جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات کێشەکانی گەلی کورد لە سووریا بە ئاشتی چارەسەر بکات. ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ئەنجامداوە. لە پەیوەندییەکەدا، ڤانس داوای لە شەرع کردووە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن و کێشەکانیان لەگەڵ کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە ئەحمەد شەرع. پێی گوتووە، بەردەوامبوونی گرژییەکان لەگەڵ کورد و ئاوارەبوونی خەڵکی زیاتر، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە بیر لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر سووریادا بکاتەوە. ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەندان ناوچە، بەتایبەتی لە دەوروبەری حەلەب، پەرەیان سەندبوو. لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند ئەمریکا بە جددی لەسەر هێڵە. ئامانجیان ئەوەیە هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق گرژییەکانیان وەلاوەنێن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکانی تایبەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانیان. باراک جەختی کردەوە واشنتن "بە شەو و ڕۆژ" کاردەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی هەردوولا بۆ دانوستان. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیدارەی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ی ئازاری 2025، ڕێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا واژۆ کرد؛ بەڵام جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە و هەردوولا یەکترییان بە پێشێلکردنی بەندەکانی تۆمەتبار کرد.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی دۆست و وەک نیشاندانی نیازپاکی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی تێکەڵکردن و پابەندبوون بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار، بڕیاریان داوە کاتژمێر 7ی بەیانی سبەینێ هێزەکانیان لە هێڵەکانی تەماسی رۆژهەڵاتی حەلەب بکشێننەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێزانە کە لە دوو رۆژی رابردوودا لەژێر هێرشێکی توندابوون، بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەگوازرێنەوە و لەوێ دووبارە جێگیر دەکرێنەوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بە پشتبەستن بە بانگەوازی گەلانی دۆست و ناوبژیوانان، و لە نیشاندانی نیەتپاکیمان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتن و پابەندبوون بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، بڕیارمانداوە کە سبەی بەیانی کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی هێزەکانمان لە هێڵە پەیوەندییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی حەلەب کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کەوتوونەتە ژێر هێرشەوە، بکشێنینەوە، و دووبارە بڵاوکردنەوەیان بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات. مەزلوم عەبدی - فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سووریا و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە. سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وردەکاریی جموجۆڵە نوێیەکانی واشنتنی بۆ کەناڵی کوردستان24 خستەڕوو. نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەولێر کۆبێتەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی مەیدانی جەنگ و دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەمریکی بۆ ناوچەی دێرحافر، نوێنەرەکەی مەسەدە ڕوونیکردەوە: "دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، سوپای عەرەبیی سووریا پلانی هەبووە درێژە بە هێرشەکانی بدات و ناوچەی دێر حافر بکاتە ئامانج." ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە چوونی شاندی ئەمریکا بۆ ئەو ناوچەیە هەنگاوێکی کرداری بووە بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە لە نزیکەوە و ڕاگرتنی هەر هێرشێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سینەم محەممەد باسی لە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا کرد بەرانبەر بە دۆخەکە و گوتی: "ڕاستە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، بەڵام ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە و هاتوونەتە سەر هێڵ. لە کۆتاییدا، نوێنەری مەسەدە جەختی کردەوە کە لە گفتوگۆکانیاندا پەیامێکی ڕوونیان داوەتە ئیدارەی ئەمریکا و پێیان ڕاگەیاندوون: "پاراستنی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، پرسێکی هەستیار و زۆر گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت."
