بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا بە پلانی ئاشتی و کۆتاییهاتنی جەنگ لە وڵاتەکەی ڕازی بووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی کیێڤ و واشنتن لە جنێڤ هەندێک لە بەرگەکانی هەموار کراونەتەوە. سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی (فۆکس نیووز)ی ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕازی بووە، کە کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا دەهێنێت. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا هەندێک وردەکاریی بچووکی ڕێککەوتنەکە ماون یەکلا بکرێنەوە. جێف تۆلبێرت، گوتەبێژی سکرتێری سوپای ئەمەریکا "دان دریسکۆڵ"، بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، تیمەکەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە ئەبووزەبی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا. تۆلبێرت گوتی: گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئێمە گەشبینین. هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان، سکرتێر دریسکۆڵ لە نزیکەوە لەگەڵ کۆشکی سپی و ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا هەماهەنگی دەکات. بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی ئەوەشی بۆ فۆکس نیووز ئاشکرا کردووە، شاندی ئۆکرانیاش لە ئەبووزەبی بوون و لەگەڵ دریسکۆڵ و تیمەکەی پەیوەندیدا بوون. پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیەوێت بەر پێنجشەممە بچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنتی ئاشتی تەواو بکەن. باسی لەوەش کردووە، زۆربەی وردەکارییەکان و هەموارکراوەکان تەواو کراون، بەڵام هەندێک پرس هەیە زێلێنسکی دەیەوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ بکات. هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو بۆ ئۆکرانیا، دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆح و دەقی ئەو لێکتێگەیشتنانە بێت کە لە نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لووتکەی ئالاسکا کرا. هۆشداریشی دا، ئەگەر ڤێرژنی هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانە نەبێت ئەوا ڕووسیا، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەبووزەبی بکەن، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرانبەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت. ڕۆژی یەکشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد ڕوبیۆ ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە. لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی. هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ڕۆستەرم عومەرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکرانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، کۆتا ڤێرژنی ڕەشنووسی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕەنگدانەوە بەشێکی زۆری داواکاری و ئامانجەکانی ئێمە، کە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی دایە. هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت. لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.

تەیف سامى بڕیاریداوە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا مووچە بنێێرێت بەوتەی بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا  تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە چەند کاتژمێری داهاتوودا مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێرێت. ئەمڕۆ لە عێراق دابەشکردنی مووچە دەستی پێکرد، بەڵام تا کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تەنها مووچە وەزارەتی نەوت دابەشکرا، لە دوای نیوەڕۆوە ئینجا نۆرەی وەزارەتی پەروەردە هات، بەڵام بە کەموکورتییەوە دابەش دابەشکرا بەوەی هەرجارە و مووچەی پەروەردەی شارێک خەرج دەکرا هێشتاش تەواو نەبووە. بەرپرسێکی کورد لە بەغدا  ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە "چەند ڕۆژێکە پارە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکان، بەڵام بەهۆی کەمی پارەی کاش دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە". بەرپرسان و خەڵک ترسیان هەبوو ئەگەر بەمشێوەیە لە عێراق مووچە بدرێ، ناردنی مووچە خەڵکی کوردستان دوادەکەوێت. هاوکات ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرا، بەڵام باسی مووچە نەکرا. دوای کۆبوونەوەکە کاتژمێر چوار و نیوی ئێوارە بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە و پێی گوتووە "ئێستا دەستان بە دابەشکردنی مووچەی خۆتان کرد، کەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن؟"، وەڵامی تەیف سامی چاوەڕوان نەکراو بووە، "گوتوویەتی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرم". بەپێی ئەم لێدوانە بێت بۆ ئەم مانگەش كێشەی سیولە و پارەی کاشیان چارەسەر کردووە و ئێستا پارە هەیە. لەبارەی چارەنووسی دوو مووچەکەی کۆتایی ئەمساڵ، مانگەکانی 11 و 12 چی لێدێ؟ دکتۆر جەمال کۆچەر، کە لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوو، بۆ ئەم خولەش دەرچووەتەوە بە ئاڤای ڕاگەیاند، لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەم مووچەی ئەینێرم مووچەی مانگی نۆیە و نەیوتووە مووچەی  11ـەیە، واتە ئەو دوو مووچەی دەمێنێت لەسەر حکومەتی عێراقە بیدات، جا ئەگەر بکەوێتە ساڵی داهاتووشەوە هەر دەبێ بیدات. هەر ئەمڕۆ تیمێکی وەزارەتی دارایی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10ـی بردە بەغدا و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقیان کرد.

