بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، ڕایدەگەیەنێن پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەرى شەفەق نیوز، عەلی حسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێت پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا. ناوەڕۆکى تەواوى قسەکانى عەلى حسێن:.. ــ ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی كە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتونەتە ئاراوە، واقعێكی سیاسی نوێیان دروستكردووە، كە دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان. ــ پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا. ــ پارتی نایەوێت بگاتە قۆناغی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر ناكۆییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوە، ئەم بژاردەیە لەبەرچاودەگیرێت. ــ ئەگەر ناكۆكییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوەو نەگەینە رێككەوتن، جگە لە بیركردنەوە لە هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی نوێ لە كوردستان؛ هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نامێنێت. ــ تۆمەتباركردنی پارتی بە كڕینی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بنەمای نییەو پێچەوانەی واقعە. ــ پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن. ــ ئەم گۆڕانكارییە پەیوەندی بە مامەڵە یاخود كڕینی كورسی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئامادەیی هەندێك لایەنی سیاسی هەیە بۆ بەشداری لە حكومەتی ئایندە. ــ پارتی بواری بۆ یەكێتیی و هەموو لایەنەكانی تر كردوەتەوەو، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە زوترین كاتدا. ــ پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا. ــ مامەڵەی نێوان لایەنەكان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی هەر لایەك دەبێت.
مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند، کەناڵێکی کراوەی گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە و دووپاتیشی کردەوە، نابێت بەرپرسانی ئەنقەرە لە چوونی بۆ ئیمراڵی بترسن، "چونکە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات." مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، پڕۆسەی نوێی ئاشتی، چوونی بۆ ئیمراڵی، داهاتووی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی کرد. لەبارەی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "پەیوەندی هەیە و کەناڵی کراوەش لە نێوانماندا هەن، بەڵام ڕێککەوتن نییە. تەنیا ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە سووریا هەیە، ئەمەش شتێکی باشە." هەروەها خواستی خۆی بۆ بەهێزکردن و فەرمیکردنی ئەم پەیوەندییانە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر هەندێک بابەتی دیاریکراو دەربڕی. فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، هەروەک چۆن تورکیا نیگەرانی هەیە، هەسەدەش نیگەرانیی خۆی هەیە و دەیانەوێت ئەم بابەتانە بخەنە بەر باس و چارەسەریان بکەن. ئەو گوتی: "خاکی داگیرکراومان هەیە، خەڵکی ئێمە بەهۆی بوونی تورکیاوە ناتوانن بگەڕێنەوە. دەمانەوێت ئەم کێشانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە چارەسەر بکەین." سەبارەت بە کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدی ڕایگەیاند: "زیاتر لە هەموو لایەک، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەیە." ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ سوپای تورکیا بەرهەمی ئەم پرۆسەیەیە و ئەگەر پرۆسەکە بگاتە ئەنجام، ئاگربەستەکەش هەمیشەیی دەبێت. عەبدی گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە باس لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دەکەین، ئەوە لە سایەی ئەم پرۆسەیەوەیە. ئێمە دەمانەوێت وەک هەسەدە، ئەرکی خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکەین و ببینە لایەنێکی پشتیوان، نەک ڕێگر." عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی گفتوگۆ لە نێوان ڕۆژئاوا و ئیمراڵی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە کردەوە و گوتی: "گفتوگۆی باشتر، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت." لەبارەی چوونی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئیمراڵی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد: "بەپێی گوتەی شاندی سەردانکەری ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆش داوایکردووە بەرپرسانی ڕۆژئاوا سەردانی ئیمراڵی بکەن. ئێمەش پێویستیمان بەوە هەیە." سەبارەت بە ئەگەری سەردانیکردنی بۆ تورکیا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە. مادام ئەم سەردانە، بەشدارییەکی ئەرێنی لە چارەسەردا دەکات، بۆچی نەچین؟ ئێمە بە ئەرێنی سەیری دەکەین." فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەوان خوازیاری سووریایەکی نامەرکەزین. لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە باس لە شتێکی مەحاڵ ناکەین، بەڵکوو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە. لە کۆنفرانسی هێزە کوردییەکاندا داوای فیدراڵیزم کرا. ئێمە دژی ئەمە نین، بەڵام لە ئێستادا کار لەسەر شتە مومکینەکان دەکەین." عەبدی جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانیدانی گەلانی ناوچەکەیە؛ نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەبەکانی دێرەزوور و ڕەققاش. ئەو گوتی: "پێویستە ئەم گەلە بتوانێت بەرپرسانی خۆی هەڵبژێرێت؛ لە بواری سەربازی، ئیداری و ئەمنیدا، و لەسەر ئەم بنەمایە بەشداری لە دەوڵەتی سووریادا بکات. مەبەستی ئێمە لە نامەرکەزی ئەمەیە و ئەمە پارچەبوون نییە، بەڵکو سووریا بەهێزتر دەکات."