ئەحمەد شەرع، مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد کە تێیدا جەخت دەکاتەوە هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو. بە پشتبەستن بە ئەحکامەکانی ڕاگەیاندنی دەستووری و لەسەر بنەمای پێویستییەکانی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و لەبەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی مافە کولتووری و شارستانییەکانی هەموو هاووڵاتییانی سووریا، ئەم بڕیارانە دەرکرا. ماددەی 1: هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان، و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو. ماددەی 2: دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا. ماددەی 3: زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان یان وەک چالاکییەکی کولتووری و پەروەردەیی. ماددەی 4: کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە نائاساییانەی کە دەرەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 بوون لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەسەر خاک و وڵاتی سووریا نیشتەجێن، بە "مەکتومولقەید"ەکانیشەوە (ئەوانەی ناویان لە تۆمارەکاندا نییە)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا. ماددەی 5: جەژنی "نەورۆز" وەک پشوویەکی فەرمیی (بە مووچەوە) لە سەرتاسەری سووریا دیاری دەکرێت، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات. ماددەی 6: دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر و هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای ڕەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغە دەکرێت، هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت. ماددەی 7: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی. ماددەی 8: ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت. ئەحمەد شەرع، مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026ـی سەبارەت بە کورد دەکرد. پێشەکی مەرسومەکە؛ بە پشتبەستن بە ئەحکامەکانی راگەیاندنی دەستووری و لەبەر رۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی مافە کولتووری و شارستانییەکانی هەموو هاوڵاتییانی سوریا، ئەم بڕیارانە دەرکرا. مەرسومەکە لە هەشت مادە پێکهاتووە، کە بریتین لە: 🔻 هاوڵاتییانی کوردی سوریا بەشێکی سەرەکی و رەسەنی گەلی سوریان. 🔻 دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کلتووری و زمانی و مافی هاوڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا. 🔻 زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و رێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی، کە کورد رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن. 🔻 کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و رێکارە نائاساییانەی کە دەرەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 بوون لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەسەر خاک و وڵاتی سووریا نیشتەجێن، بە "مەکتومولقەید"ەکانیشەوە (ئەوانەی ناویان لە تۆمارەکاندا نییە)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا. 🔻 جەژنی "نەورۆز" وەک جەژنێکی نیشتمانی و پشوویەکی فەرمیی (بە مووچەوە) لە سەرتاسەری سوریا دیاری دەکرێت، کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات. 🔻 دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر و هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای رەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغە دەکرێت، هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت. 🔻 وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنە و بەپێی تایبەتمەندی خۆی. 🔻 ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.
بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەو هێزانەی پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ سەردانی دێرحافریان کرد، دوای هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانی هێرشەکانی ئەم دواییە، کۆتاییان بە سەردانە مەیدانییەکانیان هێناو دوای تەواوبونی ئەرکەکەیان گەڕانەوە. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، پرۆسەی هەڵسەنگاندن و دۆكۆمێنت كردنەكە شوێنە بە ئامانج گیراوەكانی گرتووەتەوە، لەوانە، باڵەخانە، دامەزراوەکان و ماڵی هاوڵاتیان کە بۆردومانکراون. زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هێزەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی بەرپرسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە لە سوریاو عێراق و ئوردون، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی ژنان، بە سەركردایەتی "رۆهلات عەفرین و چیا كۆبانی" ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و کۆبونەوەیەکی گرنگیان لە شارۆچکەی دێرحافر ئەنجامداوە. كۆكردنەوەی زانیارییەكان لە دێرحافر پەیوەست بووە بە بۆردومانی گروپە چەكدارەكانی دیمەشق و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و بڕیارە راپۆرتی تەواو و زانیارییە بەڵگەدارەکان رەوانەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) بكرێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بڕیارە ڕۆژی شەممە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە شاری هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە. هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاند: سبەی لە شاری هەولێر، هەر یەکە لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوانیان بە نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و ڕێگەگرتنە لە پەرەسەندنی گرژیی زیاتر لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، هەڤاڵ فارس بە مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە. هەر کەسێک فەرمانبەری حکومی بێت یان راسپێردڕابێت بۆ خزمەتی گشتی و سەرپێچی لە کارەکەی بکات دەکرێت بەم مادەیە دەستگیربکرێت و سزا بدرێت. سزاکەی چییە؟ ئەگەر لەکاتی دادگاییکردن سەلمێنرا سەرپێچی لە پیشەکەی کردووە سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، یان پێبژاردن کە لە 100 دینار زیاتر نەبێت. تێبینی: سزای پێبژاردنەکە بە چاپی کۆنی دراوی عێراقی دیاریکراوە کە دەکاتە 15 هەزار دینار.
