موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە، پەیامێکی بۆ گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕژئاوای کوردستان نارد و گوتی: "گرنگ نییە بەلامانەوە چی ڕوودەدات، بە هەر جۆرە قوربانیدانێک بێت گەلی ڕۆژئاوا دەپارێزین. وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان؛ چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین." فەرماندەی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) موراد قەرەیلان لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوارات (ANF)ـەفەوە پەیامێکی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کورستان نارد و گوتی: "ئەوەی پێویست بکات وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی دەدەین. دوور نییە سبەی یان کاتێکی گونجاو ئەم شەڕە باشووری کوردستانیش بگرێتەوە و بکرێتە ئامانج و ئامانجە تەواوی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردانە." "بۆ هەموو گەلی هێژا و گەلی ڕۆژئاوای کوردستانمان؛ سەرەتا بەڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. دیارە وەک گەل بە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبین. لە حەلەب تا حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ لە ئارادایە. لە کەسێتی فەرماندە زیاد حەلەب و دەنیز چیاکاکاندا هەموو شەهیدانی ئەم شەڕە بەڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. ئەمەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت بە تەنها شەڕێک نییە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو شەڕە لەسەر تەواوی کوردستان. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان وستاتۆکەی بکرێتە ئامانج وەک دەردەکەوێت لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا نایانەوێت گەلی کورد جێگە و پێگەی هەبێت. نایانەوێت گەلی کورد ببێتە خاوەن ئیرادە و ستاتۆی خۆی. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان و ستاتۆکەی بکرێتە ئامانج. هەرخۆی ئەم شەڕ و هێرشەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تەنهاکردن و دوورخستنەوەی ستاتۆی باشووری کوردستانە...

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکەن و گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە". ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی چەتەکانی هەتەشە و داعش کە بە هاوکاری و هەماهەنگی دەوڵەتی تورک هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کردووە، بەرخۆدان بکەن. موستەفا قەرەسوو، گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە"، بانگەوازی لە گەلی کورد و لایەنە دیموکراتیکەکان کرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن". پەیامەکەی موستەفا قەرەسوو بەم جۆرەیە: "بۆ هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان! بۆ هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی جیهان! ئێستە لە ڕۆژئاوا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێکی دڕندانە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. ئەمە هەمان ئەو گەلەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئازایانە بەرەنگاری هێرشەکانی داعش بوونەوە و خۆیان کردە قەڵغانی پاراستنی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر هێرشەکانی داعش و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشی. ئەم گەلە بۆ مرۆڤایەتی شەڕی کرد و تێکۆشا، ئێستا بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی، پیلانگێڕییەک کە هێزە نێونەتەوەییەکان تێیدا بەشدارن، هەوڵی لەناوبردنی خۆی و سیستەمە دیموکراتیکەکەی دەدرێت. ئێستە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێک بۆ نەهێشتنی کورد دەستی پێ کرد و دەسپێکەکەی لە شێخ مەقسوودەوە بوو. ئەمە هێرشی پاکتاوکردنە دژی کوردانی ڕۆژئاوا و دژی هەموو کوردێکە. ئەم هێرشە پەیوەندی بە هەموو گەلەکەمانەوە هەیە لە هەر چوار بەشی کوردستان. چونکە ئەمە هێرشی جینۆسایدە. دەبێت هەموو گەلەکەمان ئەم ڕاستییە ببینێت. پیلانگێڕییەک لە دژی کورد هەیە. تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و دیموکراسی، لەبەر بەرژەوەندییە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان سەرکوتدەکرێت. دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکرێتە ئامانج و هەوڵی تەسفیەکردنیان دەدرێت. هەوڵی شکاندنی ئیرادەی بەرخۆدان و خواستی ئازادی گەلی کورد دەدرێت. ئەمە تەنیا هێرشێک نییە بۆ سەر کورد لە ڕۆژئاوا. هێرشێکە دژ بە ئیرادەی ئازادی، ئیرادەی بوونی هەموو گەلەکەمان لە کوردستان. بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان، ڕاپەڕن. دەبێت لە تەنیشت گەلەکەمان