یەکێتی جەختدەکاتەوە، بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حکومەتی سەرکەوتوو پێکناهێندرێت، هەر حکومەتێکیش پێکبهێندرێت شکست دەهێنێت. ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپاسی متمانەی هاووڵاتیان دەکەین بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها یەکێتی پاپەندی بەڵێنەکانیەتی بەرانبەر بە خەڵک. وتیشی، یەکێتی دەرگای کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە هەرێم و یەکێتی پێداگرە لەسەر داواکارییەکانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت. کاروان گەزنەیی ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکان لە عیراق بە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان، چونکە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بەوەکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، لەناو کوردیشدا پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ ئەو پۆستەش کاندیدیان دەبێت. وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، وەکو یەکێتی ئامادەییان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بچنە بەغداد و لە رێگەی گفتوگۆوە، کێشەی موچە و بودجە چارەسەر بکەن، دەشڵێت، دەیانەوێت كورد لە بەغداد یەكدەنگ بێت. "یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، چونکە یەكێتی لە دوو هەڵبژاردن دەنگ  و كورسییەكانی زیادیكردووە"، کاروان گەزنەیی وا دەڵێت.

دیلان رەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان  لەبارەی راگرتنی پەخشی بی ئێن سپۆرتس لە ئامێرە ناوخۆییەکان: ڕایدەگەیەنێت:  سەیرکردنی کەناڵەکانی بی ئێن سپۆرتس جۆرێکە لە دزی بۆیە رامانگرت. وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەشڵێت،  بڕیارەکە پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە نییە، هاووڵاتییان دەتوانن بە رێگەی یاسایی سەیری یارییەکان بکەن هەروەها باس لەوەدەکات کە ئەوان  بۆیە ئەوە دەکەین بی ئێن سپۆرتس داوای کردووە پەخشەکان راگرین، سەیرکردنی ئەو کاناڵانە لەرێی ئامێرە ناوخۆییەکان جۆرێکە لە دزی. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ کەناڵى ڕووداو، دیلان رەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەى حکومەت دەشڵێت: کاری ئێمەیە مافی هەموو لایەک بپارێزین و ئەوەی بی ئێن سپۆرتس داوای کردووە یاساییە،   تەنها کەناڵەکانی بی ئێن سپۆرتس لە ئامێرە ناوخۆییەکان رادەگیرێن و ئەوانی دیکە وەک خۆیان دەمێننەوە وتیشى: ئەو کۆمپانیایانەی بەنایاسایی پەخشی یارییەکان دەکەن ئەگەر لە رێگەی یاساییەوە مافی پەخشکردنیان وەرگرت دەکرێت بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، پەخشی ئەو کەناڵە ناوخۆییانە رادەگرێت کە بە نایاسایی پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرتس دەگوازنەوە.   رۆژی سێشەممە 25-11-2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کەناڵە ناوخۆییانە بڵاوکردەوە کە پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرتس بە نایاسایی دەگوازنەوە.  وەزارەتەکە دەڵێت، راگرتنی پەخشی ئەو کەناڵانە بۆ "رێگرتنە لەو سەرپێچییە نایاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکردنەوە"، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، "پێویستە لەماوەی یەک مانگدا" کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پەخشی ئەو کەناڵانە رابگرن.   دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن:   بڕیارێک لە بارەی کەناڵەکانی (BEIN SPORTS)   بەمەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەردەکات.   لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن  لە رێکەوتی  (17-11-2025 ) بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت ئاگادار دەکاتەوە بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی ( بین سپۆرت ) کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵی ناوخۆییەکان بەنا یاسایی بەشێوازی( IPTV )  پەخش دەکرێن، بەمەش بۆ رێگرتن لەو سەرپێچییە نایاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکرنەوە، وەزارەتمان رێگری دەکات وە پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت رایانبگرن.    هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی ( BEIN SPORTS ) بکات پێویستە لەرێگای بریکاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت لە بەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 25/11/2025، پێشوازی لە ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا کرد. لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران. لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت، دەبێتە هۆی باشتربوونی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵات. هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئەولەوییەتی کارەکانیان بێت.

تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر بەو هێرشە ئەلیکترۆنی و سوکایەتیپێکردنە دەردەبڕێت کە ڕووبەڕووی مامۆستای ئایینیی ناسراو (مەلا حەمە یوسف سەعید عەبدوڵڵا کۆچەر) بووەتەوە. ئەم مامۆستایە لە میانەی بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانیدا، باسی لە هەندێک لایەنی نەرێنیی پێکهێنانی «سوپای ڕزگاری كوردستان» کردووە؛ هێزێکی چەکداریی سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران (١٩٧٩) لە ناوچەی هەورامان دژی ڕژێمی ئێران دامەزراوە و ڕژێمی عێراقیش كۆمەكی كردووە.  گێڕانەوەی ئەم جۆرە زانیارییانە لە چوارچێوەی باسکردنی ئەزموونی کەسی یان هەڵسەنگاندنی مێژووییدا، مافێکی بنەڕەتیی هەموو کەسایەتییەکی گشتییە کە یاسا ناوخۆییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەستەبەریان کردووە. سەرەڕای ئەوەی مامۆستا "حەمە یوسف" لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەئاشکرا داوای لێبوردنی کردووە لە هەر زانیارییەکی هەڵە كە لە باسەکەیدا هەبووبێت، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و کەسانێکەوە کە خۆیان بە مورید و شوێنکەوتووی شێخانی نەقشبەندی دەناسێنن، دووچاری هەڵمەتێکی ڕێکخراو بووەتەوە.  ئەمەش کارێکی مەترسیدارە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، گیانی لێبوردەیی و دیالۆگ دەخاتە مەترسییەوە و جۆرێکە لە تیرۆری کەسایەتی. ئەم هەڵمەتە دەرگا بۆ دروستبوونی ژینگەیەکی پڕ لە ترس دەکاتەوە کە ئازادیی دەربڕین سنووردار دەکات و دەبێتە کۆسپ لە بەردەم کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ تۆمارکردنی ئەزموونەکانیان. لەم ڕووەوە، ئێمە لە تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە: ١- بەتوندی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی ئەلیکترۆنی، ناوزڕاندن و سوکایەتیپێکردنێک ڕەتدەکەینەوە. ٢- داوا لە هەمووان دەکەین ڕێز لە مافی جیاوازی بگرن، لە زمانی هاندان دوور بکەونەوە و پابەندی ئاکاری گشتیی گفتوگۆ بن. ٣- ستایشی ڕۆڵی ئەرێنیی مامۆستا (حەمە یوسف) و خزمەتەکانی بە کۆمەڵگە دەکەین، بەتایبەت لە بواری بڵاوکردنەوەی ژیاندۆستی، ڕاڤەکردنی شیعری شاعیرانی کلاسیک و گرنگیدان بە کولتووری ڕەسەنی کوردی وێڕای ئەرکە ئایینییەکەی. هاوکات داوای ڕاگرتنی هەموو هەڵمەتەکانی هاندان و دژایەتیکردنی ناوبراو دەکەین. لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە کە گفتوگۆی ئارام و ڕێزگرتن لە یەکتر، تەنیا ڕێگەیە بۆ پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە کەوتنە ناو شێوازی نەشیاوی فشار و سوکایەتیکردن.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەخنە لەو مەرجە دەگرێت کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچە دایناوە و دەڵێت "ئەوەی دەکرێت جیاکارییە". تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق مەرجی داناوە تاوەکو مووچەی مانگی 11ـی عێراق دابەش نەکەن، مووچەی مانگی 9ـی هەرێمی کوردستان نانێرن، بەڵام ئامانج ڕەحیم دەڵێت لەگەڵ وەزیرە کوردەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. ئامانج ڕەحیم ئاشکرای دەکات، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە: ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست کراوە و داهاتەکەی بۆ بەغداد بووە. بڕی 120 ملیار دینار پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆ نێردراوە. لیستی مووچەی مانگی 9 وردبینی کراوە و بێ کێشە بووە. بەپێی قسەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، هەرێمی کوردستان بە داهاتی نەوت و ناوخۆ، بڕی 665 ملیار دیناری کاشی خستووەتە خەزێنەی عێراقەوە و تەنیا 280 ملیار دینار لەسەر بەغدادە، لەکاتێکدا خەرجیی مانگانەی مووچەی عێراق زیاتر لە 8 تریلیۆن دینارە. ئامانج ڕەحیم پێیوایە ئەگەر بەغداد کێشەی نەبوونی پارەی کاشی هەبێت، دەبێت هەرێمی کوردستان پێش بخات لەبەر دوو هۆکار: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 9 وەردەگرن، بەڵام عێراق هی مانگی 11. هەرێمی کوردستان خۆی بەشێک لە پارەی کاشی بۆ دارایی عێراق دابین کردووە.

عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرایە کە ژنبوون سەختە، ڕزگاریش ئاسان نییە بەڵام ژن دەبێت بە بوێرییەوە ئەنجامی بدات، لەپێناو دەرکردنی خەنجەری سەروەربوونی پیاوسالاری کە لە پشتی مرۆڤایەتیدایە، هاوکات ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک دامەزرێت، کە ژن پێشەنگایەتی بکات. بەبۆنەی ٢٥ـی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، لە ئیمراڵییەوە ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەمجۆرەیەوە: “کۆمەڵگا بە تەنها بنکێکی چینایەتی نییە بۆ یەک چین، بەڵکو کۆمەڵگا گۆڕەپانێکی تێکۆشانی شەڕی فرەییە مێژوویی و ڕەگەزییە، لە گەلێک چینوتوێژ پێکدێت، گەورەترین و سەرەتاییترین کێشەی مرۆڤایەتی شۆڕشی دژبەیەکە، کە بە کۆیلەکردنی ژن دەستی پێکرد و هێرشی کردە سەر ئەو بەکۆمەڵگابوونەی کە بە ڕۆڵی ژن دامەزراوە، توندوتیژی خێزانیی و کوشتنی ژنان و فشاری باوکسالاری کە هەیە، هەموویان نیشانە و بەردەوامی ئەم هێرشە مێژوییەیە. پێکهاتەی “کاستیک” کە هێرشی کردە سەر کۆمیناڵبوون و ئەو بەکۆمەڵگابوونەی کە بە ڕۆڵی ژن دامەزراوە، دواتر لە میزۆپۆتامیا گۆڕا بۆ ئەنجوومەنی خوداکان (ڕاهیبەکانی سۆمەر) و لەوێشەوە گۆڕا بۆ فیرعەون و پاشاکان، بەم ڕەنگە فشاری باوکسالاری لەسەر کۆمەڵگا درێژەی بەخۆیداوە. ئەمڕۆ ژن بەنرخترین کاڵای سەرمایەدارییە. جەستەیان دەخرێتە بازاڕەوە، هەر کەسایەتییەکانیان دەخرێتە بازاڕەوە. تەنانەت ڕۆحیشیان داگیرکراوە، لەلایەن مرۆڤەکانەوە داگیرکراوە. ژنان بەو خەنجەری کۆیلایەتیەوە دەژین کە لەلایەن بیرکردنەوەی پیاوسالارییەوە خراوەتە پشتیانەوە. کۆمەڵگای پیاوسالاری کە شەڕێکی شارستانی دروستکردووە کە هەزاران ساڵ دەخایەنێت، پلەبەندی و توندوتیژی و ململانێ بەرهەم دەهێنێت. شارستانیەتی پیاوانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت زمان و بەرهەمهێنان و جەستە و دواجاریش هەموو کۆمەڵگای ژنی لێسەندووەتەوە. بەبێ داننان بەم واقیعە، هەنگاو بەرەو ئازادی ناگیرێت.  ئەو کێشانەی کە سیستمی پیاوسالاری بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، دەبێ تێبگەن و چارەسەر بکرێن. بە لەبەرچاوگرتنی ژنکوژی، توندوتیژی خێزانی، توندوتیژی دژی ژنان، جیاکاری و ئیستغلالکردن، ئاستی کۆیلەکردن زۆر لەوە زیاترە کە مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە. ژنان بە تەواوی دابەزینیان بەخۆوە بینیوە. واقیعەکەیان شێواوە. ئەو پاژنەی پێ و ئەڵقەی لووت ناسراوەی کە ژنان وەک زەڕەنگەری لەبەریان دەکەن، هەموویان لە مێژووەوە تا ئێستا وەک نیشانە و شوێنەواری کۆیلایەتی گوازراونەوە. لە مۆدێرنیتی سەرمایەداریدا، کۆیلەکردنی مێینە زیاتر قووڵتر بووەتەوە، سیستەمەکەش ژنی گۆڕیوە بۆ زینە و کەرەستەی بازاڕکردن. بۆ ڕزگاربوون لەم کۆیلایەتییە سیستماتیکە و گەیشتن بە ڕزگاری، تەرکیز و ڕێکخستنی قووڵ پێویستە.  هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی کۆمەڵایەتی کە ئازادی ژن ناوەند نەکات، ناتوانێت شۆڕشێکی ڕاستەقینە بێت. پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بە ترسناک دەزانم. ئێمە ئەم پەیوەندیانەمان بە گرنگیدان بە ئازادی ژنان شیکردۆتەوە. بەشێکی زۆری کارەکانمان لە خوێندنی ژنان پێکدێت. چارەسەرکردنی پەیوەندی و دژایەتییەکانی نێوان ژن و پیاو زۆر گرنگە. ئێمە بە قووڵی شیکاریمان بۆ ئەو هەژموونی پیاوانە کردووە کە ڕێگری لە ئازادی ژنان دەکات و ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە کۆیلە دەکات. ئێمە کۆمەڵناسی ئازادیمان پەرەپێداوە. ڕوونە کە ژن بوون قورسە و ڕزگاری ئاسان نییە، بەڵام ژنان دەبێ بوێری ئەوە بکەن. دەبێت خەنجەری هەژموونی پیاوانە دەربهێنن کە لە پشتی مرۆڤایەتیدا نوقم بووە و پێشەنگایەتی بنیاتنانی ژیانێکی یەکسان و ئازاد و دیموکراسی بکەن.  عەبدوڵڵا ئۆجالان”

بەپێى ڕاگەیەندراوێکى  وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمى کوردستان،  لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. لەراگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە: ڕۆژی سێ شەممە  ( ٢٥ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ) لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.     ناردنى لیستى موچەى مانگى دە لەکاتێکدایە، کێشەى کەمیى نەخیتنە، هۆکارى پشت دواکەوتنى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراقە کە بەهۆیەوە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش دواکەوتووە. عێراق مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 8.5 ترلیۆن دینارە وەک خەرجى بەکارخستن و وەبەهێنان، لەکاتێکدا داهاتى هەناردەى نەوتەکەى کەمتر لە 805 تریلیۆن دینارە. ئەو دۆخە داراییە لە عێراق ناڕوونى لە چارەنووسی دوو مووچەى کۆتایی ئەم ساڵى هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بەڵام بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق، دادگەى فیدراڵی ئەوەى یەکلا کردووەتەوە کە مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان جیا بکرێتەوە و مووچە دەبێتە سپاردە لە ئەستۆى بەغدا.        بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینە لەبەردەست وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەیە. سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت، "دەبوو رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ فەرمانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانى عێراقى دەربکردایە. ئەگەری هەیە ئەو بڕیارە بکەوێتە ئەمڕۆ دووشەممە." بڕیارى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ وایە کە دواى دابەشکرنى مووچەى فەرمانبەرانى وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى، پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان بنێرێت.                              

عه‌قید نه‌وشیروان حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌فسه‌ر له‌هاتوچۆى ناوشارى سلێمانى له‌به‌رنامه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆى ڕادیۆى هاتوچۆى سلێمانى (ترافیك ئێف ئێم)دا ڕایگه‌یاند، "له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى هاتوچۆى هه‌رێمه‌وه‌ به‌بڕیار بۆمان هاتوه‌ كه‌ ده‌ستبگرین به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكاندا". ئاوێنە: له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "به‌هۆى هه‌ندێك بارودۆخه‌وه‌ نه‌مانویستوه‌ ئه‌و ئیجرائاته‌ بگرینه‌به‌ر، به‌ڵام حاڵه‌تى ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان هه‌ر له‌ڕوداوه‌كان‌و ئه‌نجامه‌كانى‌و ئه‌و دۆخه‌ش كه‌ بینراوه‌و وه‌ك به‌ڵگه‌ش لاى ئێمه‌ هه‌یه‌ له‌هاتوچۆى سلێمانى، وایكردوه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌و بگه‌ینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى ده‌بێت ئیجرائاتى توندیان له‌دژ بگرینه‌به‌رو ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرین به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى گوێ به‌یاسا ناده‌ن‌و به‌رده‌وام یاساشكێنى ده‌كه‌ن". سه‌باره‌ت به‌و گله‌ییانه‌ش كه‌ له‌هاتوچۆ ده‌كرێن بۆچى ئیجرائات ناكرێت له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكاندا، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى هاتوچۆ وتى، "ڕه‌نگه‌ هاوڵاتیان به‌هۆى گله‌ییان له‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ ئه‌و قسانه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا، با دڵنیابن ئیجرائات كراوه‌و ئۆتۆمبێل هه‌یه‌ له‌و بێسه‌ره‌تایانه‌، بڕى دوو ملیۆن دینار غه‌رامه‌ى كامێراو یاساشكێنى داوه‌، هیچ ئۆتۆمبێلێكى بێسه‌ره‌تا له‌ئیجرائات ده‌ربازى نابێت".

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ئاگاداردەکاتەوە "بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی (بین سپۆرت) کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵە ناوخۆییەکان بەنا یاسایی بەشێوازی( IPTV )  پەخش دەکرێن."   دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن:   بڕیارێک لە بارەی کەناڵەکانی (BEIN SPORTS ) بەمەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەردەکات. لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن  لە رێکەوتی  (١٧-١١-٢٠٢٥ ) بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت ئاگادار دەکاتەوە بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی ( بین سپۆرت ) کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵی ناوخۆییەکان بەنا یاسایی بەشێوازی( IPTV )  پەخش دەکرێن ،  بەمەش بۆ رێگرتن لەو سەرپێچیە نا یاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکرنەوە ، وەزارەتمان  رێگری دەکات وە پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت رایانبگرن .  هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی ( BEIN SPORTS ) بکات پێویستە لەرێگای بریکاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت لە بەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

په‌رله‌مانتارێكى ده‌رچوى یه‌كگرتوى ئیسلامى بۆ په‌رله‌مانى عێراق پڕۆژه‌یه‌ك بۆ هاوهه‌ڵوێستى‌و چوارچێوه‌ى كارى هاوبه‌شى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌به‌غدا ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ده‌شڵێت، "پڕۆژەیەكه‌م هەشت خاڵه‌و بۆ یەكخستنی ماڵی كورده‌، ئامانجیش لێى، كۆكردنەوەی هەوڵەكانە بۆ دانوستاندنێكی بەهێز لەبەغداو چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم". د. جەمال كۆچەر كاندیدی دەرچووی یەكگرتوو بۆ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكردوه‌، پڕۆژەكە داوادەكات وه‌فدێكى هاوبەشی باڵا پێكبهێندرێت بۆ دانوستاندن لەسەر پۆستەكان، لەگەڵ ئامادەكردنی میساقی شەرەف كە داواكارییە هاوبەشەكانی كورد لەخۆ بگرێت. جەخت لەدیاریكردنی هێڵی سور دەكاتەوە بۆ پرسە چارەنوسسازەكان وەك (بودجە، پێشمەرگە، جێبەجێكردنی مادەی 140و یاسای نەوت‌و گاز، لەگەڵ دانانی خشتەیەكی كاتیی بۆ جێبەجێكردنیان لەشەش مانگی یەكەمی حكومەتدا). وه‌كو د. جەمال كۆچەر ڕایگه‌یاندوه‌، "خاڵێكی دیكەی گرنگ، یەكلاكردنەوەی پۆستەكانە لەنێو ماڵی كورددا پێش چونە بەغدا، بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار كە بەهێڵی سور دادەنرێت بۆ كورد". ئەوەشی وتوه‌، "پڕۆژەكە پێشنیازی پێكهێنانی ژورێكی هەماهەنگی بەردەوام دەكات بۆ تاووتوێكردنی پێشهاتەكان‌و ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندن، لەگەڵ یەكخستنی ستراتیژیەتی دانوستاندن بۆ هەموو لایەنەكان". له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ د.ئه‌بوبه‌كر كاروانى سیاسه‌تمه‌دار ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ لەسۆنگەی هەستكردنه‌ بەلێپرسراوی ئیسلامی‌و نیشتیمانی‌و پەیبردنی بەهەستیاری قۆناغەکەو پێویستی کورد بەکاری هاوبەشی نیشتیمانیی لەپرسە چارەنوسسازە هاوبەشەکاندا. جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "پڕۆژه‌كه‌ خاڵی گرنگی تێدایەو شایستەی ئەوەیە ببێتە دەستپێکی شکاندنی بنبەستە سیاسییەکەو قسەکردنی هاوبەش‌و هەوڵدان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی نیشتیمانی بۆ دۆخی نەخوازراوی ئێستا، هیوادارم سەرجەم فراکسۆنەکان بەچاوی بایەخەوە سەیری بکەن‌و یەکگرتوش بیکات بەهەوێنی دەستپێشخەریەکی تایبەت بەخۆی کە وەڵامدانەوەیە بەناوەڕۆکی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیی‌و ئەرکە ناوکۆییەکانی فراکسۆنەکانی دیكه‌ش".

خزمەتگوزارییەکی دیکە بۆ ئەو کەسانە راگەیەندرا کە ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو هاتووەتەوە.  وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی ماندووبوونی هاوڵاتییان، ئەمساڵ گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی حەجدا کراوە و تەواوی نوسینگەکان بە شێوەی لۆکەیشن دەخرێنە بەردەست.  ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتەکەمان چەندین ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکات زۆرترین ئاسانکاری پێشکەش بە هاوڵاتییان بکات بە تایبەتیش لە پڕۆسەی حەج، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ ناونیشان و لۆکەیشنی (GPS) سەرجەم نوسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڵاوکرایەوە تاوەکو هاوڵاتییان بەبێ ماندوو بوون شوێنەکانیان بدۆزنەوە و مامەڵەکانیان تەواو بکەن. لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومڕە بکەن بۆ تەواوکردنی ماڵەکانیان بۆ ساڵی داهاتوو. لۆکەیشینی نوسینگەکان:  1-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه هه‌ولێر‌: https://maps.app.goo.gl/8wfk25UT8XFwaJct9 2- نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی دهۆك : https://maps.app.goo.gl/ndWDkGWSYwNCg4SC8 3-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی سلێمانی : https://maps.app.goo.gl/V4NAFJkK2bnZ7qg38 3-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی سلێمانی : https://maps.app.goo.gl/V4NAFJkK2bnZ7qg38 5-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران : https://maps.app.goo.gl/h2NByzCJP9vopUuZ6 5-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران : https://maps.app.goo.gl/h2NByzCJP9vopUuZ6 6-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران : https://maps.app.goo.gl/h2NByzCJP9vopUuZ6 7-نووسینگه‌ی حه‌ج و عومڕه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران : https://maps.app.goo.gl/h2NByzCJP9vopUuZ6

چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان پێوەرەکانى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى دیاریکرد و پەیامێکیشى ئاڕاستەى لایەنە سوننیەکان کرد. چوارچێوەى هەماهەنگى لەکۆبوونەوەیەکدا لەماڵى هادى عامرى پێوەرە سەرەکییەکانى بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندیدى تاوتوێکرد، کە پێکهاتوون لە لێهاتوویی و دەستپاکی و توانای بەڕێوەبردنی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی قۆناغی داهاتوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە. هەروەها ئامادەبووان پێداچوونەوەیان بەو راپۆرتە کرد کە لەلایەن هەردوو لیژنەی چوارچێوەوە لە کۆبوونەوەی پێشوودا پێشکەشکرابوون. رێککەوتن کرا کە ئەو لیژنانە درێژە بەکارەکانیان بدەن و ئەرکەکانیان لە هەڵسەنگاندنی کاندیدەکان تەواو بکەن. چوارچێوەی هەماهەنگی هەروەها پیرۆزبایی لە پێکهێنانى ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەکان کرد و جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوەی ئاماژەیەکى ئەرێنییە بەرەو بەهێزکردن و یەکخستنی دیدگا نیشتمانییەکان. هاوکات پابەندبوونی تەواوی خۆی بە مەرجە دەستوورییەکان و ماوەى دیاری بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دووپاتکردەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ خۆی لە دۆخێکی هەستیارى سیاسیدا دەبینێتەوە، دۆخێک کە لەهاوشێوەى دۆخى ساڵى 2020 دەچێت، لەگەڵ بوونى دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکى سپى و فشارەکانى بۆ دیاریکردنى کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران لەدەرەوەى گروپەچەکدارەکان. دیمەنی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" زیاتر لە جاران ئاڵۆزتر دەردەکەوێت و زۆرى ژمارەی هێزە براوەکانی ناو هاوپەیمانی شیعە ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ئاڵۆزتر دەکات.  ئێستا چوارچێوەى هەماهەنگى لە ٢٢ لایەن پێکدێت کە بەسەر نۆ هاوپەیمانی گەورەدا دابەشبووە و هەریەکەیان رۆڵیان دەوێت لەدیاریکردنى سەرۆک وەزیراندا. بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، رەنگە لە باشترین حاڵەتدا ڕاگەیاندنی ناوی سەرۆک وەزیران تا کۆتایی ئەمساڵ دوابکەوێت، لەگەڵ ئەگەری درێژبوونەوەی گفتوگۆکان تا شوباتی ٢٠٢٦. فرەیی و بۆچوونە ناکۆکەکانی ناو هاوپەیمانی شیعە رەنگدانەوەی ڕادەی دابەشبوونە. دوو لیستی جیاوازی ئەندامان بۆ ئەو دوو لیژنەیەی کە چوارچێوە پێکیهێناوە سەریان هەڵداوە. یەکەمیان چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان بۆ سەرۆک وەزیران دەکات، دووەمیان تایبەتە بە بەڕێوەبردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە. دوای زیادکردنی مستەفا کازمى و موحسین مەندەلاوی و فەیسەڵ نائیلی (ئەندامی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی دەزگای شەهیدان)، ژمارەی ئەو کاندیدانەى کە بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران بڵاوبوونەتەوە، بۆ 13 کاندید بەرزبووەتەوە. لیستەکەى پێشتر 10 کاندیدی تێدابوو، لەنێویاندا: نوری مالیکی، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ.  قەیرانی هاوپەیمانی زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی سەختی جیاکردنەوەی قەوارە سیاسییەکان لە کوتلە چەکدارەکان. هاوپەیمانی شیعە، لە ستراتیژی هەڵبژاردنی ئەم دواییەیدا، بۆ دەستەبەرکردنی قورسایی هەڵبژاردن، پشتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ گروپەچەکدارەکان بەستبوو.

سەرۆکی ئەمەریکا، وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی چین ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دوای گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی گرنگ" بۆ جووتیاران و تاوتوێکردنی دۆسیەی جەنگی ئۆکرانیا، بانگهێشتی یەکتریان کردووە بۆ ئەوەی لە پەکین و واشنتن دیداری لووتکە ئەنجام بدەن. دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشم لەگەڵ شیی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و گفتوگۆمان لەسەر زۆر بابەت کرد، لە وانە ئۆکرانیا و ڕووسیا، ماددەی هۆشبەری فێنتانیل، سۆیا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە کرد. ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنێکی باش و زۆر گرنگمان بۆ جووتیارەکانمان کرد و دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت، جەختیشی دەکاتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ چین یەکجار بەهێزە. ترەمپ ئاماژەشی داوە، ئەم پەیوەندییە تەواوکەری کۆبوونەوە سەرکەوتووەکەمان بوو لە کۆریای باشوور کە سێ هەفتە لەمەوبەر کرابوو. لەو کاتەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە هەر دوو لاوە هەبووە لە پاراستن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانمان بە شێوەیەکی ورد و ئێستاش سەرنجمان لەسەر ئامانجە گەورەکان. هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆکی چین بۆ نیسانی 2026 بانگهێشتی پەکینی کردووم و منیش قبووڵم کرد، هاوکات لە بەرانبەردا شی جینپینگم بۆ کۆتایی ئەمساڵ بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد. پێنجشەممە، 30 تشرینی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی دۆنالد ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ لە شاری بووسانی باشووری کۆریای باشوور بەڕێوەچوو؛ دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە سازان لەسەر بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان. لەلایەکی دیکەوە، دۆنالد ترەمپ گوتبووی، دەستبەجێ چین بەرهەمی سۆیا و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەمەریکا دەکڕێت. ڕاشیگەیاندبوو، ڕازی بووە لەسەر ئەوەی بە ڕێژەی 10% باجی گومرگی لەسەر چین کەم بکاتەوە.