ئاسایشی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی مامۆستا ئایینییەکەی گەڕەکی راپەڕین بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە گوتارەکەیدا، هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە." کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ 16-01-2026 لە مزگەوتی بەختەوەریی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، گوتاری رۆژی هەینی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و گرژی و ئاڵۆزی لە مزگەوتەکەدا. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستبەجێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، "گوتاربێژەکەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی." کارزان شێرکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، "(هەڤاڵ فارس مەولوود) پیشەی ئەندازیارە و خۆبەخشانە گوتاربێژی (مزگەوتی بەختەوەری)یە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ناوبراو لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بە کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی لای نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە." بەپێی گوتەی گوتەبێژی دەزگاکە، ئێستا ئەو مامۆستا ئایینییە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارە بە ماددەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی و راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە. روونکردنەوەی مادەی 240 لە یاسای سزاکانی عێراقی مامۆستا ئایینییەکە بەپێی مادەی (240) لە یاسای سزاکانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969) راگیراوە. ئەم مادەیە دەکەوێتە چوارچێوەی "سەرپێچیکردنی فەرمانە فەرمییەکان" و ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیە: دەقی یاساکە: سزا دەدرێت بە بەندکردن (الحبس) کە لە 6 مانگ تێپەڕ نەکات، یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە (100) هەزار دینار زیاتر نەبێت (بەپێی هەموارکردنەوە نوێیەکان بڕەکەی گۆڕاوە)، هەر کەسێک سەرپێچی بکات لە فەرمان یان بڕیارێک کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان دەسەڵاتێکی گشتییەوە دەرچووبێت، یان خۆی لە جێبەجێکردنی فەرمانەکە دزیبێتەوە. بۆچی ئەم مادەیە بەکارهاتووە؟ لە دۆسیەی ئەم مامۆستا ئایینییەدا، مادەی 240 بەکارهاتووە چونکە: 1- گوتاربێژی لە مزگەوتەکاندا رێنوێنی و یاسای تایبەتی هەیە، کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن، بەکارهێنانی مینبەر بۆ "ناوزڕاندن" یان "دروستکردنی ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی" وەکو سەرپێچیکردنی ئەو رێنوێنییە گشتییانە ئەژمار دەکرێت. 2- دروستکردنی پشێوی لە شوێنێکی گشتیدا (مزگەوت) وەکو سەرپێچیکردنی فەرمانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەیر دەکرێت.
دوای ئارامییەکی کاتی لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا، لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی یەکێک لە بەهێزترین شەپۆلەکانی بەفربارین لەمساڵدا، کە تێیدا سپێتیی بەفر زۆربەی ناوەندە شارەکان دادەپۆشێت. بەگوێرەی پێشبینییەکان لە دوای نیوەڕۆی یەکشەممە (18-1-2026): شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بەفر بگاتە سەنتەری شارەکان. شێخ دارا، شارەزای کەشناسیی ئاڤا میدیا گوتی: بە ئەگەری 80% لەناو سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و دەوروبەری کەرکووک بەفر دەبارێت. باسی لەوەشکرد، تێکڕای پلەکانی گەرمای ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو لە ساڵانی ڕابردوو کەمترە؛ پلە بەرزەکان 4 بۆ 6 پلە و پلە نزمەکان 6 بۆ 12 پلە جیاوازییان هەیە.
مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئیدارەی وڵاتەکەی، چەند وێنەنەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: عێراق مەزن دەکەینەوە. مارک ساڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمڕۆ هەینی 16ی کانوونی دووەمی 2026، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر یەک لە پێت هێگیسیس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا و سباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: لە کۆشکی سپی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆبوومەوە و گفتوگۆمان لە بارەی ئەو باس و بابەتانە کرد لە سەردانی داهاتووم بۆ عێراق دێنە پێش، بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروستیان لە بارەوە بدەم کە لە بەرژەوەندی و خزمەتی گەلی عێراق بن. ساڤایا لەکۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "عێراق مەزن دەکەینەوە".
رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای دەکات • هۆکاری دواخستنی هێرشکردنە سەر ئێران، نەبوونی هێزی پێویستی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا • بە ترەمپ ڕاگەیەندراوە هێرشکردنە سەر ئێران، رووخانی ڕژێم مسۆگەر ناکات • ترەمپ بڕیاریداوە چاودێریی مامەڵەی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران بکات، پێش ئەوەی بڕیاری هێرش بدات • ترەمپ داوای ئامادەکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووە، بۆ حاڵەتی دەرکردنی فەرمانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران • رەنگە ترەمپ فەرمانی ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "لینکۆڵن" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات لەلایەکى دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: • کوشتن لە ئێران وەستاوە.. تەنها ترەمپ ئەو هێزەی هەیە کە خەڵک ملکەچ بکات • چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ئەگەرێکى بەهێزە • سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان لە کوشتن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، پەیوەندیمان بە ئێرانییەکانەوە کردووە
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت: ئێمە لە هاکان فیدان تێناگەین وەزیری دەرەوەی تورکیایە یان سوریا. دوێنێ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتى: بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە هەسەدە لە زووترین کاتدا بڕیارەکانى رێککەوتننامەى 10ـى ئازار جێبەجێ بکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەڵێ، "هەر لایەنێک بە ناوی هەسەدەوە دانوستاندن بکات، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل سەرناگرێت.'' لەبەرانبەر ئەو وتانەى فیدان، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: دۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات بابەتێکی ناوخۆیی بۆ دەوڵەتی سوریایە نەک تورکیا وتیشى: “پەیوەندی بە تورکیاوە چییە؟ ئەوە پرسێکی سوریایە؛ با حکومەتی سوریا بڕیاری لەسەر بدات، تەنانەت دیمەشقیش دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان بهێڵێتەوە، کەواتە بۆچی ئێمە لە تورکیە نیگەرانین لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان دانەنێن؟ دەشڵێت: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا و دەڵێ، هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە.
دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، دوای شکستهێنانی پلانێکی ئەحمەد شەرع چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو یان سبەینێ شەڕێکی قورس و خوێناوی ڕووبدات. بەهۆی هەڵکشانی مەترسییەکانیش ڕۆژئاوای کوردستان سێ دەروازەی گەورەی لەگەڵ سووریا داخستووە. دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تا دێت خراپتر و مەترسیدارتر دەبێت، بەتایبەت لە دێر حافر و مەسکەنە و بەنداوی تشرین. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و تورکیا، لە 24 سەعاتی ڕابردوودا هێرشەکانیان چڕتر کردووەتەوە بەتایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، ئێستا هێزەکانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان بەرامبەر یەک لە سەنگەرن، سوپای عەرەبی سووریا هەڕەشەی هێرشێکی تووند و یەکلاکەرەوە دەکات. زەنگی دەستپێکردنی هێرشەکەیشی لێداوە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی مۆڵەتە 8 کاتژمێرییەکە، ئەمشەو تا بەیانی شەڕێکی قورس و خوێناوی ڕووبدات. مەترسیدارترین شوێن بۆ شەڕەکە دێر حافرە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژین و زۆربەیان عەرەبن، لەگەڵ مەسکەنە و بەنداوی تشرین لەلایەن سوپای سووریا بە ناوچەی سەربازی داخراو دانراون. سوپای عەرەبی سووریا دوێنێ ڕایگەیاند بۆ پاراستنی خەڵک ڕێڕەوێکی مرۆیی دەکەنەوە. مۆڵەتێکی 8 کاتژمێریشی دانابوو لە کاتژمێر 09:00ی بەیانی ئەمڕۆوە بۆ کاتژمێر 05:00ی ئێوارە، بۆ ئەوەی خەڵک ناوچە سەربازییەکان چۆڵ بکەن، بەڵام ئەو پلانەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان شکستی هێنا، بەدرێژایی ئەمڕۆ یەک کەس لە ڕێڕەوە مرۆییەکە دەرنەچوو. سوپای عەرەبی سووریا هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگری لە خەڵک کردووە لەڕێگەی ڕێڕەوەکەوە لەو ناوچانە دەرچن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت. هەسەدەش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: خەڵک خۆیان ڕایان نەکردووە و ڕازی نەبوون بە زۆرەملێ ئاوارە بکرێن و لەژێر هەڕەشە و فشار ماڵ و حاڵیان جێبهێڵێن، چونکە هیچ متمانەیەکیان بە سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان نییە. ئێستا دۆخەکە ئاڵۆز و مەترسیدارە، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان هەزاران چەکداریان کۆکردۆتەوە، هەرچی چەکی قورس هەیانە هێناویانە بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە. هەسەدەش سەنگەرەکانی قایم کردووە و هەڕەشە دەکات هەر هێرشێکیان بکرێتە سە بەتووندی وەڵامیان دەدەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بووێرییان نەبێت بیر لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بکەنەوە. نوێترین پێشهاتەکان: ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە دوو درۆنی بۆمبڕێکراو هێرشیان کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین. ٠ هەسەدە دەڵێت درۆنی بەیرەقداری تورکی بەشێوەیەکی چڕ و بەردەوام بەسەر ئاسمانی دێرحافر و مەسکەنەدا دەسووڕێننەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: بەهۆی هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، کارۆڵاین لێڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەھۆی ھۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و پەیوەندیی و گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ھەبووە و بە وەردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. هەروەها گوتی: سەرۆک ئەمەریکا ھۆشداری توندی دایە بەرپرسانی ئێران و هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بۆ سەرۆک کۆمار ماونەتەوە. گوتەبێژی کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری توندی داوەتە تاران لە ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوام بن، ئەنجامی قورسی دەبێت.
