عەلی حسێن: تۆمەتباركردنی پارتی بە كڕینی كورسی بنەمای نییە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، ڕایدەگەیەنێن پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەرى شەفەق نیوز، عەلی حسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێت پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا.
ناوەڕۆکى تەواوى قسەکانى عەلى حسێن:..
ــ ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی كە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتونەتە ئاراوە، واقعێكی سیاسی نوێیان دروستكردووە، كە دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان.
ــ پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا.
ــ پارتی نایەوێت بگاتە قۆناغی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر ناكۆییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوە، ئەم بژاردەیە لەبەرچاودەگیرێت.
ــ ئەگەر ناكۆكییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوەو نەگەینە رێككەوتن، جگە لە بیركردنەوە لە هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی نوێ لە كوردستان؛ هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نامێنێت.
ــ تۆمەتباركردنی پارتی بە كڕینی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بنەمای نییەو پێچەوانەی واقعە.
ــ پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن.
ــ ئەم گۆڕانكارییە پەیوەندی بە مامەڵە یاخود كڕینی كورسی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئامادەیی هەندێك لایەنی سیاسی هەیە بۆ بەشداری لە حكومەتی ئایندە.
ــ پارتی بواری بۆ یەكێتیی و هەموو لایەنەكانی تر كردوەتەوەو، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە زوترین كاتدا.
ــ پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.
ــ مامەڵەی نێوان لایەنەكان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی هەر لایەك دەبێت.
