ئەحمەد شەرع: هەندێك لەباڵەكانی ناو هەسەدە رێككەوتنی ئازار تێكدەدەن

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد شەرع، سەرۆکی  قۆناغی راگوزەری سوریا، هەندێك لە باڵەكانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبار دەكات بە تێکدانی رێککەوتنی مانگی ئازاری رابردوو و خاوکردنەوەی پرۆسەی سیاسی، هاوکات هۆشداریشی دایەوە لەوەی رووداوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییان لەسەر عێراق و تورکیا دەبێت.

شەرع لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: هەتا ئێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات خۆی لە دەرەوەی پڕۆسەی چارەسەری دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتەکە داوای بەشداریکردنی كردوون، جەختیشكرد: دۆخی ئێستای باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دروست دەکات.

راشیگەیاند: وڵاتەكەی دابەشبون قبوڵ ناکات یان هەر خواستێك بۆ سەربەخۆیی، وتیشی: لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی ئەنكەرە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سوریای دیموكرات ئەنجام نەدات و دەرفەت  بە دانوستان بدات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی تورکیا رەنگە رێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر ئەگەر تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو یەکگرتنی تەواو بەدی نەهێنرێت.

لە وەڵامی داواکارییەكانی هەسەدە بۆ حوکمڕانی نا ناوەندێتی، شەرع ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتەکەی بەكرداری بە پێی یاسای ژمارە (١٠٧)بە رێژەی (٩٠%) پشت بە سیستەمێکی نا ناوەندی دەبەستێت و، کۆمەڵگەی سوریا لە ئێستادا ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر سیستەمی فیدراڵی بکات، ئەم داواکاریانە لە واقیعدا فۆرمێکی شاراوەی جیابوونەوەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار