بەهۆى خۆڵبارینەوە 85 کەس ڕوویان لە نەخۆشخانەکان کردووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی کاریگەرییەکانیەوە، بەتایبەتی لە سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک، 85 کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و روویان لە نەخۆشخانەکان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە شاری سلێمانی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە تاوەکو کاتژمێر 11:00ـی شەوی هەینی، 44 هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

 بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی کەرکوک، 39 کەس بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک کراون، کە لەو ژمارەیە 9 کەسیان منداڵن.

سەیاف عەبدوڵا، لێپرسراوی نەخۆشخانەی فێرکاری و فریاکەوتنی هەڵەبجە راگەیاند، دوو هاونیشتمانی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.

شەپۆلەکە لە نیوەڕۆی رۆژی هەینییەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تۆز و خۆڵ، مەودای بینین بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە رۆژی شەممە کۆتاییدێت و دۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار