کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لیژنە تەکنیکییەکانیان لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان تەواو دەکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێكۆڵینەوەی ئەمنی و یاسایی، لە هەنگاوێكدا پێش پەسەندکردنی کۆتایی لیستی کاندیدەکان. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی رایگەیاند: ژمارەی کاندیدەکان (٧٩٠٠) کەسی تێپەڕاندووە، کە ٤٦ کەسیان بەهۆی تەواونەكردنی ئەو مەرجە یاساییانەی کە لە ڕێسای کاندیدکردن ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتووە، بێبەشکراون، جگە لەوەش ١١ کاندید کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەییان هەبووە بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها سێ پیاو بە ژنان گۆڕدراون بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی رێژەی ژنان کە 25%یە. ئاماژەی بەوەشکرد: كۆمسیۆن پەیوەندی بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەکات بۆ دروستی بڕوانامەكان، هەروەها دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری، کۆمیسیۆنی دەستپاکی و لێپرسینەوە و کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دڵنیابون لە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی پێش پەسەندکردنی کۆتایی. لە بواری تەكنیكیشدا بڕیارە لە (٥)ی ئاب تیروپشکی ریزبەندی کاندیدەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە راهێنانی ستافەکەی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری ژماردن و هەڵاوێردنی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی میدیایی هاوبەش کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: لیژنە تازە پێکهێنراوەكەی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کورد دوای چەکداماڵینی پەکەکە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە کارەکانی دەکات. کورتوڵموش، لەمیانی بەشداریكردنی لە بۆنەیەكدا رونیکردەوە: ئەم لیژنەیە لەماوەیەکی کەمدا پرسی دیموکراسی تورکیا تاوتوێ دەکەن و، بە پەرۆشەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات و دەگاتە پوختەیەكی روون، بە پاڵپشتی گەل ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبێت. جەختی لەوە شکردەوە: ئەم پرۆسەیە پێویستی بە نزیكبونەوەی بونیادنەر هەیە نەک گفتوگۆی درێژخایەن، لیژنەكە زەمینەیەكی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیاو، بڕیارەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەت و گەل دەدرێن، لە ژینگەیەکدا کە گفتوگۆ لەبارەی بیرۆکە جیاوازەکان و ئاڵوگۆڕی دیدگاکان دەكرێت. وتیشی: تورکیا بە ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم دەرفەتە مێژووییە دەقۆزێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی توركیا راشیگەیاند: لە ماوەی سەد ساڵی کۆماری توركیادا، نیوەی ئەو ماوەیەی لە شەڕدا بەسەر بردووە، ئەو دەیان ساڵە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزاران کەس و زیانی ئابوریشی بە دوو ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت. لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە. رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون: - ئاکپارتی: 21 ئەندام - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە: 4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێرو بڕیارە چاوى بە بەرپرسانى هەرێم بکەوێت. سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا. قەیس محەممەدوای، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراقی یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان. رۆژنامەى سەباح دەڵێت قاسم ئەعرەجى و شاندەکەى یاوەرى لەسەر راسپاردەى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەولێریان کردووە و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی هاتنی شاندەکەی حکوومەتی عێراق بۆ هەولێر، لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەى زانیاریەکان باسی لەوەدەکەن، چاوەڕێ دەکرێت ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و باس لە هێرشی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەش بکەن. ئەمە یەکەم سەردانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بۆ سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشتریش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکان پێکهێنابوو، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی ڕانەگەیەنراون. سەردانەکەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 05:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر خرایە خوارەوە. لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەختى کردەوە چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، دۆخی سوریا دۆخێکە کۆمەڵکوژی روودەدات. لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە." ئەو وتیشى: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات. لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن". ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن. سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت". لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە. ئیلهام ئەحمەد دەشلێت "دانوستاندنێک هەیە لەگەڵ تورکیادا. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.
ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو، لەکاتى جەنگى ١٢ رؤژەدا ئێران کارى لەسەر پەرەپێدانی موشەکێکى جۆرى کارۆموگناتیسی کردوە کە دەکرا لەکاتى هەڵدانیدا ژێرخانی کارەبایی ئیسرائیل بەتەواوەتى پەک بخات. دەیڤید ئیگناتیۆس شرۆڤەکار بە رۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لە 13ی حوزەیراندا هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران پەسەند کرد، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا تەنها لە حاڵەتێکدا بەشداری هەڵمەتەکە دەکات کە هێرشەکە سەرکەوتوو بێت. بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بانگەشەى ئەوەیانکردووە کە ئێران شانبەشانی پڕۆژەی بۆمبى ئەتۆمییەکەی، هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبێکی پەستانی کارۆموگناتیسی (EMP)یش دەدات، کە لە بەرزایییەکی زۆر بەرزدا دەتەقێتەوە و شەپۆلى کارۆموگناتیسی بەهێز دروست دەکات کە توانای پەکخستنی ژێرخانی کارەبایی لە ئیسرائیل هەیە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەى واشنتۆن پۆست، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە هێرشەکەدا زیانی پێگەیشتووە تا ئەو ڕادەیەی کە لانیکەم ساڵێک پاشەکشەی کردووە، بەڵام چەند ساڵێک نەبووە وەک ئەوەی ئیسرائیل لە سەرەتادا بانگەشەی بۆ دەکرد. سەرەتای ئەم مانگە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە ئێران توانیویەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی شێری هەڵساودا لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەستنیشان کردوەو ئەم بۆشاییانەى قۆستوەتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و ببێتە هۆی قوربانی. شارەزایانی بەرگری مووشەکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تاکتیکەکانی خۆی ڕێکخستووە و پرۆسەیەکی "تاقیکردنەوە و هەڵە"ی بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی هەڵدانی مووشەکەکان. دۆزینەوەکانیان لەسەر بنەمای شیکاری پارچە مووشەکەکان و شوێنەکانی کاریگەری کۆکراونەتەوە کە لە زانیارییە بەردەستەکانی گشتی کۆکراونەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێبازە ڕێگەی بە ئێران داوە کە لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل دەستنیشان بکات. بە تێپەڕبوونی کات، ئێران مووشەکی پێشکەوتووتری بە مەودای زیاتر لە چەند شوێنێکەوە هەڵدا، ئەمەش کاریگەری سیستەمی بەرگری ئیسرائیلی لە ڕێگریکردن لە مووشەکەکاندا کەمکردەوە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ململانێکان، شارەزایان تێبینیان کرد کە لەکاتێکدا کەمتر مووشەک هەڵدەدرێت، بەڵام ڕێژەیەکی زیاتریان بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانیان دەپێکێت. ئەوان دانیان بەوەدا نا کە لە کاتێکدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی جیهانە کە بە هاوکاری ئەمریکا پەرەی پێدراوە، بەڵام هیچ سیستەمێک توانای ئەوەی نییە پارێزگارییەکی تەواو پێشکەش بکات. سەرەڕای ئەوەش، لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە لە سەردەمی جەنگدا، ئێران کات و جۆراوجۆری هەڵدانی مووشەکی باشتر کردووە و لە هەمان کاتدا مەودای ئامانجەکانی فراوانتر کردووە، ئەمەش زیاتر تەحەدای تواناکانی بەرگری ئیسرائیلی کردووە. لە نیوەی یەکەمی شەڕەکەدا تەنها 8%ی مووشەکەکان بەرگریی ئیسرائیلیان تێپەڕاندوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە نیوەی دووەمدا بۆ 16% بەرزبووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یەکێک لەو ئامانجانەبووەو هەوڵی ئەوەدراوە (تیرۆر)ى بکەن، بەڵام دووجار ڕزگاری بووەو هەوڵەکان شکستیان هێناوە. ٢٠ى حوزەیرانى ڕابردوو لەگەرمەى شەڕى ئیسرائیل ئێراندا، ڕاوێژکارێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئێران باسى لەوەکرد کەلە کاتێکدا عەباس عێرقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرقاڵى ئامادەکاری بوە بۆ ئەوەى بەرەو جنێڤ بەڕێبکەوێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام (پیلانەکە) پووچەڵ کراوەتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەى خستەڕوو لەکاتى شەڕەکەدا ئیسرائیل لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو بینایەکى بۆردومانکردوە، عەباس وتى: ئەو خانووەی کە کراویە ئامانج بەرامبەر ماڵەکەم بوو، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بووین. عێراقچی ئەوەشى زیاد کرد کە بەردەوام چاودێریکراوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لەکاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەماندا چەندین جار بەسەر سەرماندا دەفڕی"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە هەڕەشەى لێبکات". وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی شەڕی ناوێت بەڵکو ئامادەیە بۆی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CGTN ی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی بەرگریکردن لە خۆی". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم شەڕەمان نەدەویست، بەڵام ئامادەبووین بۆی، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە: ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆی. جێگای سەرنجە کە لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی دژی ئێران دەستپێکرد و پێگە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێرانی لێدا، هەروەها سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد. لەکاتێکدا ئێران وەڵامی دایەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیران شوێنی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و ناتەنز (ناوەندی ئێران) بۆردومان کرد.