بوەستین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەموو گەلەکەمان شەو و ڕۆژ بەپێوە بێت بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا. بە تایبەتی پێویستە گەلی باکوور و باشووری کوردستان پشتیوانی ئەم بەرخۆدانەی گەلی ڕۆژئاوا بکەن. دەبێت پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوا بکەین گەل و ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان بەشداریی تێکۆشانیان کردووە و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشیوە. گەلی ڕۆژئاوا بەم هەڵوێستە نەتەوەییە تێکۆشانی گەلی کوردیان بەهێزتر کردووە. ئەمڕۆ هەموو گەلی کوردستان، هه موو دۆستانمان، دەبێت دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە و بەرخۆدان بکەن. وەک چۆن گەلی کورد لە کۆبانێ لە دژی داعش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش بە هەمان ڕۆحی کۆبانێ، بە هەمان ئەو پشتیوانییەی کە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات بۆ کۆبانێ کرا، دەبێ لە پاڵ تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوادا بوەستین. لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥ بەرخۆدانی شەڕڤانان تاکە هۆکاری سەرکەوتن نەبوو. پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان و جیهان، دۆستان، هێزە سۆسیالیستەکان، پشتیوانی ئەخلاقی هۆکاری دەرکردنی داعش بوو لە کۆبانێ. بۆیە ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە ئێمە هەمان پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. پێویستە هۆشیاربین، سیاسەتی قڕکردن دژی گەلی کورد هەیە. پێویستە ئەمە ببینرێت. بۆیە ڕەنگە سبەی درەنگ بێت، دەبێت ئێستا هەستینە سەر پێ. بەتایبەت گەنجان و ژنان دەبێ هێزی خۆیان بدەنە ئەم تێکۆشانە. گەنجانی کوردستان بۆ ئەم ڕۆژانە هەن. بۆیە پێویستە گەنجان لە هەموو شوێنێکدا هەستنە سەر پێ. لە ساڵی ٢٠١٤ سنووری پیرسوس و کۆبانێ بوو بە هێمای بەرخۆدان لە دژی داعش. ئەمڕۆش دەتوانین بە هەمانشێوە پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. ئێستا کاتی هاتووە. چونکە هێرشەکان قێزەون و دڕندانەن. بینیمان چۆن تەرمی ژنێکی کورد لە شاری حەلەب فڕێدرا. کورد دەیان ساڵە بەرخۆدانی گەورەی نیشانداوە. لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا ڕاوەستاون و مەزنتر بوون. بەم ڕۆحی وڵاتپارێزیی و شۆڕشگێڕییە، بە حەسرەتی بوون و ئازادی، ئەم تێکۆشانە گەشەی کرد و سەرکەوتوو بوو. ئەمڕۆ ئەگەر باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەبێت، پاڵپشتی گەلەکەمان بکەین و هەموو خەڵکی چوار بەشی کوردستان هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت، دەتوانرێت ئەم هێرشە تێکشکێنرێت. هەروەها هێزە سیاسییەکانی چوار بەشی کوردستانیش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا هەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ ناکەن، گەلەکەمان لێیان قبووڵ ناکات. بۆیە بەبێ هیچ پاساوێک دەبێ پشتگیریی لە تێکۆشانی ڕۆژئاوا بکەن. بانگەواز لە گەلی عەرەب بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە گەلی عەرەبی ڕۆژئاوا و سووریا دەکەم. عەرەب و کورد و سریانی دەیان ساڵە پێکەوە بە ئاشتی و خوشک و برایەتی و دوور لە شەڕ دەژین. لە هەموو شوێنێکی سووریا شەڕ و کێشە هەبوو، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خوشک-برایەتی ژیان. ئێستا هەتەشە و هەندێک هێز دەیانەوێت کورد و عەرەب بکەنە دوژمن. ئەوان دەیانەوێت دوژمنایەتی لەنێو عەرەبدا دروست بکەن بەرامبەر بە کورد. ئەمە دۆخێکی زۆر قێزەونە. ئەو عەرەبانەی لە شەڕی سووریا هەڵهاتبوون، هاتنە ناوچە کوردنشینەکان و کورد هەمیشە پێشوازییان لێدەکردن. بۆیە داوا لە عەرەبەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو عەرەبەکانی سووریا دەکەین مەکەونە ناو ئەم پیلان و گەمەیەوە. ئەم پیلانە نەک هەر زیان بە کورد دەگەیەنێت، بەڵکو زیان گەلی عەرەبیش دەگەیەنێت. بۆیە کەسانێک هەن دەیانەوێت دژی یەکتر هانمان بدەن، نابێت گوێیان لێ بگرن. بانگەوازی من بۆ هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراسیخوازەکانی جیهان ئەوەیە. هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ پاڵپشتییەکی زۆریان لە کۆبانێ کرد و ڕۆڵیان لە سەرکەوتنی کۆبانێدا هەبوو، دەبێ ئەمڕۆش ڕۆڵیان هەبێت. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو گەلی کوردستان و دۆستان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەم بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە دژی ئەو هێرشانە تێبکۆشن. سڵاو بۆ بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا دەنێرم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا! بژی گەلی کورد!".

رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، تەنیا مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە، بەڵکو ئامانجەکە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلی کوردە.  ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، ڕێگە نەدات جارێکی دیکە کورد لەو بەشەی کوردستان پاکتاو بکرێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە هێرشبەرەکان کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ بوونی گەلی کورد هەیە و دەیانەوێت ئەو هێزە لەناو ببەن کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت.  بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، ڕزگارکردنی زیندانییانی داعشە وەک ئەوەی لە ڕەققە ڕوو دەدات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا چاوی هێرشبەران لەسەر کۆبانێیە و پلان بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان لەو شارە دادەنێن. رامی عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر پێکهاتەی سوپای سووریا و ڕایگەیاند کە 18 هەزار چەکدار کە لە نێویاندا چەکداری چەندین وڵاتی بیانی هەن، دژی کورد شەڕ دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو لەبەردەستدایە، ئەو تاوانە گەورانە دەسەلمێنن کە سوپای سووریا دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات، بە بڕوای ئەو دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و ڕایگەیاند: ناوبراو جگە لە کوشتن و بڕین، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە.  رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، حکوومەتی ئێستای سووریا تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتی ڕەها لەدەستی خۆیدا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە وەک کورد خاوەن دەسەڵات نەبێت، هەر بۆیە پەنایان بۆ کوشتن و وێرانکاری بردووە بۆ سەپاندنی خواستەکانیان. ئەم هۆشدارییانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە لوتکە و مەترسییەکی جددی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جۆراوجۆر و میلیشیا بیانییەکان بوونەتەوە.

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازی ڕێپێوانی فراوانی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و داوا لە گەل و هەموو حزبەکان دەکەن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری و پشتیوانی ڕێپێوانەکە بکەن. ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازییەکی بەپەلەی سەبارەت بە ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی بەشداریی لە هەڵمەتی سەفەربەریی گشتیی دژی هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لە بانگەوازەکەدا هاتووە: لەم چرکەساتە مێژووییەدا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی و پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژیدایە، لەم سۆنگەیەوە و لەژێر درووشمی “یان بەیەکەوە دەژین، یان بەیەکەوە دەمرین” داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەین، لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەدابڕاوەکان خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرەو رۆژئاوا. ئەنجوومەنەکە داواش لە هەموو حزبەکان دەکات بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە شێوەیەکی فراوان بەشدار و پشتیوانی چالاکییەکە بن، هەروەها داوا لە میدیاکان دەکات لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ببنە بەشێک لەم چالاکییە جەماوەرییە. هەر لە بانگەوازەکەدا ئەنجوومەنەکە داوا لە ڕەوەندی کوردی دەکات، بکەونە ناو چالاکیی جۆراوجۆری جەماوەری و دیپلۆماسی و سیاسیی بەردەوام، لە پێناو پاراستی گیانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا. سەبارەت بە کات و شوێنی خۆپیشاندانەکەش ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سبەینێ کات و شوێنەکەی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێكدا:  - لە 6ـی کانوونی دووەمەوە گەلەکەیان رووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووەتەوە، ئەمرۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کە خاوەن بیری داعشن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان چڕ کردووەتەوە، بەو خەیاڵەی کە بتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن. - وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێمان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعشانەی تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەمرۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیێنین کە شارەکانمان لە دێرکەوە تاوەکو حەسەکە و کۆبانێ، دەکەینە گۆڕستان بۆ داعشە نوێیەكان کە لە لایەن تورکیاوە ئاراستە دەکرێن."  - سنورەكان تێكبشكێنن و یەكلگرن ئەمرۆ رۆژی کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مێژووییە؛ ئێمە جارێکی دیکە نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە داگیرکارییەک بەهێزترە.

