆیان رادەستی هەسەدە کرد، دیمەنەکانی ئەوکات و بەرزکردنەوەی ئاڵای هەسەدە لە باغۆز لەجیهان دەنگی دایەوە، چونکە دوایین پێگەی داعش بوو لە دێرەزوور، هەمان رۆژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا کرد. دەستگیرکراوانی ئەقتان، سعودی، ئۆزبەکستانی، میسرین، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەنێو زیندانییەکەدا هەن پاسەوان و ئەو هاونیشتمانییانەی شەوی رابردوو لە زیندانی ئەقتان گوازرانەوە، ئەمڕۆ هەینی 23-1-2026 گەیشتنە شاری کۆبانێ .

رۆهلات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)  بانگەوازی لە گەلی کوردی نیشتەجێی ئەورووپا کرد ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەپەژە ڕۆهڵات عەفرین، گوتی: "پێویستە ژنان و گەنجانی کورد هەموو ببنە یەک دەنگ. بە ئیرادەوە ڕووبکەنە ڕۆژئاوا. ئەمڕۆ ڕۆژی خاوەندارییە لە شکۆ و ئازادی و خاک". ڕۆهڵات عەفرین بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بانگەوازی لە گەلی کوردی نیشتەجێی ئەورووپا کرد. لە پەیامەکەدا سڵاوی لە چالاکییەکانی پشتیوانی لە ئەورووپا کرد و گوتی: "گەلی ڕۆژئاوا لەسایەی چالاکی و جۆشوخرۆشی ئێوەوە هەستیان بە تەنهایی نەکرد. با ژنان و گەنجانی کورد هەموو ببنە یەک دەنگ. بە ئیرادەوە ڕووبکەنە ڕۆژئاوا. ئەمڕۆ ڕۆژی خاوەندارییە لە شکۆ و ئازادی و خاک". لەکۆتاییدا گوتی: "پێویستە گەلەکەمان لە ڕێپێوان و چالاکییەکاندا هۆشیاربێت بەرانبەر هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکان".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری و شەپۆلێکی بەفر و باران بۆ سەر ناوچەکەمان ئاسمان بە گشتی هەوری باراناویی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت هەندێک کاتیش تێکەڵەی وردە بەفر لەگەڵ باران دەبارێت، هەروەها پێشبینیدەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان بەفر ببارێت. دەشڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بەردەوامدەبێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکان پاشان بۆ شەو کەش ئاسایی دەبێتەوە کاریگەریی شەپۆلەکە کۆتاییدێت . بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەینێ شەممە ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت. سبەى  شەممە    ‌24-01-2026 کەش / ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت پلەکانی گەرما /  نزمترین بە 1 تــــا 2نزمتر دەبێت بەڵام بەرزترین بە ( 1 - 4 ) بەرزتر دەبێت بەراورد بە پلەکانی ئەمڕۆ .   خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20) کم/ک  . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی : هەولێر : 5 پلەی سیلیزی پیرمام : 2  پلەی سیلیزی سۆران : 1  پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران :  -4 پلەی سیلیزی      سلێمانی :  4 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 6 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 4 پلەی سیلیزی  دهۆک : 5  پلەی سیلیزی زاخۆ  : 5  پلەی سیلیزی ئاکرێ : 5  پلەی سیلیزی

ئەمریکا و ئیسرائیل چۆن لەسەر مێزی گفتوگۆ رۆژاڤایان پێشکەشی سوریا کرد؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لە رێککەوتنی پاریس لە شەشی ئەم مانگە کە تێیدا سوریا باشوری وڵاتەکەی دایە دەست ئیسرائیل و ئێستا ئیسرائیل هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای بەدەستەوەیە، هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لە چارەنووسی رۆژڤا درا، بە رەزامەندی ئەمریکا و ئاگاداری ئیسرائیل.  چی روویدا؟  بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، ئیسرائیلی، سوری و کوردەوە باسی دەکات، لەو کۆبوونەوەیەی شەشی مانگ کە نوێنەری ئیسرائیل و ئەمریکا تێیدا ئامادەبوون، شاندی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبارکردووە پشتگیری لە هەسەدە دەکات و داوایان لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە واز لە کوردەکان بهێنن و هانیان نەدەن بۆ دواخستنی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپا. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی سوریا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سنورداریان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەک کە بەدەست هەسەدەوەیە و لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمریکا هیچ بەرهەڵستییەکیان نەنوواندووە. لایەنی ئیسرائیلیش هەرچەندە پێشنیازەکەیان گوێ لێبووە، بەڵام دژایەتییان نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە پشتگیری هێرشەکەیان نەکردووە، چونکە یەخیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەڵێت: لە تەواوی کۆبوونەوەکە بەشداربووم، ئیسرائیل هەرگیز هێرشی سوریای بۆ سەر کورد پەسەند نەکردووە و گڵۆپی سەوزی بۆ دیمەشق هەڵنەکردووە، هەر قسەیەک جگە لەمە بکرێت ڕاست نییە. رۆیتەرز دەڵێت، پێش لەشکرکێشییەکە، تورکیا پەیامێکی بۆ سوریا ناردووە و گوتوویەتی:، واشنتن ئۆپەراسیۆنەکە دژی هەسەدە پەسەند دەکات ئەگەر خەڵکی سڤیلی کورد پارێزراوبن. هەر ئێوارەی هەمان رۆژی و دوای کۆبوونەوەکە، سوریا هێرشی دەستپێکرد و سەرەتا لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبەوە دەستیپێکرد دواتریش دەستی بەسەر پارێزگای دێرەزوور، شاری رەققە و تەبقادا گرت و ئێستا تەنها کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ بەدەست کوردەوە ماوە. ئاژانسی رۆیتەرز بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەشی ئاشکرا کرد کە 17ـی ئەم مانگە لە پیرمام بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، لە نێوان تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا تۆم باراک بە مەزڵوم عەبدی گوتووە، بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ شەرعە، نەک هەسەدە و دڵنیایی پاراستنی بە هەسەدە داوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەحمەد شەرع زیان بە هاووڵاتییانی سڤیلی کورد بگەیەنێت یان ناسەقامگیری لە بەندیخانەکاندا دروستبکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی زیندانیی داعشی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی شەرع چەندین پشێویان دروستکردووە لە نێو زیندانەکان و چەندەها زیندانیی داعش ئازادکراون، بەڵام ئەمریکا هیچ هەڵویستێکی نەبووە.  لە 18ـی مانگ کە رێککەوتنە 14 خاڵییەکە واژۆکرا لەسەر چارەنووسی کورد کە هەمووی دژی کورد بوو، بەتایبەتی تێکەڵبوونی هەسەدە بە تاک نەک بە فیرقە، کە مانای ئەوەیە دەبێت هەسەدە هەڵبوەشێتەوە؛ ئەحمەد شەرع بەتەواوی ویستی شارە کوردییەکانیش داگیر بکات، بەڵام رۆیتەرز دەڵێت، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزاکانی سەر سوریای کردووەتەوە بۆیە ئەحمەد شەرع ڕازیبوو بە ئاگربەستێکی چوار رۆژی، کە رۆژی شەممە کۆتایی دێت.  ئەوە بوو لە 20ـی ئەم مانگە تۆم باراک بەتەواوی دەستبەردانی ئەمریکای لە هەسەدە ڕاگەیاند و گوتی، رۆڵی هەسەدە بەسەرچووە و ئەمریکا پشتگیری لە قەوارەی سەربەخۆ ناکات، بەرژەوەندی کوردیش لەوەدایە بچێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێی سوریا.  بەم شێوەیەش، ئەمریکا و تا رادەیەکیش ئیسرائیل رۆژاڤایان پێشکەشی سوریا و تورکیا کرد و پاداشتی زیاتر لە 11 هەزار شەهیدی ڕۆژاڤایان بەمجۆرە دایەوە کە گیانی خۆیان لەپێناو تێکشکانی داعش و نەهێشتنی مەترسی تیرۆر لەسەر هەموو جیهان بەختکرد.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ تۆم بەڕاک نێردەی تایبەت سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا باسی پێشهات و دۆخی سووریا و ناوچەکەیان کردووە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، بڵاویکردەوە، سوودانی پێشوازی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا کردووە و بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کردووە، لەلایەن خۆیەوە سوودانی ئاماژەی گرنگی ئاسایش سووریا بۆ عێراق و ناوچەکە کردووەتەوە، هەروەها جەختی لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری و یەکگرتوویی خاکی سووریا کردەوە. هەروەها ئاماژەیان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام کردووە. بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تۆم بەڕاک پێزانینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای گەیاندووەتە سوودانی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و هەڵوێستی عێراق لەم قۆناغە هەستیارەدا.

برێت مەکگۆرک، نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەسەر ڕۆژئاواى کوردستان هاتە دەنگ و بە بەرپرسانى واشنتن دەڵێت کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن. برێت مەکگۆرک لە تۆڕى ئێکسى خۆیەوە ڕایگەیاند، دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگەی نیگەرانییە، دەشڵێت، کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن و بەهۆی ئەوانەوە جیهان زیاتر پارێزراوە. مەکگۆرک، دۆخی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاى بە جێگەی نیگەرانی ناوبردووە و دەڵێت "پێویستە ئاگربەست بەردەوام بێت". مەکگۆرک، کە لە لە 2015 بۆ 2018 نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دژى داعش، دەڵێت "هەر داڕووخانێکی ئەمنی بە تایبەت لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی داعش، لێکەوتەی خراپی نێودەوڵەتی دەبێت". برێت ماکگۆرک دەشڵێت، کورد لە عێراق و سووریا هاوبەشێکی جێگیرن، پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەمڕۆ جیهان زیاتر بەهۆی ئەوانەوە پارێزراوە.

جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، دیدارێکی بونیادنەرو بەرهەمدارمان لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکاو براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدا. جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: پشتیوانی ئەمریکا و سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ پڕۆسەی ئاگربەست، هەروەها هەوڵەکانی باڵیۆز باراک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان ئێمە و حکومەتی سوریا، پرسێكی جدی و گرنگەو جێگەی پێشوازی ئێمەیە. بە هەموو تواناکانمانەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە یەکگرتنی راستەقینە و پاراستنی ئاگربەستی ئێستا. لەلایەکى دیکەوە، هەر ئەمشەو فەرماندە مەزڵوم عەبدی، لە تۆڕی 'ئێکس بڵاویکردووەتەوە، کە پەیوەندییەکی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێکراوە. لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی فەرەنسا، پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکان لە پێناو گفتوگۆ و گەیشتن بە رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ کێشەکان، هەروەها پشتگیریی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی 18ـی ئازاری نێوان هەسەدە و دیمەشق دووپاتکردەوە.  

لە دوای ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی باشوور بە نوێنەرایەتی کوردان و دۆستانی دۆزەکەمان، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد و دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و شەڕڤانان و خوشک و براکانمان ئەنجامدا. وەک شایەتحاڵێک بە پێویستی دەزانین هەموو لایەک لەوە ئاگادار بکەینەوە، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمە و مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەداییە و پێویستە هەمووان ئەم مەترسییە بە هەند وەربگرین. لەگەڵ ئەوەشدا گەل و شەڕڤانان بە باوەڕەوە لەسەر پێن و بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، ئەم هێز و ئیرادەیەش لە یەکگرتنی سەرتاسەری کوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرچاوەی گرتووە. هەوڵ و چالاکییە جۆراو جۆرەکانی کۆی هاوڵاتیان دیوێکی تری خەباتی شەڕڤانانەیە. سەبارەت بە پەیامی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا، سڵاوێکی گەرم و پێزانینێکی زۆرییان بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوەندی کوردی هەبوو، بێگومان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە. لەم سۆنگەیەوە داواکارین: یەکەم: پارتە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ئاستی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەموو هەوڵەکانتان لە ئاستی سیاسی و دبلۆماسی بخەنەگەڕ، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەستبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان لەچوارچێوەی دەستوردا. دووەم: وێڕای سوپاسی دامەزراوەکانی هەرێم، پێویست دەکات لە سنوری سمێلکاوە کارئاسانی زیاتر بکرێت، بۆ گەیاندنی هەموو جۆرە هاوکارییەک و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤ی ، پەرلەمانی کوردستان. سێیەم: بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا هەن، هەروەها فراوانکردنی چالاکییە میدیایی و سیاسی و دبلۆماسییەکانی تر. چوارەم: داوا لە بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی دەکەین بەردەوامبن لە پشتیوانی چالاکییەکان و پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ڕاستینەی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنان و بریکارەکانیان، نەتوانن دەقەکانی قورئان و فەرموودە بەکاربهێنن، بۆ مەبەستی قڕکردن و لاوازکردنی گەلەکەمان و پەرتەوازەکردن و داگیرکردنی نیشتیمانەکەمان. لە کۆتاییدا، سەرکەوتن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمانە ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتیانی باشوور ٢٢ی ١ی ٢٠٢٦  

سبەى و دوو سبەى، نزیکەى 200 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیاوە دەهێنرێتەوە  بۆ هەولێر. ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەى باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند، سبەى یەکەم کاروانى کۆچبەرەکان لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر کە ژمارەیان 100 کۆچبەرە. گوتیشى "بە فەرمانى سەرۆکوەزیران، یەکەم گەشتى گەڕانەوەى کۆچبەرەکان بە فڕۆکەى (سى- 130) سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق دەکرێت، ڕۆژى دواتریش ئەو کۆچبەرانەى دیکە کەماونەتەوە دەگەڕێنرێنەوە". بەکر عەلى، سەرۆکى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سبەى کاتژمێر چوارى بەیانى فڕۆکەى کۆچبەرەکان لە لیبیا بەڕێدەکەوێت و چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر شەش بگاتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر. گوتیشى، بەگەڕانەوەى ئەو 200 کۆچبەرە، نزیکەى 250 کۆچبەرى دیکەى کورد لەو وڵاتە ماون بگەڕێنرێنەوە. نزیکەى 500 کۆچبەرى کورد کە بەنیازبوون لە لیبیاوە بگەنە ئەورووپا، لەو وڵاتە لەلایەن قاچاخچییەوە دەستگیرکراون و کار بۆ هێنانەوەیان دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەن. جەختی لەوەش کردەوە، هەرگیز ناهێڵن هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە، هاوکات بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنیان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: لە داڤۆس چەندین تەوەر هەبوو قسەی لەسەر بکەین، تەوەری یەکەم بریتی بووە لە؛ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکانی جیهان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانماندا لە داڤۆس؛ باسمان لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، سەرنجمان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت، هەروەها ئەو هێرشە ناڕەوانەی کە دەکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەو بابەتەمان بە جیددی باس کرد هیوادارم ئەنجامی هەبێت و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت. هاوکات باسی لەوە کرد، ئێمە توانیمان لە کۆبوونەوەکاندا لە داڤۆس، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە بیخەینە ڕوو، لە لایەکی دیکەوە هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات، هیوادارم ئەو ترسە لە ناو خەڵک نەمێنێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، هەر چەندە ئێمە بۆ بابەتی ئابووری هاتین بۆ داڤۆس، بەڵام دۆخی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ لەو ناوچەیە بووە بە بابەتی سەرەکی گوفتوگۆ و دیدارەکانمان لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک کراوە، ئەوەی من زانیوومە، هەردوولا تەقریبەن گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی بۆ ئەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تا ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت، هیوادارم شەڕ دووبارە بەرپا نەبێتەوە. مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی نییە، لەگەڵ کێ لە داڤۆس دیدار و کۆبوونەوەمان هەبوو، باسیان لەوە کرد کە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوەی ئێستا گرنگە دەبێت ئاگربەست بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵکی کوردستان نەمێنێت. لە بارەی ئابوورییەوە، مەسرور بارزانی، دەڵێت: بووژانەوەی ئابووری لە هەر وڵاتێک هەبێت، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانانی ئێمە و سەرمایەدارانمان، بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری، هەروەها بەشدار بن لەو چالاکییانەی کە ئێمە لە ئاستی نێوەدەوڵەتییدا دەیکەین، بۆیە سێیەمین ساڵە ئێمە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکەینەوە، ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری کوردستان بەشدار بوون، ئەوانیش دیداریان لەگەل کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێکی باشتر بۆ کرانەوەی کوردستان بە ڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی. لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بازرگان و سەرمایەدارانمان، بیانەوێت و ئارەزووی ئەوەیان هەبێت لە چ کەرتێک کار بکەن، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکەین. لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵێکی جیددی داوە بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە لە هەولێر میوانداریی مەزڵووم عەبدی و  تۆم بەڕاکی کرد، بۆ ئەوەی هەردوولایان بگەن بە ئەنجامێک تا ڕێگری لە شەڕەکە بکرێت، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نەبن و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت لە لایەن هەردوولاوە کە جێگەی ڕێز و قبووڵکردن بێت. دەشڵێت: سەرۆک بارزانی ئێستاش لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کە پەیامەکانی بە هەموو جیهان بگەیەنێت کە دەبێت ئەو شەڕەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ بێت. ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتایی دەڕوات، دیدارەکانی ئەمڕۆش لە هەولێر لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک  بۆ ئەوە بووە دەرفەتێکی زیاتر هەبێت تا ئاگربەست بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێکدادان. لەبارەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەر لە یەکەم رۆژەوە ئامادەبووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە، دەشبێت ڕێز لە ڕای خەڵکی کوردستان بگیرێت. لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، دوا چەندین ساڵ کە هەوڵی جیددیمان تا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت بچێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگاکە دوێنێ توانییان یەکەم کاروانی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ببەن، بەردەوامیشن لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژئاوا، ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین و نا‌هێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە.

هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ و خیانەتکارێکی سەرەکی لە کورد ئامادەکردنی هاوڵاتی پێشتر لەسەر چەند تۆمەتێکی گەندەڵی دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسییەکی گەورە، بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات و چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کورد، لە دەستی ئەودان.  ئەمە چیرۆکی تۆم باراکە، ئەو پیاوەی نغرۆ بووە لەنێو خۆبەزلزانین، ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی داگیرکاری. ڕەنگە پێشتر ناویت زۆر نەبیستبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ناوی تۆم باراکت زۆر گوێ لێدەبێت چونکە بووەتە نێوەندگیر لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا. چیرۆکی تۆم باراک پێمان دەڵێت دەسەڵات و سیاسەت چۆن لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.  تۆم باراک لە 6ـی نیسانی 1947 لە کالیفۆڕنیا لە خێزانێکی کۆچبەری لوبنانی لەدایکبووە. باراک بەهۆی کاری وەبەرهێنان لە کاری خانووبەرەدا هەر زوو دەوڵەمەند بووە، دواتریش کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتاڵی بۆ وەبەرهێنان لە خانووبەرە دامەزراند و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا. بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی باراک؛ ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووە نێو جیهانی سیاسەت، بەتایبەتی لەڕێی هاوڕێیەتی لەمێژینەیەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا. باراک، ڕاوێژکارێکی سەرەکی ترەمپ بوو، وەک بەرپرسی لیژنەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی 2017ـی ترەمپ، کاری دەکرد و لەو ئاهەنگەدا 107 ملیۆن دۆلاری خەرجکرد! بەمەش پێی نایە ناوەندی هەژموونی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، بەبێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێت.  لە پشت پەردەوە، پەیوەندی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سعودیە.  لە ساڵی 2021، باراک لە لایەن "ئێف بی ئای"ـیەوە بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکارێکی تۆمارنەکراو بۆ حکومەتی وڵاتانی دەرەوە دەستگیرکرا، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی دیکەشی درایە پاڵ، وەک پێشێلکردنی یاسا و درۆکردن لەگەڵ ئێف بی ئای.  لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، تۆم باراک تۆمەتبارکراوە بەوەی بە نهێنی بەرژەوەندییەکانی ئیماراتی لەنێو سیاسەتی ئەمریکا و کۆشکی سپی پەرەپێداوە و لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح داوە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە تا پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ وەبەرهێنان. تۆم باراک پێگەی خۆی بەکارهێناوە لە سیاسەتی ئەمریکادا تا پەرە بە سیاسەتەکانی ئیمارات بدات، لۆبی بۆ وڵاتەکە بکات و وێنایەکی جوانی بەرپرسانی وڵاتەکە پیشانی ڕای گشتی ئەمریکا بدات، ئەمانەش بەپێی تۆمەتەکانی پاڵی، نایاسایین و بە گەندەڵی لە قەڵەمدران. باراک دوو رۆژ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەتی 250 ملیۆن دینار، ئازاد کرا. لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی دادگایی کرا، تۆم باراک بە بێتاوان لە قەڵەم درا.  هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو مێژووەی بووە خاڵێکی ڕەش. ئێستا ئەم پیاوە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەسەر دەستی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ نێو جیهانی سیاسەت و دوو پۆستی پێدراوە. هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتیی ترەمپ بۆ سوریا کاردەکات. زۆربەی ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک بە کەسێکی ڕەگەزپەرست، خۆبەزلزان و قسە لەڕوو وەسف دەکەن، تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن ئێستا بووەتە داردەستی تورکیا. بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، تۆم باراک هێندەی وەک بالیۆزێکی تورکی مامەڵە دەکات، هێندە وەک باڵیۆزێکی ئەمریکی کار ناکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات.  بیروبۆچوونی لەسەر کورد چاوێکی ڕەخنەگرانەی لەسەرە چونکە لەم شەڕەی حکومەتی سوریا دژی هەسەدە، ڕێک ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات تورکیا دەیەوێت، ئەویش لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و داماڵینی چەکە لە هەسەدە، هەربۆیەش بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئێستا ئیتر ڕۆڵی هەسەدە دژی شەڕی داعش بەسەرچووە و حکومەتی سوریا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، باشترین کارێکیش کورد بیکات ئەوەیە بچێتە ژێر سایەی حکومەتی سوریا. هەرچەندە خۆی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی هەڵگرتووە و بە چاوێکی سووک و عەقڵێکی داگیرکرانەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت. یەکێک لەو نمونانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ساڵی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی لوبنانی گوت، دەبێت وەک کەسانی "شارستانی" مامەڵە بکەن و وەک "گیانەوەر" مەبن، ئەمەش ڕێک هەمان عەقڵیەتی ڕۆژئاواییە کە سەدەها ساڵە بەم بیرکردنەوەیە برەویان بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵات داوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەمریکا بە چاوساغی تۆم باراک پشتی لە کورد کردووە و دەڵێت، واشنتن دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا بژین و برەو بە جیاکاری و سەربەخۆیی نادات، ئەمەش ڕێک مەبەستی لە ڕۆژاڤایە و دەیەوێت کورد لە ناوچەی خۆی سەربەخۆیی نەمێنێت.  چیرۆکی باراک تەنها چیرۆکی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکێکە بەشە سەرەکییەکەی لەسەر پارە و هەژموونە کە تێیدا باراک، کاتێک لە چاوی کامێراکان دوورە، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و وەک بازرگانێک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەوانەوەیە کە پاڵپشتیی لێدەکەن