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئاشکرای كردووە، ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەکە کۆبونەوەیەکی گرنگ لە ماڵی هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر ئەنجامدەدەن. ئەو سەرچاوەیە بە ماڵپەری "الجبال"ی راگەیاندووە: ئێوارەی ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عامری کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدەدەن بۆ تاوتوێکردنی دواین کاری لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، ئەو ناوانەی کە پێشکەش کراون، لەگەڵ ئاستی گونجانی ئەو تایبەتمەندییانەی لە دوایین کۆبونەوەی چوارچێوەکەدا دانراون. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێی ئەنجامی سەردانەکەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ هەولێرو کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی كورد دەكەن سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، هەروەها دەرئەنجامی سەردانەکانی دیکەی نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەكەو کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی عێراق.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لە ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات. لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەرییدا، ئەمڕۆ شاندەکەی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا دەچنە دورگەی ئیمراڵی بۆ کۆبوونەوە و سازدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە. بەپێی ئەو زانیاریانەی خراونەتەڕوو، ئەندامانی شاندەکە پێکدێن لە گوڵستان کڵیچ کۆچیگت ئەندامی فراکیۆنی دەمپارتی و فەتی یەڵدز حوسێن بایمانن. بڕیارە لەو دیدارەدا، شاندەکە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن، کۆنووسی کۆبوونەوەکەیان تاوەکوو 10 ساڵی دیکە بە نهێنی دەهێڵرێتەوە و ئاشکرا ناکرێت. ڕۆژنامەی تورکیا ئاماژەی بەوەکردوە، کە شاندەکە لەڕیگەی هێلیکۆپتەرەوە دەچنە ئیمراڵی. بیرۆكەی چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی توركیا و پێشكەشكردنی وتەیەك دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" ، كاتێك كۆتایی ساڵی رابردوو دەستپێشخەری كرد و بە تەوقەیەك لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی لە پەرلەمان، سەرەتای قۆناغێكی نوێی لە توركیا دەستپێكرد.
عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە کاردانەوە کوژرانی هەیسەم عەلی تەباتەبایی و چەند ئەندامی دیکەی حزبوڵا رایگەیاند؛ ناتانیاهۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی تا هەموان بەو ئەنجامە دەگەن، جگە لە روبەڕوبونەوەی راستەوخۆی ئیسرائیل چارەیەکی دیکەیان نییە. لاریجانی لە پۆستێکیدا بە زمانی عەرەبی لە پلاتفۆرمی ئێکس، سەرەخۆشی لە کوژرانی سەرۆکی ئەرکانی حزبوڵڵا و چەند ئەندامێکی دیکەی حزبوڵڵا کردوە نوسیویەتی؛ "ئەوان گەشتن بەخواستەکانیان". وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئیدانەی هێرشەکەی کردوە و لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان وەسف کردوە و رایگەیاندوە؛ "هێرشێکی دڕندانە" بوو، بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی لوبنان و سەروەری نیشتمانیی وڵاتەکە. دوێنێ ئیسرائل رایگەیاند لە بۆردومانێکدا کەسی دووەمی حزبوڵایان کوشتوە، حزبوڵای لوبنانیش پشتڕاستی کردەوە تەباتەبایی و چوار ئەندامی دیکەی ئەو گرووپە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون و 28 کەسی دیکەش برینداربوون.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت: لە ساڵانی رابردوودا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بانگەشەی دۆستایەتی گەلی کوردی دەکرد، خۆی وەک لایەنگری چارەسەرو دیموکراسی نیشان دەدا؛ ئێستا بە تەواوی پێچەوانەی ئەمەی کردووە، وتيشى: ئەگەر ئەم هەڵەیە راست نەکەنەوە، ئەوا زیانیان پێدەگات، ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر دەبێت ئەگەر شاندەکە نەچێتە لای بەڕێز ئۆجەلان. موراد قەرەیلان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تیڤی" راشیگەیاند: سەردانی شاندەکە بۆ ئیمرالی بەشدار دەبێت لە پێشخستنی پرۆسەکە، ئێستا هەنگاوی یاسایی و داڕشتنی یاسایی پێویستە، بزوتنەوەکەمان ئەوەی لە توانایدا بووە ئەنجامیداوە، دەبێت بچینە قۆناغی دووەم، سەرەڕای ئەوەی هێزو باڵادەستیمان هەبوو، پارتی كرێكارانی كوردستانمان هەڵوەشاندەوە، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێک. فەرماندەی هەپەگە موراد قەرەیلان، گفتوگۆکانی لەسەر چوون یاخود نەچوونی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، پێویستە کۆمیسیۆن دەستبەجێ گوێ لە بەردەنگی سەرەکی بگرێت. موراد قەرەیلان پەیوەندی و هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورکی بەفراوانی هەڵسەنگاند. دیدارەکەی موراد قەرەیلان لەگەڵ (ستێرک تیڤی)ـدا بەم شێوەیەیە: وەکو دەزانرێت، ساڵیادی ٤٧ـهەمین ساڵەی دامەزراندنی پەکەکە نزیکدەبێتەوە. پەکەکە لە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ـدا ڕایگەیاند کە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک دەهێنێت لەژێر ناوی خۆیدا. ئێوە چیتان هەیە بۆ ئەم ڕۆژە؟ بڕیاری مێژوویی ٢٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ کە لە گوندی فیسێی ناوچەی لجێی ئامەد درا، تەنها بڕیاری دامەزراندنی پارتی(پەکەکە) نەبوو. ئەم بڕیارە بەر لە هەر شتێک بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی بوو. ئەو کات، سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن لەسەر گەلی کورد گەیشتبووە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. پرسیاری ئەوەی 'ئایا دژی ئەمە چی بکرێت؟' پرسیارێکی زۆر گرنگ بوو. یان دەبووایە سەرهەڵدان بکرایە و دەست بە بەرخۆدان بکرایە، یان دەبووایە تەڤگەرێکی سیاسیی ئاسایی بدۆزرایەتەوە و بەم شێوەیە ڕەوایەتی پێ درابووایە. لەو دۆخەدا، لە ٢٧ـی تشرینی دووەم بە شێوەیەکی سەرەکی دژی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی درا. واتا ئەو نەتەوەیە دەبووە خاوەن هەبوون و بۆ ئەم مەبەستەش چی پێویست بوایە دەکرا، بەرخۆدان دەکرا. بێگومان بۆ درێژەدان بەم بەرخۆدانە، پارتییەک پێویست بوو. لەبەرئەوەی پێویست بوو بەرخۆدان ڕێکخراوتر، بە دیسپلین و سیستەماتیکتر بووایە. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان درا. واتا بەر لە دامەزراندنی پارتەکە، بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی درابوو. پارتەکە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا. پەکەکە ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی گەلەکەماندا نووسییەوە. ٤٧ ساڵی بەسەردا تێپەڕی و بەدرێژایی ئەو ماوەیە، داستانێکی قارەمانی ئافرێنرا. بەم شێوەیە ڕێگری لە لەناوچوون کرا، سەرلەنوێ ئافراندن ڕوویدا. هەربۆیە پێویستە ئەم ڕۆژە وەکو 'ڕۆژی بڕیاردان لەسەر بەرخۆدانی نەتەوەیی' ببینین. وەکو گەل پێویستە ئەم ڕۆژە مێژووییە وەکو جەژنی بەرخۆدانی نەتەوەیی پێشوازی لێ بکەین و پیرۆز بکەین. بەڵێ، لەوانەیە پەکەکە ئەمڕۆ کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنابێت، بەڵام ٢٧ـی تشرینی دووەم ڕۆژێکی مێژووییە. ئەو بڕیارەی لە کوردستان درا بووە لەدایکبوونێک و سەردەمێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لە ماوەی ٤٧ ساڵدا گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی پەکەکە درێژەی بە تێکۆشانێکی زۆر گرنگ دا. سەرەتا لە زیندانەکان بەرخۆدان کرا؛ دواتر هەڵمەتی مێژوویی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ڕوویدا، وەکو ئاشکرایە، ئەمە شۆڕشی ژیانەوەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. هەموو ئەمانە، لە کوردستان بوونە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی ڕێنیسانس. گەلی کورد٣٠٠ ساڵ دواکەوت. سەرهەڵدانی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی پەکەکە، ئەم دواکەوتنە ٣٠٠ ساڵەیەی کۆتایی پێهێنا، لە کوردستان فکر و تێڕوانینێکی هاوچەرخی بەرهەمهێنا. ئەگەر پەکەکە نەبووایە، کوردستان دەبووە ناوەندی دواکەوتوویی. بەڵام وەکو هەمووان دەزانن کوردستان لە ئێستادا لە ناوچەکە بووەتە ناوەندی پێشەنگی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی. واتا گەلی کورد و کوردستان لەناو ئەم تێکۆشانەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. لەناوچەکە تێکۆشەرترین هێز، ئەو هێزەی کە درێژە بە تێکۆشانی یەکسانی و ئازادی دەدات، گەلی کوردستان و ڕێکخستنە سیاسییەکانی کوردە. بێگومان ئەمە بە ئاسانی نەهاتەدی، بە ڕەنج و تێکۆشان بەرهەمهێنرا. ئەو فکرەی لە کوردستان سەریهەڵدا و لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبووەوە، بەرچاوی گەل و ژنانی ڕۆشنکردەوە و بووە هۆکاری ڕۆشنگەری.
سەعدی پیرە لەبارەی هەڵبژاردن دەڵێت: ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت دەنگەکانمان زیاد دەکەن و هی پارتی کەم دەکات. مالیکی ماوەیەکی دیکە سەردانی یەکێتییش دەکات. هەرەوەها لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە گوتی، هەر گۆڕانکارییەک لە پۆستەکەدا بکرێت دەبێت بە ئاگاداریی پارتی و یەکێتی بێت. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كوردسات نیوز دەڵێت: ـ پارتی لێناگەڕێ ئەم پێكهاتانە نوێنەرایەتی خۆیان بكەن. ـ سەرۆك وەزیرانێكی هەرێمێكی یەكگرتوو بە بێ یەكێتی نابێت. ـ نوری مالیكی پێشتر بانگهێشتكرابوو بۆ هەولێر، سەردانی یەكێتیش دەكەن. ـ هەڵبژاردن بكرێتەوە یەكێتی كورسیەكانی زیاد دەكات و پارتی كورسیەكانی كەم دەكات. ـ پارتی كە كورسی زیاترە مانای ئەوە نییە هەموو خەڵك لە خزمەتی ئەواندابێت و ئەوانیش حساب بۆ كەس نەكەن. ـ پێشتریش پارتی لەگەڵ گۆڕان حكومەتی پێكهێناو شكستی هێنا بۆچی ئەزمونێكی سەرنەكەوتوو دووبارە بكەینەوە. ـ ئێمە كێشەمان لەگەڵ كۆتا نیە بەڵكو لەگەڵ داگیركردنی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانە لەلایەن پارتیەوە. ـ ئەوەی هەندێك لەكەناڵەكان باسی دەكەن گوایە گروپ گروپ لە بەغدادوە دێن بۆ هەولێر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق ئەوە وانیە. ـ هەر گۆڕانێك لە پۆستی سەرۆك كۆماردا بكرێت دەبێت بە رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی خەریکی داڕشتنی کۆتا بەڵگەنامەکانە بۆ ئەوەی بە فەرمی "کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بناسێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی مانگ، ترەمپ بە ماڵپەڕی "جەست زە نیوز"ی راگەیاند، پۆڵێنکردنی ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی "بە بەهێزترین دەستەواژەکان ئەنجام دەدرێت و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی کۆتایین". ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو، "گرێگ ئابۆت" پارێزگاری ویلایەتی تێکساس، هەریەکە لە ئیخوان موسلیمین و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئەمەریکی-ئیسلامییەکان (CAIR)ی وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناساند و بڕیاریدا رێگرییان لێ بکرێت لە کڕینی هەر جۆرە موڵکێک لەو ویلایەتەدا. مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە پرۆسەی خستنە لیستی تیرۆری ئیخوان "لەسەر مێزەکەیە"، بەڵام پرۆسەیەکی وردە و کاتی دەوێت، بەهۆی بوونی لق و پۆی زۆر لە جیهاندا. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، ژمارەیەک لە سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێس پرۆژەیاسای "ناساندنی ئیخوان وەک رێکخراوی تیرۆریستی" بۆ ساڵی 2025 پێشکەش کردووەتەوە و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو رێکخراوە "مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا". لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی (CAIR) رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت و سکاڵای یاسایی دژی حکومەتی تێکساس تۆمار کردووە، بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکە پێشێلکردنی مافی دەستوورییە.
سەرکردە دیارەکانی سوننە لە بەغداد کۆبوونەوە و لەسەر پێکهێنانى ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانی ڕێککەوتن. کۆبوونەوەکە لە ماڵى خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیی سیادە بوو، کە دیارترین سەرکردە سیاسییەکانی سوننە بەشداربوون و دواى کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکە هاتوو، لە ڕوانگەى بەرپرسیارێتى نیشتمانی و هەستکردن بە قەبارەى ئەو ئاستەنگییانەى ڕووبەڕووى وڵات بوونەتەوە، سەرکردەى هاوپەیمانێتى و حیزبە سوننییە سەرکەوتووەکان لە هەڵبژاردن ( حیزبى تەقەدووم، حیزبى عەزم، هاوپەیمانیی سیادە، هاوپەیمانیی حەسم، حیزبى جەماهیر) بە دەستپێشخەرى خەمیس خەنجەر لە بەغداد کۆبوونەوە و تاوتوێى دواپەرەسەندنە سیاسییەکانى وڵات و ئاڵنگارییەکانى بەردەم وڵات بەتایبەت پارێزگا سوننییەکانیان کرد. جەختیانکردەوە، لە گرنگيى یەکخستنى هەوڵەکان و کارکردن بە دیدى هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیریی سیاسى و کۆمەڵایەتى و گرەنتى مافە دەستوورییەکان و بەهێزکردنى نوێنەرایەتیی لە دامەزراوەکانى دەوڵەت. بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، حیزب و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکانى کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانى ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانی، وەک چەترى کۆکەرەوەى هەمووان و یەکخستنى دیدگا و بڕیارەکان لە ئاست سەرجەم دۆسییە نیشتمانییە جیاوازەکان و بەهێزکردنى کارى هاوبەش لە نێوان سەرکردەکان و کوتلە سیاسییەکان، کە ببێتە مایەى خزمەتکردنى بەرژەوەندییەکانى جەماوەر و بەرزکردنەوەى ڕۆڵى سیاسى. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە بەشێوەى خولى و رێکخراو بە درێژایی خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەران. سەرکردەکانى کۆبوونەوەکە جەختیانکردووەتەوە، ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانى، کراوە دەبێت بەڕووى سەرجەم هاوبەشە نیشتمانییەکان و پەیوەستبوون بە بنەما کۆکەرەوەکان بۆ پاراستنى یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیرییەکەى و پاراستنى مافى سەرجەم پێکهاتەکان بەبێ جیاوازى.
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، هەرچەندە هاوبەشی لەپێشینەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکێتییە، بەڵام بەبێ ئەوانیش دەتوانن حکومەت پێکبهێنن. ئاماژە بەوەش دەکات، نەوەی نوێ ئامادەیە بەشداریی کابینەی 10ـیەمی حکومەت بکات. ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، سەبارەت بە گفتوگۆکەی سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ''زیاتر وەکو راوێژ، را گۆڕینەوە و خستنەڕووی کۆمەڵێک پێشنیاز بوو.'' دوێنێ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە نووری مالیکی کرد و کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناخی دوای هەڵبژاردن کرا. بەگوتەی ئاراس حەسۆ میرخان، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هێشتا سەرەتایین و ''لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیمان بەڕێوەدەچێت و تێیدا باس لە وردەکارییەکان [بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق] دەکرێ.'' وەک ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، جیا لە نووری مالیکی، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی دیکەی شیعەش دەبێ. ''گفتوگۆکان ئەو کاتە جیدی دەبن کە هاوپەیمانیی شیعە بەربژێری خۆی [بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران] دیاری بکات و لەسەر پاڵێوراوێک رێکبکەون''. ئاراس حەسۆ میرخان سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بۆ بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەڵێت، ''ئەوەندەی داواکاریی جیدیمان هەیە، داواکاریی پۆستمان نییە لە حکومەتی عێراقدا''. ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ''یەکەم هەنگاو لیژنەیەکی دانوستاندن پێکدەهێنین و کارنامەیەکی کارکردن [بۆ حکومەتی داهاتوو] دیاری دەکەین و بەو کارنامەیەوە دەچینە بەغدا''. بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی 27 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و یەکێتیش 18 کورسی. ئاراس حەسۆ میرخان ئەوەشی خستەڕوو، ''بێگومان لەگەڵ یەکێتی قسە دەکەین بۆ ئەوەی [پێکەوە] کارنامەیەکی (وەرەقە) کوردی ئامادە بکەین بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا''.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێگری لە حەماس و حزبوڵڵا بکەن خۆیان بنیاتبنێنەوە و ببنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی لە بەئامانجگرتنیان بەردەوام دەبن. یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەکەی دووپاتی کردەوە، لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبن. باسی لەوەش کرد، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندین جار بۆردوومانی لوبنانی کردووە و لە بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆ بنیاتنانەوەیان بگرین بەردەوام دەبین؛ هاوکات هەمان کار لە غەززەش دەکەین، چونکە حەماس لە پێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامە. دوێنێ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی حەماس هێڵی سنووری زەردی بەزاندبوو و هێرشی کردبوو سەر هێزەکانیان، چەندین ناوچەیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد. بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوونە. دوێنێ شەممە، سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن. یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەم 2025، سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "کەمال ڕەزا کەرنبش، سەرکردەی حزبوڵڵا لە ناوچەی میفادوون لە باشووری لوبنان، سەرکردەیەکی دیکەی حزبوڵڵا لە ناوچەی حوولا لە باشووری ئەو وڵاتە و فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کراونەتە ئامانج.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەم 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پیرمام، پێشوازیی لە بەڕێز 'ئەحمد حەسن ئەحمد سلێمان شەحی' کونسوڵی گشتیی نوێی ئیمارات لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ئیماراتی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە سەرۆک بارزانی کرد و هیوای خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەت گەلی عێراقدا بیت. هەروەها کونسوڵی گشتیی ئیمارات، ستایشی پێشکەوتن و بوژانەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕاگەیاند "وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر، لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات." سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی ئیماراتی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و دووپاتی کردەوە، گەلی کوردستان هەمیشە ڕوانگەیەکی ئیجابی و دۆستانەیان بەرانبەر بە ئیمارات هەیە و پێشوازیی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد. پێشهات و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
هەسەدە لە لیستێكدا ناوی حەفتا فەرماندەی بۆ دیمەشق ناردووە بۆ ئەوەی لە سوپای ئەو وڵاتە پلە و پۆستیان بۆ دیاری بكرێت، سوریاش رەزامەندی دەردەبرێت. سەرچاوەیەكی باڵای هەسەدە بە كەناڵی عەرەبیەی راگەیاندووە، لیستێكیان ناردووە بۆ دیمەشق كە ناوی 70 فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەخۆ دەگرێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە، ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا، بە مەرجێك ناسنامە و تایبەتمەندییەكانی خۆی بپارێزێت و پلەی سەربازییان پێبدرێت. سەرچاوە باڵاكەی هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر رێكارەكان و جێبەجێكردنی پلانەكان لە دێرەزوور بەباشی بەڕێوەبچن، لە داهاتوودا لە پارێزگای رەققەش هەمان پلان جێبەجێدەكرێت. هاوكات، حكومەتی سوریاش رەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی ژمارەیەك بڕگەی دەستوری كاتیی دەربڕیوە، لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10 ی ئاداری نێوان هەردولا.
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: رەنگە دانوستانی ئەمجارەی نێوان هێزە سیاسیەكانی عێراق هەندێك گۆڕانكاری تیادا رووبدات، كە پێشتر لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوودا پیادەكراوە. بەوتەی سەرچاوەکە، پێدەچێت مالیکی پێشنیازی ئەوە بکات، پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەپێچەوانەی نەریتی خولەكانی پێشوو، بەدووريش نازانرێت ئەمە لە بەرامبەر پاڵپشتیی هەولێر بێت بۆ داواکاری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت. ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردووەتەوە، دیارترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستایە، کە كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بە شێوەیەکی نەریتی دەدرێت بە كورد، بەڵام قۆرغ نییە بۆ یەکێتی. رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ئاشكرایدەكات، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە تەواوی سەرپشكراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ناونانی کاندیدەكانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەو پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، ئەو کاندیدەی کە مالیکی پشتیوانی دەکات، ئێستا لە پێشەنگی ئەو ناوانەیە كە کێبڕکێی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن و پابەندیش دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو پێشمەرجانەی کە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەسەری رێککەوتوون. حزبی دەعوەی ئیسلامی دوێنێ بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حزبەكە كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام سەرچاوەکان جەختدەكەنەوە ئەم کاندیدکردنە تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەیەتی لە دانوستانەکانداو بەهێزکردنی چانسی کاندیدەکەیەتى، تا دواتر وای نیشان بدات سازش لەسەر کاندیدبونەكەی دەكات لە بەرژەوەندی كەسێكی پەسەندکراوتر كە لەبنەمادا كاندیدی خۆیەتی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاندیدەکەی مالیکی رەنگە لە دەرەوەی حزبەكەی بێت و کۆدەنگییەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، دوای دانوستانێكی چڕی نێوان لایەنە شیعەکان کە کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوەو رۆڵی هەر لایەنێکی لەناو حکومەتی داهاتوودا دیاریکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی کوردستان وەڵامێکی تووندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەییێت، ئەگەر بیانەوێت کورسی لایەنەکان بکڕن ئەوا زۆربەی کورسییەکانی یەکێتی لە هەموویان هەرزانترن. لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی یەکێتی باس لە کڕینی کورسی حیزبەکان دەکەن لەناویاندا نەوەی نوێ. سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکی تایبەت بۆ ئاڤا میدیا ڕایگەیاند: ـ ئێمە وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، هەر لە سەرەتاوە دەرگامان کراوە بووە بۆ لایەنە براوەکانی دیکە، ئێستاش دەرگامان کراوەیە بۆیان، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێشوازی لە هەر لایەنێک دەکەین بێتە ناو حکومەت". ـ پارتی هیچ کاتێک هەوڵی نەداوە و نەیویستووە پەرلەمانتارانی حیزبەکانی تر بکڕێت، ئەمە هەوڵێکی بێبنەمایە دژی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، هەوڵی لایەنێکە کە هەر لە سەرەتاوە دەیانوسیت پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوابکەوێت. ـ ئەگەر پارتی بیەوێت کورسی لایەنەکان بکڕێت، ئەوا زۆربەی کورسییەکانی یەکێتی لە هەموو لایەنێک هەرزانترن.