 هەسەدە چۆن تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی  لەماوەی 48 کاتژمێردا کورد لە رۆژاڤا خاکێکی زۆری لەدەستدا و ناچارکرا بە کشانەوە، بەڵام چەندین هۆکار هەبوون کە گرینگترینیان ئەمریکای لەپشتە.  هەروەک چۆن واشنتن لەساڵی 2019 گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکرد تا گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژاڤا داگیربکات، ئەمجارەش وادەردەکەوێت ئەمریکا هەمان کاری بۆ دیمەشق کردبێت چونکە لە راستیدا ئەمریکا هەسەدە وەک هاوپەیمانێکی نابینێت، بەڵکو تەنها وەک هاوبەشێکی بازرگانی تەماشای دەکات و هەرکات بەرژەوەندی لەگەڵ نەما وازی لێدەهێنێت. ئەمە قسەی خودی چەند بەرپرسێکی ئەمریکییە کە خۆیان لەبارەی هەسەدەوە کردوویانە. ئێستا لەنێو کورد تووڕەیەکی زۆر دژی ئەمریکا دروستبووە، بەتایبەتی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی واشنتن بە "خیانەت" ناوزەند دەکەن، بەڵام من پێتان دەڵێم بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێشتر چۆن باسی کورد و هەسەدەیان کردووە. ساڵی 2017 جۆناسان کۆوهن، کە بەرپرسێکی خانەنشینی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە پانێڵێکدا باسی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر هەسەدە کرد و گوتی، سیاسەتێکی کاتی، مامەڵەکاری و تاکتیکییە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئیدارە یەکلەدواییەکەکانی ئەمریکا هەڵوێستیان بەمجۆرە بوو بەرامبەر کورد و هەسەدە چونکە پێشتریش جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، لە کۆتایی ساڵی 2018 لەبارەی هەسەدەوە گوتی، پەیوەندییەکی هەمیشەییەمان لەگەڵ قەوارەی خوار دەوڵەت نییە، پەیوەندی ئێمە بە هەسەدەوە تەکتیکییە و سروشتێکی مامەڵەکاری هەیە. تەنانەت تۆم باراک، کە ئێستا نێردەی ترەمپە بۆ کاروباری سوریا، لەناوەراستی ساڵی رابردوو قسەیەکی تووندتری کرد و گوتی: هەسەدەیە یەپەگەیە، یەپەگەش بەشێکە لە پەکەکە، ئەمریکا پشتگیری لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ هەسەدە یان کوردستانێکی ئازاد ناکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەمریکا هەرکات کاری بە هەسەدە نامێنێت بەمجۆرە پشتی تیێدەکات، هەر بۆیە بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، ئەمریکا وەک "کۆمپانیایەکی سیکیوریتی" تەماشای هەسەدە دەکات. هۆکارێکی دیکەی لەدەستدانی ئەو خاکەی بەدەست بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە بوو، هەڵگەڕانەوەی هۆزە عەرەبەکان بوو لە تەبقا، رەققە و دێرەزوور کە پێشتر هەسەدە لەدەستی داعش پاراستنی، بەڵام بە رۆژێک خیانەتیان کرد و پشتیان تیکرد. پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت، هەر ئەمە بوو وای لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کرد، بە ناچاری رێککەوتنەکەی حکومەتی سوریا واژۆ بکات.  بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی ئیسرائیل، چونکە ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ سوریا لە شەشی ئەم مانگە واژۆیکرد بەجۆرێک ئیسرائیلی قایلکردووە کە خیتابەکانی لەسەر سەربەخۆی کورد و دروزەکان کەمبکاتەوە.  ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا سوودێکی زۆر دەکات تورکیایە چونکە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری خواستەکانی تورکیایە، بەتایبەتی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا. پێنجشەممەی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەسەدە هێشتا کیشەیە لە سوریا و لەساڵی 2026 ئەو کێشەیە ناهێڵین. پێش ئەم قسەیەی هاکان فیدان، سوریا بەوە رازیبوو بوو هەسەدە بە سێ فیرقەی جیاواز بچێتە نێو سوپاوە، بەڵام لەدوای ئەم قسەیەوە هەموو شتەکان گۆران و لە رێککەوتنەکەدا ئەوە چەسپێنراوە کە دەبێت سەرجەم هێزەکانی هەسەدە بە تاک بچنە نێو سوپای سوریا، واتە هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە و شەڕڤانانیش تاک تاک دابەش دەبن بەنێو سوپا و کاریگەرییان نامێنێت، ئەمە جگە لەوەی رەنگە بەهۆی پاساو و تۆمەتی "تیرۆر" لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا بەشێکیان لە سوپای وەرنەگیرێن.

لە راگەیەندراوێكدا هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویكردەوە: تا كاتی ئامادەكردنی ئەم بەیاننامەیە بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە، تا ئێستا (9) شەڕڤان شەهیدبوون و (20)ی دیكە بریندارن. هەسەدە ڕایگەیاند لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر زیندانی ئەقەتان لە ڕەققە، 9 شەڕڤانیان شەهید بوون و 20ی دیکەش بریندار بوون؛ هاوکات ڕەخنە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرن کە سەرەڕای مەترسییەکان، هیچ هەنگاوێکیان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش نەناوە. دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی، وردەکاریی دۆخی مەترسیداری زیندانی ئەقەتانی لە شاری ڕەققە ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ماوەی سێ ڕۆژە هەسەدە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ شوێنێکی ئارام، بەڵام سەرەڕای بەڵێنەکان، هاوپەیمانان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرووپە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر زیندانەکە. لە کاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەدا بۆ پاراستنی زیندانەکە و ڕێگریکردن لە هەڵاتنی داعشەکان، شەڕێکی سەخت ڕوویداوە. هەسەدە ڕایگەیاندووە، ئاماری قوربانییەکان تا ئێستا بریتییە لە شەهیدبوونی 9 شەڕڤان و برینداربوونی 20 شەڕڤانی دیکە هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکەنەوە کە شەڕ و پێکدادانەکان لەنێو دۆخێکی ئەمنیی زۆر مەترسیداردا هێشتا بەردەوامن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەواوی ‌هێزەکانی لە سەرجەم سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا لەوپەڕی ئامادەباشی و چاودێریدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی تێرۆریستان. لیوا میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی کردەوە: "سەرجەم سنوورەکانی عێراق ئارامن و ناوچە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا لەوپەڕی پتەویی و چاودێریدان و هیچ مەترسییەک لەسەر سنوورەکان نییە". ئەم دڵنیاییەی بەغدا لە کاتێکدایە کە هەڕەشەی هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاد بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە زیندانی "شەدادی" لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکان نەماوە.  هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چاودێریی وردی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هەر جووڵەیەکی گوماناوی لەسەر هێڵی سنووریی دەکەن.  حکومەتی عێراق ئامادەکاریی تەواوی کردووە تاوەکو ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی بەکۆمەڵ یان تاکەکەسیی تێرۆریستان بکات کە بیەوێت سوود لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەربگرێت بۆ تێپەڕبوون بەرەو ناو خاکی عێراق. دۆخی ناوخۆی سووریا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی هەندێک زیندانی داعش، فشاری ئەمنیی لەسەر عێراق دروست کردووە، بەڵام بەرپرسانی ناوخۆ جەخت دەکەنەوە کە سوپا و هێزەکانی سنوور لە حاڵەتی "ئامادەباشیی پێشوەخت"دان و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتە بەر تاوەکو ئاسایشی نیشتمانیی بپارێزرێت. عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا ملیارەها دیناری بۆ دروستکردنی دیوار و خەندەقی سنووریی لەگەڵ سووریا خەرج کردووە؛ ئەم هێڵە سنوورییە کە درێژییەکەی زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هەمیشە وەک مەترسیدارترین ڕێڕەوی گواستنەوەی تێرۆریستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بینراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەزینی بەهای دینار پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەر و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکاوە هەیە. بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 500 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ناجێگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار دەگەڕێنێتەوە. رۆژی دووشەممە 19-01-2026 سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش سەری ساڵ، هەر 100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئێستا بە جیاوازییەکی بەرچاو بەهای دینار رووی لە دابەزین کردووە و نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 147 هەزار و 500 دینار." سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو دابەزینە خێرایە، سیامەند مەولوود گوتی، "دانانی پارە لە بانکەکان کەم بووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەری." سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکاری سەرەکیی دابەزینی دینار بۆ دۆخی سیاسی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کرد، هاووڵاتییان خستنەڕووی دۆلاریان کەم کردەوە." سەرەڕای ئەو دابەزینە، سیامەند مەولوود گەشبینە بەوەی دۆخەکە کاتییە و دەڵێت، "ئابووری راستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە؛ پێشبینی دەکەین دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی، بەهای دینار جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکات."