شاندێکی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شەش لە بەغدادە و شاندێکی عێراقیش بۆ وردبینی داهاتی ناوخۆ لە هەولێرە. شاندێكی بەغدا لە هەولێرە و شاندەكە لە لیژنەیەک پێکدێت، کە هەڵسانگاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکان دەكات، گەڕانی مەیدانیان دەبێت، دواتر قەبارەی هەناردەكردنەوە دیاری دەکەن. شاندێکی دیکەش جگە لە نەوت، بۆ بابەتی پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بابەتی تەوتین و نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەولێرن، ئەوانیش راپۆرتێک ئامادە دەکەن، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن. سەرچاوەیەکی کوردی لە کۆمپانیای سۆمۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەڵێت، هێشتا بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان ئاسایی نەبۆتەوە، رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەیە، دەبێت بەرهەمی رۆژانە بگاتە 100 هەزار بەرمیل ئەوکات دەتواندرێت لە رێگەی بۆری نەوت هەناردە بکرێت، چونکە لە 100 هەزار بەرمیل کەمتر بێت، ناتواندرێت کار بە تۆرباینەکان بکرێت. شایەتحاڵێک کە کارمەندی کۆمپانیای دی هێن ئۆی نەرویجیە لە کێڵگەیەکی نەوتی نزیک چەمانکێ وتى، ئێستا کارکردن و بەرهەمهێنان لەو کێڵگە نەوتیەی کاری لێدەکات ئاساییە، چونکە درۆنەکان تەنها عەمبارە بچووکەکانیان بەئامانج گرتبوو، عەمبارە گەورەکانی نەوت سەلامەتن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت وردبینی لیستی مووچەی مانگی شەش تەواو بووەو وردبینییەکە دوو کاتژمێری خایاندوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوە کردەییەکانی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەستپێکردووە، بڕیارە لەم هەفتەیە نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش و لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەست بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى، "لیستی مووچەی مانگی حەوت تەواوبووە، یەک پێداچوونەوەی ماوە، سبەی یان دووسبەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت." بەگوێرەی بەدواداچوونێک، دوای ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆسەی پێدانی نەوت بە سۆمۆ دەستپێدەکات، هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لەوانەی پەیوەندیان بە حزبی بەعسی عێراقەوە هەبووە جێبەجێ بکرێت. یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی دادگای تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە کۆبووەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە." ئاماژە بەوەش کراوە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بۆ ئەوەی ڕێگری لە وانەی پەیوەندییان بە حزبی بەعسی پێشووەوە هەیە بکەن بچنە پەرلەمانی داهاتوو. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە، دەبێت ڕێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەو مەبەستانەی کە لە یاساکەدا دیارینەکراون بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 12ـی کانوونی دووەمی 2008 یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەند کرد، وەک بەدیلێک بۆ یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس کە لە ساڵی 2003 دەرچووبوو.
دوای پێشبینییەکانی کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، سێ پارێزگای عێراق پشوویان راگەیاند و چەند پارێزگایەکی دیکە دەوامیان کەم کردەوە. بەگوێرەى چەند راگەیەندراوێکى جیاوازى پارێزگاکانى بەسڕە و میسان و زیقار، لە باشوورى عێراق، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، لە رۆژى یەکشەممە، 27ى تەمموزى 2025، دەوامى فەرمى لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانى پارێزگاکانیان بۆ ماوەى یەک رۆژ راگرتووە. هەروەها هەریەک لە پارێزگاکانى بابل و سەلاحەدین و دیالەش، بەهەمان شێوە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، بڕیاریانداوە، گۆڕانکارى لە کاتى دەوامى فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت بکەن، لەو چوارچێوەیەش، پارێزگاى بابل بڕیاریداوە، دەوامى فەرمى فەرمانگەکان لە کاتژمێر 7ى سەرلەبەیانى دەست پێبکات تاوەکو کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ. هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرانەى کە لەدەرەوەى فەرمانگەکانیان کار دەکەن، کاتى دەوام کردنیان لە کاتژمێر شەشى سەرلەبەیانى دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 10ى پێشنیوەڕۆ دەبێت، هەروەها ئەوانەشى دەوامیان ئێوارانە، لە کاتژمێر 10ى شەو دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر 2ى سەرلەبەیانى رۆژى دواتر. هاوکات، دیوانی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە، دەوامی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەبێت." لەلایەکی دیکەوە، پارێزگای سەلاحەدین بۆ سبەی یەکشەممە، کاتژمێرێک کاتی دەوامی کەم کردەوە و پارێزگای بابلیش دەستکاری کاتی دەوامی کرد و لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە دەوامی فەرمانگەکان دەستپێدەکات. عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە لە بەشێکی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستدا پلەی گەرما بگاتە 52 پلە." جابری گوتی، "لە رۆژی سێشەممەوە پلەی گەرما تاڕادەیەک دادەبەزێت." بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی ئەمریکی، ئەمڕۆ بەسرە دووەم و کەرکووک دەیەم گەرمترین شوێنەکانی جیهان بوون. ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەرماکەی 51.1 پلەی سیلیزی بووە، دووەم گەرمترین شوێنی سەر رووی زەوی بووە لە دوای شاری ئەهوازی پارێزگەی خوزستانی ئێران کە پلەکەی 51.2 بووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان ڕادەگرن لەپێناو گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەزە، ڕاگرتنی هێرشەکان لە مەساوی و دێربەلەح و شاری غەزە دەبێ تا کاتێکی نادیار. وتەبێژى سوپای ئیسرائیل دەڵێت لەشەوى ڕابردووەوە دەستیان کردوە بەردانەوەی هاوكارییەكان مرۆییەكان بۆ غەززە، حەوت جۆر خواردنە لەوانە ئاردی و شەکر و خۆراکی قوتوویان تێدایە. سوپای ئیسرائیل ئەوەش دەخاتەڕوو رێڕەوی پارێزراو بۆ بە سەلامەتی تێپەڕبوونی کاروانی هاوکارییەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، هاوکات ئاگربەستەکە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە سوپاى ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى تێیاندا نییە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختیکردەوە، شەوی رابردوو جارێکی دیکە بەردانەوەی هاوكارییە مرۆییەكان لە ئاسمانەوە بۆ غەززە دەستیپێکردەوە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: بڕیارە لە بەیانی ئەمڕۆوە "ئاگربەستی مرۆیی" لە چەند ناوچەیەكی کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت. سوپای ئیسرائیل لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمڕۆ لە غەززە، رونیکردەوە: لە ناوچەكانی دێر ئەلبەلەح و ئەلمەواسی دەبێت لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تا 8:00ی ئێوارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە دەرەوەی ناوچە مرۆییە دیاریکراوەکان. هاوكات سەرچاوە فەلەستینییەکان جەختیانكردەوە دابەزینی هاوکارییەکان لە باکوری کەرتی غەززە دەستیپێکردووە. لەلایەکى دیکەوە میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە کە بارهەڵگرەکانی یارمەتی مرۆیی لە میسرەوە بەرەو کەرتی غەززە دەستیان بە جووڵە کردووە. کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە بڵاویکردەوە، بارهەڵگرەکانی هاوکاری کە بەرەو کەرتی غەززە دەڕۆن، پێداویستی خۆراک و کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانییان هەڵگرتووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا "نەبوونی ئیرادەی سیاسییە" و حکومەتی فیدراڵیش "مووچە وەک کارتی فشار" بەکاردەهێنێت. جەختیشی لەسەر ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەپێناو داڕشتنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە. لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "شەرق"ـی سعوودی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە." ناوبراو حکومەتی فیدراڵی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەموو کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان،" و بەکارهێنانی پرسی مووچەی بە "کارتی فشاری سیاسی" ناوبرد و وتی: "جێگەی داخە کە مووچە بووەتە کارتی فشاری سیاسی، دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە کراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز. سەرۆکوەزیران پێى وایە، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکووک، دەشڵێت: ئێمە دەزانین کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەم پرسەدا، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا. مەسرور بارزان وتیشى: ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن. جەختى کردەوە پێکهاتەی کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشی خۆی بمێنێتەوە. پێویستە بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەک هەنگاوێک بەرەو بوونیادنانی متمانە. دەربارەی دۆخی ناوچەکە، سەرۆکوەزیران بارزانی دیدگای هەرێمی کوردستانی بۆ پرسە هەرێمییەکان خستەڕوو: پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین و داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین دەرگا بۆ کوردەکان بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، بارزانی وتی: کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان دەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان "نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ." هەروەها دووریی هەرێمی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە بەشێک نین لە کێشەکە و پشتگیریی هیچ جەنگێک ناکەین."
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم، داوادەکات دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردى هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور. وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ ڕێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە). ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەی (4)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە. لەلایەکى دیکەوە، ئەکادیمیای کوردیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە بە 'رەگەزپەرستانە' دەزانێت و دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەخە کردووە، ریسوا دەکەین و بە بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی دەزانین، داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێندرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات."
تەلەڤزیۆنی سوریا لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی بەرپرسانی سوریاو ئیسرائیل لە پاریس: گفتوگۆی وەفدی وەزارەتی دەرەوەو دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا؛ لەسەر پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەمدواییەو هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بووە لە باشوری سوریا. لە دیدارەكەدا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی نەكراوە، بەڵكو تەنیا راوێژی سەرەتایی بووە بە ئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكان و دووبارە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی. لە دیدارەكە وەفدی سوریا جەختی لەسەر یەكێتیی و سەلامەتی و سەروەریی خاكی سوریا كردوەتەوە وەكو بنەمایەك كە قایبلی دانوستان نییە، سوەیداو خەڵكەكە بەشێكی رەسەنی دەوڵەتی سوریاو نابێت لەژێر هیچ بەهانەیەكدا دەست بۆ پێگەیان ببرێت یاخود دابرێندرێن. وەفدی سوریا جەختی لەوە كردوەتەوە كە گەل و دامەزراوەكانی سوریا هەوڵی جددی دەدەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی كردووە، سورییەكان دواین چەندین ساڵ لە شەڕ چاویان لە ئاسایش و سەقامگیرییەو رەتیدەكەنەوە شوێن هیچ پرۆژەیەكی گوماناوی بكەون كە هەڕەشە لە یەكێتیی وڵاتەكەیان بكات. وەفدی سوریا هەرجۆرە بوونێكی نایاسایی بیانیی لەسەر خاكی وڵات و قۆستنەوەی توێژەكانی كۆمەڵگەی سوریا بۆ پرۆژەی دابەشكردن و دروستكردنی قەوارەی هاوتەریب رەتكردوەتەوە، كە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و فیتنەی تائیفی. وەفدی سوریا بەرپرسیارێتیی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی (مەبەستی شەڕی دروزەكانە) خستوەتە ئەستۆی ئیسرائیل و رایگەیاندووە كە سوریا سیاسەتی سەپاندنی واقیعی نوێ لەسەر خاكەكەی قبوڵ ناكات. لە گفتوگۆكەدا باس دووبارە كاراكردنەوەی رێككەوتنی راگرتنی شەڕ كراوە بە گەرەنتی نێودەوڵەتییەوە، هاوكات داوا كراوە هێزەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی خێرا لەو خاڵانە بكشێنەوە كە بەمدواییە پێشڕەوییان بۆ كردووە. لە كۆتایدا وەفدی سوریاو ئیسرائیل رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەئایندەدا دیداری تر بكەن بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە باشور (مەبەستی پارێزگای سوەیدا)یە. گفتوگۆكە راشكاو و بەرپرسانە بوو، لەچوارچێوەی هەوڵەكاندا بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بەبێ ئەوەی هیچ سروشتێكی رێككەوتن لەخۆبگرێت. دەوڵەتی سوریا پابەندە بە بەرگریكردن لە یەكێتیی خاك و گەلەكەی، هەر پرۆژەیەك بۆ دابەشكردنی وڵات و راكێشانی بەرەو ململانێی ناوخۆیی رەتدەكاتەوە.
ئەکادیمیای کوردی: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕەگەزپەرستانەیە دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی سەر بەدەسەڵاتی خۆی، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەکادیمیای کوردیەوە بە توندی ئیدانەی دەکات و دەڵێت، ئەو کارە ڕسوادەکەین و بڕیارەکە نایاسایی و نا دەستورییە. ئەمڕۆ شەممە، ئەکادیمیای کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی 7ی 2025 دەرچوە ڕسوادەکەین و نادەستورییە. ئەکادیمیای کوردی دەزگایەکی زانستییە، لە ڕووی قانوونییەوە خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی، بەڵام لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە قەدەغەکردنی زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بڕیاڕیکی ڕەگەزپەرستانەیە و داواکارین چی زوترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە . هەروەها داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، لەسەر ئەو کارەی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات. لایخۆشیەوە د.نەهلە ئەفەندی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوه، "ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێداوە، بەتەواوی پێچەوانەی دەستوری عێراقەو پێشێلكردنی زەقی یاساو دەستوریشە". ئەمە لەکاتیكدایە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بە نوسراوێک زانکۆکانی کەرکوک، دیالە و موسڵی ئاگادارکردوەتەوە، ئیدی خوێندکارانی کورد ناتوانن ببە زامنی کوردی تاقیکردنەوە ئەنجامبدەن، و ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2010 دەرچوبو، ڕێگەی بە خوێندکارە کوردەکان دەدا بە کوردی وەڵام بدەنەوە هەڵوەشاندوەتەوە.