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕایدەگەیەنێت  هۆشداری دەدەین لە پابەند بوونی هاونیشتیمانیان و شوفێران لە بەکارهێنانی رێگاکانی دەرەوە بەتایبەتی کە لە خێرای دیاری کراو کەمتر لێبخورن بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕانی کەش و هەواوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. هۆشداری گرنگی کەش و هەوا بۆ دوو رۆژی داهاتوو . بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی وەزارەتمان دەردەکەويت کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەوا و دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما پێشبنینی بکرێت لە زۆربەی پارێزگاکانمان و سەنتەری شار و رێگا سەرەکیەکان شەختە درووست بێت و شەقامەکان ببەستن بەهۆیەوە مەترسی زۆری درووستبوونی رووداوی نەخوازراوی لە ئارادایە ، بەو هۆیەوە هۆشداری دەدەین لە پابەند بوونی هاونیشتیمانیان و شوفێران لە بەکارهێنانی رێگاکانی دەرەوە بەتایبەتی کە لە خێرای دیاری کراو کەمتر لێبخورن بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕانی کەش و هەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمادا درووست دەبێت لەماوەی ٤٨ کاژمێری داهاتوو ، ويڕای هەبوونی بەفر و کڕێوە لەناوچە شاخاوی و نزیک سنوورەکان و بەشێک لە ناوچە بەرزەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی .. دیلان رەشاد  وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووریی کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات کردەوە. حکومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی توندکردنەوەی ڕێکارە داراییەکان و فرەجۆرکردنی داهاتەکان، ڕزگاری بێت لە وابەستەیی تەواوەتیی بە نەوت؛ ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی جدیی بۆ ڕێکخستنەوەی خەزێنەی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان لە کاتێکدا کە بازاڕی وزە بەردەوام لە گۆڕاندایە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، بەتایبەتیش پێشنیازی دیاریکردنی نرخی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی دارایی وڵات".  لەم کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیرانی دارایی، پلاندانان و بازرگانیی تێیدا بەشدار بوون، چەندین پێشنیازی گرنگ تاوتوێ کران. یەکێک لەوانە پاڵپشتییکردنی هەناردەی کاڵای عێراقیی بوو لەرێگەی پێدانی قەرز و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئابووریی نانەوتیی، تاوەکو داهاتەکان تەنها لە یەک سەرچاوەوە نەبن. سوودانی بڕیاریدا لیژنەی جیاواز و پسپۆڕ پێکبهێنرێن بۆ ئەوەی بە وردیی لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو پێشنیازەکان بکەن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدەن، بە جۆرێک کە هەموو هەنگاوەکان پاڵپشتیی لە پلانی چاکسازیی ئابووریی حکومەت بکەن و خەرجییە ناپێویستەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. حکومەت دەیەوێت نرخی بەرهەمە نەوتییەکان و شێوازی پاڵپشتییە داراییەکان ڕێکبخاتەوە. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا زنجیرەیەک بڕیاری نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەربچێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت. ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش هەمیشە حکومەتەکانی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی کردووەتەوە لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا.

هەسەدە: هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، دوای چەندجار هێرشی گرووپە چەکدارەکان  بۆ سەر زیندانی ئەلشەدادی و شەهید و برینداربوونی ئەندامی هێزەکانمان، ئێستا رایدەگەیەنین، کە زیندانەکە کە هەزاران زیندانی داعشی تێدابوو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە. زیندانەکە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەیەکی هاوپەیمانان دوورە، بەڵام ئەوان دەستواردانیان نەکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی ڕایگەیاند، زیندانی شەدادێ کە هەزاران تیرۆریستی داعشی تێدایە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان چووەتە دەرەوە.  ئەم پێشهاتە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، زیندانەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی چڕ و یەک لەدوای یەک بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، شەڕڤانان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتێکی ئەمنی و مرۆیی، لە چەندین قۆناغدا بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهید و برینداریان داوە، سەرەڕای بەرگرییەکی سەخت، بەهۆی توندیی هێرشەکان و بەردەوامیی فشارەکان، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵی ئەو گرتووخانە ستراتیژییەیان لەدەستداوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ئاماژەی بە هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە و ڕایگەیاندووە، زیندانی شەدادێ تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانان لە ناوچەکە دوورە، بەڵام سەرەڕای بانگەواز و داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هاوکاری و دەستوەردان، هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و نەچوونەتە هاناوەیان. زیندانی شەدادێ یەکێکە لە گرتووخانە هەرە گرنگ و مەترسیدارەکانی ناوچەکە، کە هەزاران چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدا ڕاگیرابوو. دەرچوونی ئەم زیندانە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەگەری دووبارە ڕێکخستنەوەی چەکدارانی داعش دروست دەکات، کە پێشتر لە چەندین هەوڵی هاوشێوەدا هەوڵی شکاندنی زیندانەکانیان داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند دەوڵەتی ئێران لە بەرانبەر پێدانەوەی تەرمی خۆپیشاندەران کە لە ٢٢ ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەڵێننامە بە کەسوکارەکانیان پڕدەکاتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی ئێران بەرانبەر گەلانی ئێران و گەلی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بە خواستی 'نان و ئازادیی' لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد ڕایگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران تا ئێستا ٢٤ هەزار و ٦٦٩ کەس دەستبەسەر کراون، سێ هەزار و ٩١٩ کەس کوژراون، دوو هەزار و ١٠٩ کەسیش بریندار بوون." لە کۆی ٣ هەزار و ٩١٩ کوژرا و ٢٥یان منداڵن لە درێژی ئامارەکەدا هاتووە: "لەو ژمارەیە ٢٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کوژراون، هەروەها لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ خۆپیشاندەران گەیشتووەتە  ١٤٥ خۆپیشاندەر، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن." بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە تەرمەکان وەردەگیرێتەوە ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە وەک چۆن لە پێشتر بەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارە تەرمی خۆپیشاندەران ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرایەوە، لە ئێستاشدا گوشارەکانی دەسەڵاتی ئێران بەردوامەو و دەڵێت: "هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوەکان لە پزیشکەکانی داد دەبیندرێت، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەت فشار لەسەر خێزانەکان هەیە بۆ بێدەنگ بوون و ناشتنیان بە شەوانە ئەنجام بدرێت. تەنانەت بە مەرجی واژۆکردنی دەتوانن تەرمی کەسوکارەکانیان وەربگرن."

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە      19-1-2026 کەش / ئاسمان نیمچە هەور و هەندێ ناوچە هەوری تەواو دەبێت .لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆڵەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە دووبارە چالاک دەبێتەوە باران بارین لە سەر ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمە باران دەست پێدەکاتەوە لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاویە بەرزەکان و  سنوورییەکان  . ئیداەی ڕاپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی سۆران ڕێژەی دابارینی زیاتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی تر , شێوازی دابارینی مامناوەند دەبێت . خێراى با / لەسەر خۆ-مامناوەند  ( 10– 20) کم/ک  هەندێ کات دەگاتە سەرووی 20 کم لە کاتژمێرێکدا  . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 8 کم دەبێت  پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (2-4) پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ   هەولێر : 10 پلەی سیلیزی  پیرمام : 7  پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  -3 پلەی سیلیزی    سلێمانی :  8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ :  9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی  دهۆک : 9 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 10 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 8  پلەی سیلیزی سبەى سێ شەممە  ‌  20-1-2026 کەش/ باران بارین لە کاتەکانی بەرەبەیان لەسەر زۆربەی ناوچەکەمان کۆتای دێت و ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە  جگە لە بەشێک لە سنووری پارێزگای( سلێمانی وهەڵەبجە ) کەمێک دابارینی دەبێت  پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆ بە گشتی کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتای دێت ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت.     خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند   ( 5 – 15 ) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات    پلەکانی گەرما/ نزم دەبێتەوە بە (2-4) پلەی سیلیزی بە تایبەت نزمترین پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە  .    مەوداى بینین / 7– 9  کم لە کاتی تەم بۆ کەمتر لە 2 کم .  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 7 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران :  -4 پلەی سیلیزی      سلێمانی : 5 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە :6 پلەی سیلیزی  دهۆک :6 پلەی سیلیزی زاخۆ  : 7  پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8  پلەی سیلیزی تێبینی /لەگەڵ کاریگەری ئەم شەپۆڵە ئەم شەو پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە کاریگەری ئەم نزم بوونەوەیە سبەی زیاتر دەبێت  .  

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند،  بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو رۆژ کرایە پشوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییدا، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی. ئاماژەی بەوەشکرد، پشووەکە دوو رۆژە کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە،  20 و  21 کانوونی دووەم دەگرێتەوە.